سەرەکی » ئاراستە » كوڕی من چەكی پێشمەرگایەتی لەشانی داناگرێت

كوڕی من چەكی پێشمەرگایەتی لەشانی داناگرێت

سه‌رحه‌د یونس محه‌مه‌د

هێشتا قوڕەكەی سەری و فرمێسكەكانی وشك نەبووبوونەوە، جێگای چڕنوكەكانی بەسەر ڕوومەتەكانییەوە مابوون و قەتماغەیان گرتبوو، سەرتاپا ڕەشی پۆشیبوو. كوێخا عەبدوڕەحمانی باوكی وا چەند ڕۆژێكە ماڵئاوایی لە دنیا كردووە ، خزم و كەسوكار هەموو لە ماتەمدا بوون بۆی. وەزیرە خانم ئەو ئێوارەیە دەستی مناڵەكانی گرت و هاتەوە بۆ ماڵەكەی خۆی. كاتژمێرێكی مابوو بۆ بانگی شێوان، خۆرەكە بە زەردهەڵگەڕاوی بەرەو ڕۆژئاوا كەناری گرتبوو. حەمەی مێردی نزیكەی مانگێكە چووەتە شاخ و چەكی پێشمەرگایەتی كردووەتە شانی. وەزیرە بە خۆی و مناڵە وردەكانیەوە لەلای كوێخا عەبدوڕەحمانی باوكی خەمەكانی بەبا دەدا، وا ئەویش گەشتی بۆ قیامەت كردووە و مال و خانەوادەی ڕەشپۆش كردووە.
ڕۆنی كردە ناو مەنجەڵەكە و خستییە سەر عەلادینەكە ، لە دەفرێكدا كەمێ‌ برنجی شۆردەوە و ئامادەی كرد بیكاتە ناو مەنجەڵەكەوە، گرمە گرمی ماشێنێك لە دەرەوە پەیدا بوو.مناڵەكان شڵەژان و ڕایان كردە ژوورەوە، سەركەوت هاواری كرد:
– دایە گیان پڕی دەرەوەیە لە سەرباز و ئەمن، وەرە دەرەوە.
– بەزیادم نەكرد ڕۆڵە گیان بەم ئێوارەیە ئیشیان چییە؟
وەزیرە لەچكەكەی لەسەری قایم كرد و هاتە دەرەوە ، ڕووی كردە چەكدارەكان و وتی:
– پیاومان لە ماڵەوە نییە فەرموون كێتان ئەوێ‌؟
كابرایەكی زلی ناقۆڵا دەمانچەیەكی بە كەلەكەوە بوو لەگەڵ ڕیزێك شانە، بریسكەكی قۆندەرەكانی دەهات،نێوچاوانی گرژ و مۆن ، سمێڵێكی درێژ و پڕ كە بە دوكەڵی جگەرە ڕەنگی زەرد بوو بوو ، نەڕاندی:
– ها ئێرە ماڵی محەمەدە؟ كوڕی غەفور ئاغجەلەری؟ بزانم لە كوێیە؟
وەزیرە بە ترس و لەرزەوە وەڵامی دایەوە:
– گەورەم محەمەد لەماڵەوە نییە ، بەجێی هێشتوین و ڕۆشتووە نازانین لە كوێیە؟
– بەڵێ‌ بەڵی ، لە ماڵەوە نییە ! دەتەوێت خۆت لە گێلی بدەیت ، یاڵا خۆتان كۆ بكەنەوە ئێوە دەستبەسەرن، خۆت و مناڵەكانت بەند دەكرێن و ئازادیش نابن تا محەمەدی مێردت چەك دانەنێت، ئەوە فەرمانی سەركردایەتی شۆڕشە لەبەغداوە دەرچووە.
وەزیرە و مناڵە وردەكانی دەستیان كرد بە گریان و شیوەن، سەركەوت و هێرۆ كەمێ‌ گەورەتر بوون، بەڵام سەردار و لەیلا ساڵ و دوو ساڵ تەمەنیان بوو، ئەمن و پۆلیس پەلی مناڵەكانیان گرت و بەرەو مسەلەحەكە ڕاپێچیان كردن، دایك بەدوای مناڵدا خۆی هاویشتە ناو ماشێنەوە، وەزیرە هەرچەند هاواری كرد با كەلوپەل و جل و بەرگی ئەم مناڵانە كۆ بكەمەوە ، هیچ دەرفەتێكیان نەدا و شۆفێر ماشێنی تاودا، لە ماوەی چەند خولەكێكدا گەشتنە بەر بینای ئەمنی ئاغجەلەر .
