گەشەکردنی رەوتی فیکری ی.ن.ک. لە دامەزراندنییەوە تا راپەڕین – knwe.org
سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » گەشەکردنی رەوتی فیکری ی.ن.ک. لە دامەزراندنییەوە تا راپەڕین

گەشەکردنی رەوتی فیکری ی.ن.ک. لە دامەزراندنییەوە تا راپەڕین

گفتوگۆ لەگەڵ ستران عەبدوڵڵا

ئەم گفتوگۆیە لە بارەی رەوتی گەشەکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوەیە، کە لە بنەڕەتدا بۆ نامەی ماستەرناکەم، بۆ بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران ئەنجامم داوە، بەڵام لەگەڵ یادی ٤٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە پێویستم زانی بۆ یەکەمجار لە رۆژنامەی کوردستانی نوێدا پوختەیەک لەو گفتوگۆیە بڵاو بکەمەوە.

تەحسین تەها چۆمانی

بەشی دووەم و کۆتایی

ئەگەر سەرەتا باس لەو بارودۆخە بکەین، کە یەکێتی تێدا دامەزراوە، لە دەرەوەی هەموو ئەو خوێندنەوانەی کە تاوەکو ئێستا لە رووە مێژووییەکەوە، سەبارەت بە قۆناغی دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول و دامەزراندنی یەکێتی کراون، خوێندنەوەی جەنابتان بۆ بارودۆخی سیاسی ئەو کات و دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چییە؟
ستران عەبدوڵڵا: رەنگە هەموو کەس لە سەر ئەوە کۆک بێت کە هەلومەرجی ساڵی 1975 لە کوردستاندا هەلومەرجێکی ناخۆش بوو لە دوای نسکۆی شۆڕش، کە بەبڕوای من نەک لەبەر ئەوەی کە شۆڕشێک لە ناوچووە، بەڵکو لەبەر دوو هۆکار کە یەکەم؛ بەدرێژایی تەمەنی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1961وە تا 1975 سەرەڕای هەموو ئەو ناخۆشیانەی کە ناکۆکی ناوخۆیی وایکرد خەڵکی کوردستان گیرۆدە بێت بە شۆڕش و سیاسەتی کوردستان، سەڕەڕای ئەوەی کە شۆڕش لە حاڵەتی بەرگری دابوو کە بەردەوام رووبەڕووی مەترسی هەڕەشەی سەربازی حکومەتی مەرکەزی دەبوو، جگە لەمەش هەموو ئەو شتانەش گەلی کوردستان لەو ماوەیەدا کێشەیەکی سیاسی هەبوو وەکو ئەوەی بڵێی کە شۆڕش یان بزووتنەوە سیاسیەکە تەعبیری لێ دەکرد، ئەگەر لە بیرمان بێت لە ساڵی 70 بۆ 75یش کە رێککەوتننامەی ئازار ئیمزاکرابوو، لە سەر ئەرزی واقع گەلی کورد مومارەسەی جۆرێک لە مافی نەتەوەیی خۆی دەکرد کە تەتەلوعاتێکی هەبوو کە ئەو مافەی لەو ساڵانەدا بەدەستی هێنابوو پیادەی بکات و جێگیری بکات و ئەوەشی ماوە بەدەستی بهێنێت، لە ساڵی کۆتاییش واتە پێش لەناوچوونی شۆڕش گەلی کوردستان بۆ یەکەم جار دەتوانم بڵێم بەشداریەکی گەورەی تێداکرد، مانای وایە کە جۆرێک خاوەندارێتی بوو لە گەلی کورد. کە دواجار ئەمە لە ناکاو کەوت! رەنگە گەلی کورد لە پێش شۆڕش لە چلەکانەوە بگرە تا ساڵی کۆتایی شۆڕش شتێکی مەملوسی بەدەستەوە نەبووبێت تا نیگەرانی ونبوونی بخوات، چونکە ئەگەر باس لە قەبارەی ئەو دەستکەوتانە بکەین کە کورد لە ساڵی 1970تا 1974 بەدەستی هێنابوو وابوو کە لە دەستدانی بۆشاییەکی زۆری دروستکرد.
خاڵی دووەم؛ سروشتی بزووتنەوەی سیاسی لە عێراقدا بەشێوەیەکی گشتی وابوو کە سیاسەت لە دەست حزبی حوکمڕاندا بێت، بۆ نموونە لە ساڵی 1963سیاسەتی عێراق لە دەست بەعسیەکاندا بوو، بۆیە گەلی کورد هیچ دەرەتانێکی نوێنەرایەتی کردنی نەبوو. هیچ هێزێک هیچ سیاسەتێک بە جۆرێک لە جۆرەکان نوێنەرایەتی گەلی کوردی نەدەکرد. ئەمە جگە لەوەی کە لە عێراقدا دیموکراسی بوونی نەبوو تا لە ڕێی ئەوەوە چەند نوێنەرێکی کورد بچنە ناو پارلەمان و باسی کێشەکانی گەلی کورد لەهەموو بوارەکاندا بکەن، بۆیە بزووتنەوە سیاسی و شۆڕشی کوردستان کە پێکەوە لە ساڵی ١975دا کەوتن، جۆرێک بوون لە گوزارشتی گەلی کورد لەو کاتدا کە نوێنەرایەتی گەلی کوردیان لە بەرامبەر سیاسەتی ئەوکاتی حکومەتی مەرکەزی دەکرد.
کەوتنی شۆڕشی ئەیلول، کەوتنێکی زۆر گەورە بوو کە جۆرێک شۆکی لە نێو گەلی کوردستاندا دروست کرد بوو، لە هەمووشتێک گرنگتر لە کاتی کەوتنەکاندا کەموکوڕیەکان بەدیار دەکەون و زەق دەبنەوە، کە بەر لەوە بەو روونیە بەدیار ناکەون. لەبەر ئەوە کە شۆڕشی ئەیلول کەوت لە راستیدا حزبێک، بزووتنەوەیەک و سەرکردایەتیەک نەکەوتن. بەڵکو لەگەڵیدا دەستەواژەی چییەتی کوردایەتی و چیەتی سیاسەت لە کوردستان کەوتن و چوونە ژێر پرسیارەوە.
ئێمە لێرەدا باس لە دەستەبژێرێک ناکەین کە لەگەڵ ئەوەدابوون شۆڕش بەردەوامی پێ بدرێت، بەڵکو لە چوارچێوە گشتیەکەدا باس لە کەوتنی شۆڕشی ئەیلول دەکەین.
ئەگەر لەو هەلومەرجەدا سەیری دەستپێکردنەوەی شۆڕش و دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەین، هەر خۆی ئەم دیوە لە هەلومەرجەکە کە دەتوانم بڵێم دیوە سلبیەکەی هەلومەرجەکەیە بایەخی دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدیار دەخات. لە لایەکی دیکەوە شێوازی پێکهاتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تێکەڵەیەک بوو لە میراتێکی کۆنتر لەو کەسانەی کە رۆڵی جیاجیایان گێڕاوە لەناو شۆڕشی کوردستاندا واتە تێکەڵەیەک بوون لەو تێکۆشەرانەی کە بەشێک نەبوون لە جەدەلی نێوان مەکتەبی سیاسی و پارتی دیموکراتی ئەو کاتدا. هەر وەک بەشێککیش نەبوو لە بزووتنەوەی چەپ لە ناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا، هەروەها نەوەیەکی دیکەش کە دەیەویست پەیوەست بە سیاسەتکردن بێتەوە هەموو ئەو هەلومەرجە بەباوەڕی من جۆرێک لە تایبەتمەندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەستپێکردنەوەی خەبات دەدات.
لەو کاتەدا کە رەنگە ئەمڕۆ بایەخ و گرنگیەکەی زیاتر بەدیار بکەوێت، ئەوەیە کە ئەگەر لە قۆناغەکانی پێشوودا شۆڕشی ئەیلول و ئەوانی پێشووتریش، شۆڕشی ئاغاکان و دەرەبەگەکان بووبێت، ئەوا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ دامەزراندنی یەکێتیدا بەجۆرێک لە جۆرەکان دەستپێکردنەوەی خەباتی توێژێک لە کۆمەڵی کوردەواری بوون کە تەعریفێکی دیاریکراویان نییە بەوەی کە بڵێین بەو تەعریفەوە بێن خۆیان بدەن لە بزووتنەوەکە یان بەش لە بزووتنەوە بخۆن، واتە دەوڵەمەندێک بێ و بیەوێت لە رێی بەشداریکردنی لە بزووتنەوەکە بەش بۆ خۆی بەرێت، یان ئاغایەک بێ و بیەوێت تیروتاوێک بدات بەشۆڕشەکە یان پارەی لێ خەرج بکات و هاوکات لێشیەوە بەدەست بهێنێت. بەڵکو خەڵکانێک بوون رێک وەک ئەوەی بڵێی تەرخانی خودی بزووتنەوەکە بووبن. من پێم باشە ناوی بنێین بزووتنەوە، چونکە یەکێتی بزووتنەوەکەیە و شۆڕشەکەشی لەناو یەک بزووتنەوە کۆ دەبێتەوە کە مام جەلال هەمیشە دەیوت بزووتنەوەی کوردایەتی پێشکەوتن خواز. ئەمە وایکرد کە سروشتێکی تایبەت بدات بە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەم خەسڵەتە لە هەندێ رووی دیکەشەوە بەدیار کەوت بۆ نموونە دەستپێکردنەوەی خەباتی سیاسی لە ناوەوەی وڵات، بەڵام دەستپێکردنێکی دیکەش بە هەمان شێوە لە مەنفاوە.

ئایا نموونەی بزووتنەوەی دیکەی سیاسی کورد جگە لە یەکێتی لە مەنفا یان لە دەرەوەی وڵات هەیە کە بەهەمان شێوەی یەکێتی بەیاننامەی دامەزراندنی دەرکردبێت و دواجار خەباتەکەی گواستبێتەوە ناوەوەی وڵات؟
ستران عەبدوڵڵا: هەیە، ئەگەر سەیری بزووتنەوەی کوردایەتی لە بەشە جیا جیاکانی کوردستان بکەین لەم شێوە دروست بوونە هەبووە، بەڵام کەمیان توانیویانە ئەم گرێدانەوەیە دروست بکەن، واتە ئەگەر ئێمە شایەتی دروستبوونی یەکێتی بین لە ساڵی 1975 لە شام، بەڵام شایەتی هەمان دەستپێکردنەوەشین لە ناوەوەی وڵات، تا ئەو رادەیەی ئێستا خەڵک دەتوانێت شەر لە سەر خاوەندارێتی یەکێتش بکات! وەک هەندێک جار دەبینین کە هەندێک دەڵێن ناوەوەی وڵات ئەساسەکەیە، یان دەرەوەی وڵات، ئەم ساغ نەبوونەوەیە بەو مانایە دێت کە بزووتنەوەکە بەیەکەوە لەیەک کاتدا دەستی پێکردووە.
لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیراندا بۆ نموونە کە گەورەترین شۆڕشی کوردستان لە گەورەترین پارچەی کوردستاندا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئێمە بینیمان ئەم شۆڕشە سەرەتا رێکخراوە کوردیەکان لە ئەستەنبول ئامادەکاریان بۆ کرد. ئێمە دەزانین کە پارتی دیموکراتی کوردستان کە دروست بوو، دروست بوونەکەی لە مەنفا بووە، بە واتایەک لە واتاکان لە کوردستانی ئێران بووە. بەڵام ئەم حزبە لە ساڵی 1961 سەرکردایەتیەکەی لە بەغدا بووە پاش ماوەیەک بە پەلە هاتۆتەوە کوردستان و شۆڕشی دەست پێکردووە. لەبەر ئەوە ئەوەی یەکێتی کە هەم لە ناوەوەی وڵات و لە دەرەوەی وڵات کە دەستی پێکرد لە راستیدا نموونەیەکی تازە بوو.


