سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » پێدەچێت لە داهاتوویەكی نزیكدا دادگای فیدرالی بڕیارێك بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردن دەربكات

فریاد رواندزی:

پێدەچێت لە داهاتوویەكی نزیكدا دادگای فیدرالی بڕیارێك بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردن دەربكات

فریاد رواندزی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و وەزیری رۆشنبیریی عیراق، لەمیانی دیدارێكی سۆشیال میدیای كوردستانی نوێ-دا، تیشكی خستەسەر دوایین پێشهات‌و گۆڕانكارییەكانی دۆخی سیاسیی عیراق‌و رێگەچارەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌و ئەو كێشانەی بەرۆكی عیراقیان گرتووە.

پێدەچێت لەم چەند رۆژەدا دادگای فیدرالی بڕیارێك بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردن‌و كێشەكانی دەربكات
لەسەرەتای دیدارەكەداو لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی عیراق بەگشتی، ئاماژەی بەوەكرد كە عیراق ئەمڕۆ بە دۆخێكی زۆر هەستیاردا تێپەڕدەبێت، بەتایبەت لەدوای هەڵبژاردنەكانەوەو ئەو كێشانەی روبەڕوی هەڵبژاردن‌و ئەنجامەكانی بۆتەوەو بەشی زۆری لایەنەكان ئەنجامەكانیان قبوڵ نییە، كە كێشەكانی هەڵبژاردن‌و ئەنجامەكانی، تەنها دادگای فیدرالی دەتوانێت یەكلایی بكاتەوە، كە پێدەچێت لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بڕیارێك بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دەربكات‌و هەر بڕیارێكیش لەلایەن دادگای فیدرالییەوە دەربچێت بەدڵنیاییەوە دۆخەكە هێورتر دەكاتەوە، بەوپێیەی كە بڕیاری دادگای فیدرالی پێویستە هەموو لایەك پێیەوە پابەند بێت‌و هیچ كەسێكیش ناتوانێت دژی بوەستێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە سیاسییەكان براوەكان‌و دۆڕاوەكان ئەوانەی كورسی زۆریان هێناوە یان كورسی كەم، هیچیان رازی نین‌و گلەیی زۆر لەئەنجامەكانی هەڵبژاردن‌و پرۆسەكە بەگشتی دەكەن. وتیشی: لەو باوەڕەدام لەگەڵ دەركردنی بڕیاری دادگای فیدرالی، ئەم بارودۆخ‌و ناڕەزاییە دادەمركێتەوەو لایەنە سیاسییەكانیش گفتوگۆو دانوستاندنی راستەقینە دەستپێدەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق.

پێویستەو دەبێت لایەنە براوەكان سازش بكەن
لەدرێژەی قسەكانیدا، فریاد رواندزی؛ ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو بارودۆخەی لە عیراقدا هاتۆتە كایەوە، كاتییەو وەك ئاماژەم پێكرد لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدرالی‌و دەستپێكردنی دانوستانی لایەنە سیاسییە براوەكان، كەشی ناوخۆی عیراق بەرەو باشتر دەچێت، ئەوەش بەوە دەكرێت لایەنە براوەكان ئەوانەی دەیانەوێت حكومەت پێكبهێنن، پێویستە سازش بكەن، كە تەنها بە سازش كردنیش دەگەنە رێككەوتن‌و كێشەكان وەلادەنرێن، كە تائێستا ژمارەیەك لە لایەنەكان لەیەكتری نزیك بوونەتەوە، چونكە خاڵی هاوبەشیان هەیە، كە ئەگەرهاتوو ئەو خاڵە هاوبەشانە كۆبكرێنەوەو بگەنە بەرنامەیەكی هاوبەش لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەكان، ئەوا دەكرێت ئەم دۆخە تێپەڕێت‌و حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت.

هۆكارەكانی دروست نەبوونەوەی هاوپەیمانیی كوردستانی
سەبارەت بەپێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانیش، رایگەیاند: لەو باوەڕەدا نیم جارێكی تر هاوپەیمانیی كوردستانی دروستبكرێتەوە، ئەوەش لەبەر ئەو هۆكارەی كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەناوخۆداو پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، زۆر ئاڵۆزو تێكەڵ‌و پێكەڵە، بۆیە بەبڕوای من لەدوای ئەوەشی دادگای فیدرالی بڕیاری دەركرد، ناتوانرێت هاوپەیمانیی كوردستانی دروستببێتەوە، بەڵام رەنگە لەنێوانی دوو و سێ هێزی سیاسی جۆرێك لە لێكتێگەیشتن بێتە پێشەوەو زەمینەیەك دروست ببێت بۆ كاری هاوبەش بەتایبەت لەكاتی دانوستاندنەكان.

لە فەلسەفەی حكومەتەكەی عەبادی-دا شتێك نەبوو بەناوی بایەخدان بەڕۆشنبیری
تایبەت بەكاروبارەكانی وەزارەتی رۆشنبیری‌و گرفت‌و ئاستەنگەكانی بەردەم وەزارەتەكە، فریاد رواندزی؛ وتی: من وەكو كوردێك كە سێ ساڵ‌و زیاترە ئەو پۆستەم وەرگرتووە، هیچ گرفتێك كە شایەنی باسكردن بێت نەهاتۆتە بەردەم خۆم‌و وەزارەتەكەم، بەپێچەوانەوە توانیومە تائاستێكی باش كاروبارەكان بەتایبەت لەڕووی ئیداریی‌و وزارییەوە رابپەڕێنم، تەنها گرفتێكیش كە دەتوانم بڵێم تەواوی عیراق بەدەستییەوە دەیناڵاند، كەمیی پارەو بودجەی تەرخانكراو بوو، وەك وەزارەتی رۆشنبیرییش هەمان گرفتمان هەبوو، جگەلەوەش لە فەلسەفەی حكومەتەكەی عەبادی شتێك نەبوو بەناوی بایەخدان بەڕۆشنبیری، بەكەلتورو بە هونەر، كە ئەوەش كێشەیەكی گەورەیەو ئەوەندەشی سەرنجم دابێت ئەو كێشەیە تەنها لە حكومەتەكەی عەبادی-دا نەبووە، بەشێوەیەكی گشتی ئەو سیستمەی ئێستا لەوڵاتدا دەگوزەرێت رۆشنبیری‌و كەلتور لەڕیزی دواوە دێت بۆ بایەخپێدان، لەوڕووەشەوە ئەگەر حكومەتەكانی داهاتوو بەهەمان شێوە بن، ئەوا رۆشنبیری بەشێوەیەكی گشتی روبەڕوی قەیرانی گەورەتر دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بەپێی ئەو بەرنامەو پلانانە بێت كە من لەسەرەتاو لەماوەی كاركردنمدا دامڕشت بۆ جێبەجێكردنی كارەكانم، ئەوا رۆشنبیری‌و هونەرو كەلتورو تەنانەت گەشتوگوزارو مەسەلەی ئاسەوارو شوێنەواریش بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەخۆوەدەبینێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شەڕی ناوخۆ مەگەر بەسەر جەستەی مندا رووبدات

لە كۆتایی مانگی رابردوودا، بەشی ئینگلیزیی كەناڵی «ئەلجەزیرە» چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ...