سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » گەشەکردنی رەوتی فیکری ی.ن.ک لە دامەزراندنییەوە تا راپەڕین

گفتوگۆ لەگەڵ فەرید ئەسەسەرد و نەجم فەقێ عەبدوڵڵا

گەشەکردنی رەوتی فیکری ی.ن.ک لە دامەزراندنییەوە تا راپەڕین

ئەم گفتوگۆیە لە بارەی رەوتی گەشەکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوەیە، کە لە بنەڕەتدا بۆ نامەی ماستەرناکەم، بۆ بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران ئەنجامم داوە، بەڵام لەگەڵ یادی ٤٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە پێویستم زانی بۆ یەکەمجار لە رۆژنامەی کوردستانی نوێدا پوختەیەک لەو گفتوگۆیە بڵاو بکەمەوە.

تەحسین تەها چۆمانی

بەشی یەکەم

*ئەگەر سەرەتا باس لەو بارودۆخە بکەین، کە یەکێتی تێدا دامەزراوە، لە دەرەوەی هەموو ئەو خوێندنەوانەی کە تاوەکو ئێستا لە رووە مێژووییەکەوە، سەبارەت بە قۆناغی دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول و دامەزراندنی یەکێتی کراون، خوێندنەوەی ئێوە بۆ بارودۆخی سیاسی ئەو کات و دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چییە؟.

فەرید ئەسەسەرد: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نزیکەی سێ مانگ لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول دامەزرا، ئەو سێ مانگە تا گەیشتن بەو فۆڕمەی کە یەکێتی پێی راگەیەندرا بریتیی بوو لە قۆناغی بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی رێگەچارە یاخود رێوشوێنێکی تازەو بڕیاردان لەسەر رێکخراوێکی تر، ئەمەش نزیکەی سێ مانگی خایەند تا گەیشتە ئەو فۆڕمەی کە یەکێتی بەو جۆرەی کە راگەیەندرا بناسرێت و کاری بۆ بکرێت.
لەو سێ مانگەدا بیروڕای زۆر جیاواز هەبوون کە یەکێتی حزب بێت یاخود بەرە یان نیمچە بەرە بێت، لە کۆتاییداو لە پاش تاوتوێکردنی هەموو مۆدێلەکان لەسەر ئەوە گیرسانەوە کە یەکێتی وەکو چەترێکی گشت بێت، بەرە نەبێت بەڵکو نیمچەبەرە بێت و لە چەند باڵێک پێک بێت، ئەو باڵانەش یەکەمجار تەنها کۆمەڵەی رەنجدەران بوو، واتا باڵی دیکەی تێدا نەبوو، بەڵام دواتر باڵێکی دیکەشی تێدا زیاد بوو کە لە ناو وڵاتدا هەبوو ئەویش باڵی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بوو، واتە بوون بە دوو باڵ، دواتر واقیعیەت وایکرد بیر لەوە بکرێتەوە خەڵک هات کە سەر بەهیچ باڵێک نەبوو و هیچ چوارچێوەیەکی رێکخراوەیی نەیدەگرتنەوە، بەڵکو تەنها یەکێتی بوون، یەکێتیش بە مانای وشە تەنها حزب نییە، لەبەر ئەوە شتێکیان داهێنا بە ناوی هێڵی گشتی، هێڵی گشتی بە مانای وشە سیستم و پڕەنسیپ و سەرکردایتی و بیروباوەڕێکی دیاریکراوی نەبوو، بەڵام ئەوەی کۆیدەکردنەوە بیروباوەڕی گشتی کوردایەتی بوو، هەر وەک کەسانی دیاریشی تێدا هەبوو کە دەیانتوانی لە داهاتوودا پەیوەندی بە یەکێک لە لایەنەکان بکەن، یاخود دواتر هەر خۆشیان توانیان شتێکی تازە پێک بهێنن، لەبەر ئەوە هێڵی گشتی هەر لە سەرەتاوە بێ ئەوەی ناوی هەبێت هەر هەبووە، دواتر تا ساڵی ١٩٨٢ یەکیگرتەوە لەگەڵ بزووتنەوەی سۆسیالیست، بەڵام سەرەڕای ئەوە هەر مایەوە، ئەوانەی کە لە کۆتاییدا نە کۆمەڵە، نە بزووتنەوە نە یەکێتی شۆڕشگێڕان بوون بەڵکو خۆیان وەکو یەکێتی دەناساند، هێڵی گشتی بوون، بەڵام جیاوازیەکەی لەگەڵ ئەوەی پێشووتر ئەوە بوو کە وەکو جاران نوێنەریان نەبوو، پێشتر کۆمەڵە و هێڵی گشتی و بزووتنەوەی سۆسیالیست نوێنەریان لە سەرکردایەتی بۆ دیاریدەکرا کە بوون بە دوو باڵی سەرەکی هێڵی گشتی وەکو ناو مایەوە کە دەتوانین ناویان بنێنین سەربەخۆکانی ناو یەکێتی کە سەر بەهیچ یەکێک لە دوو باڵەکە نەبوون.
بە باوەڕی من وا بۆتۆ باشترە کە لە بیروبۆچوونی پێنج کەسەکەوە دەست لێکۆڵینەوەکەت بکەیت، بۆ ئەوەی بزانیت ستراکچەری فکریان چۆن بووە، مام جەلال مارکسیست-لینینست بووە، کۆمۆنیست نەبوو، بەڵام بەبیرکردنەوە مارکسیست بووە، کاک نەوشیروان بەهەمان شێوە، عەبدولرەزاق فەیلی و عادل موراد لە پارتیەوە هاتبوون و ئەو ماوەیەش کە هەتابوونە ناو یەکێتی و یەکێتیان دامەزراندبوو، هیچ بیرکردنەوەیەکیان بە سەردا نەهاتبوو، واتە نەبوونە مارکسیستی و سوسیالیستی، دکتۆر فواد رەنگ بێت لە بیرکردنەوەی نزیک بووبێت لە سۆسیالیست یاخود لە سۆسیال دیموکرات، رەنگ بێت خۆی بەو جۆرە بیری لێ نەکردبێتەوە، بەڵام بیروبۆچوونەکانی دەچوونە ئەو ئاڕاستە فکریەوە، بەڵام ئەوەی بە شێوەیەکی سەرەکی هەموویانی کۆدەکردەوە ئەوە بوو کە تێڕوانینێکی چەپیان بۆ مەسەلەکان هەبوو، هەروەک بە چاوێکی رەخنەگرانە سەیری ئەزموونی شکستی شۆڕشیان دەکرد، بۆیە کاتێک هاتن کە تاوتوێی کۆتایی هاتنی شۆڕشیان کرد، وتیان کورد پێویستی بە سەرکردایەتییەکی تازەیە کە دەبێت خۆی لە رێکخراوێکی تازەدا بنوێنێ، بەڵام رێکخراوەکە چۆن بێت؟ ئەوەیان نزیکەی سێ مانگی خایەند تا گەیشتە ئەوەی کە یەکێتی بەو فۆڕمەی کە پێی راگەیەندرا دیاری بکرێت.

نەجم فەقێ عەبدوڵڵا: یەکێتی لە کاردانەوەی هەلومەرجێکدا وەک زەرورەتێک هاتە پێشەوە، بۆشاییەکی سیاسی کە لەدوای ئاش بەتال هاتە پێشەوە، ئەو بۆشاییە سیاسیە چەند پرسیارێکی سەرەکی وروژاند، کە گرنگترینان ئەوە بوو، چ هێزێکی سیاسی دەتوانێت جارێکی تر بێتەوە مەیدان و وەڵامی ئەو هەلومەرجەی ئەو سەردەمە بداتەوە. هێزی سیاسی لە دوای ئاشبەتال بە تەواوی ئەوەی سەلماند کە بەهیچ شێوەیەک نە لەرووی فکری نە لە رووی سیاسی، نە لە رووی حزبی و عەسکەریەوە نە لە رووی رێکخستنی جەماوەریەوە لە ئاستی ئەو بزووتنەوە چەکداریە نەبووە کە لە کوردستاندا هەبووە، دیفاکتۆیەک ئەوەی دروست کردووە کە نامەوێت بڕۆمە سەر ئەو رابردووە، بەڵام ئەو بۆشاییەی کە دروست بوو هێزی سیاسی لەو کاتەدا دروست کرد. لەو هەلومەرجەدا جگە لە کۆمەڵەو بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان شتێکی دیکە لە ئارادا نەبوو، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەورانی ئاشبەتاڵ لە٦ی٣ کە رێککەوتننامەی جەزائیر کرا، لە ١١ی٣ بوو بەڕەسمی و ئاشبەتاڵەکە وەک بڕیاری سیاسی قیادەی کوردی (مەلا مستەفا) دەستی پێکرد، ئەم حاڵەتە کە دروست بوو کۆمەڵە لە ناوەوە بوو، کە من ئەو کاتە ئەندامی کۆمیتەی شاری کەرکوک بووم، شەوی راگەیەندراوەکە کە لە رادیۆ کرا من بۆ خۆم لەگەڵ کاک عەلی بچکۆل لە کۆبوونەوەدا بووین. لەوێ کە ئاشبەتاڵەکە راگەیاندرا بە پەلە پروزێ کە کاک عەلی ئەو کاتە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی کۆمەڵە، ئەوە هاتە پێشەوە کە ئەوە نابێت ئاوا بڕواتە سەر، واتە هەر لەوێ لە گوندی تۆمار باسی ئەوە کرا کە دەبێت شۆڕش درێژە بکێشێت، کاک عەلی گەڕایەوە بۆ سەرکردایەتی کۆمەڵە کە لە درەوە بوو، دیارە ئەوانیش لەوکاتە بە هەمان پەلە پەلەییەوە کۆبوونەوەی خۆیان کردبوو بڕیاریاندابوو کە شۆڕش درێژە بکێشێت، لێرەدا مەبەستم لە جێگرتنەوەی بزووتنەوە چەکداریەکەیە، ئەم بیرۆکەیە کە دواتر بۆ ئێمە دەرکەوت لە هەمان کاتدا لە شام لای مام جەلال و برادەرانی دیکە هەبوو، مام جەلال یەکێک بوو لەوانە سەرسەختانە دەیەویست شۆڕش بەبێ چاوەڕوانی بۆ هیچ شتێک درێژە بکێشێت، بەتایبەت بە پشت بەستن بە کۆمەڵەو هاوکات ئەگەر بکرێت بەشێکیش لە فرماندەکانیش کە چەندین ساڵ پارتی بوون باوەڕیان پێ بهێندرێت کە درێژە بە شۆڕش بدرێت. سەرەتا کۆمەڵێک خەڵکی باش بڕیاریان دابوو کە بمێننەوە، بەڵام هەرەسەکە بە دەرەجەیەک بەهێز بوو کە هیچ هێزێکی سیاسی نەیدەتوانی پێشی پێ بگرێت و خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤ و بەدیلێک بهێنێتە جێ. لەبەر ئەوەی کە هەرەسەکە گشتی و سەرلەبەر بوو. تۆ وەک رێکخستێنێکی سیاسی رەنگ بێت لە رووی هۆشیاری سیاسی و لێکدانەوەی هەلومەرجەکە بتوانیت پێش خەڵک بکەویت، بەڵام لە بنەڕەتدا پێویستیت بە پێداویستیەکانی بزووتنەوەکە و بوونی جەماوەر هەیە کە ئامادەیی تێدا بێت. هەر ئەمەش بوو وای کردبوو لە هەلومەرجی هەرەسەکەدا نەدەکرا ئەو وەڵامە هەبێت. کۆمەڵە لە دوای نەورۆزی هەمان ساڵ هەڵوێستی خۆی گۆڕی، هەڵوێستەکەی ئەوە بوو بۆ ساڵێک بکەوینە خۆڕێکخستن تا بەشێوازێکی نوێ بۆ هەندانی خەڵک و خۆرێکخستن، ئەمە بڕیاری کۆمەڵە بوو لەو کاتدا، هەر لەو کاتەدا مام جەلال هێرۆ خانی لە بەیروتەوە لە ١٧ی٣ ١٩٧٥ ناردەوە بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی بیرۆکەی درێژە پێدانی شۆڕش بگەیەنێت، بەڵام کاتێک ئەو گەیشتەوە لە ماوەی ئەو ١٠ رۆژەدا گۆڕانکارییەکان بە جۆرێک بوون کە کۆمەڵە بڕیارەکەی پێچەوانە بکاتەوە، ئەوەی لێرەدا بۆ من دەر دەکەوێت ئەوەیە کە مام جەلالیش بڕیار بوو ٢٨ی٣ ی هەمان ساڵ بگەڕێتەوە کوردستان، ئەو مەسەلەیە گرنگیەکەی لەوەدایە کە هێزێک هەرەسی هێناوە، بەڵام هێزێکی دیکە لە ساتەوەختی هێزەکەی تر ئامادەیی ئەوەی تێدا هەیە کە بیەوێت جڵەوی بزووتنەوەکە بگرێتە دەست و بیبات بەڕێوە، ئەمە لە ناوەوەی کوردستان کۆمەڵە پێی هەڵساو لە دەرەوە مام جەلال ئەو بیرۆکەیەی هەبوو، بەڵام کە هێرۆخان دێتەوە مام جەلال ئاگادار دەکاتەوە کە هەموو شتێک کۆتایی هاتووە. لەو کاتەوە واتا لە ١٩ی ٣وە تا ١ی٦ ساڵی ١٩٧٥ کە سێ مانگ ناکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دادەمەزرێت. ئەو وەڵامدانەوەیە بەدەر لە جیاوازی فکری و ئایدۆلۆژی و رێکخراوەیی یەکێتی، پێش هەموو شتێک بریتییە لەوەی کە بزووتنەوەیەکی نوێ بتوانێت وەڵامی ئەو هەلومەرجە تازەیە بداتەوەو بتوانێت بەراستی رابەرایەتی بارودۆخەکە بکات. چونکە کێشەکە بۆشایی بزووتنەوەو سەرکردە بوو.
یەکێتی وەکو بیرۆکە لە سەرەتاوە و پێش دامەزراندنەکەشی کەسایەتیەکان بەتایبەتی مام جەلال لە جموجۆڵدا بوو بۆ ئەو مەسەلەیە، بۆیە ئەگەر بێینە سەر مەسەلەی یەکێتی لە راستیدا ئەو کاتە کە ئەو هەرەسە پێش هات لە رووی مەعنەویەوە ئەوە زۆر باسکراوە کە تەواوی خەڵک بێ ئومێد بوون و هیچ ئاسۆیەکیان نەما. حکومەتی عێراقیش بە ئارەزووی خۆی سەرتاپای کوردستان بۆ یەکەمجار لە مێژووی دامەزراندنی عێراقدا داگیر دەکات. کە لە هەمان کاتدا بە پێی رێککەوتنامەی جەزائیریش کەوتنە راگواستنی گوندەکان بە قوڵایی ١٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر. ئیتر هەر لەو کاتەوە بیرۆکەی ئۆردوگا زۆرەملێکان هاتە پێشەوە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانەی کە رایاندەگواستن لەوێدا کۆیان بکەنەوە. کە دواجار ئەو بابەتە درێژەی کێشاو بوو سیاسەتێکی راگواستن لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت دەستی واڵابوو بۆ ئەوەی لە خواریشەوە ئەو ناوچانەی کە مەبەستیەتی بەتایبەتی کەرکوک و خانەقین و جەلەولاو…تا شنەگال و ناوچەکانی دیکە. ئەوانە هەموو ئەو ناوچانەن کە لە ماددەی ١٤٠ وە هاتوون و ناوچەی تەعریب کراوەکانی ئەو کاتن. کە حکومەت بە هەموو جۆرێک دەیەویست سیاسەتی بە عەرەبکردنی تێدا بەکار بهێنێت، کە کەوتە کارو ئەنجامەکانی تا ئێستاش ماوەن کە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیانی ئەوکات، ئێستا لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە دەیبینێت. لەم رووەوە لە بەر ئەوەی حکومەتی بەعس بووە تاکە بەدیلی سیاسی لە کوردستاندا. بۆیە ئەم سێ دیاردەیە کۆچ پێکردن، تەعریب و تەبعیس بووە سیاسەتی مەرکەزی حکومەتی بەعس لە کوردستاندا کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا زۆر بەچری کەوتە جێبەجێ کردنی ئەم سێ سیاسەتە. لێرەوە هاتنە پێشەوەی رێکخستنێک کە بتوانێت وەڵامی ئەو هەلومەرجە تازەیە بداتەوە. چونکە هیچ یەکێک لەو سیاسەتانەی بەعس تا دوای ئاشبەتاڵ لە کوردستان بەو جۆرە وجودیان نەبوو. بەڵکو ئەمە لە درەنجامی ئاشبەتاڵ دروست بوو، بۆیە یەکێتی کە دروست دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم سێ دیاردەیە خۆی رادەگەیەنێت، بۆیە ئەگەر لە رووی سیاسیەوە سەیری بکەیت ئەمە کرۆکی دامەزراندن و هاتنە مەیدانی یەکێتیە تا بەر لەم سیاسەتەی بەعس بگرێت. چونکە بیرمان نەچێت سێکوچکەی تەعریب و تەرحیل و تەبعیس سیاسەتێکی نەتەوەیی بوو. واتە لە چوارچێوەی چەوساندنەوەیەکی نەتەوەیی دا بوو. ئەمەش وای کرد کە یەکێتی هەر لە سەرەتاوە خەسڵەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بە خۆیەوە ببینێت. تا خەسڵەتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی…تاد.

*لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەستەواژەی حزب، یان پارتی پێشڕەو زۆر جەختی لە سەر کرایەوە، هەر وەک لەپاڵ ئەم دەستەواژەیەشدا کە یەکێتی خۆی وەک دیاردەیەکی نوێی حزبایەتی دەخاتە روو، بۆ ئەو وەختە دەستەواژەی پارتی پێشڕەو، یان جەختکردنەوە لە سەر دیاردەی نوێی حزبایەتی لە کوردستان، بە دیاریکراوی لە چیدا کورت دەبێتەوە؟

فەرید ئەسەسەرد: من پێم وایە یەکێتی بەو فۆڕمەی کە پێی دامەزرا لە ژێر کاریگەری دوو ئەزموون بوو:
یەکێکیان ئەزموونی فەلەستینیەکان و بەدیاریکراوی ئەزموونی رێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستین بە سەرۆکایەتی یاسر عەرەفات بوو، بەڵام یەکێتی نەیتوانی ئەو ئەزموونە لە نێوخۆیدا جێ بکاتەوە، چونکە ئەمە لە چەند حزبێکی سەربەخۆ دامەزرابوون، یەکێتی دەیویست ئەو ئەزموونە بەهەمان مۆدێل دووبارە بکاتەوە ئەگەر بۆی رێکبکەوێت، بەڵام بۆی رێکنەکەوت، کەچی ئەزموونێک بوو بۆی هەبوو کە سوودی لێوەربگیرێت.
ئەزموونی دووەم ئەزموونی بەرەی نیشتمانیی بوو کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییدا لە وڵاتەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات زیاتر هاتبووە کایەوە، ئەویش ئەوەبوو کە حزبە کۆمۆنیستیەکان یاخود گرووپە کۆمۆنیستیەکان بەرەیەکی نیشتمانییان بە سەرۆکایەتی خۆیان پێک دەهێنا و چەند حزبێکیان بەلای خۆیاندا رادەکێشا و وا خۆیان نیشان دەدا کە ئەوان نوێنەرایەتی گەلن، بەڵام یەکێک لە مەرجەکان ئەوەبوو کە حزبە کۆمۆنیستەکان یان گرووپە کۆمۆنیستەکان خۆیان رابەرایەتی ئەو بەرەیە بکەن.
ئەوەی یەکێتی لە هەردووکیانەوە نزیکە، بەهۆی ئەوەشەوە ئەگەر ئەدەبیاتی ساڵی یەکەمی یەکێتی بخوێنیتەوە هەست بە بۆنی مارکسیزم دەکەیت، هەر وەک تیۆری پارتی پێشڕەو تیۆریەکە لە ئەدەبیاتی مارکسی و ئەزموونی خەباتی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات لە خەبات دژی فاشیزمی ئەڵمانی وەرگیراوە.
بەڵام بۆچوونێک هەیە دەڵێت کە یەکێتی زیاتر مەسەلەی پارتی پێشڕەوی لە ئەدەبیاتی پێش شۆڕشی ماوتسی تۆنگەوە وەرگرتووە؟
خۆی ئەزموونی ماوتسی تۆنگ لە ژێر کاریگەری بەرەی نیشتمانیی ئەوروپای رۆژهەڵات دایە، لەبەر ئەوە ئەگەر کاریگەریەکە هی شۆڕشی چین بێت، ئەوە هەر دەبێت بگەڕێینەوە سەر بەرەی نیشتمانیی ئەوروپای رۆژهەڵات، بەڵام ئەوەی زۆر کاریگەری لە سەر ستراکچەری فکری یەکێتی هەبوو، تیۆری چیینە شۆڕشگێڕەکەیە کە ئەمە تا ئەندازەیەک نە مارکس و ئەنگڵس، نە لینین باسیان لێوەکردووە، رەنگبێت لینین رێگەی بۆ خۆشکردبێت، بەڵام بەشێوەی چوار چین رێکی نەخستووە، بەڵکو ئەوەی ئەم رێکختسنەی کرد ماوتسی تۆنگ بوو، لە زەمانی مارکسدا دەیانوت یەک چینی شۆڕشگێڕ هەیە ئەویش چینی کرێکارانە، ئەنگلسیش بەهەمان شێوە بیری کردۆتەوە، هەروەک لینینیش لە قۆناغە بەراییەکاندا بەو جۆرە بیری کردۆتەوە، بەڵام دواتر چۆتە سەر ئەوەی کە چینێکی شۆڕشگێڕی تریش هەیە، ئەویش چینی جوتیارانە کە دەبێتە هاوپەیمانی کرێکاران، لە قۆناغەکانی پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەریش لینین کەمێک نەرمی نواند و بەلای ئەوەدا دایشکاند کە باڵێکی شۆڕشگێڕیش لە ناو وردە بۆرجوازیدا هەیە کە لەوانەیە سوودی لێوەبگیرێت، بەڵام ئەو باڵە هەموو وردە بۆرجوازی ناگرێتەوە، ماوتسی تۆنگ هات ئەوەی بەشێوەیەکی تر رێکخست وتی چوار جۆر چینی شۆڕشگێڕ هەیە کە ئەمەی زیاتر بەستبۆوە بە قۆناغی رزگاری نیشتمانییەوە، لە سەردەمی لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەر قۆناغی رزگاری نیشتمانیی نەبوو، قۆناغی خەباتی چینایەتی و هەنگاونان بەرەو سۆسیالیزم هەبوو، بەڵام لە سەردەمی ماو مەسەلەی نیشتمانیی و چینایەتی تێکەڵاو بەیەکتر بوو، لەبەر ئەوە ئەو خاوەنی راستەقینەی تیۆری چوار چینە شۆڕشگێڕەکەیە، ماوتسی تۆنگ هاوڕایە لەگەڵ هەموو ئەوانەی پێشوو کە چینی شۆڕشگێڕی یەکەم چینی کرێکارانن، ئەوەی لەو کەمتر شۆڕشگێرە جووتیارانن، پاشان لەناو شارەکاندا وردە بۆرجوازی هەیە کە لەوانەیە سوودی لێوەربگیرێت و لەناویاندا توێژێک هەیە پێی دەوترێت توێژی رۆشنبیرە شۆڕشگێڕەکان کە دەتوانرێت زۆر سوودیا لێ وەربگیرێت، هەروەها چۆنە قۆناغەکە قۆناغی رزگاری هەموو نیشتمانە لەبەر ئەوە هەژارو دەوڵەمەند کۆدەبنەوە لە سایەی نیشتمانپەروەری و رزگاری وڵات و لەوانە چینە دەوڵەمەندە سەرمایەداکەش کە دەتوانێت خزمەتی وڵات بکات، چونکە ئەویش حەز ناکات لەژێر داگیرکاریدا بێت، لەبەر ئەوە چینێکی تریشیان دانا بەناوی چینی بۆرجوازی نیشتمانیی، کە ئەمە تا قۆناغێک دەتوانێت هاوپەیمان چینی پڕۆلیتاریا بێت، بەڵام رەنگە لە قۆناغێکی درێژتردا دژایەتی پڕۆلیتاریا بکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێویەکی زیاتر لە ژێر ئەم تیۆریەدا بوو.

