ته‌له‌ڤزیۆن‌و میدیای‌ نوێ – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » ته‌له‌ڤزیۆن‌و میدیای‌ نوێ

ته‌له‌ڤزیۆن‌و میدیای‌ نوێ

وه‌ك چۆن له‌ سه‌ده‌ی‌ هه‌ژده‌‌و نۆزده‌دا رۆژنامه‌ له‌ ئه‌وروپای‌ خۆرئاوادا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پێویستی‌ خه‌ڵك بۆ زانیاری‌‌و سه‌ره‌تای‌ ژانی‌ هاتنه‌ دنیای‌ سیستمی‌ سیاسی‌ نوێ‌و تێپه‌ڕاندنی‌ سه‌ده‌كانی‌ ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ دامه‌زرا، ئاواش ده‌ركه‌وتنی‌ ته‌له‌ڤزیۆن وه‌ك ئامرازێكی‌ په‌یوه‌ندی‌ جه‌ماوه‌ر، وه‌ڵامدانه‌وه‌ بوو به‌و پێشكه‌وتنه‌ قوڵانه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌كان له‌ شه‌سته‌كاندا به‌خۆیانه‌وه‌ دی‌. هه‌ر له‌ له‌دایكبوونیشییه‌وه‌ پێشكه‌وتنی‌ زۆری به‌خۆیه‌وه‌ دی‌، كه‌ ره‌نگه‌ گرنگترینیان ئه‌وه‌ بێت كه‌ له‌ كۆتایی جه‌نگی‌ سارددا رووی‌ دا، ئه‌ویش ده‌ركه‌وتنی‌ سه‌ته‌لایت‌و په‌خشی‌ راسته‌خۆ‌و سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌ردوونیبوون‌و هه‌نووكه‌ییبوونی‌ وێنه‌ بوو.
ئه‌گه‌رچی‌ ته‌له‌ڤزیۆن سه‌رده‌می‌ زێڕینی‌ خۆی‌ له‌ سی‌ ساڵی‌ دواییدا بینی‌، به‌ڵام سه‌ره‌تای‌ لادان‌و تیشكدانه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێوه‌ بوو، كه‌ پشتی‌ به‌ ئینته‌رنێت به‌ستووه‌. وه‌ك چۆن سایته‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌واڵ بوونه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌زی‌‌و پشتی‌ دا له‌ عه‌رز، راگه‌یاندنی‌ نوێش ئاسته‌نگێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌به‌رده‌م ته‌له‌ڤزیۆندا دروست كردووه‌‌و ناتوانێ رێگه‌ له‌ به‌ربڵاوبوون‌و فراوانبوونی‌ خێرای‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ بگرێت له‌ نێو به‌كاربه‌راندا، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكات‌و له‌خۆی‌ بگرێت به‌و هیوایه‌ی‌ وه‌ك سێرج برۆ-ی‌ زانای‌ بواری‌ په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ڵێ ته‌مه‌نی‌ خۆی‌ درێژ بكاته‌وه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كاندا.
تۆ بڵێی‌ ته‌له‌ڤزیۆن بتوانێ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ له‌ خۆ بگرێت‌و بیخاته‌ ژێر ركێفی‌ خۆیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌‌و به‌رده‌وامبوونی‌ خۆی‌ بدات، یان له‌ ژێر كاریگه‌ریی خێرایی‌و توانای‌ به‌هێزی‌ كارلێكی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێدا ون ده‌بێت؟ داخۆ باڵكێشی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ، دروستبوونی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ ئه‌وتۆ ده‌سه‌پێنێت كه‌ ببێته‌ هاوه‌ڵی‌ ته‌له‌ڤزیۆن‌و له‌ نێوه‌ندی‌ ئه‌و كێبڕكێ تونده‌دا پشتیوانی‌ لێ بكات؟
به‌شی‌ پێنجه‌می‌ راپۆرتی‌ ساڵانه‌ی‌ 2016 كه‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان سه‌ته‌لایته‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ ژێر ناوی‌ (راگیاندنی‌ كارلێك، ئاسته‌نگی‌ گه‌وره‌یه‌) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ته‌له‌ڤزیۆن زۆر باش توانیویه‌تی‌ وا بكات جیهان به‌ر شاشه‌ بكه‌وێت‌و بیناسێت، ئه‌وه‌ش ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ فه‌یله‌سوفان‌و بیریاران ناویان نا گوندی‌ گه‌ردوونی‌‌و سه‌رده‌می‌ جه‌نگ له‌گه‌ڵ راسته‌وخۆدا، هه‌ڵبه‌ت به‌ ئاماژه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆی‌ رووداوه‌كانی‌ جه‌نگی‌ عیراق له‌ ساڵی‌ 1991دا له‌ رێگه‌ی‌ سه‌ته‌لایته‌وه‌، كه‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ سی‌ ئێن ئێن‌و بی‌ بی‌ سی‌ جێبه‌جێیان كرد، به‌ڵام سروشتی‌ پێشكه‌تنخوازانه‌ی‌ مرۆڤ به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ ئه‌فسونی‌ ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ به‌ له‌دایكبوونی‌ ساته‌وه‌ختێكی‌ تر كۆتایی پێ دێت، ئه‌ویش ده‌ستپێكی‌ سه‌رده‌مێكی‌ تره‌ له‌ مێژووی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندیدا، كه‌ پێی‌ ده‌وترێ ساته‌وه‌ختی‌ سایبیریای‌ گریمانه‌كراو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ته‌له‌ڤزیۆن له‌ راكێشانی‌ سه‌رنجی‌ بینه‌ردا له‌ رێگه‌ی‌ وێنه‌وه‌ زۆر به‌هێزه‌، به‌ڵام ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ به‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌ك به‌سه‌ریدا سه‌ركه‌وت، ره‌نگه‌ دیارترین تیبه‌تمه‌ندی‌ كارلێك‌و دینامیكی‌ بوون‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌‌و ده‌نگ‌و ده‌ق بێت له‌ یه‌ك دۆسێدا كه‌ توانای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئاسان بێت. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ وای‌ كردووه‌ كه‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ خۆی‌ بخزێنێته‌ هه‌موو بواره‌كانی‌ ژیانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت بچێته‌ ناو په‌یوه‌ندی‌ خێزانی‌ گه‌رم‌و گوڕیشه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ر هه‌موو چین‌و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن هه‌یه‌ وه‌ك ئامرازێكی‌ راگه‌یاندنی‌ جه‌ماوه‌ری‌، كه‌ بوونی‌ خۆی‌ به‌ روونی‌ له‌ مێژوودا تۆمار كردووه‌.
هه‌وڵه‌كانی‌ ته‌له‌ڤزیۆن بۆ له‌خۆ گرتنی‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ‌و به‌كارهێنانی‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ جددیانه‌دا، وای‌ كردووه‌ خاوه‌ن كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ وه‌ڵامێكیان هه‌بێت بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ خێرایه‌ی‌ ئامرازه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ كردنی‌ گریمانه‌ كراو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌ته‌لایته‌كان سه‌رقاڵی‌ پێشخستنی‌ شێوازی‌ كارو ده‌ركه‌وتنی‌ خۆیه‌تی‌ له‌ پێگه‌ گریمانه‌كراوه‌كاندا كه‌ چه‌ندان ملیۆن جه‌ماوه‌ری‌ هه‌یه‌‌و به‌رده‌وام له‌ زیادبوونیشدایه‌، هه‌وڵه‌كان تا ئه‌و راده‌یه‌ن، ئه‌گه‌ر كه‌ناڵێك په‌یجی‌ نه‌بێت له‌ فه‌یسبووك‌و تویته‌ردا جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌. یه‌كێكی‌ تر له‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ته‌له‌ڤزیۆن بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ میدیای‌ نوێدا، بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆ‌و هه‌واڵه‌كانه‌ له‌ فه‌یسبووك‌و توێته‌ردا به‌ جۆرێك له‌گه‌ڵ ره‌فتاری‌ به‌كاربه‌رانی‌ ئه‌و سایتانه‌دا بگونجێت، له‌ رووی‌ خێرایی‌و ده‌ركه‌وتن‌و خێرایی گواستنه‌وه‌ له‌ په‌یجێكه‌وه‌ بۆ په‌یجێكی‌ تر.