خاڵێکی دیکە هەیە کە پێێم خۆشە ئاماژەی پێ بدەم کە هەرزی ئومێدو ئارەزووی بزووتنەوە کوردیەکان لە سەردەمە جیاوازەکاندا هەیان بووە کە ویستویانە بیکەن و هەلومەرجێک رێگر بووە لە جێ بەجێ کردنیدا، لە شۆڕشی نوێدا هەوڵی دا بەرجەستە ببێت بۆ نموونە گرێدانەوەی بەشە جیاجیاکانی کوردستان خەسڵەتێکە لە خەسڵەتەکانی ئەم خەباتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە هەر دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی ئەم خەسڵەتە بەدیار دەخات، کە کوردی فەیلی و هەندێک لە بەشەکانی کوردستانی تێدایە. ئینجا دەستپێکی شۆڕش کە لە بادینانەوە دەستی پێکرد کە دواجار کارەساتی هاکاری دێت و رێگە لەمە دەگرێت و لێ ناگەڕێت تەشەنە بستێنێت، شۆڕشێکە کە (سۆرانیەکان) دەستی پێ دەکەن، بەڵام دەیەوێت لە ناوچەی بادینانەوە دەست پێ بکات!؟ لەم رووەوە دەتوانین بڵێین ئەو خەون و ئارەزووەی کە شۆڕشەکانی دیکە نەیانتوانی بیهێنە دی لە پێکەوە کۆکردنەوەی کوردانی ناوچە جیاجیاکان، یەکێتی توانی هەر لە سەرەتاوە ئەمە بهێنێتە دی. بەو مانایەی کە شۆڕشی کوردستان، هی هەموو کوردستان بێت هی سۆران و بادینان نەبێت، بۆ نموونە شۆرشی شێخ مەحمودو بارزان لەو جۆرە نەبوون، بەڵکو هی ناوچەیەکی تایبەت بوون.
خەسڵەتێکی تری یەکێتی بریتیی بوو لە پێکەوە گرێدانی خەباتی چینایەتی و خەباتی نەتەوایەتی، پێکەوە گرێدانی خەباتی پێشکەوتن خوازی بە ناوەڕۆک دیموکراتی بەئاڕاستە چەپ لەگەڵ خەباتی نەتەوایەتیدا. واتا زۆر جار بۆ نموونە لەمێژووی پارتیدا کە دروست بووە، تەنانەت لە دوای دروست بوونی لایەنی مەکتەبی سیاسی یەک پارتی هەبووە، بەجۆرێک لە جۆرەکان بیرکردنەوە هەبووە لە سەر ئەوەی کە بیروباوەڕی مارکسی و یان ئەوەی پێی دەڵێن چەپ لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا هەبێت و پەرەی پێ بدرێت، بەڵام ئەگەر لە لایەنی سۆسیۆلۆگیەوە تەماشای بکەین دەبینین کە لایەنی عەشایەری دەیەوێت لە ناو ئەم بزووتنەوەیە زاڵ بێت، لەبەرئەوە ئەو ئەدەبیاتەی کە لە سەرەتای دروستبوونی باسی لێوە دەکرا دواجار پەکی کەوت. بەڵام لە شۆڕشی نوێدا توانرا ئەمە زیندووبکرێتەوە و پەرەی پێ بدات.
خەسڵەتێکی دیکەی یەکێتی کە بەباوەڕی من پێویستە کاری لە سەر بکرێت پێکەوە گرێدانەوەی لایەنی(بعد)عێراقی و کوردستانیە، یان لایەنی کوردستانیی سەرتاسەریە، لەبەر ئەوە بۆ کەسانێک کە بە یەک ئاڕاستە بەم جۆرە بیریان کردۆتەوە ئەم شتە غەریبە! کە یەکێتی لە یەک کاتدا عێراقیەکی توندە و لەهەمان کاتدا کوردستانیەکی توندیشە، لەبەر ئەگەر راستت بوێت جەدەلیەتی راستی سیاسەت کردن بەو جۆرەیە کە تۆ بتوانی لە ناو عێراقدا قسەت هەبێت، بەهەمان شێوە لە ناو بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا قسەت هەبێت. واتە قووڵایی ستراتیژی بزووتنەوەی کوردایەتی بە هەردوو دیوەکەی ببینیت. لەبەر ئەوە تێڕوانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەشێکی زۆری لە بیروباوەڕی مام جەلالەوە هاتووە، سەیری نەتەوەی کورد دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک وەک نەتەوەیەکی قەتیس کراو لە چوارچێوەی عێراقدا کە مافەکانی چی و چی نین؟.
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە هەر لە سەرەتاوە بەدیار کەوت، پێکەوە گرێدانی جۆرەکانی خەبات بوون، ئینجا هەر لە سەتاوە پێکەوە گرێدانەوەی خەباتی بەرەپێشەوەچوون لە وەرگرتنی مافەکان و لەهەمان کاتدا دیاریکردنی سەقفی مافە بەرزەکان. راستە لە سەرەتاوە یەکێتی باسی مافی چارەنووسی نەکردووە، بەڵام ئەدەبیاتی کۆمەڵەدا جەخت لە سەر مافی چارەی خۆنووسین کراوەتەوە، ئەمەش وایکرد هەر لە سەرەتاوە حکومەتی عێراقی بۆ مەسەلەی مفاوەزات پەیوەندی بە یەکێتییەوە بکات. واتا لە شامەوە تا مفاوەزاتی 1983ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە یەكێتی گرنگی ئەو خەباتانەی پێکەوە زانیووە، لەبەر ئەوە دەتوانی بڵێی هەموو ئەو شتانەی کە لە خەیاڵدانی رابەرانی بزووتنەوەی سیاسی کورددا هەبووە و نەکراوە، یەکێتی ویستویەتی بیکات. ئەم حاڵەتەش لە حزبی شۆرشەوە دەستی پێکرد ئەوەی کە بێیت حزبێکت هەبێت لە وڵاتێک بۆ پارتی پێشڕەو. ئەمە کە چەند ساڵ نووسین و قسەی لەسەر کراوە یەکێتی هات بناغەیەکی بۆ ئەمە دانا کە ئەمە خۆی جەوێکی دروست لە ناو یەکێتیدا کە فکری سیاسی یەکێک لە رەوتەکان لەبەر سەرکەوتنی خۆی هەموو کوردستان بتەنێتەوە، لەبەرئەوەی فکری کۆمەڵە ببوە فکرێکی باو لە ناو یەکێتی دا، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە دەڵێن کۆمەڵە لە ناو یەکێتیدا توایەوە، نەخێر لەبەر ئەوە کۆمەڵە نەما چونکە بەشێکی زۆری فکری کۆمەڵە بووە فکری باوی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.

لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەستەواژەی حزب، یان پارتی پێشڕەو زۆر جەختی لە سەر کرایەوە، هەر وەک لەپاڵ ئەم دەستەواژەیەشدا کە یەکێتی خۆی وەک دیاردەیەکی نوێی حزبایەتی دەخاتە روو، بۆ ئەو وەختە دەستەواژەی پارتی پێشڕەو، یان تەکیدکردنەوە لە سەر دیاردەی نوێی حزبایەتی لە کوردستان، بە دیاریکراوی لە چیدا کورت دەبێتەوە؟
ستران عەبدوڵڵا: خۆی ئەمە ئەدەبیاتێک بووە هەبووە، بەڵام رەنگە لە ناو یەکێتیدا زۆر بەرەو پێشەوەچوو و قسەی لە سەر کرابێت، بۆ نموونە یەکێک لە خەسڵەتەکانی شۆڕشی پێشوو کە کورد دەیکرد ئەوە بوو کە گفتوگۆکان بە عەرەبی دەکرا، کتێبەکەی زەبیحی کە بەعەرەبی نووسیویەتی سەبارەت بە تێڕوانینی مارکسیەکان نووسیویەتی لەوەی کە دەبێت چۆن سەیری مەسەلەی کورد بکەن، ئەمە گفتوگۆیەک بووە کە کاتی خۆی لە حزبی شۆڕش هەبووە دوای ئەوە لە دروست بوونی پارتیدا لە دروست بوونی باڵی مەکتەبی سیاسیدا هەموو ئەو گفتوگۆیانە هەبوون، بەڵام بەشی زۆریان بەعەرەبی کراون، لەبەر ئەوە یەکێک لە خەسڵەتەکانی یەکێتی ئەوەبوو کە ئەم گفتوگۆیانەی کردە کوردی واتا وای لێهات کە ئەدەبیاتی سیاسی کورد، بە کوردی بنووسرێت، شتێک کە تاوەکو ئێستا پەکەکە نەیتوانیوە بیکات، کە بەشێکی زۆری گفتوگۆکانی ئۆجەلان، بە پەکەکەشەوە تا ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی تورکی زمانە. بەڵام دەتوانین بڵێین کۆمەڵەی ئێمەو هەتا رادەیەکیش کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەم گفتوگۆ چەپانەی کردە کوردی. لەبەر ئەوە ئەگەر رۆژێک لە رۆژان هەموو شتێک لە یەکێتی و کۆمەڵە داماڵێن بزووتنەوەی وەرگێڕان یەکێک لە کارە مەکسەبەکانیەتی، کە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی گۆڤاری رزگاری ئەم بابەتانە بە کوردی کراون. مام جەلال خۆی قۆناغێکە لە نێوان کوردی نووسین و بە عەرەبی نووسین، بۆیە کە کۆمەڵە دروست بوو، کۆمەڵە بەچی جیا دەکرێتەوە لە حزبی شۆڕش لە هەمان کاتدا بەچی جیا دەکرێتەوە لە باڵی مەکتەبی سیاسی، لە حزبی شۆڕش کۆمەڵە بەوە جیا دەکرێتەوە، کە حزبی ناو شۆڕشە نەک شۆڕشی ناو شار بێت، چونکە حزبی شۆرش لە ناو شاردا دروست بووەو لە ناو نوخبەیەکدا مایەوەو بە زوویی لە ناو رزگاریدا توایەوە، کە دواجار رزگاریش لە ناو پارتیدا توایەوە، بەڵام کۆمەڵە لە سالی 1970 دروست بوو لە 1975دا بیروباوەڕەکانی بەدیار کەوتن، تا ساڵی ١٩٨٨ لە ناو یەکێتیدا مایەوە، ئەو کاتە کۆمەڵە نەما کە دەتوانم بڵێم لە سەدا نۆوەدی یەکێتی ببوە بیروئەندێشەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمە بایەخی ئەو مەسەلەیە بەدیار دەخات.
یەکێکی تر لەو تایبەتمەندیانەی کە بەڕاستی بیرکردنەوەی لە حزبی پێشڕەو جدی بووە، چی بووە؟ ئەوە بووە کە لە ناو منداڵدانی کۆمەڵەو یەکێتیدا خۆیاندا رێکخراوی دیکە دروست بوونە کە گەڕاونەتەوە بۆ پڕەنسیپەکانی مارکسیەت، گەڕانەوە بۆ ئەوەی بەڕاستی حزبێکی تەواو مارکسی-لینینی هەبێت. مارکسیەتیش بەو مانەیەی کە حزبێک رابەرایەتی تێکۆشانەکە بکات، ئیتر حزبی پارتی پێشڕەو بێت یان هەر پارتێک بێت، ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٨٨ کۆتایی بەم باسە هات، بەڵام ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە گفتوگۆ لە سەر حزبی پێشڕەو لە ناو یەکێتیدا گفتوگۆیەکی جدی بووە، هەتا کە بزووتنەوە لە یەکێتی جیادەبێتەوە و دواجار زەحمەتکێشان لە بزووتنەوە هەموو ئەم جیابوونەوانە لە سەر مەسەلەی فکری بوون زیاتر. کە ئەمە خۆی لە خۆیدا گرنگی بابەتەکە پیشان دەدات. کە ئەمە تۆ نایبینی لە ناو شۆرشی ئەیلولدا شتێکی لەو جۆرە هەبێت، راستە ئەمە لە پەیڕەوو پڕۆگرامیاندا هەبووە، بەڵام هیچ کات نابینی لە سەر ئەو کێشە فکریانە کەسێک لە پارتی جیا ببوبێتەوە. بەڵام لە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەو هەموو ئەولەویاتانەی کە دێنێتە پێشەوە کە تایبەتن بە مەسەلەی کوردو کوردستان بەو هەموو هەڕەشە فیزیکیەی کە لەسەر کوردە لە کاتی ئەنفال و کیماباراندا دەبینیت ئەو گفتوگۆیانە جدین.