ژن و مناڵ ڕاپێچی زیندان كران و لە گۆشەی ژوورێكی تاریكدا لەسەر پارچە ڕاخەرێك دانیشتن، پاش كاتژمێرێك چەند خێزانێكی تریان دەستگیركرد و هێنایانن بۆ لای ئەمان.
پاش هەفتەیەك مانەوە لەو جێگایە و سەردانیكردنی كەسوكار بۆ لایان و دابین كردنی خواردن و كەلوپەلی پێویست ،لە سپێدەیەكی بەیانیاندا ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی زیندانی لە گرتووخانەكە ئامادە كرا و ژن و مناڵ و گەورە و بچوكیان خستە ناویەوە بەرەو چەمچەماڵیان بردن ، هاوكات لەو ڕۆژەدا مام غەفور ئەحمەد و ئافتابە خانمی خێزانی كە دایك و باوكی شەهید حەمە غەفورن دەهێنن بۆ زیندانی چەمچەماڵ و پاش چەند ڕۆژێك ڕاپێچی زیندانی گەورەی سلێمانی دەكرێن. پیاوە دڵڕەقەكانی بەعس لە زیندانی چەمچەماڵ قۆناغە تفەنگێك دەدەن لەسەری وەزیرە خانم و سەری شەڵاڵی خوێن دەكەن، چونكە شێر ئاسا بەگژیاندا چووبووەوە و جنێوی پێ‌ داوبوون.
دواتر ئەم خانەوادەیە لەگەڵ سەرجەم خانەوادەکانی تری پێشمەرگەدا لەکۆتایی مانگی تشرینی دوومدا بەرەو زیندانی ناسرییە لە باشوری عێراق ڕاپێچ دەکرێن .
(ژیانی ناو زیندان بەدرێژی لە جێگایەکی تردا باس کراوە و لێرەدا خوێنەر ماندوو ناکەین)
خەوبینینی مام غەفور ئاغجەلەری
تا نیوەشەو لەگەڵ حاجی مشیر و حاجی عەبدولكەریم و مام حەمەدەمین دەمەتەقەیان دەكرد و كۆڕی باس و بەسەرهاتی زەمەنی جاحێڵی و ئەسپ سواری و ڕاو وشكار گەرم كرابوو ، دوای ئەوەی خەو زۆری بۆ هێنان مام غەفور هاتەوە بۆ جێگاكەی خۆی و مێزەرەكەی لەسەری لابرد و لە جێگاكەیدا ڕاكشا. شەوگار گەرم بوو هیچی بەخۆیدا نەدا، پاش ماوەیەك چاوەكانی چوونە خەو و بەهەموو هەست و نەستییەوە لە جێهانی بێداری بڕا و خەوی لێكەوت.
كەم كەس هەیە شەوانە یان چەند شەو جارێك خەوێك نەبینێت، ئیتر ئەو خەوە (تێكەڵ و پێكەڵ) یان (خەوی ڕاستەقینە) بێت. دیارە جۆری دووەمیان كەمتر دەبینرێت و بۆ هەموو كەس مەیسەر نابێت، یان دەبێت كەسەكە زۆر ئیماندار بێت، یان سادە و دڵساف و بێ‌ گوناهـ بێت، یان زوڵم لێكراو و ستەمدیدە بێت، ئەگەر بەو دڵ غەمبار و پاكەیانەوە بخەون خەوەی ڕاستەقینە دەبینن .
ما غەفور ئەو شەوە دەچێتە ناو قوڵایی خەوەوە و دەچێتەوە بۆ زێدی خۆی لە ئاغجەلەر و تەماشای ماڵی خۆیان دەكات ، لەپڕ گڵۆپی بەر هەیوانەكەیان دەتەقێت و دەكەوێتە خوارەوە و دنیا لەبەرچاوی تاریك دەبێت. كاتێ‌ خەبەری دەبێتەوە هەموو گیانی لەناو عەرەقی لاشەیدا تەڕ بووە و وەكو بی ناو ئاو دەلەرزێت، چەند جارێك سڵاوات لێ دەدات و دەڵێت:
– خوایە بەخێری بگێڕیت هەر حەمە هیچی بەسەر نەهاتبێت ئیتر باكم لە هیچ شتێكی تر نییە.
