ئەردۆغان: دیموكراتی و هاووڵاتیان سەركەوتوو بوون – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » ئەردۆغان: دیموكراتی و هاووڵاتیان سەركەوتوو بوون

ئەردۆغان: دیموكراتی و هاووڵاتیان سەركەوتوو بوون

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی كە لە 24ی حوزەیرانی 2018 ئەەنجامدران، بە سەرۆكی توركیا هەڵبژێردرایەوە و لەمەودوا دەسەڵاتەكانی لە وڵاتەكەدا زیاتر دەبن.
ئەردۆغان كە 15 ساڵەی هەژموونی خۆی بەسەر دەسەڵاتی توركیادا سەپاندووە، سەرلەنوێ‌ و بۆ ماوەی پێنج ساڵی تر سەرۆكایەتی توركیا دەكات و دوای بەدوای بردنەوەیشی لەبەردەم بارەگای پارتە ئیسلامییە موحافیزكارەكەی (پارتی داد و گەشەپێدان) لە ئەنقەرە، وتارێكی پێشكەش بە لایەنگرانی كرد.
ئەردۆغان: هاوڵاتیان براوەن
ئەردۆغان لە وتارەكەیدا رایگەیاندبوو»براوەی هەڵبژاردنەكان، دیموكراتی و خواستی نیشتمانییە. براوە لە هەڵبژاردنەكان یەك بە یەكی هاوڵاتیانی وڵاتە كە ژمارەیان 81 ملیۆن كەسە».
دەسەڵاتداران لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەكان رایانگەیاند كە ئەردۆغان زۆرینەی رەهای دەنگەكانی دەستبەركرد و بەسەر موحەرەم ئینجەی ركابەری سەركەوت.
ئەردۆغان لە سەردەمی كۆماری توركیای كەمال ئەتاتورك، و لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا خۆی وەك بەهێزترین سەركردە سەپاندووە. لە سەردەمی ئەودا پرۆژەی ژێرخانی زەبەلاح ئەنجامدران و بواری ئازادییە ئاینییەكان زیاتر بوون، و ئەنقەرەش بووە گەمەكەرێكی دیپلۆماسی سەرەكی لە ناوچەكە.
نەیارانی ئەردۆغان (تەمەن 64 ساڵ)، بەوە تۆمەتباری دەكەن كە ویستی خۆسەپێنی هەیە، بە تایبەت لە دوای هەوڵی كودەتاكەی تەمموزی 2016 و ئەو هەڵمەتەی لە دژی نەیاران و رۆژنامەوانان لە دامەزراوە و كەرتە جیاجیاكانی وڵاتەكەدا بەرپاكرا و بووە مایەی نیگەرانی ئەوروپا.
بە بردنەوەیشی لە هەڵبژاردنەكەدا، دەسەڵاتێكی گەورەتر بۆ ئەو پیاوە بەرجەستە دەبێت، چونكە وڵاتەكە لەئێستادا لە سیستمی پەرلەمانییەوە دەبێتە سەرۆكایەتی و زۆرینەی هەرە زۆری دەسەڵاتەكانی راپەڕاندن دەكەونە دەستی سەرۆكەوە، ئەمەش لەڕێی ریفراندۆمێك كە لە مانگی نیسانی 2017دا ئەنجامدرا.
دوابەدوای هەڵبژاردنەكە، ئاژانسی رەسمی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە كە ئەردۆغان بەدەستبەركردنی 52.5%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، لە ریزبەندی سەرەوەیە، حزبەكەیشی (پارتی داد و گەشەپێدان) كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات، 53.61%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی مسۆگەر كردووە.
دوای ئەردۆغان
موحەرەم ئینجە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا 30.7%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و هاوپەیمانییە پەرلەمانییەكەیشی كە لە چەند پارتێكی ئۆپۆزسیۆن پێكدێت 34%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەستبەركرد، ئەمەش لەلایەن ئاژانسی ئەنادۆڵەوە ئاماژەی پێكرابوو.
دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكان، ئینجە هیچ لێدوانێكی نەدا، بەڵام لە رۆژی 25حوزەیرانی 2018، كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی لە ئەنقەرە سازكرد.
هەزاران كەس لە لایەنگرانی ئەردۆغان لە ئێوارەی رۆژی هەڵبژاردنەكاندا لەبەردەم بارەگای سەرەكی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئیستەنبوڵ گردبوونەوە و ئاڵای توركیایان رادەوەشاند.
هندان بوزتوی كە لەگەڵ كچەكەی هاتبوو بۆ ئاهەنگی بردنەوە، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندبوو»لەسەدا سەد دەمانزانی براوەدەبین، ئەردۆغان پاڵەوانی ئێمەیە، ئەنجامەكان گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت، بۆ 16 ساڵە بەردەوام ئەردۆغان براوەدەبێت، ئێمەش وەك نەتەوە لە پشتییەوەین».
