سوودەکانی یۆگا بۆ منداڵان – knwe.org
سەرەکی » زانست » سوودەکانی یۆگا بۆ منداڵان

سوودەکانی یۆگا بۆ منداڵان

رەزا شوان

یۆگـا وەرزشێکی جەستەیی و دەروونییە، مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا، بە تایبەتیش لە هیندستان، وەکو رێوڕەسمێکی ئایینی باو و بڵاوبووه‌.
وشەی (یۆگـا) لە (زمانی سەنسکریتی) یەوە وەرگیراوە، کە زمانی کۆنی هیـند بوو.
لەمڕۆشدا وەرزشی یۆگـا رۆژ لە دوای رۆژ لە جیهاندا تەشنە دەکات، هەوه‌سداران و هەوادارانی لە زۆربووندان، سوود و گرنگی زیاتری ئاشکرادەکەن، راهێنان و داهێنانی تازە دەخەنە سەری، لە شارەکانی کوردستانی ئێمەشدا وەرزشکاران و حەزلێکەرانی یۆگـا لە زۆربووندان، کۆمەڵەی یۆگـا و چەندین گـروپی تری ئەم وەرزشە هەن.
یۆگـا جۆر و شێواز و راهێنانەکانی زۆرن، لە ئاسانەوە بۆ قورس دەستپێدەکات، گەورە و منداڵان حەزیان لێی هەیە و بە تاک و بە کۆمەڵ دەیکەن.
یۆگـای منـداڵان، بریتییە لە کۆمەڵێک مەشق و راهێـنانی سووک و ئاسان، کە لەگەڵ توانای جەستەی منداڵاندا گونجاو و لەبارن بۆ تێکەڵبوونی رووح و هۆش و جەستەیان و بە دیهێنانی گونجـانی ناوەکی خـودی منـداڵان. سەرەڕای سوودی زۆری جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی، منـداڵان وەکو یارییەکی خۆشی وەرزشیی یۆگـ دەکەن و خـۆشی و شادییەکی زۆریان پێدەبەخشێت.
سوودەکانی یۆگا بۆ منداڵان