ئافتاب خانم لە دەنگ دەنگی مام غەفور خەبەری دەبێتەوە و دەڵێت:
– ها پیاوەكە چیتە ؟ بۆچی بەخەبر هاتوویت؟
– ژنەكە خوا بەخێری بگێڕێت خەوێكی ناخۆشم بینی، لە خەومدا گڵۆپی بەرهەیوانەكەمان شكا و كەوتە خوارەوە، بەوەش دنیا لەبەرچاوم تاریك بوو، بەرپێی خۆم نەدەبینی.
– هیچ نییە پیاوەكە نییەتی خێرێك بهێنە ان شاالله بەخێر دەگوزەرێت.
بەم قسانەی ئافتاب خانم مامە غەفور كەمێ‌ هاتەوە سەر خۆیی و ڕاكشایەوە و هەر خەریكی زیكر كردن بوو. بەیانیش كاتێ‌ هەستا و هاتەوە ناو هاوڕێكانی خەوەكەی بۆ گێڕانەوە, ئەوانیش دڵخۆشییان دایەوە و وتیان هیچ نییە شەو سوعبەتی زۆرمان كردووە .
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێك بەسەر ئەو خەوەدا، لەكاتژمێری نۆی بەیانییەكدا ئەفسەرێك خۆی كرد بە ناو زینداندا ، كاغەزێكی بەدەستەوە بوو، لەسەر خۆكردییەوە و وتی:
– وەرنە پێشەوە هەموتان خڕ بن.
زیندانییەكان هەموو چوونە پێشەوە بۆ لای و گوێ‌ قوڵاغ بوون، تۆ بڵێی هەواڵێكی خۆشی هێنابێت؟
– غەفور ئەحمەد كێیە؟ ئەفسەرەكە وای وت و سەری بەرزكردەوە بۆ زیندانییەكان.
– بەڵی من ئەوم، مام عەفور وای وت.
– زۆر باشە وەرە ئەملاوە، ئەفسەرەكە پەلی مام غەفوری گرت و خستیە تەنیشتی خۆی. دواتر ناوی هەریەكە لە ئەفتاب حامید و وەزیرە عەبدوڕڕەحمان و مناڵەكانیشی خوێندەوە، پێی ڕاگەیاندن كە محەمەدی كوڕیان تەسلیم بە حكومەت بووەتەوە و ئەمانیش لەبری ئەوە ئازاد دەكرێن.
مام غەفور ڕەنگی ڕەش داگیرسا و لێوەكانی كەوتنە لەرزین ڕووی كردە حاجی مشیر و هاوڕێكانی و وتی:
– من كوڕی خۆم بناسم هەرگیز تەسلیم بە حكومەت نابێتەوە و چەكی پێشمەرگایەتی لەشانی داناگرێت، ئەوە كوژراوە بۆیە ئێمە ئازاد دەكەن.
حاجی مشیر و هەموو ئەو پیاو و ژنانەی لەو ناوە بوون وتیان نا ان شاالله هیچی بەسەر نەهاتووە و دیارە لەبەر خاتری ئێوە خۆی ڕادەست كردووەتەوە .
مام غەفور سەرێكی بادا و وتی:
– یاخوا وابێت بەخوا خەوەكەی خۆمە حەمە كوژراوە و گڵۆپەكەی من كوژاوەتەوە.
تا پەڕاوی ئازادبونیان تەواو كرا بوو بەشەو ، هەر بەو شەوە هاتن بە شوێنیاندا، مام غەفور لەگەڵ پیاوەكان باوەشیان كرد بەیەكدا و ئەملاولای یەكتریان ماچ كرد و گەردن ئازادییان لەیەكتری كرد، لەو لاشەوە بە هەمان شێوە پورە ئافتاب و باجی وەزیرە لەگەڵ ژنەكان دەست لەملان و خواحافیزییان لەیەكتری كرد و فرمێسكی خەم و شادییان تێكەڵاو كرد.
مام غەفور بە ئەفسەر و پۆلیسەكانی وت:
– ئێمەیەكی نەشارەزا بەم شەوە بۆ كوێ‌ بڕۆین با ئەمشەو بمێنینەوە و بەیانی بەڕێدەكەوین.
ئەفسەرەكە وتی:
– نا بەهیچ شێوەیەك مافی مانەوەتان نییە لەم جێگایەدا و دەبێ‌ بڕۆن.