لە لایەنی گوتاریەوە(دیسکۆرس)، تا چەندە دەتوانین دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بخەینە خانەی نوێنەرایەتی کردنی داهێنانی گوتارێکی نوێی سیاسی و سیاسەت کردن لە کوردستان، بەتایبەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان، چ وەک دامەزراوەی سیاسی، چ وەک گوتاری سیاسی کۆتایی هاتبوو؟
ستران عەبدوڵڵا: خۆی ئێە دەبێت بپرسین چیمان هەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی جگە لەوانەی کە لەو کاتەدا یەکێتیەکان هەیانە، لە هەمان کاتدا لە پێش شۆڕشیش ئەم یەکێتیە تازانەو ئەو پارتیە کۆنانە کە وتویانە؟ لەبەر ئەوەیە پارتی لە دروست بوونیەوە تا ساڵی ١٩٧٥ کۆڕی گفتوگۆی سیاسی نەبووە، تەنها ئەو گرووپە نەبێت کە دواتر بوونە باڵی مەکتەبی سیاسی و دواتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراند. هەتا تۆ ناتوانی بە جۆرێک لە جۆرەکان باسی هەمزە عەبدوڵا بکەیت کە دەیەوێت پارتی ببستێتەوە بە حزبی شیوعی عێراقی، بەبێ ململانێ لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەدو مام جەلال، هەروەک تۆ ناتوانی باسی ئەوە بکەیت کە مەلایەتی هەیە، بەبێ ئەوەی نەیبەستیتەوە بە جەلالی بوون.
لەبەر ئەوەی ئەمە دەری دەخات کە گوتاری یەکێتی لە کاتی دامەزراندنیەوە گوتارێکی نوێیە، جارێ فرەیی لە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا شتێکە کە لەناو پارتیدا نەبووە، هەتا ئەگەر باس لە مێژووی پارتی بکەین لە ساڵانی دامەزراندنیەوە، هەموو ئەو گرووپانەی کە لێی جیابوونەوەو دواجار هاتنەوە ناوی، هەموو ئەوانە لە ناویدا توانەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان یان کورتکراوەی پارتی بەکار هات، کە چەند جارێک بوو بە پارتی دیموکراتی کوردی، پارتی دیموکراتی …تاد. کەچی هەر گەڕایەوە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمە ئەوە بەدیار دەخات کە هەر لە سەرەتاوە ئەم حزبە ویستوویەتی سەنتراڵ بێت. ئەمە هەتا بۆ جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسیش دروستە کە هەر باڵاکەی تر زاڵ بوو. بابێین باڵی مەکتەبی سیاسی سەیر بکەین کە لە دروست بوونیەوە، وەک پارتێکی سنتراڵ نایبینێت، دروستەکەش هەر ئەوە بوو کە پارتی وەک حزبایەتی دیکرد، تۆ دەبینیت مەلا مستەفا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی دروست کرد، کە خۆی بوو بە سەرۆکی حزب، بەڵام ئەو زیاتر بڕیارەکانی بۆ سەرکردایەتی شۆڕش دەدا.
پارتیەکەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە ٦٦ دروست دەبێت، بەڵام لە کۆتایی شەستەکان نەواتی بیرکردنەوەی تازەی تێدا دروست دەبێت، کە دەکەونە گفتوگۆ بەو پێیەی سیاسەتی پارتیان بە دڵ نییە، مەبەستم باڵەکەی خۆیان نەک باڵی مەلا مستەفایە. ئینجا دوای ئەوە دروستکردنی ئەڵقە رۆشنبیریەکان و هەتا دروست بوونی گۆڤاری رزگاری بە جۆرێک لە جۆرەکان رازیکردنی گەنجەکانی سلێمانی بوو، لە هەمان کاتدا پارتیە سەرەکیەکە تا کۆنەکان گۆڤاری نوریان هەیە کە رێگەی پێدرا دروست ببێت، ئەمە بەو مانایەیە کە لەناو ئەو پارتیە هیراکی سیاسی دەبینیت. بەڵام ئێمە لە ٦٤ وە تا ٧٥ هیچ شتێک لە ناو پارتی نابینین کە بەڵگەی هیراکی سیاسی بێت، بۆیە دەبینی کە ئەو جۆرە گوتارە لە شۆڕشی نوێدا لە هەناوی ئەو بزووتنەوەیەدا هەر خۆی لە جموجوڵدا بووە. کە دواتر ئەو ئەڵقە رۆشنبیریانە گەشە دەکەن بۆ کۆمەڵەو لەوێشەوە بۆ ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تا ئەو رادەیەی کە یەکێتی ناوی خۆی دەنێت نیمچە بەرە لەو کاتەدا مام جەلال قسە لەسەر ئەوە دەکات کە (حزبێک لە شێوەیەکی تازە) واتە یەکێتی هەم حزبەو هەم بەرەیەکیشە، بۆیە ناوی نراوە نیمچە بەرە، کە چەند رێکخراوێکی جیاواز کاری تێدا دەکەن، بۆ نموونە سۆسیالیست بە خۆی نەدەوت حزب، بەخۆی دەوت بزووتنەوە، کۆمەڵە بەخۆی دەوت رێکخراو کە ناکاتە حزب. بەهەمان شێوە یەکێتی بە خۆی نەدەوت حزب، بەخۆی دەوت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە وشەی یەکێتی بەمانەی یەکگرتن دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بەمانای هەمەجۆریش دەگەیەنێت. لەبەر ئەوە ئێمە ئەگەر تەرجەمەی ناوەکەی یەکێتی بکەین بەراستی یەکێتی وەحدەی نیشتمانی کوردستان نییە، بەڵکو فدرایسۆنی نیشتمانی کوردستانە، کە ئەمە لە خۆیدا جۆراو جۆرێتی دەگەینێت لەهەمان کاتدا یەکێتی بوونیش دەگەیەنێت. ئەمە بەباوەڕی من ئەوە دەگەیەنێت کە گوتارێکی تازەبوو، لە دروست بوونی حزبی تازە، لە دروستبوونی ئاڕاستەی سیاسەتێکی تازە لەناو کوردایەتی دا. لە دروستبوونی بانگەشەکان و بەرنامەکاندا. بۆ نموونە ئەوەی لە شۆڕشی ئەیلولدا هەبوو پشت بەستن بوو بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان. بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هات جۆرێکی دیکەی گوتاری پەرە پێدا کە کە زۆر زەق بوو لە ئومەی عەرەبیدا دوای وردە وردە لە مەیدانی شۆرشەکەدا (تەخفیف) ئەو مەسەلەی تێداکرا. واتا هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوەی عەرەب، هەتا سەیری تجاوبی یەکێتی بکە لەگەڵ شۆرشی ئێراندا کە ئەمە گەلی کورد دەرەخات لەو سیاسەتە دوالیزمەی نێوان بەعس و شا کردوویانە بەسەر کوردا، بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو بۆچوونەی مام جەلال لە کتێبی خۆی (بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) بەجۆرێک لە جۆرەکان لە پەیوەندیەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا رەنگ دەداتەوە. پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوە شۆڕشگێڕان و دەدەقە لە کوردستانی باکوور کە هەر پەیوەندیە بە کوردایەتی لەو پارچەیەدا، بەڵام لەهەمان کاتیشدا پەیوەندیشە لەگەڵ چەپی تورکیا. لەم رووەوە پەیوەندیەکانی یەکێتی لەگەڵ شۆرشی ئێران و حزبە کوردیەکان و تەنانەت لەگەڵ موجاهدینیش کە پێشتر هەبوو، ئەم پەیوەندیە ئێرانیە، پەیوەندیە عێراقی و عەرەبیەی یەکێتی دەستی بۆ بردبوو. بەڵگەیە بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە لەبەردەم حزبێکی سیاسی نین بەتەنها، بەڵکو لەبەردەم بزووتنەوەی نەتەوەیەکین کە دەیەوێت بە نەتەوەکانی دیکە بناسێنێت و دیار بێت. من نموونەیەک دەهێنمەوە لە جەرگەی شۆڕشی نوێدا کە رووبەڕووی بەعس دەبووینەوە، یەکێتی پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ حزبە فەلەستینیەکان هەبوو. هەروەک مام جەلال لە کاتەدا نوسی بووی ئەگەر جێگا نییە بۆ یاسر عەرەفات لەبەر ئەوەی وا لە لوبنان دەردەکرێت، وەرە بۆ شاخەکانی کوردستان، خۆ مام جەلال دەیزانی عەرەفات نایەتە کوردستان، چونکە ئەو تۆڕێکی فراوانی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام ئەو هەڵوێستە ئەخلاقیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی هەیە. هەروەک لەم نوویسنەی مام جەلال جۆرێک لە ئاگادارکردنەوەی عەرەب هەیە کە جگە لەوەی لە عێراق حکومەتی بەعس هەیە، بەڵام لە کوردستان خەڵکانێک هەن کە دەتوانن بڕیار بدەن، کە ئێوە بکەنە باوەش و لەگەڵتاندا مامەڵە بکەن کە بەعس نەیدەوێرا ئەم جۆرە مامەڵەیە بکات.

لە رووی رێبازی فکری و ئایدۆلۆژیەوە، سیاسەتی ئاڕاستە کراوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرەتاوە وەک دەبینین لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی مارکسیزم-لینیزم، بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگیەوەیە، وردەکاری چوونە ژێر کاریگەری ئەم فەلسەفەیە چییە و ریشەکەی لە کوێوە دەست پێ دەکات؟
ستران عەبدوڵڵا: من پێموایە کە ریشەکەی لە سروشتی پێگەی چین لەناو مەنزوومەی جیهانیدا سەرچاوە دەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتە، واتە دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی داگیرکراوی چین لە ناو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، من پێم وایە ئەمە یەکێکە لە هۆکارە کەمەند کێشەکانی کە وایکرد ماویەتی لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بڵاوبێتەوە، هەڵبەت نەک بە تەنها لە ناو یەکێتیدا بەڵکو لەناو بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی ناوچەکەدا بەهەمان شێوە بڵاوبوویەوە، هۆکاری دووەمی ئەوەیە کە چین لە پەنجاکانەوە بوە دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆی وەرگرت، لە پەنجاکان بۆ ساڵانی حەفتاکان و تا دامەزراندنی یەکێتی، ٢٥ ساڵیەتی و هێشتا هەر لە تەمەنی گەنجێتیە، کە بەباوەڕی من بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڕەتی گەنجێتیە. لە کاتێکدا دەبینی کە ترازی لینینەت، ترازێکە کوڕی دوای جەنگی یەکەمی جیهانییە، بەڵام ماویزم کوڕی دوای جەنگی جیهانی دووەمە. کە ئەمە جیاوازی ساڵ و ئەزموویش بە دیار دەخات. دەتوانین بڵێین کە یەکێتی دروست دەبێت هەتا پێش ئەوەش یەکێتی سۆڤێت تێوەدەگڵێت بەو مەنزومە سیاسیەی کە حوکمی دنیا دەکات، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی وڵاتان و شۆڕشەکان دەفرۆشێت. ئەم مەنزوومەیە زۆر کاریگەری لەسەر پێگەی یەکێتی سۆڤێت کردبوو. هەروەک چینیەکانیش هەروا بێ دەنگ دانەنیشتبوون، بەڵکو پێیان وابوو کە سۆڤێت بەرەو سۆسیال ئیمپریالیزم دەڕوات و دەستبەرداری بنەما سەرەکیەکانی بووە، لە دەیەی شەست و حەفتاکانە زۆر کەم دەبینی یەکێتی سۆڤێت پشتیوانی شۆڕشەکان بکات، هەروەک بزووتنەوە فەلەستینیەکان گلەییەکی زۆریان لە سۆڤێت هەبوو بەتایبەت کە وا باس دەکرا سۆڤێت پشتیوانی بزووتنەوە فەلەستینیەکان دەکات، لە میسر بەهەمان شێوە پێیان وایە کە سۆڤێت بە پێی پێویست یارمەتی نەداون، ئەمانە هەموو کاریگەریان دانا لەسەر ئەوەی کە یەکێتی پشت بە سۆڤێت نەبەستێت و خۆی پێوە هەڵنەکێشێت.
دوو فاکتەری دیکەش هەن کە یەکێتی زیاتر پەرە بە ئەندێشەی ماویزم بدات، ئەوەی کە من باسی دەکەم واقیعین تا ئەوەی زیاتر فکری بن. ئەویش ئەوەیە کە یەکێتی سۆڤێت لەناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا لایەنگری باڵی مەلا مستەفا بوون. لە عێراقیشدا لایەنگری حزبی شیوعی عێراق و بەعس بوون. لە سالی ١٩٦٣ بەو لاوە سۆڤێت کێ لە عێراق لە سەر حوکم بووبێت پەیوەندی لەگەڵ دروست کردووە. ئەمە کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی کە حزبێکی وەک یەکێتی پشتی پێوە نەبەستێت لە دەستپێکردنەوەی شۆڕشدا. خاڵێکی دیکە بە باوەڕی من پەیوەندی بە ئەدەبیاتی چینیەوە هەیە کە ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕی و بیروبۆچوونی ماوتسی تۆنگ زۆربەی ئەو ئارەزوانە پڕدەکاتەوە کە لەکاتی شۆڕشدا مەسەلەی نەتەوایەتی لەگەڵ چینایەتی پێکەوە گرێدەداتەوە. کە مەسەلەی مارکسیەت لەگەڵ نەتەوە بەهەمان شێوە پێکەوە گرێدەداتەوە، ئەمە بۆ یەکێتی بەو جۆرەیە کە بڵێ ئێمە جگە لەوەی کە مەسەلەی چینایەتیمان لە عێراقدا هەیە، مەسەلەی نەتەوایەتیشمان هەیە. کە ئەمە رێگە دەدات پارتە پێشڕەوەکە دروست بکەیت. بەشێکی زۆری ئینشقاکەی لە چلەکان لە نێوان پارتی شۆڕش و حزبی شیوعی عێراقی دروست بوو، ئەکاتە بوو کە لە چین ئەو باسو خواسانە بوونیان هەبوو، لە یوگسلاڤیا بە هەمان شێوە ئەمە رووی دا بەتایبەت ئەو بزووتنەوانەی کە مەسەلەی نەتەوایەتی و چینایەتیان بەیەکەوە گرێدەدا. کە دواجار ئەم ئەدەبیاتە ئەوروپای رۆژهەڵاتیشی بەهەمان شێوە گرتەوە. بەڵام ئەمە لە سۆڤێت وانەبوو، بەو هەلومەرجەی کە لە ساڵی ١٩١٧ دروست بوو، سەربازەکان لە جیاتی شەڕی ئەو وڵاتانە بکەن کە لەگەڵ رووسیا لە شەڕدان رووی چەکەکانیان کردە قەیسەر. بەڵام تۆ سەیری ئەوروپای خۆرهەڵات بکە، هەموویان شەڕیان بوو لەگەڵ نازیزم و فاشیەت و لە هەمان کاتدا شەڕشیان و بۆ مەسەلە چینایەتیەکان.
بۆیە دەتوانین بڵێین بیرۆکەی چەپ و نەتەوایەتی لە دوای چلەکانەوە لە عێراق سەریهەڵدا کە لە حزبی شیوعی چیندا خۆی بەرجەستە دەکرد. بیرمان نەچێت ئێمە باس لە ئەدەبیاتێک دەکەین کە هی شۆڕشی چینە، هی دوای حوکمڕانی کردنی چین نییە، لەبەر ئەوە باس لەو ئەدەبیاتی ماوی پێش شۆرش دەکرا نەک هی دوای شۆڕش. بۆیە پێم وایە ئەمە هۆکارە سەرەکیەکانی بوون کە یەکێتی بکەوێتە ژێر ئەم کاریگەریەی ئەدەبیاتی چەپی چینی. هەرچەندە سیاسەتی پراگماتیانەی یەکێتی و مام جەلال هەمیشە تیلەی چاوێکیان لەوە بووە کە سۆڤێتیش ئاوڕێکیان لێ بداتەوە، بۆیە هەتا نەیدەکرد زیاتر یەکێتی لە بیروباوەڕی ماوی نزیک دەبۆوە. بەڵام لە دوایشدا دەتوانین بڵێین کۆمەڵە بووە خاوەنی ئەدەبیاتی خۆی، تەنانەت وای لێهاتبوو کە زۆر گرنگ نەبوو ماو چی دەڵێت، بەڵکو گرنگ ئەوە بوو یەکێتی چی دەڵێت، من دەتوانم بڵێم لە ناو کۆمەڵەدا ماوەیەک هەیە کە ماوەیەت کۆتایی پێ هات، بەهەمان شێوەش لە ناو یەکێتی ماوەیەک هەیە کە ماویەتی مامیش نەما بەڵکو، مامەیەتی جێگەی گرتەوە! وەک ئەوەی خۆی بووە خاوەنی بیروبۆچوونی تایبەتی خۆی. واتە مام لە ماویەتەوە بەرەو مامیەت رۆیشت. ئەمەش سروشتی هەر شۆڕشەکە کە دواجار دەبێتە خاوەنی دیدو جیهانبینی خۆی.