كۆمێنتی‌ به‌كاربه‌رانی‌ ئه‌و سایتانه‌ش ده‌بێته‌وه‌ به‌ به‌رهه‌مێكی‌ تری‌ هه‌واڵ كه‌ وا ده‌كات ته‌له‌ڤزیۆن دووباره‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆی‌ بكاته‌وه‌ بۆ راكێشانی‌ سه‌رنجی‌ به‌كاربه‌ران، جگه‌ له‌وه‌ش ژووری‌ هه‌واڵی‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ ئاسمانیانه‌ زۆر جار پشت به‌ گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی ده‌به‌ستێ كه‌ له‌ فه‌یسبووك یان تویته‌ر دابه‌زیوه‌، به‌كاریشی‌ ده‌هێنێت له‌ گه‌شتی‌ هه‌واڵه‌كانی‌‌و به‌رنامه‌كانیشیدا‌و سه‌باره‌ت به‌ راستی‌‌و درۆیی بابه‌ته‌كه‌ش تیمی‌ كاری‌ ژووری‌ هه‌واڵ به‌ سه‌روكارییه‌وه‌ ده‌چن.
هه‌ر له‌و راپۆرته‌ ساڵانه‌یه‌دا كه‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ماهه‌نگی‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ عه‌ره‌بییه‌كان ئاماده‌ی‌ ده‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ 34 كه‌ناڵی‌ عه‌ره‌بی‌ كراوه‌ كه‌ له‌ سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا پێگه‌یان هه‌یه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ بی‌ بی‌ سی‌ ۆرڵد زۆرترین كه‌س له‌ فه‌یسبووك‌و تویته‌ردا به‌ دڵیان بووه‌‌و لایكیان كردووه‌، گروپی‌ (ئێم بی سی‌)یش زۆرترین كه‌س له‌ یوتیوب-دا بڵاویان كردۆته‌وه‌. ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌شی‌ ده‌رخستووه‌، كه‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ عه‌ره‌بییه‌كان سودیان له‌ زۆربوونی‌ به‌كاربه‌رانی‌ سایته‌كانی‌ میدیای‌ نوێ وه‌رگرتووه‌ بۆ زۆركردنی‌ ژماره‌ی‌ بینه‌رانی‌‌و ئه‌مه‌ش وای‌ له‌ هه‌ندێك كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كردووه‌ خزمه‌تگوزاری‌ (TV Streaming) به‌كار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام له‌ سایبیریای‌ گریمانه‌كراودا ئاماده‌بوونی‌ هه‌بێت.

سنووری‌ ته‌له‌ڤزیۆن‌و سه‌ركه‌وتنی‌ سایبیریای‌ گریمانه‌كراو
ره‌نگه‌ ته‌له‌ڤزیۆن توانای‌ له‌خۆ گرتنی‌ ته‌كنیك‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێی‌ی‌ هه‌بێت‌و له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكات، به‌ڵام ئه‌و توانایه‌ی‌ سنوورێكی‌ ئاشكرای‌ هه‌یه‌ كه‌ ناتوانێ تێی‌ په‌ڕێنێنت، ئه‌و سنووره‌ش رۆژ به‌ رۆژ زیاتر بۆ وه‌به‌رهێن‌و رۆژنامه‌وان‌و توێژه‌ران‌و به‌كاربه‌رانیش روون ده‌بێته‌وه‌. ئێستا زۆربه‌ی‌ به‌كاربه‌رانی‌ ته‌له‌ڤزیۆن ئه‌كاونتیان له‌ ماڵپه‌ڕه‌ گریمانه‌ كراوه‌كاندا هه‌یه‌‌و هه‌ر خۆیشیان لایكی‌ ئه‌و په‌یجانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان له‌و ماڵپه‌ڕانه‌دا كردوویانه‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش جه‌ماوه‌ر دیارده‌ی‌ جێهێشتنی‌ ته‌له‌ڤزیۆن‌و رووكردنه‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بێنێت. به‌ ته‌نها بینه‌ریش نییه‌ كه‌ ئه‌و دیارده‌ی‌ جێهێشتنه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، به‌ڵكو خاوه‌نی‌ ریكلامه‌كانیش زیاتر حه‌ز به‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ ئامرازه‌كای‌ په‌یوه‌ندنی‌ كردنی‌ گریمانه‌كراودا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن تا له‌ ریكلامی‌ ته‌له‌ڤزیۆنیدا، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی‌ راسته‌قینه‌یه‌ له‌به‌رده‌م به‌رده‌وامبوونی‌ ته‌له‌ڤزیۆن‌و توانای‌ به‌رهه‌مهێنانیدا.
