ئەمریكا چیتر پشتیوانی لە گروپە چەكدارەكانی باشووری سوریا ناكات – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا چیتر پشتیوانی لە گروپە چەكدارەكانی باشووری سوریا ناكات

بە نامەیەك ئاگاداری كردوون

ئەمریكا چیتر پشتیوانی لە گروپە چەكدارەكانی باشووری سوریا ناكات

سەركردەی یەكێك لە گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن لە باشووری ئەو وڵاتە رایگەیاندووە كە ولایەتە یەكگرتووەكان لە 24ی حوزەیرانی 2018 بە گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی راگەیاندووە كە لەبەرانبەر هێرشەكانی سوپای سوریا بۆ ناوچەكەیان، وەڵامی سەربازیی نابێت و پشتیوانیان ناكات.
ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئاماژەی بەو نامەیەش كردبوو كە لەیەن واشنتۆنەوە لەو بارەیەوە پێیانگەیشتووە.
وەك ئاژانسی (فرانس پرێس) ئاماژەی پێكردووە، لە نامەكەی ئەمریكا بۆ گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە بە زمانی عەرەبی نوسراوە هاتووە»پێویستە هەڵوێستی خۆمان رونبكەینەوە: تێدەگەیەن لەوەی كە پێویستە بڕیارەكاندا بەپێی بەرژەوەندی خۆتان و خەڵكی خۆتان دەربكەن، نابێت بڕیارەكانتان پشتبەستوو بەوەی كە چاوەڕوانی دەستوەردانی سەربازیی ئێمە بكەن».

هێرشەكانی سوپای سوریا
دوای چڕكردنەوەی بۆردومانەكان لە پارێزگای درعا و ریفی خۆرهەڵاتی پارێزگاكە، سوپای سوریا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی بۆ ناوچەكانی باشووری وڵاتەكەی دەستپێكرد كە زۆربەی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سەر بە ئەمریكا و ئوردن، كۆنترۆڵ كراون.
بە گوتەی سەركردەكەی ئۆپۆزسیۆن، نامەكە لەلایەنێكی رەسمی ئەمریكاییەوە دەرچووە و تێدا هاتووە»ئێمە لە حكومەتی ولایەتە یەكگرتووەكان، تێدەگەین لەو روشە قورسەی لەئێستادا بەسەرتاندا هاتووە، ئامۆژگاریی روسەكان و رژێمی سوریامان كردبوو هیچ كارێكی سەربازیی ئەنجام نەدەن».
واشنتۆن لەبارەی نامەكەوە هیچی رانەگەیاندبوو.
سەركردەكەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەڵێت»كرۆكی نامەكە ئەوەیە كە ئەمریكا ناتوانێت ئارمەتی باشووری سوریا بدات، بەو واتایەی كە خۆتان بەرگری لە خۆتان بكەن، نامەكەش وەك رونكردنەوەیەكی ولایەتە یەكگرتووەكانە نەك وەك وەڵامی داواكارییەكی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەكە».
هەروەها راگەیاندبوو كە «ئەوان لە بنەڕەتدا دەیانزانی كە ئەمریكا دەستوەردانی سەربازیی لەناوچەكەدا نابێت».

باشووری سوریا و ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا
دوای ئەوەی دوو مانگ لەمەوبەر غوتەی شەرقی و گەڕەكەكانی باشووری پایتەختی كۆنترۆڵكردەوە، دیمەشق باشووری سوریای وەك ئاراستەی داهاتووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دیاریی كردبوو، بۆ ئەو مەبەستەش چەند هەفتەیەك لەمەوبەر هێزە سەربازییەكانی بەرەو ئەو ناوچانە رەوانەكردبوو.
باشووری سوریا كە پارێزگاكانی درعا و قنێترە و سوەیدا لەخۆدەگرێت، لەڕووی پێگەی جوگرافی سنوریی لەگەڵ ئیسرائیل و ئوردن تایبەتمەندییەكی گرنگی هەیە، وێڕای نزیكیشی لە دیمەشق.
بەشێوەیەكی سەرەكی ئایندەی باشووری سوریا لە وتوێژەكانی نێوان روسیا كە پشتیوانی لە دیمەشق دەكات، لەگەڵ ولایەتە یەكگرتووەكان و ئوردن و ئیسرائیل، دیاریی دەكرێت.
پێشتر بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی رایگەیاندبوو، دوو رێگە چارە لەبەردەم گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن هەیە لەو ناوچەیە، یان «پێكهاتنەوە»، یان یەكلاكردنەوەی سەربازیی، باسی لە پێشنیارێكی روسیاش كردبوو سەبارەت بە «پێدانی هەلێك بۆ لێكگەیشتن».
گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، دەستییان بەسەر 70%ی پارێزگاكانی قنێترە و دەرعادا گرتووە، لە سوەیداش لە دەوروبەری پارێزگاكە بەڕووی خۆرئاوادا بونیان هەیە.
ئەو پارێزگایانە یەكێكن لەو چوار ناوچەیەی كە لە سوریادا رێكەوتنی هێوركردنەوەیان لەسەركراوە. بە سەرپەرشتی ئەمریكا و ئوردن لە مانگی تەمموزی 2017، ئاگربەست تێیاندا راگەیەندرا و بە تەواوەتی شەڕو پێكدادانەكان راگیران.
لەم چەند مانگەی دواییدا، سوپای سوریا دەستیگرتەوە بەسەر غوتەی شەرقی و ریفی حمس كە بە ناوچەكانی هێوركردنەوە دادەنران، بەوپێیەش لەنێوان چوار ناوچەكەدا تەنیا باشووری وڵاتەكە و پارێزگای ئیدلیب (باكووری خۆرئاوا) ماوەنەتەوە.
هەریەك لە واشنتۆن و نەتەوە یەكگرتووەكان داوایان كردبوو لە باشوور ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان رابگیرێن. نیكی هایلی باڵێوزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو»روسیا بەرپرسە بەرانبەر بە هەر ئاڵۆزییەكی نوێ‌ كە لە سوریادا دروستببێت».
لەم ماوەیەی دواییدا، روسیا بۆ یەكەم جار لە پاش ساڵێك، بۆ پشتیوانی لە حكومەتی سوریا، هێرشی ئاسمانی كردە سەر ئەو ناوچانەی كە لە دەرعا ئۆپۆزسیۆنیان تێدایە و لە ریفی پارێزگاكە رووبەڕووی هێزەكانی سوپای سوریا دەبنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر: میر محەمەد قسەی باشی بۆ ناكرێت

رەوتەد بن جاسم ئال سانی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر پێیوانییە ...