سەرەکی » دۆسێ » دەمیرتاش لە بەندیخانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا

دەمیرتاش لە بەندیخانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان لە توركیا، لەنێو بەندیخانەی ئەدرنە كە دەكەوێتە نزیك سنورەكانی یۆنان، لەكاتێكدا جەماوەرەكەی لە خۆرهەڵاتی باشووری وڵاتەكەیە و زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر لێوەیان دوورە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا كرد كە لە 24ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو.
دەمیرتاش (لەدایكبووی 1973ی مەعمورەی عەزیز لە خۆرهەڵاتی توركیا)، دەرچوونی كۆلێژی مافی زانكۆی ئەنقەرەیە، و بۆتە ئەندام لە لیژنەی راپەڕاندنی رێكخراوی مافی مرۆڤ لە دیار بەكر، پاشان بۆتە سەرۆكی رێكخراوەكە و كۆمەڵی مافی مرۆڤی توركیای پێكهێناوە و نوسینگەی دیار بەكری رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیشی لە دیار بەكر دامەزراندووە.
بەردەوام داوای لە پەرلەمانی توركیا كردووە دان بە ناسنامەی كورددا بنێت و رێگە بە زمان و كەلتوری كوردی بدات، بەو پێیەی كوردەكان دووەم گەورەترین نەتەوەن لە وڵاتەكە، و ژمارەیان لەنێوان 20 بۆ 25 ملیۆن كەسدا دەبێت لە كۆی ژمارەی دانیشتوانی توركیا كە 80 ملیۆن كەسە.
دەمیرتاش لە چەندان دیمانەی رۆژنامەوانی باسی لەوەكردووە كە لە قۆناغی دواناوەندی بۆ یەكەم جار ناوی كوردی بیستووە، ئەمەش وەك تەئكیدكردنەوە لەسەر ئەو كپكردنە میدیاییەی لەسەر ناسنامەی كورد هەبووە لە توركیا.
دەسەڵاتدارانی توركیا لە 4ی تشرینی یەكەمی 2017 لەگەڵ فیگن یوكسكداغ و 13 نوێنەری تری پارتی دیموكراتی گەلاندا بە تۆمەتی هەماهەنگییان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان دەستگیری كردن.

ژیانی سیاسی
دوای ئەوەی بە تیرۆركردنی فیدات ئایدن سەرۆكی پارتی كاری میللی كورد كاریگەربوو كە لە ساڵی 1991دا تاوانی تیرۆركردنەكەی لە دژی نەناسراوێك تۆماركرا، دەستی بەكاریی سیاسی كرد.
لە ساڵی 2007 چووە نێو پارتی گردبوونەوەی دیموكراتی چەپی كورد، پاشان بووە پەرلەمانتاری حزبەكە لە پەرلەمان، لە ساڵی 2009 لەلایەن دەسەڵاتداران و دادگای باڵای دەستورەوە بە پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان تۆمەتبار كرا كە لە ساڵی 1984وە خەباتی چەكداریی لە دژی دەوڵەتی توركیا دەستپێكردووە.
پاشان بووە نوێنەری پارتی ئاشتی و دیموكراتی چەپی كورد كە بەهۆی هەمان هۆكار لەلایەن دادگاوە قەدەغەكرا.
دواتر لە ساڵی 2012 بەشداریی كرد لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی گەلان و لەگەڵ فیگن یوكسكداغ بوونە هاوسەرۆكی پارتەكە. پارتی دیموكراتی گەلان لەبارەی خۆیەوە دەڵێت كە، چەترێكە بۆ پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكانی لە تورمیا نەك تەنیا كوردەكان.
چەندان تۆمەتی رووبەڕووكرایەوە، لەوانە سەركردایەتیكردنی «رێكخراوێكی تیرۆریستی و بانگەشەكردن بۆی»، ئەمەش بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا.
پارتی دیموكراتی گەلان كە سێیەم حزبی پەرلەمانی توركیایە، لەبارەیەوە دەسەڵاتداران دەڵێن، پەیوەندی بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە كە لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەوروپاییەوە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم دەدرێت، لە هەمان كاتدا پارتەكە رەتیدەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكی بە (پەكەكە)ەوە هەبێت.
بەپێی پرۆگرامی ناوخۆی پارتی دیموكراتی گەلان كە زۆرینەی پێكهاتەكەی كوردە، نوێنەرایەتی گەلی توركیا دەكات بە هەموو چین و توێژەكانی، لە لیبراڵەكانەوە بگەرە تا دەگاتە پارێزەرانی ژینگە و بەرگریكارانی مافی مرۆڤ و مافی هاوڕەگەزبازەكان و مسوڵمانە دیندارەكان و بێ‌ باوەڕەكان، گەورەترین پارتیشە كە زۆرترین ژمارەی ژنانی لە خۆگرتووە.

ئەردۆغان بە خیانتەكار وەسفی دەكات
رەجەب تەیب ئەردۆغان هێرشەكانی لە دژی دەمیرتاش چڕدەكاتەوە و بە تیرۆریست وەسفی دەكات بەرپرسیارێتی كوژرانی دەیان خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی پارتەكەیشی دەخاتە ئەستۆ بەو هۆیەی لە ساڵی 2014 داوای خپیشاندانی كردبوو وەك هاوسۆزیی و پاڵپشتی بۆ شاری كۆبانی كاتێك رووبەڕووی پەلامارێكی دڕندانەی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆوە.
دەمیرتاش، ئەردۆغانی نەیاری بە بەوە تۆمەتبار دەكات كە «سیاسەت بە ئامرازێك دەبینێت بۆ هێنانەدی دەسەڵاتی كەسێتی خۆی، و وەك سەركردەیەكی ئاینی بۆ خەلافەتی ئیسلامی خۆی دێتەپێش چاو».
دەمیرتاش لەڕێی پەیوەندییەكی تەلەفرنی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا لە 6ی حوزەیرانی 2018 و لە بەندیخانەوە بە لایەنگرانی راگەیاندبوو»توركیایان كردۆتە هاوشێوەی بەندیخانەیەكی كراوە، ئەوان هەوڵ دەدەن لەڕێی ترساندن و تۆقاندنەوە حوكمی كۆمەڵگە بكەن».
رێگە بە دەمیرتاش دەدرێت لە هەفتەیەكدا یەك جار پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە بكات و تەنیا بۆ ماوەی 10 خولەك.
دەمیرتاش حكومەتەكەی ئەردۆغان وەها وەسف دەكات كە «دەوڵەتێكی بكوژ»ە، و هەڵبژاردنی ئەمجارەش بە» خاڵێكی یەكلاكەرەوە» دادەنێت كە لێوەی «توركیا بڕیار دەدات بەرەو سیستمی پیاوێكی تاكڕەوی خۆسەپێن دەڕوات یان روو لە خەباتی هێنانەدی دیموكراتی دەكات».

لە هەڵمەتەكەكانی هەڵبژارندا
لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا كە لە 24ی ئەم مانگەدا سازكرا، بەهۆی دروستبوونی كاریی توندوتیژی لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لە باشووری وڵاتەكە، 3 كەس كوژران و 8 كەسی تر برینداربوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، دەیەوێت ماوەی دووەمی سەرۆكایەتی لە هەڵبژاردندا بەدەستبهێنێتەوە.
پێكداهەڵپژانەكان لە كاتی سەردانی ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتار بوو هەندێك لە كۆگاكان لە شارۆچكەی سوروچ كە لە باشووری خۆرهەڵاتی توركیا زۆینەی دانیشتوانی كوردە و دەكەوێتە نزیك سنورەكانی سوریا.
قسەی جیواز هەیە لەبارەی وردەكاریی رووداوەكە، لەكاتێكدا ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا دەڵێت، لایەنگرانی پارتە كوردییەكە پەلاماریی پاسەوانانی پەرلەمانتارەكەیانداوە و یەكێك لە كوژراوەكان برای یەڵدزە، و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی گەلان دەستییان لە هێرشەكەدا هابووە.
ئیبراهیم قالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا لەسەر تویتەر، هێرشەكەی ئیدانەكرد و بە «پەلامارێكی قێزەون» وەسفیكردبوو.
هەر بەهۆی رووداوەكەوە، 8 كەس بۆ مەبەستی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە كرابوون، بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانیش پۆلیس لانی كەم 10 كەسی دەستگیركردووە.
پێشبینی كرابوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا زۆر توند بێت، و ئەردۆغان ناچار بكات دۆڕاندن قبوڵ بكات، ئەگەری ئەوەش هەبوو پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕوا لە توركیا، زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستبدات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان، لە بەندیخانەوە بەشداریی ململانێی هەڵبژاردنی توركیای كرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی 2017وە دەستگیركرا.

هەڵبژاردنی توركیا: بەرەو سیستمی سەرۆكایەتی

لە 24ی حوزیرانی 2018 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا ئەنجامدرا، بۆ كێبڕكێ لەسەر ئەو پۆستەش شەش كەسێتی خۆیان كاندید كرد، رەجەب تەییب ئەردۆغان، موحەرەم ئینجە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، مەرال ئاكشەنەر، تەمەل كەرەمەڵڵا ئۆغلو و دۆغو پەرەنچیك.
ئەوەی دەبێتە سەر ك كۆماری توركیا، پێویستە لە گەڕی یەكەمدا 50+1 بەدەست بهێنێت، ئەگەر هیچ كاندیدێكیش نەیتوانی ئەو رێژەیە بەدەست بهێنێت، ئەوا قرناغی دووەمی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
لە قۆناغی دووەمدا شەش كاندید كێبڕكێ ناكەن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی، بەڵكو دەبێت دوو كاندید بمێننەوە، مانەوەی ئەو دوو كاندیدەش بەو شێوەیەیە كە لەو شەش كاندیدە دوانیان زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.
بۆ نموونە ئەگەر ئەردۆغان 40%ی دەنگەكانی هێنابێت، موحەروم ئینجە 35%، دەمیرتاش 20%، ئاكشەنەر 15%، لێرەدا ئەردۆغان و موحەرەم ئینجە دەچنە قۆناغی كۆتایی.
لە 24ی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجامدرا، ئەگەر هەڵبژاردنەكە كەوتە گەڕی دووەم لە 8ی تەمموزدا خولی دووەمی هەڵبژاردن دەكرێتەوە، واتا تەنیا پاش دوو هەفتە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن.
دوای ئەوەی سیستمی توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی گۆڕدرا، ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا براوەبێت و ببێتە سەرۆك كۆماری توركیا، دەسەڵاتێكی تەواوەتی دەبێت، واتا دەسەڵاتەكانی دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران تێدەپەڕێنێت و سەرۆكی حكومەت لەو دەمەدا تەنیا لەچەند پرسێكی ناوخۆیی و لاوەكیدا كارەكان رایی دەكات و سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی رەهای لە هەموو جومگە سەرەكییەكانی دەوڵەتدا دەبێت.

بەپێی سیستمی سەرۆكایەتی توركیا كە لە نیسانی 2017دا لەڕێی راپرسییەكەوە پەسەندكرا، سەرۆك كۆمار چوار جێگر بۆ خۆی دادەنێت، هەر جێگرە و نوسینگەی تایبەت بەخۆی دەبێت، و وەكو وەزیرێك كاری پێدەسپێردرێت و ئەویش لەڕێی ئەو دەسەڵاتانەی پێیدراوە كارەكان رادەپەڕێنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوچه‌ی‌ پشده‌ر له‌ سه‌رده‌می‌ میرنشینی‌ هه‌زبانی‌ دا

(1029-1132ز) عومه‌ر ئیسماعیل مارف جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌زبانیه‌كان هۆزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كورد ...