دامەزرێنەرانی ی.ن.ک لە سەرەتاوە هەڵگری بیروبۆچوونی فکری چەپ بوون، ئەو بیروبۆچوونەی ئەوان هاوشێوەی چ جۆرە تەفسیرێک لە فەلسەفەی مارکسیزمی-لینینی، ماوسی تۆنگیە؟
ستران عەبدوڵڵا: خۆی لە هەندێک رووەوە بۆ نموونە شێوازی کراوەیی یەکێتی لە زۆر بە پیرۆز سەیر نەکردنی هەندێک بیروبۆچوون، یەکێتی نزیک دەکردەوە لەوەی کە لە نیکارراگوا هەبوو(بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەیی ساندینیستا) کە زۆر لەو حزبە دەچوو، تەنانەت دەوترێت بورهان قانع کتێبێکی وەرگێڕابوو لە سەر شۆڕشی نیکاراگوا کە لەناو شۆڕشدا دەخوێندرایەوە، بەڵام لای حزبی شیوعی عێراقی قەدەغەکرابوو. چونکە ئەو بزووتنەوە نەتەوەیە زیاتر لە یەکێتی دەچێت تا لە حزبی شیوعی. رەنگە حزبی شیوعی تەحەفوزێکی زیاتری لەبەرامبەر کوبا کە دوایی بوو بە شیوعی هەبێت، تا ئەوەی نیکاراگوای، لەبەر ئەوە پێم وایە یەکێتی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی ساندینیستا تا ئەوەی لە ترازی ناوچەکە بچێت، بەڵام لە هەندێک خەسڵەتی نیشتمانیدا لە راستیدا لە هەندێک خەسڵەتی بزووتنەوە نیشتمانیەکان دەچوو، بۆ نموونە لەوەی (محەمەد موسەدەق)دەچوو لە ئێران کە لە ساڵانی پەنجاکاندا هەبوو، لە هەندێ رووەوە یەکێتی بەجیاوازی کات، بۆنموونە لە بزووتنەوەی ناسریە دەچوو کە، بیرمان نەچێت دواجار یەکێتی لە حزبێک کە لە چەند رەوتی سیاسی پێکهاتووە وەکو بزووتنەوەیەکی لێهات کە جگە لە خەباتی چەکداری خەباتی دیکەشی نیشتمانی کردەوە.

لە دامەزراندنی یەکێتیدا وەک نیمچە بەرەیەکی پێکهاتوو، لە کۆمەڵە، بزووتنەوە و خەتی گشتی، دەبینین هەر یەک لە کۆمەڵەو خەتی گشتی، خاوەن فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەکی هاوبەشن، لەم رووەوە تاچەندە دەتوانین بیروباوەڕو ئەدەبیاتی کۆمەڵە، لە گۆڤارەکەیاندا، بەبیروباوەڕو ئەدەبیاتی یەکێتی یان خەتی گشتی بچوێنین، بەتایبەت کە مام جەلال پێی وایە، کۆمەڵە هەوێن و جەوهەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە؟
ستران عەبدوڵڵا: بە باوەڕی من بەشی زۆری ئەو بیروبۆچوونانەی کە لە گۆڤاری کۆمەڵەدا هەبوون، دەتوانین بڵێین ناسنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێوە دیار بووە، بەڵگەشم بۆ ئەوە بیروباوەڕی کۆمەڵە پوختەی ئەو بیروباوەڕانەیە کە لە شەستەکانەوە هاتە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانەوە، واتە لە رووی زمان و داڕشتن و نووسین و فکرەوە ئەمە دیوێکی، دیوێکی تری دەتوانم بڵێم خەتی گشتی کە دەکاتە کۆنە دۆست و برادەرەکانی مام جەلال ئەم خەتە مام جەلالیان بە نوێنەری خۆیان دەزانی، کە مام جەلال یەکێک بوو لە نووسەرانی گۆڤاری کۆمەڵە، نووسینی مام جەلال بەشی ئەوە تازەو تەڕی تێدابوو کە گۆڤاری کۆمەڵە پەسەندی دەکردو بڵاوی دەکردەوە، با لەوە گەڕێین کە مام جەلال خۆی لە ئەسڵدا کۆمەڵە بووەو دوایی ئەو گەنجانەی ناو کۆمەڵە بەرەوپێشەوەیان بردووە، کە دەتوانین بڵێین دواجار مام جەلال خۆشی نەیناسیوەتەوە، ئینجا لەناو بەڕێوەبەرە سەرەکیەکانی ناو کۆمەڵەدا لەوانە بوون کە لە رووی ئەمانەتی فکریەوە بەشێک لە مەدرەسەی مام جەلال، هەتا کاک نەوشیروان و کاک فەرەیدوون کە لە ناو کۆمەڵەدا دەیاننووسی. لەم رووەوە ئەوانەی کە لە مام جەلال رازی نەبوون لە نووسنی مام جەلال لە ناو گۆڤاری کۆمەڵەدا دوایی هەر ئەوانە بوون کە لە کۆمەڵەش رازی نەبوون!
بۆیە دەتوانم بڵێم کۆمەڵە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە سەدا نۆوەدی ئەدەبیاتی یەکێتی پێکهێناوە. بە دیتنی من بیرۆکە سەرەکیەکانی کۆمەڵە دەری دەخەن کە یەکێتی تەنیەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە لە ساڵی 1988دا لە ناو یەکێتی توایەوە، بۆشاییەکی ئەوەندە نەبوو، بەقەد ئەوەی بۆشاییەکی رێکخستن بوو. واتا بۆشاییەکی ئەتۆی تیۆری دروست نەکرد.