نەجم فەقێ عەبدوڵڵا: تێزی پارتی پێشڕەو لە بنەڕتدا تێزی چەپەکانە، چەپەکانیش ئەو کاتە کۆمەڵە بوون. کۆمەڵە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ناو یەکێتی بوو، خودی مام جەلالیش ئەگەر راستەخۆش لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا دانەنیشتبێت، بەڵام وەک باوکێکی رۆحی کۆمەڵە تەماشا دەکرێت، چونکە ئاگاداری دامەزراندنەکەی بووەو راوێژی پێ کراوە، لەبەر ئەوەی ئەو کاتە مام جەلال کەسێکی مائوستی بووە.
لە تیۆری ماویدا لە چوارچێوەی رزگاری خەباتی نیشتمانییدا، هەمیشە باس لە بەرەی نیشتمانی دەکرێت، بەرەی یەکگرتووی نیشتمانیی وەکو قۆناغێک بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی ئەو قۆناغە لە رزگاری و دیموکراتیدا. لە وێوە کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کە دامەزراوە وەک رێکخراوێک نەک وەکو حزبێک لە کوردستان دامەزراوە. چونکە ئامانجە مەرکەزیەکەی بریتیی بوو لە خەبات کردن بۆ خۆشکردنی زەمینەی هاتنە دی پارتی پێشڕەو بوو، پارتی پیشڕەو بە مانای پارتی چینی سەربەخۆی کرێکاری کوردستان. ئەمە لە خۆیدا تێڕوانینێکی مارکسیستیانەیە بۆ پارتی پێشڕەو، بۆیە مام جەلال لەم تێڕوانینانە بەدەر نەبووە، بەڵکو خۆی تیایدا بووە. لەبەر ئەوە کاتێک یەکێتی دادەمەزرێت لە چوارچێوە بیرۆکە ماویستیەکەیە خۆی دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی چەند حزبێک نەهاتوون کە یەکێکیان حزبی چەپی چینایەتی کرێکاری، ئەوی تریان حزبێکی لە سەدا سەد بۆرجوازی …و تاد. بێت. چونکە ئەو جۆرە حزبانە بوونیان نەبووە، بیرۆکەی بەرەی نیشتمانیەکەش هاتۆتە ئاستی نیمچە بەرە، یەکێتی کە لە سەرەتاوە کە دامەزرا شێوازی رێکخستنەکەی رێکخستن نەبوو، بەڵکو نیمچە بەرەیەک بوو، کە لە بنەڕتدا پشتی بەو رێکخراوانە دەبەست کە حزب نەبوون، بەڵکو وەکو رێکخراو بوون کە بەشدار و ئەندام بوون لە یەکێتی دا. وەک کۆمەڵەو بزووتنەوەو دواتریش خەتی گشتی، بەو مانایەی کە ئەو کەسانە سەر بەو دوو رێکخراوە نین.
لێرەوە دەتوانین بڵێین بیرۆکەی پارتی پێشڕەو بیرۆکەی یەکێتی بوو لە دەرەوەی کۆمەڵە، بیرۆکەی کۆمەڵە ئەوە بوو کە پارت پێشڕەو کۆمەڵە زەمینەی بۆ خۆش دەکات، چونکە کۆمەڵە رێکخستنێکی وەک دەڵێن مارکسی بوو. مام جەلال کە یەکێتی دادەمەزرێنێت و پاشانیش کە لە یەکەم کۆبوونەوەدا لە ساڵی ١٩٧٧ لە کوردستان وەک سکرتێر هەڵدەبژێردرێت. لەوێدا مام جەلال ئەوەندەی خۆی بە خاوەنی کۆمەڵە زانیوە کەمتر خۆی بە خاوەنی بزووتنەوە زانیوە، بەهەر حاڵ مەبەستمە بڵێم مام جەلال بیرۆکەی پارتی پێشرەوی قۆستەوە بۆ ناو سیستمی فکری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە یەکێتی ببێتە ئەو سایەی پارتی پێشڕەو کە رووی لە داهاتووە.

*بەڵام یەکێتی بەهۆی ئەو نیمچە بەرەیەی کە پێکی هێنابوو، خۆی وا پیشان دەدا کە لەگەڵ خۆیدا دیاردەیەکی نوێی حزبایەتیشی هێناوەتە ئاراوە، پرسیارەکە ئەوەیە کە یەکێتی لە رێگەی ئەم دەستەواژەیەوە بەدیاریکراوی دەیەویست چی بپێکێت؟

فەرید ئەسەسەرد: خۆی ئەو کات لە دەست ئێمەدا نەبوو باس لە فرە حزبی و شتی لەم جۆرە بکەین، لە راستیدا کە یەکێتی دامەزرا یەک رێکخراو لە کوردستاندا بوونی هەبوو کە مام جەلال خۆی پێکی هێنا بوو، کە ئەویش وەک دواتر ناونرا کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بوو، لەبەر ئەوە بە باوەڕی من بۆچوونی بەرایی رەنگ بێت جیاواز بێت لە بۆچوونی دواتر، ئەمان دەیانویست زیاتر ئەزموونی بەرەی نیشتمانیی ئەوروپای رۆژهەڵات دووبارە بکەنەوە، ئەویش ئەوەی کە حزبێک پێکدەهێنن کە گرووپە مارکسیەکان کاکڵەکەی پێکدەهێنن و وەکو چەترێکی نیشتمانیشی لێدێت، یەکەمجار وابیرکرایەوە کە بەم جۆرە بێت، بەڵام رێککەوت نەک بەرنامەی دیارکراو دەوری هەبوو لەوەی کە رووخساری یەکێتیش بگۆڕێت، چونکە لە ناوەوەی وڵات بێ ئەوەی کەس بزانێت چەند کەسێک لە نێوانی خۆیاندا رێککەوتن شتێک پێکبهێنن، بەناوی بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، ئەمانە بەمانای وشە حزب نەبوون، بەڵکو یەکەمجار وەکو کۆمەڵەیەکی نهێنی خۆیان رێکخستبوو، کە ئیش لەگەڵ یەک بکەن و کەسیش رێکنەخەن و لە قۆناغی یەکەمدا ئاگایان لەیەکتری بێت، تەنانەت بەیاننامەی دامەزراندنیشیان دەرنەکردبوو، بۆ ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەکیان لە سەر نەبێت، شتەکە تەنها بریتیی بوو لەوەی کە کۆمەڵێک کادری کۆنی مەلایی و جەلالی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول کۆببونەوە شتێکیان دروست کردو بۆ ئەوەی چالاکیەکی دیاریکراویان هەبێت، ئامانجی سەرەکیشیان بە مانای وشە هەڵگیرساندنی شۆڕشێک بوو بۆ دروستکردنی فشار لەسەر حکومەتی عیراق بۆ ئەوەی واز لەهەندێک لە سیاسەتەکانی بهێنێت و ئۆتۆنۆمی بدات بەو لایەنەی کە شۆڕشەکە دەکات، لەبەر ئەوە ئەمانە بەمانای وشە بیریان لە شۆڕشی درێژخایەن بەمانای مارکسی و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشێکی تر وەک شۆڕشی ئەیلول نەدەکردەوە، لە بەیاننامەکەشدا دەڵێن کە ئەوانە ناچاربوون شۆڕش بکەن، چونکە سیاسەتی حکومەتی عیراق سیاسەتێکە ناچاری کردوون بەم رێچکەیەدا بڕۆن، کاتێک مام جەلال سەرقاڵی دامەزراندنی یەکێتی بوو، حکومەتی عیراق خۆی پەیوەندی بە عومەر دەبابە کرد کە لە رۆمادی بوو، وتبویان پەیوەندی بە مام جەلالەوە بکەو بچۆ بۆ ئەوێ(سوریا) بۆ ئەوەی بزانین چی دەوێت و چی ناوێت؟ عومەر دەبابە خۆی لە دامەزرێنەرانی ئەو رێکخراوە بوو(سۆسیالیست) بەڵام حکومەت نەیدەزانی بەو جۆرەیە وەک وتم شتێکی زۆر نهێنی بوو، لەبەر ئەوە کاتێک رۆشتبوو مام جەلالی بینی بوو، لە جیاتی ئەوەی پەیامی حکومەتی پێ بگەیەنێت پەیامی حزبەکەی خۆی پێ گەیاندبوو، هەروەک کە گەڕابۆوە بە پڕۆژەیەکی نوێ هاتبۆوە ئەویش ئەوەبوو کە ئەوانیش وەک رێکخراوێک بڕۆنە ناو یەکێتی و تیایدا ببنە ئەندام.
بزووتنەوەی سۆسیالیست، بزووتنەوەیەک بوو کە لە باڵی مەلایی و جەلالی دروست ببوو، باڵە جەلالیەکە پێی خۆش بوو بۆ ئەوەی بچێ ئیش لەگەڵ مام جەلال بکات، بەڵام باڵە مەلاییەکە پێی خۆش نەبوو کە ئیش لەگەڵ مام جەلال بکەن، بەڵام باڵە جەلالیەکە بەهێزبوون لەناو بزووتنەوەدا و زاڵ بوون بۆئەوەی پێیان بسەلمێنن کە پێویستە لەگەڵ مام جەلال کار بکەن و ببنە ئەندام لە ناو یەکێتیدا، چونکە پارتی نەمابوو، مەلا مستەفاش رایکردبوو پێم وایە ئەو کات لە ئێرانیش نەمابوو، ئەمە خۆی کاریگەری خراپی هەبوو کە دواتر دەرکەوت، چونکە ئەو باڵە(باڵی مەلایی ناو بزووتنەوە) حەزیان نەدەکرد بێنە ناو یەکێتی، ئەمانە باڵێک بوون زیاتر فیکری یەمینیان هەبوو تا فیکری چەپ، بەهۆی ئەمەشەوە بە بیانوو بوون لە یەکێتی، لە کۆتاییشدا بینیمان کە وازیان لە یەکێتی هێناو گەڕانەوە سەر بۆچوونەکەی خۆیان، بۆ ئەوەی وەک رێکخراوێکی سەربەخۆ کار بکەن.

نەجم فەقێ عەبدوڵڵا: تێزی پارتی پێشڕەو لە بنەڕتدا تێزی چەپەکانە، چەپەکانیش ئەو کاتە کۆمەڵە بوون. کۆمەڵە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ناو یەکێتی بوو، خودی مام جەلالیش ئەگەر راستەخۆش لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا دانەنیشتبێت، بەڵام وەک باوکێکی رۆحی کۆمەڵە تەماشا دەکرێت، چونکە ئاگاداری دامەزراندنەکەی بووەو راوێژی پێ کراوە، لەبەر ئەوەی ئەو کاتە مام جەلال کەسێکی مائوستی بووە.
لە تیۆری ماویدا لە چوارچێوەی رزگاری خەباتی نیشتمانییدا، هەمیشە باس لە بەرەی نیشتمانی دەکرێت، بەرەی یەکگرتووی نیشتمانیی وەکو قۆناغێک بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی ئەو قۆناغە لە رزگاری و دیموکراتیدا. لە وێوە کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کە دامەزراوە وەک رێکخراوێک نەک وەکو حزبێک لە کوردستان دامەزراوە. چونکە ئامانجە مەرکەزیەکەی بریتیی بوو لە خەبات کردن بۆ خۆشکردنی زەمینەی هاتنە دی پارتی پێشڕەو بوو، پارتی پیشڕەو بە مانای پارتی چینی سەربەخۆی کرێکاری کوردستان. ئەمە لە خۆیدا تێڕوانینێکی مارکسیستیانەیە بۆ پارتی پێشڕەو، بۆیە مام جەلال لەم تێڕوانینانە بەدەر نەبووە، بەڵکو خۆی تیایدا بووە. لەبەر ئەوە کاتێک یەکێتی دادەمەزرێت لە چوارچێوە بیرۆکە ماویستیەکەیە خۆی دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی چەند حزبێک نەهاتوون کە یەکێکیان حزبی چەپی چینایەتی کرێکاری، ئەوی تریان حزبێکی لە سەدا سەد بۆرجوازی …و تاد. بێت. چونکە ئەو جۆرە حزبانە بوونیان نەبووە، بیرۆکەی بەرەی نیشتمانیەکەش هاتۆتە ئاستی نیمچە بەرە، یەکێتی کە لە سەرەتاوە کە دامەزرا شێوازی رێکخستنەکەی رێکخستن نەبوو، بەڵکو نیمچە بەرەیەک بوو، کە لە بنەڕتدا پشتی بەو رێکخراوانە دەبەست کە حزب نەبوون، بەڵکو وەکو رێکخراو بوون کە بەشدار و ئەندام بوون لە یەکێتی دا. وەک کۆمەڵەو بزووتنەوەو دواتریش خەتی گشتی، بەو مانایەی کە ئەو کەسانە سەر بەو دوو رێکخراوە نین.
لێرەوە دەتوانین بڵێین بیرۆکەی پارتی پێشڕەو بیرۆکەی یەکێتی بوو لە دەرەوەی کۆمەڵە، بیرۆکەی کۆمەڵە ئەوە بوو کە پارت پێشڕەو کۆمەڵە زەمینەی بۆ خۆش دەکات، چونکە کۆمەڵە رێکخستنێکی وەک دەڵێن مارکسی بوو. مام جەلال کە یەکێتی دادەمەزرێنێت و پاشانیش کە لە یەکەم کۆبوونەوەدا لە ساڵی ١٩٧٧ لە کوردستان وەک سکرتێر هەڵدەبژێردرێت. لەوێدا مام جەلال ئەوەندەی خۆی بە خاوەنی کۆمەڵە زانیوە کەمتر خۆی بە خاوەنی بزووتنەوە زانیوە، بەهەر حاڵ مەبەستمە بڵێم مام جەلال بیرۆکەی پارتی پێشرەوی قۆستەوە بۆ ناو سیستمی فکری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە یەکێتی ببێتە ئەو سایەی پارتی پێشڕەو کە رووی لە داهاتووە.

*لە لایەنی گوتاریەوە(دیسکۆرس)، تا چەندە دەتوانین دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بخەینە خانەی نوێنەرایەتی کردنی داهێنانی گوتارێکی نوێی سیاسیی و سیاسەت کردن لە کوردستان، بەتایبەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان، چ وەک دامەزراوەی سیاسی، چ وەک گوتاری سیاسی کۆتایی هاتبوو؟

فەرید ئەسەسەرد: خۆی گوتاری یەکێتی لەو قۆناغەدا تەواو گوتارێکی تازەبوو، تەنانەت دەتوانم بڵێم پێچەوانەی گوتاری کۆنی شۆڕشی ئەیلول بوو، تۆ هەر لە مانا گشتیەکەیەوە وەریبگرە، شۆڕشی ئەیلول لە بەرەی جیهانی سەرمایەداریدا دژ بە بەرەی سۆسیالیزم بوو، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندیەکانی لەگەڵ شای ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکادا بوو، بەهۆی ئەمەوە شۆڕشی ئەیلول هیچ تێڕوانینێکی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆدا نەبوو، کە یەکێتی دامەزرا تەواو پێچەوانەی ئەوە رەوتەی شۆڕشی ئەیلول بوو، کە دامەزرا دژایەتی خۆی بۆ شای ئێران و تورکیا و ئیسرائیل و بەرەی ئیمپریالیستی بەگشتی راگەیاند، بە پێچەوانەوە لەگەڵ سۆسیالیزم و لەگەڵ جیهانی پێشکەوتووخوازو خەباتی فەلەستینیەکان و دژایەتی خاکی فەلەستین دەکات.
ئەمە یەکەم گۆڕانکاری گەورە بوو لە گوتاری سیاسی کورد لەو قۆناغەدا، رەنگە لە رابردووش هەندێک نەرمی نوێندرابێت بۆ ئەمە، بۆ نموونە کەس دژی خەباتی فەلەستینیەکان نەبوو، بەڵام پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ ئەوانە هەبوو کە دژی فەلەستینیەکان بوون، وەکو ئێران و ئیسرائیل، لەبەر ئەوە ئەمە هەر وەکو دیکۆر وابوو بۆ سیاسەتی شۆڕشی ئەیلول لەو کاتدا، بەڵام ئەوەی یەکێتی بە پێچەوانەوە خۆیشی لە وڵاتێکدا بوو کە سیاسەتێکی موتەمایلی هەبوو بەلای چەپدا کە سوریا بوو، لە ناو فەلەستینیەکانیشدا زیاتر پەیوەندی لەگەڵ چەپی فەلەستینیدا نەک باڵی راستڕەوی فەلەستنی هەبوو، ئەمە بە باوەڕی من گەورەترین گۆڕانکاری بوو لە گوتاری سیاسی کورد لەو کاتداو ئەوەشی کە پەیوەندی بە یەکێتیەوە هەیە.
لە ناوخۆشدا مۆدێلێکی تازە داهات کە ئەویش مۆدێلی فرەی بوو، شۆڕشی ئەیلول دژ بە فرەیی بوو، بەڵکو باوەڕی بە یەک رابەر، یەک حزب، یەک تێڕوانین هەبوو، هەر ئەم جۆرە دژایەتیکردنەش وای لە پارتی کرد کە تووشی لەت بوون ببێت. یەکێتی خۆی لە بنەمادا لەسەر ئەساسی فرەیی دامەزرا کە چەند باڵێک بێت، تەنانەت لە پەیڕەوی ناوخۆی ساڵی ١٩٧٦دا، باس لەوە کرا بوو کە رێکخراوە دیموکراتیەکانیش دەتوانین بەشدار بن لە ناو یەکێتیدا، کە دواتر لە ناو سەرکردایەتیدا نوێنەریان هەبێت، بەڵام بەپێی هێز بۆ نموونە ئەگەر یەکێتی مامۆستایان بەشدار بوایە ئەوا نوێنەرێکی دەبوو، یان گرووپێکی تر کە نوێنەرایەتی کەمینەیەکی دیاریکراو بکات….تاد.
بۆچوونی سەرەتا لە ناو یەکێتی ئەوە بوو کە یەکێتی فراوان بێت و لە چەند حزبێک پێک بێت، پاشان لە ناو ئەواندا حزبێک دەردەکەوێت و ئەو دەبێتە پارتی پێشڕەو و رابەرایەتی ئەوانی دیکە دەکات، واتە تیۆریەکە بەو جۆرە بوو کە یەکێتی رێگە خۆشکەرە بۆ پەیدابوونی پارتی پێشڕەو، پارتی پێشڕەویش لە رەوتی خەباتدا پەیدادەبێت و بە کردەوە خۆی دەسەلمێنێت، کە دواجار گرووپەکانی تر دانی پێدادەنێن کە ئەو پارتە پارتی پێشڕەوە.

نەجم فەقێ عەبدوڵڵا: ئەگەر پێناسەیەکی یەکێتی بۆ سەردەمی ئەو کات بکەین دەتوانین پێناسەیەکی نیشتمانی نەتەوەیی بۆ بکەین، کە تۆ ئەم پێناسەیەی بۆ بکەین ئەرکەکانی حزبێکی نیشتمانیی نەتەوەیی دیار دەکەوێت کە چی دەبێت. ئەو گوتارە سیاسیەی کە ئەو کاتە یەکێتی هێنایە پێشەوە ئەو کاتە پارتی بە تایبەتی هەر ئاگای لەو مەسەلانە نەبوو، چونکە بوونێکی نەبوو، گوتارە سیاسیە سەرەکیەکەی یەکێتی زۆر جیاواز بوو لەو گوتارەی کە تا ئاشبەتاڵ هەبوو. یان راستر بڵێین لەو گوتارەی کە لەمێژووی پارتیدا هەبوو، بەڵام لە چیدا؟ چونکە یەکێتی خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ ململانێ سەرەکیەکە لە نێوانی خەڵکی کوردستان و دەوڵەتی مەرکەزیدا کردبوو، بەتایبەت لە سەر بناغەی ئەو سێ کوچکەیەی کە ئاماژەم پێدا. ئەمانە واقعیەتێک بوون واتە تەعریب و تەبعیس و تەئجیل ئەم سێ شتە بە جۆرێک بوون کە هیچ مارکسیەکیش نەیدەتوانی بڵێ ئەوە چییە!! چونکە یەک چەوسانەوەیەکی نیشتمانی کامل، بەتەواوی بەسەرت دا سەپا بوو. بۆیە یەکێتی خوێندنەوەیەکی دروستی بۆ ئەم بابەتە کردبوو، کە دواجار کردیە بناغەی گوتاری سیاسی و هۆشیارکردنەوەو هاندانی جەماوەر بۆ درێژەدان بە شۆڕش، بۆیە ئەگەر ئەو گوتارە تازەیە نەبوایە، تۆ نەت دەتوانی بەهەمان گوتاری رابردوو لەگەڵ هەلومەرجەکە خۆت بسازێنیت، بۆیە من لەوەدا دەیبینم کە جەوهەری گوتاری سیاسی یەکێتی خۆی لەودا دەبینێتەوە، دووەم؛ گوتارە نوێگەریەکەی یەکێتی لەو نیمچە بەرەیە بوو کە رایگەیاند چونکە یەکێتی وەک تاکە حزبێک نەهاتە پێشەوە، هەر وەک حزبێکی ئەڵتەرناتیڤیش نەبوو کە لە بەدیلی پارتی بێتە کایەوە، کە رایبگەیەنێت من ئەڵتەرناتیڤی پارتیم، چونکە وەک بینیمان دوای ماوەیەکی کورت یەکێتی داوای لە پارتیش دەکرد بێنە ناو ئەو بەرەیەوە، بۆیە ئەگەر هاتباو مرونەتێکی سیاسی یا لێبوردنێکی سیاسی لە نێوانی حزبەکان هاتبایە ئاراوە، ئەکرا حزب و لایەنی دیکەشی تێدا بێت. چونکە ئامانجێکی نیشتمانی هەبوو، کە بریتیی بوو لە راگرتنی سیاسەتە سێکوچکەییەکەی بەعس. ئەمە شتێک بوو بۆ تەواوی کوردستان، واتە تەنها پەیوەندی نەبوو بە یەکێتییەوە.
بۆیە دەتوانین بڵێین مەسەلەی هێنانە کایەوەی نیمچە بەرەیی، دەچێتە نێو گوتاری نوێی سیاسیەوە، چونکە لە دەرەنجامی ئەوە دا دەبنین کە خەڵک زیاتر متمانە بە یەکێتی دەکەن. یەکێتی کراوە بوو بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان بێنە ناویەوە.
خاڵی سێیەم بریتییە لەوەی کە یەکێتی مرونەتێکی رێکخستنی ئەو تۆی تێدابوو کە هەموو هاووڵاتییەکی کوردستان دەیتوانی بێ هیچ مەرجێک ببێتە ئەندام لە ناو یەکێتیدا. واتە بەدەر لە کۆمەڵەو بزووتنەوە. ئەمە گوتارێکی نوێ بوو لە کوردستاندا کە لە پێشووتردا شتێکی لەو جۆرە نەبوو. بۆیە بە باوەڕی من ئەو سێ خاڵە، خاڵە سەرەکیەکانی ئەو گوتارە تازەیە بوون کە لەسەر دەستی یەکێتی هاتە کایەوە.