باوە گەورە و دایە گەورە لە لەگەڵ بوكەكەیاندا دەستی مناڵەكانیان گرت و لە زیندانی ناسرییە چوونە دەرەوە، بەرەو شەقامێك ڕۆشتن، لەوێ‌ شۆفێرێكی تاكسی ئیشارەتی لای ڕاستی داگیرساند و خۆی بۆ خستنە كەنار شەقامەكە بۆیان و سەری لەجامەوە دەرهێناو وتی:
مامە گیان ئەوە بەو شەوە ئۆغر بێت، بۆ كوێ‌ دەڕۆن و لە چی دەگەڕێن؟
مام غەفور و خانەوادەكەی توشی شۆك بوون، لەخۆشیدا نەیانزانی چی بكەن، ئەوە چییە خۆ بە كوردی قسە دەكات.
– كاكە گیان تۆ كێیت و چی دەكەیت لێرە ، خوا بۆ ئێمەی ناردوویت، مام غەفور وای وت.
– من كوردم و لەو خێزانانەم كە پێیان دەوترێت (عائدون) ڕەهەندی ئێرە كراوم و لێرە كاری تاكسی دەكەم، ئێوەم بە جلی كوردییەوە بینی بۆیە وەستام.
– یاخوا بێوەی بیت كوڕم ئێمەش هەر ئێستا لە زیندان هاتینە دەرەوە و دەمانەوێت بەرەو گەراجی بەغدا بڕۆین، مام غەفور دەستی خستبووە سەر دەرگای تاكسییەكە و وای وت.
– وەرن سەركەون ، من دەتانگەیەنم، شۆفێرەكە وای وت.
مام غەفور خێرا لەپێشی ئۆتۆمبێلەوە خۆی گەیاندە لای سەكن و سوار بوو، خێزان و بوك و كوڕەزاكانیشی لە دواوە دانیشتن و دەرگایان پێوەدا، شۆفێر دوای بەخێر هێنان ڕووی لە مام غەفور كرد و وتی:
– مامە گیان كەفارەتی زەحمەتتان بێت ، پێم ناڵێن خەڵكی چ شوێنێكن و بۆچی گیراون؟
مام غەفور هەناسەیەكی قوڵی هەڵكێشا و بەدەنگێكی غەمگینەوە وتی:
– برا گیان چی لە تۆ نهێنی بێت، ئێمە لەسەر كوڕەكەمان گیراوین كە بووە بە پێشمەرگە و شۆڕشیان لە دژی ئەم حكومەت و دەسەڵاتە هەڵگیرساندووەتەوە، خەڵكی ئاغجەلەرین و كوڕەكەشمان ناوی محەمەدە، لەو كاتەدا لای كردەوە بۆ دواوە و وتی محەمەد مێردی ئەم ژنەو باوكی ئەم مناڵانەیە.
شۆفێر بە بیستنی ئەم هەواڵە تاسا و پێی لەسەر دۆسەی بەنزینەكە هەڵبڕی ،ماشێن خاوی كردەوە و بە ئەسپایی ڕێگای دەبڕی، فرمێسك لە چاوەكانی قەتیس بوون، بەڵام شاردییەوە و نەیهێشت هەستی پێ‌ بكەن. ئەو ماوەیەك لەمەوبەر هەواڵی شەهید بوونی پۆلێك پێشمەرگەی بیستووە كە لەناویاندا محەمەد غەفور ئاغجەلەری ناوێك هەیە، بۆیە لای كردەوە بە لای مام غەفوردا و وتی:
– مامە گیان ئەمشەو لەماڵی برازای خۆت میوان بن و بەیانی بكەونە ڕێ‌.
مام غەفور وتی:
– نا برا گیان بەخوا دەبێ‌ بڕۆین ، ماڵت ئاوەدان بێت زەحمەت بكێشەو بمانگەیەنەرە نقڵیاتی بەغدا، هەرچۆن بووە دەبێت خێرا وەڕێ‌ كەوین.
شۆفێرە كوردەكە بۆی دەركەوت كە مام غەفور پێداگری دەكات و نامێنێتەوە ، ماشێنەكەی خێرا كرد و ڕووی كردە نقڵیاتی بەغدا، لەوێ‌ دابەزین و پیادە بوون بەڵام لەبەرئەوەی كاتژمێر دووی شەو بوو، هیچ نەفەرێك نەبوو پاسەكە پڕ بێت و بكەونەڕێ‌. ناچار لەبەردەم دوكانێكی ماسی فرۆش تا بەیانی مانەوە و ڕۆژیان كردەوە، سەگەلی ئەو ناوەش بەبۆنەی خواردنی پاشەڕۆی ماسییەوە تا بەیانی وازی لێ‌ نەهێناون و پەلاماری داون .