له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ماهه‌نگی‌ كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا هاتووه‌، بۆ نموونه‌ كۆمپانیای‌ فه‌یسبووك، كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاری‌ نوێی‌ تایبه‌ت ب ریكلامی‌ راگه‌یاندووه‌، كه‌ زۆربه‌ی‌ به‌ ئامانجی‌ راكێشانی‌ خاوه‌ن ریكلامه‌كانی‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌ بۆ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌، ئه‌و تۆڕه‌ی‌ ملیار‌و نیوێك به‌كاربه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا، له‌مه‌شدا ئه‌و خاڵی‌ به‌هێزییه‌ی‌ به‌كار هێناوه‌ كه‌ فه‌یسبووك هه‌یه‌تی‌‌و زاڵه‌ به‌سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆندا، ئه‌ویش ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كانی‌ ناو مۆبایلی‌ زیره‌كه‌.
ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ له‌ توانای‌ ماڵپه‌ڕه‌ گریمانه‌كراوه‌كاندا، زۆرێك له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ عه‌ره‌بییه‌كان دادوبێدادیانه‌ به‌ ده‌ستییه‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ ریكلامیان، ئه‌وه‌ش به‌ روونی‌ ده‌ركه‌وت كاتێك كه‌ناڵه‌كان ده‌ستبه‌رداری‌ به‌شێك له‌ كارمه‌نده‌كانیان بوون، یان مووچه‌ی‌ كارمه‌نده‌كانیان كه‌م كرده‌وه‌، یان هه‌ندێكیان هه‌ر كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ داخست. هه‌روه‌ها ناوبڕی‌ نێوان زنجیره‌ دراماكان زیادی‌ كرد، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵی‌ خاوه‌ن ریكلام له‌خۆیان رازی‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی‌ پێچه‌وانی‌ لێ كه‌وته‌وه‌، بینه‌ر تاقه‌تی‌ ته‌له‌ڤزیۆنی‌ نه‌ما به‌هۆی‌ ئه‌و ریكلامه‌ زۆرانه‌وه‌‌و په‌نای‌ برد بۆ یوتیوب بۆ بینینی‌ ئه‌و درامایانه‌.

یه‌كێتی‌ ئێزگه‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ دێته‌ پێشه‌وه‌
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگه‌دا كه‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ دروستی‌ كردووه‌، یه‌كێتی‌ ئێزگه‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تمه‌ند‌و پسپۆڕی‌ له‌ بواری‌ میدیای‌ نوێ‌و میدیای‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا پیكهێنا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ شانبه‌شانی‌ گۆڕانكارییه‌كان له‌ بواری‌ په‌یوه‌ندی‌ كردن‌و ته‌كنۆلۆژیای‌ په‌یوه‌ندی‌ كردنی‌ تایبه‌تدا بڕوات‌و ئاگاری‌ بێت، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئاسته‌نگه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كاركردی‌ كاته‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ كردنی‌ نوێ له‌ پێشكه‌وتن ناكه‌وێ. یه‌كێتی‌ ئێزگه‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ته‌كنیك‌و پێداویستی‌ لۆجستی‌ پێشكه‌شی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ كرد‌و لیژنه‌كه‌ش كاره‌كانی‌ خۆی‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ 2017وه‌ ده‌ست پێكرد، یه‌كه‌م بڕیاریشی‌ دابین كردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ (MENOS Cloud) بوو، كه‌ ده‌رفه‌تی‌ گرنگ ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئاڵوگۆڕ‌و به‌كارهێنانی‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ له‌ ئامرازه‌كانی‌ میدیای‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌رده‌چن، ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ زۆری‌ تێدایه‌ كه‌ یارمه‌تی‌ كاری‌ لیژنه‌ی‌ پسپۆڕی‌ میدیای‌ نوێ ده‌دات.

سه‌نته‌ری‌ چاودێری‌ رۆژنامه‌وانی‌ عه‌ره‌بی‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پەیامی کاندیدانی لیستی ١٠٥ ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

من جه‌لال عوسمان عه‌لی، ناسراو به ‌مامۆستا جه‌لالی رێكخراوه‌كان، كاندیدی ...