جنی جبور، پسپۆڕ لە كاروباری توركیا لە سەنتەری توێژینەوە نێودەوڵەتییەكان لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان لە پاریس بە (فرانس پرێس)ی راگەیاندبوو»بردنەوەی ئەردۆغان بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە بۆ ئەوەی كە خاوەن بنكەیەكی جەماوەریی گەورەیە لەنێو دەنگدەران، بە تایبەت موحافیزكارەكان لە ناوچە گوندنشینەكانی ئەنادۆڵ، دەستەواژەیەكیشە بۆ بەتوانایی ئەو پیاوە بەڕووی ئۆپۆزسیۆنێكی یەكگرتوو».
ئەردۆغان هەوڵ دەدات، ئامادەكاریی و زەمینەسازیی تەواو بكات بۆ سەرخستنی پلانەكەی، ئەوەش لەڕێی بانگەشەكردنی بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە لەماوەی باریی نائاسایی كە بۆ زیاتر لە ساڵێكە لە وڵاتەكەدا هەیە، بەڵام هەڵكشانی ئۆپۆزسیۆن و خراپبوونی باری ئابوری دوو پێشهاتی لەناكاو بوون.
بەو هۆیەی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن بنەماكانیان دوورن لە یەك هێندەی تر دۆخەكەیان لەخۆیان ئاڵۆز كرد، بۆ نمونە پارتی گەلی كۆماری سۆسیاڵ دیموكراتە، پارتی چاكە راستەڕەوی نەتەوەییە و پارتی سەعادەت ئیسلامی موحافیزكارە و دژی ئەردۆغانە،پارتی دیموكراتی گەلانیش هەڵگری پرسی كوردە، هەموو ئەو لایەنانە هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەیان بە دواهەل دادەنا بۆ رێگرتن لە ئەردۆغان تا دەستی لە دەسەڵاتێكی رەها گیرنەبێت.
ئینجە خۆی وەك ركاربەری سەرەكی ئەردۆغان بینییەوە و توانی جەماوەرێكی زۆر لە تێكڕای ناوچەكانی توركیا بەلای خۆیدا رابكێشێت.
ئەردۆغان سیستمی سەرۆكایەتی نوێی وەك پێویستییەك خستبووڕوو تا جێگەی دەسەڵاتێكی سەقامگیریی راپەڕاندن بگرێتەوە، بەڵام نەیارەكانی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە هەوڵ دەدات هەموو دەسەڵاتەكان لەڕێی ئەو گۆڕانكارییەوە بگرێتەدەست، بەتایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت كە بوار بە سەرۆك خۆش دەكات مەرسومەكان دەربكات.
ناهاوسەنگی
هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن روماڵێكی میدیایی بێ‌ پێشینە و نا هاوسەنگیان بەخۆوەبینی، بەو پێیەی هەموو كەناڵەكانی تەلەفیزیۆن هەموو وتارەكانی ئەردۆغانیان بە تەواوی پەخش دەكرد، لەكاتێكدا سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان ناچاركرابوو لە بەندیخانەوە ئەو هەڵەتە بەڕێوەببات كە لە ساڵی 2016وە دەستگیركراوە و تۆمەتباركراوە بە ئەنجامدانی چالاكی «تیرۆریستی».
ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا ئاشكرایان كردبوو كە دەمیرتاش زیاتر لە 8%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و حزبەكەیشی بەربەستی 9%ی تێپەڕاندووە كە وەك ئاستی نیشتمانی بۆ چوونە پەرلەمان و دەستخستنی كورسییەكان پەرلەمان دیاریی كراوە.
نیگەرانی هەبوو لەبارەی ئەنجامدانی ساختەكاریی لە ناوچەكانی باشووری خۆرهەڵاتی توركیا كە زۆرینەی دانیشتوانی كوردن. لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن چاودێرێكی زۆریان لەو ناوچانە بڵاوكردبۆوە و ئاماژەیان بە روودانی سەرپێچی كردبوو بە تایبەت بە پارێزگای شانلی ئۆرفا.
بردنەوەیەكی چاوەڕوانكراو
وەك دەزگاكانی هەڵبژاردن لە توركیا لە 25ی حوزەیران ئاماژەیان پێكردبوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر لەسەدا پەنجای دەنگەكانی هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی دەستبەركرد، بەو واتایەی كە بووە براوەی ماوەیەكی نوێی سەرۆكایەتی بە دەسەڵاتێكی زیاترەوە.
سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا رایگەیاندبوو»رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆرینەی رەهای دەنگە شیاوەكانی دەستەبەركرد»، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاریی زیاتر، یان ژمارەكان لەو بارەیەوە رابگەیەنێت.
دوابەدوای هەڵبژاردنیش ئەردۆغان لە وتارەكەیدا لە ئێوارەی 24ی حوزەیران لە ئیستەنبوڵ رایگەیاندبوو»ئەنجامە نا رەسمییەكانی هەڵبژاردنەكان ئاشكران. بەپێی ئەو ئەنجامانە بەڵێنم بە نەتەوەكەمان داوە كە بەرپرسیارێتی سەرۆكایەتی كۆمار بگرمە ئەستۆ».