لە بەرەبەیانێكی زوودا پاس بەرەو شاری بەغدا بەڕێدەكەوێت، هەموو خانەوادەكە بە گەورە و بچوكەوە ژمارەیان حەوت كەس دەبێت جێگای پێنج نەفەریان گرتووە و لە جامەكانەوە تەماشای شارە پیس وپۆخڵەكەی ناسرییە دەكەن و لە شەقام و كۆڵان و دیمەكانی تر ڕادەمێنن. مام غەفور بە ڕدێنی سپییەوە لە جامی پاسەكەوە نیگای خستووەتە سەر ئەو بڕكە حوشترەی لە قەراغی ڕێگەكەدا دڕك و داڵی بیابان دەخۆن و كاوێژ دەكەنەوە، سەرەڕای ئەو خەفەتەی لە دڵیدا بوو ،هەستێكی خۆشی بۆ دروست كردبوو، كەوتەوە خەیاڵی مەڕ و مانگا لەوەڕاندنی ناو گژوگیای سەوز و جوانی كوردستان.
لەدڵی خۆیدا دەیوت خەوێكەو بەس كێ‌ دەڵێ‌ ئەم خەوەی من وەڕاست گەڕێت، لەوانەیە حەمەی كوڕم تاقەتی دووری ژن و مناڵەكانی نەبوبێت و خۆی ڕادەستی ڕژێم كردبێتەوە، یان چوزانم لەوانەیە تەنها لەبەر ئەوە هاتبێتەوە ئێمە ئازاد بكرێێن و پاشان بچێتەوە شاخ، لەبەری خۆیەوە ئەو وورد وكردانەی دەكرد، بەڵام هیچ نەیدەویست خەیاڵی خۆشی خێزانی و بوك و مناڵەكانی تێك بدات و باسی خەوەكەیان بۆ زیندوو بكاتەوە.
لە پێش نیوەڕۆ گەیشتنە شاری بەغدای پڕ حەشیمەت، مناڵەكان برسییان بوو لەپاس دابەزین و بە تاكسییەك بەرەو نقڵیاتی كەركوك ڕۆشتن، كاتێ‌ دابەزین لە دوكانێك ساردی و بسكیتیان خوارد و كەمێ‌ سكیان تێر بوو،مام غەفور و پورە ئافتاب هەر لە ناسرییە نیەتی ڕۆژوویان هێنابوو یەكی دوو دەنك خورمایان وەكو پارشێو بە ئاوەوە خواردبوو ، لە ڕێگا هیچیان نەخوارد، پێشینانمان ئەوەندە خاوەن عەزیمەت بوون لەسەفەر و ناخۆشیشدا لە مانگی ڕەمەزانیان نەخواردووە و بەرگەی گەرمای هاوین و دژوارییەكانی ڕێگایان گرتووە. دواتر هاتنە ناو نقڵیاتەكەوە ، شۆفێرەكان پرسییان:
– بۆ كوێ‌ دەڕۆن؟ مام غەفور وتی:
– لە زیندانی ناسرییە ئازاد كراوین و دەچینەوە بۆ ئاغجەلەر.
سواری ئامانەیەكی هەژدە نەفەری بوون و بەرەو شاری كەركوك وەڕێ‌ كەوتن، پاس تاوی دەدا و باخە خورما و پرتەقاڵەكانی دەدایە دوای خۆی ، تا لە كەركوك نزیك بوونەوە خۆرەكە لە ناوەڕاستی ئاسمانەوە هات بۆ لای دەستەچەپی پاسەكە .بانگی عەسر بوو گەشتنە شاری كەركوك ، لە بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە لە هەرچی مزگەوتەوەیە دەنگی بانگ بەرزبوویەوە، مام غەفور ماندوو و شەكەت بوو، وتی لەماڵی پیرۆزی خوشكم لادەدەین و پشوو دەدەین ، لەئامانەكە دابەزین و سواری تاكسییەك بوون بەرەو ماڵی پورە پیرۆز.
كاتێ‌ گەشتنە بەر دەرگای ماڵەكە و لە دەرگایاندا، ژنێكی ڕەشپۆش هات و دەرگای كردەوە.
