سەرەکی » ئاراستە » رۆژنامه‌وانی‌ هاووڵاتیی‌، واته‌ پاراستنی‌ رۆژنامه‌وانی‌ پرۆفیشناڵ

رۆژنامه‌وانی‌ هاووڵاتیی‌، واته‌ پاراستنی‌ رۆژنامه‌وانی‌ پرۆفیشناڵ

سه‌یفه‌دین ئه‌لعامری‌

رۆژنامه‌وانی‌ هاووڵاتیی، هه‌ر به‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ كه‌ كۆتایی به‌ قورغ كردنی‌ هه‌واڵ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌وانی‌ باو‌و گه‌رم‌و گوڕیی هه‌واڵ بهێنێت، به‌ڵكو ئێستا هاووڵاتی‌ ئاسایی خۆی‌ هه‌واڵ ده‌گوێزێته‌وه‌‌و رووداو دروست ده‌كات‌و له‌ رێگه‌ی‌ ئامرازه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ كردنه‌وه‌ بڵاویان ده‌كاته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و ئامرازانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك فه‌یسبووك‌و تویته‌ر دانوویان ده‌كوڵێ‌و كارلێكیان هه‌یه‌، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ قوڵه‌ له‌ میكانیزم‌و دینامیكی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵدا كاریگه‌رییكی‌ قوڵی‌ كردۆته‌ سه‌ر وه‌رگری‌ هه‌واڵ‌و دواتریش كاردانه‌وه‌ی‌ وه‌رگر له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ دیارده‌ی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌.
د. عیززه‌ عه‌بدولعه‌زیز عه‌بدولئیلا سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ راگه‌یاندن له‌ زانكۆی‌ سۆهاج توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ مه‌یدانی‌ ئه‌نجام داوه‌ به‌ ناوی‌ پیشه‌ییبوونی‌ رۆژنامه‌وانی‌ هاووڵاتیی، به‌ مه‌به‌ستی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بارودۆخی‌ راگه‌یاندن له‌ دیدی‌ رۆژنامه‌وانی‌ پرۆفیشناڵه‌وه‌، له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌ چاودێری‌ كردنی‌ مه‌یدانی‌‌و پراكتیكیانه‌ بۆ كاری‌ هاووڵاتی‌ رۆژنامه‌وان‌و چۆنێتی‌ دابه‌زاندنی‌ هه‌واڵه‌كان به‌ شێوه‌ی‌ زنجیره‌ی‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك له‌ سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا تا ده‌گات به‌ دوا هه‌واڵ، توێژه‌ر كه‌م‌و كووڕییه‌كانی‌ ئه‌م ئاراسته‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ پراكتیكی‌ كه‌ گرنگی‌ بدات به‌ دیارده‌ی‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتیی، له‌ كاتێكدا توێژینه‌وه‌كانی‌ پێشتر له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و له‌ خۆرئاواش زیاتر گرنگییان داوه‌ به‌ ناوه‌رۆكی‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتی‌، یان وه‌رگری‌ ئه‌و بواره‌ یاخود چۆنێتی‌ دروست بوونی‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتیی.
توێژنه‌وه‌كه‌ی‌ د. عیززه‌ سه‌ر به‌ توێژنه‌وه‌كانی‌ جۆری‌ وه‌سفییه‌‌و تیایدا میتۆدی‌ رووپێویی له‌سه‌ر دوو ئاست به‌كار هاتووه‌، ئاستی‌ یه‌كه‌م رووپێویی سامپڵی‌ هاووڵاتی‌ رۆژنامه‌وان له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیدا‌و ئاستی‌ دووه‌میش رووپێوییه‌ بۆ رۆژنامه‌وانی‌ پرۆفیشناڵ، كه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ عه‌ره‌بیدا كار ده‌كه‌ن، مه‌به‌ست له‌و دوو ئاسته‌ش هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتییه‌. پاشان له‌ رێگه‌ی‌ فۆڕمی‌ راپرسیی ئه‌له‌كترۆنییه‌وه‌ كه‌ توێژه‌ر له‌ هه‌ردوو ئاسته‌كه‌دا به‌كاری‌ هێناوه‌، گه‌یشتووه‌ به‌م ده‌ره‌نجامانه‌: زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ چالاكن له‌ بواری‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتییدا خولی‌ جۆراوجۆریان بینیوه‌ له‌ بواری‌ چۆنێتی‌ رووماڵ كردنی‌ مه‌یدانی‌ رووداوه‌كان له‌ رێگه‌ی‌ كامێرای‌ مۆبایله‌وه‌، ئه‌وجا به‌ ته‌كنیكی‌ ڤیدیۆ بێت یان فۆتۆ، پاشان چۆنێتی‌ داڕشتنی‌ نووسراوێك كه‌ رووداوه‌كه‌ وه‌سف بكات له‌گه‌ڵ چۆنێتی‌ دابه‌زاندن‌و بڵاو كردنه‌وه‌ی‌. هه‌روه‌ها زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتیی ده‌كه‌ن، له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیدا كوڕن‌و بڕوانامه‌ی‌ زانكۆیان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت بواری‌ ئه‌ده‌بی‌. دیارترین ئه‌و خولانه‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌ چالاكانه‌ش بینیویانه‌، هونه‌ری‌ وێنه‌گرتن‌و ڤیدیۆ‌و مۆنتاج‌و راگه‌یاندنی‌ دیجیتاڵ، راگه‌یاندنی‌ ئه‌منی‌، راگه‌یاندنی‌ ئاراسته‌ كردنی‌ سیاسی‌، دامه‌زراندنی‌ ماڵپه‌ڕی‌ هه‌واڵ، چۆنێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ دیداری‌ ڤیدیۆیی رۆژنامه‌وانیی‌و.. هتد.
د. عیززه‌ له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یدا هۆكاری‌ په‌نابردن بۆ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیدا ئازادی‌ راده‌ربڕین‌و راگه‌یاندن به‌رته‌سك بۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌كاربه‌ر، یاخود وه‌رگر به‌دوای‌ جێگره‌وه‌یه‌كدا بگه‌ڕێت كه‌ ده‌رفه‌تی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ بۆ بڕه‌خسێنێت له‌ بری‌ رێگا باوه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ وه‌ك ته‌له‌ڤزیۆن‌و رۆژنامه‌‌و رادیۆ‌و ئه‌وانی‌ دی‌، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌و كه‌ناڵه‌ باوانه‌ رووبه‌ڕووی‌ په‌رده‌پۆش‌و فشار‌و كۆنترۆڵ كردن‌و سانسۆر ده‌بنه‌وه‌. زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌شدار راپرسییه‌كه‌ی‌ د. عیززه‌-یان كردووه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ داهاتوو بۆ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتی‌‌و ئه‌و سایتانه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌واڵ له‌ هاووڵاتی‌ رۆژنامه‌وانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، له‌ داهاتوودا رۆژنامه‌ی‌ باو نامێنێت.
بۆچوونی‌ رۆژنامه‌وانی‌ باو، به‌ پێی‌ توێژینه‌وه‌كه‌ بۆچوونێكی‌ پۆزه‌تیڤه‌، چونكه‌ 78%ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌شداری‌ راپرسی‌ تایبه‌ت به‌ توێژینه‌وه‌كه‌یان كردووه‌، پێیان وایه‌ بوونی‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتیی شتێكی‌ باشه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ هاووڵاتیش رێز له‌ به‌ها‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌‌و گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵ بگرێت، به‌ تایبه‌تیش به‌ها‌و ئاكاری‌ پیشه‌یی كاری‌ رۆژنامه‌وانیی. رۆژنامه‌وانه‌ پیشه‌وه‌ره‌كان دیارده‌ی‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتیی به‌رز ده‌نرخێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێیان وایه‌ بوارێكی‌ پراگماتیكییه‌ بۆ ئازادی‌ راده‌ربڕین‌و بلاو كردنه‌وه‌ی‌ به‌ شێوه‌ی‌ رۆژانه‌، ئه‌مه‌ش هیچ بوارێكی‌ بۆ ده‌سه‌ڵات نه‌هێشتۆته‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و ئازادییه‌ی‌ هاووڵاتیاندا، به‌و شێوه‌یه‌ش رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتیی به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ده‌بێته‌ پشتیوان بۆ رۆژنامه‌وانیی پیشه‌یی واته‌ پرۆفیشناڵ.