لێدوانەكانی ئەردۆغان لەكاتێكدا بوو كە پارتی گەلی كۆماری (لایەنی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن)، باسی لەوەكردبوو كە دەبێت خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجام بدرێت.
بەرلە راگەیاندنی ئەنجامەكانیش، لایەنگرانی ئەردۆغان لە شەقامەكانی توركیادا دەستیان كرد بە ئاهەنگ گێڕان و راوەشاندنی ئاڵاكانیان.
ئەردۆغان رایگەیاندبوو»توركیا لەگەڵ رێژەی بەشداریی نزیكەی لەسەدا 90، جیهانی فێری وانەیەكی تری دیموكراتی كرد».
بەپێی ئاژانسی رەسمی ئەنادۆڵ، ئەردۆغان بەدەستەبەركردنی 52.5% لەپاش جیاكردنەوەی لەسەدا 99ی دەنگەكانی سەرۆكایەتی، لە پلەی یەكەمدایە و هاوپەیمانییەكیشی كە پارتی دادو و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی دەكات، رێژەی 53.65%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی مسۆگەر كردووە.
هەر بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئینجەی ركاربەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا 31.7%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانییەكەیشی بۆ پەرلەمان 34%ی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەستبەركردووە.
پارتی گەلی كۆماری ئەنجامەكان رەتدەكاتەوە
حزبەكەی ئینجە، ئەو ئەنجامە رەسمیانەی رەتكردەوە كە ئەنادۆڵ بڵاویكردبۆوە و رایگەیاندبوو، ئەو ژمارەیەی لای ئەوانە، دەریدەخات كە ئەردۆغان كەمتر لەسەدا پەنجای دەنگەكانی هێناوە، بەوپێیەش پێویستە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكرێت، بەڵام دواتر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییەكەی لە ئەنقەرە، دانی نابوو بە دۆڕانی لە هەڵبژارنەكەدا و داوای لە ئەردۆغان كردبوو، ببێتە سەرۆكی هەموان و ببێتە سەرۆك بۆ هەموو چین و توێژەكانی گەلی توركیا.
سەرۆكی توركیا لە مانگی نیسانی رابردوو داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی پێشوەختی كردبوو كە وابڕیاربوو لە مانگی تشرینی دووەمی 2019 ئەنجام بدرێت.
ئەردۆغان لە سەردەمی كۆماری توركیای كەمال ئەتاتورك، و لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا خۆی وەك بەهێزترین سەركردە سەپاندووە. لە سەردەمی ئەودا پرۆژەی ژێرخانی زەبەلاح ئەنجامدران و بواری ئازادییە ئاینییەكان زیاتر بوون، و ئەنقەرەش بووە گەمەكەرێكی دیپلۆماسی سەرەكی لە ناوچەكە.
نەیارانی ئەردۆغان (تەمەن 64 ساڵ)، بەوە تۆمەتباری دەكەن كە ویستی خۆسەپێنی هەیە، بە تایبەت لە دوای هەوڵی كودەتاكەی تەمموزی 2016 و ئەو هەڵمەتەی لە دژی نەیاران و رۆژنامەوانان لە دامەزراوە و كەرتە جیاجیاكانی وڵاتەكەدا بەرپاكرا و بووە مایەی نیگەرانی ئەوروپا.
بە بردنەوەیشی لە هەڵبژاردنەكەدا، دەسەڵاتێكی گەورەتر بۆ ئەو پیاوە بەرجەستە دەبێت، چونكە وڵاتەكە لەئێستادا لە سیستمی پەرلەمانییەوە دەبێتە سەرۆكایەتی و زۆرینەی هەرە زۆری دەسەڵاتەكانی راپەڕاندن دەكەونە دەستی سەرۆكەوە، ئەمەش لەڕێی ریفراندۆمێك كە لە مانگی نیسانی 2017دا ئەنجامدرا.
بەو هۆیەی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن بنەماكانیان دوورن لە یەك هێندەی تر دۆخەكەیان لەخۆیان ئاڵۆز كرد، بۆ نمونە پارتی گەلی كۆماری سۆسیاڵ دیموكراتە، پارتی چاكە راستەڕەوی نەتەوەییە و پارتی سەعادەت ئیسلامی موحافیزكارە و دژی ئەردۆغانە،پارتی دیموكراتی گەلانیش هەڵگری پرسی كوردە، هەموو ئەو لایەنانە هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەیان بە دواهەل دادەنا بۆ رێگرتن لە ئەردۆغان تا دەستی لە دەسەڵاتێكی رەها گیرنەبێت، بەڵام ئەوەی رویدا پێچەوانە بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر: میر محەمەد قسەی باشی بۆ ناكرێت

رەوتەد بن جاسم ئال سانی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر پێیوانییە ...