ساڵی ١٩٨٩وردە وردە ئەو بیرۆکەیە لە نێو یەکێتی سەری هەڵدا کە بزووتنەوەی سیاسی کورد پێویستی بە ئۆرگانێکی تازەیە کە بتوانێ باشتر لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا بسازێت و کەمتر رەنگی چینایەتی و ئایدۆلۆژی لەخۆی بسوێ. بە مانایەکی تر یەکێتی لەم قۆناغەدا دەیەوێت پشت لەو ناسنامە ئایدۆلۆژیە بکات کە لە سەری دامەزراوە، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم گۆڕانکاریە بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
ستران عەبدوڵڵا: بە باوەڕی من هەندێکی بۆ هۆکاری جیهانی یان دەرەکی دەگەڕێتەوە، بەتایبەت کە سۆڤێت لە بەرامبەر بلۆکی سەرمایەداری کەوت کاریگەری زۆر گەورەی هەبوو لە سەر وڵاتان و بزووتنەوە سیاسیەکانیش، ئەمە کاریگەریەکی زۆری کردە سەر کاڵبوونەوەی بیروبۆچوونی مارکسیزم-لینینیزم لە ئاستی جیهاندا، بمانەوێ و نەمانەوێت ئەمە کاری لە یەکێتییش کرد، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە یەکێتی لە نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتاوە بەهۆی بیرۆکە خۆرسکیەکانی خۆیەوە کە خۆی وردە وردە جێگەی بیروبۆچوونی ماو و مارکسیەتی لە ناو شۆڕشە جیهانیەکاندا دەگرتەوە، ئەمە بەجۆرێک پشتیوانی یەکێتی کرد لە کەوتن یان پشتکردنە ئەو بیروبۆچوونە ئایدۆلۆژیانەی پێشووی، لەلایەکی دیکەوە بوونی مەسەلەی نەتەوەیی بەتایبەت دوای پڕۆسەی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە کە بەسەر گەلی کورد لە کوردستاندا هات، دیسان هۆکارێکیتر بوو لەو هۆکارانەی کە نەکەوێتە قۆناغی دۆگمای فکریەوە، چونکە دۆگمای فکری ئەوکاتە روو دەدات کە تۆ بەتەنها فکرت هەبێت، بەڵام کە تۆ مەسەلەیەکت هەبێت. خاڵێکی دیکەش کە هەر لەو بابەتەدا بەباوەڕی من ژیری و هۆشیاری و دینامیکیەتی مام جەلال بوو، نەیهێش یەکێتی بەجۆرێک بکەوێت کە دەست بەرداری تەواوی بیربۆچوونی چەپ ببێت، نەیهێش بکەوێتە بەردەم گفتوگۆی ناسنامەی خۆیەوە بۆنموونە کە حزبی شیوعی وای لێهات، یان هەندێک لە حزبە شیوعیەکانی ناوچەکە بوونە ئیسلامی هەروەکو ئەوەی کە(حزبی عمل) لە میسر رووی دا. پێم وایە دنیامیکەتی مام جەلال، یەکێتی لەو پڕۆسەیە دەرکردو کردیە سۆسیال دیموکراتی، واتە کردیە ئەو مەنزوومەیەی کە لە دنیادا قبوڵکراوەو لە دواهاتووی کوردستانیش دا دەرفەتی ئەوەی هەیە کە رۆڵی خۆی بگێڕێت. واتە قبوڵکراو بوو کە دەیتوانی لە رێی پارلەمان و هەڵبژاردنەوە خۆی بەرێتە پێشەوە، غەزەب لێگیرا نەبوو وەکو ئەوەی مارکسیەت غەزەبی لێ گیرابوو!! ئەگەر هەر کەسێک سەیری راپۆرتی مام جەلال بکات لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیدا تەماشا دەکەی هەوڵی چارەسەرە فکری بوونی هەیە، بەداخەوە دەتوانم بڵێم لەو کاتەدا تەنها مام جەلال لە سەر ئەو مەسەلەیە کاری کردبوو، بۆیە ئەم فکرەیە زۆر دەوڵەمەند نەکرا. بۆ نموونە ئەگەر سەیری راپۆرتەکە بکەیت، مام جەلال دەڵێت: هیچ نەبێت لەم قۆناغەدا فاکتەری دەرەکی رۆڵی کاریگەرتر دەگێڕێت لە فاکتەری ناوخۆیی، واتە رۆڵی ناوخۆیی ئەوەیە کە کۆمەڵگە خۆی بڕیاری خۆی دەدات، بەداخەوە ئەمە خۆی شتێکی ناچاریە، یان هیچ نەبێت ئەم فاکتەرە دەرەکیە دوژمنمان نەبێت، تۆ سەیر بکە بەسێ بەرگ دەوری دەدات(بەداخەوە، بە ناچاری، هیچ نەبێت فاکتەری دەرەکی دوژمنمان نەبێت).
خاڵێکی دیکە هەڵوێستی چەپەکان بوون، هەم لە سەر ئاستی جیهاندا هەم لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبیدا لە ئاستی ئەو کارەساتەی کە بەسەر گەلی کورددا هات، کە چەپەکان لە ئاستی مەنزوومەی جیهانیەوە سەیری ئەو مەسەلەیان دەکرد، نەک لە سەر ئاستی کوردستانەوە، ئەمە بە ئاسانی وایکرد کە یەکێتی خۆی لەو جەبهەیە رابپچکێنێت کە وەفادار نییە بۆ مەسەلەی کورد.
خاڵێکی دیکە کە یەکێتی لە سۆسیال دیموکراتیدا گیرسایەوە وەک بڵێی کە لە شوێنێک بێتە خوارەوە لە شوێنێک بوەستی و تایبەتمەندی خۆی ببپارێزێت، ئەم تایبەتمەندیە لە سۆسیال دیموکراتدا ئەو دەرفەتەی بە یەکێتی دا کە جیا بێت لە پارتی، وەک ئەوەی مام جەلال دەیوت وەک باڵی پێشکەوتوخوازی گەلی کورد بمێنێتەوە.
ئەم هۆکارانە پێم وایە بەهانەی ئەوەیان بەدەستی یەکێتیەوە دا، کە پاکانەی ئەوە بدۆزێتەوە کە لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژی و فکریەوە لە سۆسیال دیموکراتدا خۆی بەرجەستە بکات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ژنه‌ شاسوارێك له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا

خاتوو نەرمین عوسمان، ناوبەناو رۆژنامەی حزبەكەی خۆی بە نووسین و ...