*لە رووی رێبازی فکری و ئایدۆلۆژیەوە، سیاسەتی ئاڕاستە کراوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرەتاوە وەک دەبینین لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی مارکسیزم-لینیزم، بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگیەوەیە، وردەکاری چوونە ژێر کاریگەری ئەم فەلسەفەیە چییە و ریشەکەی لە کوێوە دەست پێ دەکات؟

فەرید ئەسەسەرد: سەرچاوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مام جەلال خۆی یەکەمجار چەپ بووەو لەوێوە بەرەو مارکسیزم چووبوو، لەوێشەوە بەرەو باڵە چەپەکەی مارکسیزم چوو بوو کە ماویزم بوو، بەهەمان شێوە تاڕادەیەکی زۆر کاک نەوشیروانیش وابوو، کە کاریگەریان لە سەر ئاڕاستەی ئایدۆلۆژی یەکێتی هەبوو، بە بەراورد لەگەڵ ئەندامانی دیکەی دامەزرێنەری یەکێتی کە رۆڵێکی ئەتۆیان لە رووی فیکریەوە نەبوو، بەتایبەت لە نووسین و دەربڕینی گوتاری ئایدۆلۆژیدا.
جگە لەوە نابێت رۆڵی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان لەبەرچاو نەگرین کە کاریگەریی زۆریان هەبووە لە رێکخستندا، کۆمەڵە تاکە رێکخراوی سیاسییە کە لە مێژووی کوردیدا دامەزرابێت کە توانی بووی زۆر تەشەنە بکات و رێکخراوێکی زۆر بەهێز دروست بکات. بەدڵنیاییەوە ئەمە یارمەتیدەر بوو بۆ کۆمەڵێک شت، یەکەم؛ رێکخستنەکانی کۆمەڵە ئامادەی کاری پێشمەرگەی باش و خوێندەوارو تێگەیشتوو بوون بۆ داهاتوو. دووەم؛ لە مەسەلەی شەڕی پارتیزانی لە سەدا نۆوەدی هێزی پێشمەرگە لەو کاتدا لە کۆمەڵە پێکهاتبوون، واتە کۆمەڵە توانی بەردەوام بێت لە سەر شەڕی پارتیزانی، لای خۆشمان کە شەڕ دەستی پێکردەوە بە دوو تێڕوانین دەستی پێکردەوە، تێڕوانینی کۆمەڵە لە سەر بنەمای گرووپی بچووک بچووک و شەڕی پارتیزانی، کە لەسەر بنەمایەکی سۆسیالیستی بوو بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی گەورەی جەماوەی، لە کۆتایدا راستە کۆمەڵە بە ژمارە کەمتر بوو بە بەراورد لەگەڵ جەماعەتی بزووتنەوە، چونکە ئەوانەی کۆمەڵە بە گرووپی بچووک بچوک دەهاتنە دەرەوە، بەڵام ئەوانەی تر بە لێشاو دەهاتنە دەرەوە، بەڵام بزووتنەوەکە دوو رووخساری هەبوو کە کۆنترۆڵ نەدەکرا، رووخسارێكی خێڵەکی بوو کە ئەمە کۆنترۆڵ نەدەکرا و هاوشێوەی شۆڕشە کۆنەکانی کورد بوو، کە هەڵچوونێکی خێراو نیشتنەوەیەکی خێرای بە خۆیەوە دەبینی. لە کاتێکدا ئەزموونی کۆمەڵە بریتیی بوو لە کاری شێنەیی و بە بەرنامەو دروستکردنی کادرو تەونی رێکخراوەیی بەهێز بەهۆی ئەمەشەوە کۆمەڵە توانی زۆر گەشە بکات و بزووتنەوەش پوکایەوە.
خۆی کۆتا جار لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا کە بانگەشە بۆ بۆچوونی ماوتسی تۆنگ کرابێت لە ساڵی ١٩٧٨ بوو. کە تایبەت بوو بە مەسەلەی ئەندامێتی، لەوێ باس لەوە دەکات کە پێویستە مارکسیزم لە سەرچاوە رەسەنەکانی خۆیەوە وەربگیرێت، کە بریتیین لە (مارکس، ئەنگلس، لینین، ستالین، ماوتسی تۆنگ)، بەڵام ئەمە دواین جار بوو کە بانگەشە بۆ ئەمە بکرێت، چونکە کۆبوونەوەی(شێنی) واتە دوای چەند مانگێک لەو بڵاوکراوە فەرمیە، شتێکی پێچەوانەی ئەمە باس کرا، ئەویش ئەوەبوو کە ماوتسی تۆنگ یەکێک لە سەرچاوە رەسەنەکانی مارکسیزم نییە، بەڵکو سەرچاوەیەکی ناوچەییە، هاوکات ئەزموونەکەشی بەهەمان شێوە ئەزموونێکی ناوچەییە و پەیوەندی بە وڵاتی چینەوە هەیە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا و لە بەیانی فەرمیدا ئەوە هاتووە کە (ئۆتۆنۆمی)چارەسەری مەسەلەی کورد ناکات، هەر لەوێش باس لەوەکرابوو کە ماویزم ئەزموونێکی لۆکاڵە و ناکرێت لەگەڵ لینینیزم بەراورد بکرێت. ئەوەندەی من ئاگاداربم بەدرێژایی شۆڕش هیچ شتێکی ماوتسی تۆنگمان بڵاونەکردۆتەوە. بەڵام هەندێک کەس هەبوو کە فارسی دەزانی و دەقەکانی ماوتسی تۆنگیان وەردەگێڕاو دەستاو دەستی دەکرد.

نەجم فەقێ عەبدوڵڵا: یەکێتی هیچ کاتێک بانگەشەی مارکسی بوونی نەکردووە، یان بڵێین خۆی وەک بەرەیەکی مارکسی لینینی نەخوێندۆتەوە، بەڵام لە ناو یەکێتیدا کە رێکخستنی کۆمەڵە هەبووەو کۆمەڵەش خۆی بە رێکخراوێکی مارکسی زانیووەو سەردەمانێک تا ساڵی ١٩٧٨ باوەڕی بە بیروبۆچوونی ماویەوە هەبووە، بەڵام ئەوەش لە دوای شەهید ئارام کۆتایی پێهات. واتە کۆمەڵەی مارکسی لینینی کە ناوە سەرەکیەکەی بوو نەما، بەڵكو گۆڕا بۆ کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان. لە وێوە دەتوانین بڵێین ئەو هێڵە سیاسیە فکریە مارکسیە بەرەو کاڵبوونەوە چوو. بۆیە من پێم وایە رەنگە شێوەی ئەم پرسیارەی تۆ دروست نەبێت، بەڵام لە یەک روانگەوە دەتوانی بڵێی یەکێتی بیرۆکەی نیمچە بەرەیی وەک پیشتر باسم لێوە کرد پەیوەندیەکی بە چەمکی بەرەی رزگاریخوازی نیشتمانییەوە هەیە. کە سەرچاوەی ئەم بیرۆکەیە لە ماویزمەوە ریشە دەگرێت. لەم رووەوە تەنها دەتوانین ئەوە بڵێین کە یەکێتی سەرچاوەیەکی ئایدۆلۆژی یان فکری ماوی هەبووە، ئەگەرنا لە رووی سیستمی حزبی و بانگەشەی حزبایەتیەوە یان گوتاری سیاسیەوە بڵێی لە مانەدا بۆ نموونە نەچۆتەوە سەر ماویەت. چونکە ئەگەر تۆ باس لە ماویەت بکەی، بەشێک لە بیروبۆچوونی ماوتسی تۆنگ پێی لە سەر ئەوە دادەگرت کە لە چوارچێوەی خەباتی نیشتمانی و دیموکراتی و بەرەییدا دەبێت خەباتی چینایەتی هەبێت. ئەگەر تەماشا بکەی لەو ساڵانەدا بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگ ببوە بناغەی دامەزراندی بەرەی نیشتمانی دیموکراتی لە چین. واتە قۆناغی پێش سەربەخۆیی لە هەمان کاتدا خەباتیان دژی دەرەبەگ دەکردو زەویان دابەش دەکرد و هەموو ئەو کاروبارانەی کە دەچوونە خەباتی چینایەتی و مارکسیەت. ئەمە لە کوردستاندا نەبووە بۆیە کە نەبووبێت کەواتە یەکێتییش ئەمەی مومارەسە نەکردووە. هەر وەک چۆن وەک بەرنامەو سیاسەتیش نەیبووە، خۆ ئەگەر پێشی باش بووبێت لە سەر ئاستی شەخسی کە مام جەلال پێی باش بووبێت یان هەر کەسێکی تر، بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی کە بڵێین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شێوە بەرەیەکی مارکسی لینینی بووە.