ژن لەبەر دەرگای حەوش وەستاوەو لە میوانەكان ڕادەمێنێت ، یەك وشە چییە بۆی ناوترێت، مام غەفوری برای و ئافتاب و وەزیرەش تەماشای بەرگە ڕەشەكەی پیرۆز دەكەن دەتاسێن و تف لە قوڕگیان وشك دەبێت، مناڵەكانیش سەربەرز دەكەنەوە و ئەوڵەق دەبن، بۆچی كەس ناڵێت فەرموون و بۆچی هەمویان وەستاون. لەناكاو بوركانی گریان فرمێسك دەتەقێتەوە و دەبێت بە شیوەن و گریان ، پورە پیرۆز باوەش بە مناڵەكاندا دەكات و هەرچواریان لەناو دەستیدا كۆدەكاتەوە، بە گریان و فرمێسكەوە یەكە یەكە ڕایان دەموسێت، دواتر باوەش بە وەزیرەدا دەكات و دەیلاوێنێتەوە، مام غەفور هۆن هۆن فرمێسك دەڕێژێت و باوەش بە پیرۆزی خوشكیدا دەكات و دەڵێت: خوشكم خەوەكەی خۆم بوو ، وانییە ؟ حەمە كوژراوە؟
خوشك نە دەتوانێت بڵێت ئا، وەنەدەتوانێت نكولی بكات و بڵێت نا، جلكە ڕەشەكانی بەری گەواهی ئەوە دەدەن كە ئازیزترین كەسیان لەدەست داوە.
دواتر خەڵكی گەڕەكیش دەڕژێت بە سەریاندا و بەشداری ئەو شیوەنە دەكەن و ماتەم دەگێرن. ئەو شەوە لەماڵی پورە پیرۆز پرسە نوێ‌ كرایەوە و جۆگە و كانیاوی فرمێسكەكان تەقینەوە و تا بەرەبەیان كەس جگە لە مناڵە دڵ شكاوەكان كەس خەو نەچووە چاوی ، ناو بەناو هەواڵی زیندان و دەنگوباسی زیندانییەكان ناوكێشی شیوەن و گریانەكەیان دەكرا و وەكو تاوی بارانی بەهار كەمێ‌ ژیر دەبوونەوە و لە فرمێسك دەكەوتن ، پاش كەمێك هەوری ڕەشی خەفەت سەرتاپای دڵی مام غەفور و پورە ئافتاب و وەزیرەی دادەپۆشی و سێڵاوێك فرمێسكیان هەڵدەڕشتەوە.
لەگەڵ سپێدەی بەیاندا میوان و خانەخوێ‌ هەموو خۆیان كۆكردەوە و بەرەو ئاغجەلەر كەوتنەڕێ‌ ، كاتێ‌ خۆیان كرد بە گەڕەكدا دیسانەوە بوو بە شیوەن و گریان و لەخۆدانێك، تەواوی شارۆچكەكە بوو بە ماتەم و پرسە، هەموو پێشوازییان كرد لە خانەوادەیەكی ماندووی دڵشكاوی چاو پڕ لە خوێن. هێشتا تەپوتۆزی بیابان بەسەرو ڕوخساریانەوە دیارە و سوێراوی باشور پێستی سوڕهەڵگەڕاندوون، جگە لە جاش و ئەمنەكانی ئەو دەڤەرە كەس نەبوو بزە لەسەر لێوی بێت و فرمێسكی نەڕشتبێت، تەنانەت ئاسمانیش چەند نمە بارانێكی خستە سەر گۆنای زەوی و شاخەكانیش ڕەش هەڵگەڕان .
ئەو خێزانە ماندووە خێر لەخۆ نەدیوە دوای ئەوەی ڕاپێچی زیندان دەكرێن، ماڵەكەشیان هەڕاج فرۆش دەكەن و دەست دەگرن بەسەر خانووەكەیاندا، دوای دوو ساڵ لە ئازادبونیان خانووەكەیان پێ‌ دەدرێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خانمێكی خۆبه‌خش ده‌بێته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كلتووری له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌

خاتوو (هێرۆ) ی ته‌مه‌نی (28) ساڵه‌، له‌ (2013) خولیای ده‌ست ...

freier porno porno gratis
doğubayazıt escort afşin escort afyon escort afyon escort alanya masaj salonu afyon masaj salonu efeler masaj salonu polatlı masaj salonu merzifon masaj salonu afyon masaj salonu akhisar masaj salonu akçakale escort