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ خراپییه‌كانی‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتیی بۆ رۆژنامه‌نووسێكی‌ پیشه‌یی له‌ ئاستی‌ پیشه‌ییبووندایه‌، رۆژنامه‌وانه‌ پرۆفیشناڵه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێن، هاووڵاتیان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵ‌و بابه‌ت‌و زانیارییه‌كاندا وردبینی‌ ره‌چاو ناكه‌ن، زۆر جار وێنه‌یه‌كی‌ ناته‌واو له‌باره‌ی‌ رووداوێكه‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌ وه‌رگر، یان هاووڵاتییه‌كه‌ خۆی‌ سه‌ر به‌ ئایدیۆلۆژیایه‌ك یان سیاسه‌تێكی‌ دیاریكراوه‌‌و هه‌وڵ ده‌دات پڕوپاگه‌نده‌ بكات، به‌ڵام به‌ هه‌ر جۆرێك بێت سوودێكی‌ گه‌وره‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ هاووڵاتی‌ رۆژنامه‌وان ئازادانه‌‌و خۆڕسكانه‌ بجوڵێت‌و كار بكات، به‌ تایبه‌تیش له‌ كاركردنیادا له‌ دۆسێی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئیداری‌‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كاروباری‌ گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌.
توێژینه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و فشاره‌ی‌ له‌سه‌ر رۆژنامه‌وانێكی‌ پیشه‌ییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و فشاره‌ی‌ له‌سه‌ر رۆژنامه‌وانی‌ هاووڵاتییه‌، چونكه‌ فشاری‌ سه‌ر رۆژنامه‌وانی‌ پیشه‌یی به‌ هۆی‌ فشاری‌ به‌رپرسی‌ ده‌زگاكه‌ی‌‌و خاوه‌ن ریكلام‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌‌و سانسۆری‌ ده‌ره‌وه‌‌و ناوه‌وه‌ی‌ ده‌زگا دروست ده‌بێت، به‌ڵام فشاری‌ سه‌ر هاووڵاتییه‌كی‌ رۆژنامه‌وان هه‌ندێكی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پیشه‌ییبوونه‌وه‌‌و هه‌ندێكیشی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ نه‌بوونی‌ یاسا‌و په‌یماننامه‌یه‌ك كه‌ هاووڵاتییه‌كی‌ رۆژنامه‌وان بپارێزێت، بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ چالاكیانه‌ بكه‌ونه‌ ژێر فشاری‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ پێشبینییه‌كان بۆ داهاتووی‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانیی، هه‌ردوو لا واته‌ رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتیی‌و رۆژنامه‌وانی‌ پیشه‌ییش راو بۆچوونیان نزیك بوو له‌یه‌كه‌وه‌، هه‌ردوو لاش پێیان وایه‌ له‌ داهاتوودا پشتبه‌ستنی‌ وه‌رگر به‌ رۆژنامه‌ی‌ چاپكراو پاشه‌كشه‌ ده‌كات‌و ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ باویش زیاتر پشت به‌ ته‌كنۆلۆژیای‌ نوێی‌ په‌یوه‌ندیی‌ كردن ده‌به‌ستن، هه‌ر ئه‌و ته‌كنۆلۆژیایانه‌ش جۆرێك له‌ ده‌ربازبوونی‌ راسته‌قینه‌ ده‌سه‌پێنن له‌ بواری‌ ئازادی‌ راده‌بڕین‌و بڵاو كردنه‌وه‌‌و ئه‌و كاتیش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قه‌ده‌غه‌ كردن‌و سانسۆر‌و رێگریی كردن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پێش به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌بوو قورس ده‌بێت.

چاودێری‌ رۆژنامه‌وانی‌ عه‌ره‌بی‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیام و چەپكە گوڵی پیرۆزباییان هەبوو

* شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: خۆشبەختانە ئەمرۆ ژنان لە تەواوی بوارەكاندا ...