*دامەزرێنەرانی ی.ن.ک لە سەرەتاوە هەڵگری بیروبۆچوونی فکری چەپ بوون، ئەو بیروبۆچوونەی ئەوان هاوشێوەی چ جۆرە تەفسیرێک لە فەلسەفەی مارکسیزمی-لینینی، ماوسی تۆنگیە؟

فەرید ئەسەسەرد: خۆی لە کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵەدا مەسەلەیەکی گرنگ هاتە ئاراوە، ئەویش مەسەلەی هەوڵوێست لە یەکێتی سۆڤێتە، کە ئەمە مەسەلەیەکی تیۆری زۆر گەورە بوو کە زۆر جار لەتبوونی لێ دەکەوتەوە، ئەمە لە ناو کۆمەڵەشدا هەبوو لە کۆنفرانسی یەکەم سێ تەیار هەبوو: تەیاری یەکەم پێی وابوو یەکێتی سۆڤێت سۆسیال ئیمپریالیزمە ئەمەش لە ژێر کاریگەری دوایین تێڕوانینی ماویزم بوو، تەیاری دووەم پێی وابوو یەکێتی سۆڤێت سۆسیالیستە، تەیاری سێیەم پێی وابوو یەکێتی سۆڤێت سۆسیالیستە، بەڵام زۆر شۆڕشگێڕانە نییە. لەم کۆنفرانسەدا کە ئەم مەسەلەیە تاوتوێ کراو ئەوەی دەڵێت کە یەکێتی سۆڤێت سۆسیال ئیپمریالیزمە لایەنگری زۆری نەبوو و سەرنەکەوت، بەهەمان شێوە بۆچوونی تەیاری دووەمیش لەم رووەوە سەرکەوتوو نەبوو، لەبەر ئەوە بەو جۆرە سەیری یەکێتی سۆڤێت کرا کە کەموکوڕییەکی زۆری هەیە هەم لەسەر ئاستی سۆسیالیزم هەم لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەیان کە ئەمەش لە دواجاردا بووبەبۆچوونی فەرمی.

نەجم فەقێ عەبدوڵڵا: لە رووی گوتارە سیاسیەکەوە ئەگەر تەماشای بکەین، مەسەلەی نیمچە بەرە بیرۆکەیەکی ماویانەیە و خاڵێکی جەوهەریە لە ناو یەکێتیدا تا ساتەوەختی راپەڕین بەردەوامی هەبوو، ئەمە بمانەوێت و نەمانەوێت دەچێتە خانەی ماویزمەوە، دووەم لە رووی تەکتیک و ستراتیژی سەربازییەوە تەواو دروست لە سەر بیرۆکە ماویەکە دەست بە خەباتی چەکداری دەکات. کە بیرۆکەکە بریتیی بوو لە جەنگی درێژخانی گەل لە دێهاتەکانەوە بەرەو ئابڵوقەدانی شارەکان و رزگارکردنیان. کە مام جەلال لەم رووەوە لە سەدا سەد لەژێر بیروبۆچوونی ماویدایە، ئەمە لە منی وەربگرە!. بەڵام ئایا ئەوە لە پراکتیکدا جێ بەجێ کراوە لەو کاتەدا ئەمە قسەی دیکە هەڵدەگرێت، چونکە لە بنەڕەتدا تیۆری ماوی مفاوەزاتی تێدا نەبووە، بەڵام لای ئێمە مەبدەئی مفاوەزات هەبوو، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو سوود بینینە لە بیروبۆچوونی ماوی بە پێی هەلومەرجی کوردستان بووە، لەم رووەوە سوود بینین لە ماویزم وەک تاکتیک بووە، بەڵام وەک فکرو ئایدۆلۆژیا وجودی نەبووە.

*لە دامەزراندنی یەکێتیدا وەک نیمچە بەرەیەکی پێکهاتوو، لە کۆمەڵە، بزووتنەوە و خەتی گشتی، دەبینین هەر یەک لە کۆمەڵەو خەتی گشتی، خاوەن فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەکی هاوبەشن، لەم رووەوە تاچەندە دەتوانین بیروباوەڕو ئەدەبیاتی کۆمەڵە، لە گۆڤارەکەیاندا، بەبیروباوەڕو ئەدەبیاتی یەکێتی یان خەتی گشتی بچوێنین، بەتایبەت کە مام جەلال پێی وایە، کۆمەڵە هەوێن و جەوهەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە؟

فەرید ئەسەسەرد: پێم وایە ئەمە دەبێت بەو جۆرە تەماشای بکەین کە بەشێک لە سەربەخۆیی فیکری هەبوو، کە کۆمەڵە بۆچوونی خۆی لە ناو یەکێتیدا هەبوو و لە گۆڤارەکانیدا چاپی دەکرد. یەکەمجار هەموو یەکێتی یەک دەزگای راگەیاندنی هەبوو کە کۆمەڵەش لەوێ شتی چاپ دەکرد، بەڵام دواتر کۆمەڵە دەزگای چاپی خۆی دامەزراند و شتی خۆی بڵاو دەکردەوە، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندی بە سیاسەتی گشتیەوە هەبوو لە دەزگای راگەیاندنی یەکێتی بڵاو دەکرایەوە.
لەبەر ئەوە پێم وایە ناکرێت بیروباوەڕو تێڕوانینی کۆمەڵە و یەکێتی لە سەر یەکتر حساب بکەین، وەک وتم کۆمەڵە لە کۆبوونەوەی شێنی، پێی وابوو کە مافی ئۆتۆنۆمی چارەسەری کێشەی کورد ناکات، بەڵام ئێمە لە چوارچێوەی یەکێتی دا دروشممان بریتیی بوو لە (دیموکراسی بۆ عیراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆی رێکخستنەکان ئێمە خەڵکمان لە سەر مافی چارەی خۆنووسین پەروەردە دەکرد، نەک ئۆتۆنۆمی، هەروەک لە بڵاوکراوەکانی خۆشماندا قەت باسی ئۆتۆنۆمیمان نەکردووە، تەنانەت ئەگەر باسیشکرابێت ئەوا بە خراپە باسمان کردووە. لەم رووەوە دەتوانین بڵێین کە گوتاری کۆمەڵە لە ناوخۆی خۆیدا جیاواز بوو لە هی یەکێتی، بەڵام لە چوارچێوە گشتیەکەدا پابەند بوون.

نەجم فەقێ عەبدوڵڵا: لە سیاسەتە گشتیەکاندا دەتوانین بڵێین ئەوە جێگەی قبووڵە، سیاسەتە گشتیەکان بە مانای خەباتی نیشتمانیی نەتەوەیی کە تاوەکو ساڵی ١٩٨٢ هەر بە نیەتی حوکمی زاتی قسە کراوە، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە کۆمەڵە مافی چاوەنووسی هەڵگرت، کە ئەمە لە رێکخستنە مارکسیەکەدا هەبوو بۆیە دەبوو دەمێک بوایە ئەو دروشمە هەڵبگرێت. ئەگەر لەو روانگەوە تەماشای بکەیت دەتوانی بڵێی بەشێکی زۆری نووسین و لێکدانەوەکانی کۆمەڵە کە لە ئەدەبیات و نامیلکەکانیان و گۆڤارەکەیاندا لەو چوارچێوە گشتیەدا بەڵێ لەگەڵ ئەدەبیاتی سیاسی یەکێتیدا یەکی دەگرتەوە و بگرە هەمان بیروبۆچوونیشی هەبووە، بۆیە لە چوارچێوەی خەباتە سیاسیە نیشتمانیی و نەتەوەیەکەدا جیاوازیەکی ئەتۆ لە نێوانی گوتاری سیاسی ئەو دوو لایەندا نابینیت.
لەلایەکی دیکەوە وەک وتم کۆمەڵە لە دوای دروستبوونی یەکێتی و لە ژێر هەژموونی ئەودا دەستبەرداری پڕەنسیپەکانی مارکسیزم دەبێت، ئەمەش وایکرد زیاتر تێکەڵ بە رەوتە نیشتمانییەکە بێت. بۆیە لەم روانگەوە دەتوانین بڵێین ئەدەبیاتی کۆمەڵە لەو چوارچێوەیەدا هەمان ئەدەبیاتی یەکێتی بوو. بە هۆکاری ئەوەی کە یەکێتی هیچ کاتێک دژی ئەوە نەبووە کە مام جەلال یان قیادەی یەکێتی لە بەرامبەر ئەو ئەدەبیاتەی کۆمەڵەدا شتێک بڵێن هەروەک چۆن دژی ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕان نەبوو، چونکە لە سیاسەتە گشتیەکەدا هەموویان یەکیان دەگرتەوە، بۆیە دەبینین لە دوای راپەڕین بە ئاسانی ئەو نیمجە بەرەیە بە یەکێتی وەک حزب کۆتایی دێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

one × one =

x

هەواڵێ هاوشێوە

رەهبەر سەید برایم: خەڵك فەرمانڕەوایی یەكێتی قبووڵە

رەهبەر سەید برایم ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ PUKmedia، ...