سوودەکـانی یۆگـا بۆ منـداڵان زۆرن، بە کـورتی لەم خـاڵانی خـوارەوەدا، گـرنگترین ئەوسوودانە باس دەکەیـن:
١ـ یۆگـا یەکێکە لەو وەرزشانەی کە پشت بە هێمنی و ئارامی دەبەستێت، کار بۆ ئەوە دەکات منـداڵان زیاتر لە زمـانی جـەستە و هـۆشی خۆیان بگەن، لە ڕیـی وەرزشی یۆگـاوە فێری هیمنی و ئارامی و ئاسوودەیی دەبن، لە رووداو و کارەساتەکـاندا، زیاتر لەسەرخـۆن و ئـارامگـرن و نەرم ڕەوییان پێوە دیـارە.
٢ـ یۆگـا ماسوولکەکان خاودەکاتەوە، رێگری لە خەوزڕان دەکات و یارمەتی منداڵان دەدات کە باشتر بنوون، زۆر لە لێکۆڵینەوەکان لە بارەی سوودەکانی یۆگا بۆ منداڵان، جەختیان لەسەر ئەوە کـردووه‌، کە منـداڵانی خـوار تەمـەن دە ساڵان، ناتـوانن بە شێوەیەکی گونجاو و پێویست بوەستن، بەڵام گەر هەنـدێ لە راهێنانەکانی یۆگـا بکەن، ئه‌و هۆکارێکی گـرنگه‌ بۆ پشـوودان و باشـتر نووستن.
٣ـ یۆگـا یارمەتی رێکخستنی هەناسە دەدات، بە تایبەتیش ئەو منـداڵانی کە تووشبووی هەناسەتەنگی (رەبـۆ) بوون، لە زۆربەی گوشارە دەروونییەکـانیش رزگـاریان دەبێت، رێـز لە خـۆیان دەگرن و لەگەڵ خـودی خۆیانـدا بە ئـارامی دەژیـن.
٤ـ زۆر لەلێکۆڵینەوەکـان جەختیان لەوە کـردۆته‌وه‌ کە یۆگـا یـارمەتی ئەو منـداڵانە دەدات کە زۆر جوڵە و بزێو و بێ ئۆقرەن و ناوریـان، لە رێی وەرزشی یۆگاوی‌ رێک وپێکەوە ئاسانە بەسەر ئەم کێشە نەرێنیانـەدا سەربکەون.
٥ـ یۆگا یارمەتی خاوبوونەوە و حەسانەوەی لەشی منداڵان دەدات و دەروون ومێشکیان هـێوردەکاتەوە، ئازاری جەستەش کەمتر دەکاتەوە.
یۆگـا یارمەتی منـداڵانی نەخۆش دەدات تا خێراتر لە نەخۆشییە درێژخـایەن و جەسـتەیی و دەروونییەکـانیان چـاک ببـنەوە، یۆگـا چارەسەرێکی تەواوکەری چـارەسەرەکـانە. ئەو منـداڵانه‌ی کە وەرزشی یۆگـا ده‌کەن، کەمتر تووشـی نەخۆشییە مەتـرسیداره‌کان دەبن، چونکە یۆگـا هـێزی بەرگـریی لەش چالاکـتر دەکات، هەروەها چارەسەری ئـازاری ئەژنـۆ و پشـت و پێیەکان دەکـات.
٦ـ یۆگـا دڵ و دەروونی منـداڵان خـاوێن دەکـاته‌وه‌، لە بیر و نیـازی خـراپ و لە خەیـاڵی ناپەسەند و لە بەدکـاری و لە(ئیرەیی) دووریـان دەخـاتەوە.. دەتـوانن بە رۆحێکی وەرزشی و هاوڕێیه‌تی و لێبووردن لەگەڵ منداڵانی تردا بگونجێن و هەڵبکەن.
٧ـ بەشێکی زۆر لە منـداڵانی بچووک، یۆگـا بە یارییەکی خۆش دەزانـن، پێکەوە جۆرە یۆگـایەکی ئاسان دەکەن. شادییان پێدەبەخشێت و خـۆشی لێوەردەگـرن.
٨ـ بە لێکۆڵینەوە ئەوە سەلمێنراوە کە یۆگـا روانین و سەرنجی منداڵان تیژ تر دەکات، فـێری ئەوەیان دەکات بە وریایی و بە وردی سەرنـج بـدەن، تا بە سەرکەوتـوویی راهێنانەکـان ئەنجام بدەن.
ئەو منـداڵانه‌ی وەرزشی یۆگـا بکەن، وا هەست دەکەن کە هۆشیارن و توانایەکی باشیان هەیە، لە خوێندنـدا سەرنج وردتـرن لە منـداڵانی تر، لە تاقیکردنەوەکانی وانەکانیشدا بـڕوا و متمانـەیەکی زیاتـریان بە سەرکەوتن و بە دەرچـوونی خۆیان هـەیە.
٩ـ یۆگـا وەرزشی ململانێ و کێبڕکێ نییە، بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی خەڵات و دەسکەوت نییە، قـەوارە و قەڵافـەت و کێش و شێوەی جەستەی منداڵانیش مەرج و گرنگ نییە، هەموو منداڵێک بە پێی حەز و کێش و توانای خۆی دەتوانێت یۆگـا بکات.
١٠ـ یۆگـا وزە و گـوڕ و تینێکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشێت، کێشی زۆر دادەگرێت و کەمتری دەکاتەوە، منداڵانیش لە دڵەڕاوکێ و په‌شۆکان و خەمۆکی و گۆشەگیری و گرژی و پەستی و هەڵچوون و رق و کینە و توندوتیژی و خۆپەرستی و شەڕانگێزی دوور دەخاتەوە، دەتـوانن کۆنترۆڵی خویان بکەن، بە زمـانی گـوڵ یەکتری بـدوێنن.
١١ـ یۆگـا گەشـبینی و هـیواخوازی و دڵـخۆشی و شـادی و رووگـەشی بە منـداڵان دەبەخشێت، وایان لێدەکات کە چـێژی زیاتر لە جوانییەکـان وەربگرن و ژیـانیان لا شیرینتر بێت و لە ژیـانێکی خـۆشتر و لە داهـاتوویەکی باشـتر و گەشـتر بـڕوانن.
١٢ـ سوودێکی گرنگی تری یۆگـا بۆ منـداڵان، هۆش و هـزر و خەیاڵی منداڵان فراونتر دەکـات، واشـیان لێدەکـات کە هـەمیشە نوێخـوازبن و هـەردەمیش بـیر لە داهێـنان و لە دۆزینەوە و لە پێشـکەوتن بکەنـەوە.
١٣ـ یۆگـا هاوسەنگی و گونجـان لە نێوان جەستە و هـۆش و دەرون و سـۆزداریدا پێکدەهێنێت، منـداڵان لە هـەڵەشەیی دوور دەخـاتەوە، بە پەلە رەفـتار ناکەن و بە بێ بیرکـردنەوەش بڕیار نادەن، بە شێوەیەکی لـۆژیکیش بڕیار دەدەن و بە دروستیش گۆزارشت و کار و رەفتار دەکەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ته‌كنه‌لۆژیای‌ نانۆ

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس به‌شی‌ یه‌كه‌م مێژووی‌ ته‌كنه‌لۆژیای‌ نانۆ: سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ...