شەڕی (خەیار) لە قەندیل – پەڕە 11 – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » شەڕی (خەیار) لە قەندیلپەڕە 11

شەڕی (خەیار) لە قەندیل

ڕێباز بابان

ساڵ هەشتا و هەشتە و لە ناوەڕاستی مانگی شەش داین پرۆسەی ئەنفال لە کۆتاییدا بوو، ھێزی پێشمەرگە بەشی زۆری لە ناوچە سنوورییەکان و مەفرەزەی تاک و تەراش لە هەندێک ناوچە و شوێنی خۆیان مابوون. ئێمە وەک تیپی ٣٧ی شارباژێڕ لە ناوچەکانی خۆمان لە (شاناخسێ) مابووین و بەشی هەرەزۆری ناوچە ئازادکراوەکان بە ھۆی ھێرشی ھێزەکانی بەعس لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا چۆڵ کرابوون خەڵکەکەش ئاوارەی ئێران ببوون.
بەشی زۆری ئەندامانی سەرکردایەتی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بوون، ھەندێکیان نەبێت کە بۆ کاروباری ئیداریی و عەسکەری لە قاسمە ڕەش و ناوزەنگ و زەڵێ بنکەیان دانابوو بە شێوەیەکی کاتی تا ئەوکاتەی بڕیاری وەستاندنی شەڕی عێراق-ئێران درا لە ٨-٨-١٩٨٨ لە دوای ئەوە ھیچ بنکە و بارەگایەکی پێشمەرگە لە سنووری عێراقدا نەما. ئێمە وەک تیپی ٣٧ی شارباژێڕ هەر لە شاناخسێ مابووین بروسکەیەکمان بۆ هات کە هەرچی پێشمەرگەمان هەیە جگە چەند پێشمەرگەیەک پارێزگاری لە بنکەکانمان، ئەوانی تر بە زووترین کات بگەنە شوێنی دیاری کراو، ئێمە کەسمان نەماندەزانی بۆ کۆێ دەچین و بە نیازی چین. تەنها پڕوپاگەندەیەک هەبوو گوایە دەچین قەڵادزێ دەگرینەوە. زۆرمان کرد کە قەناعەت بەو قسەیە بکەین بەڵام نەدەچوو ئەقڵەوە لەبەرئەوەی لە ڕووی سەربازییەوە دەشتاییە و بەو ھێزە کەم و چەک و فیشەکە کەمە ئەوە مەحاڵە. جگە لەوەش گرتنەوەی قەڵادزێ لەڕووی سەربازییەوە شوێنیکی ئەوەندە گرنگ نەبوو کە بە گرتنەوەی بتوانین نەخشە و پلانی بەعس بگۆرین، بەهەرحاڵ هەریەکە و لە خەیاڵێکدا بووین و ئیتر وردە وردە بە ڕێکەوتین، بەڵام بەر لە ڕۆیشتنمان بەرەو سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو قەندیل یادوەرییەکە کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە. بۆ چا لێنانێک پێویستمان بە چیلکە و دار هەبوو دەستمان نەکەوت دواتر لە کابرایەکی گوندەکەمان پرسی ئەرێ هەندێک دارمان چۆن دەستبکەوێ بۆ چا لێنانێک؟ کابرا وتی «هەی لە منت کەوێ داری پێناوێ»، ناوی شتێکی ھێنا دوایی لێی حاڵی بووین کە مەبەستی تەپاڵەیە، ئەویش دەبێ لە ماڵان بیکڕین، دواتر سێ چوار تەبەق تەپاڵەمان کڕی، ئەو ناوچە سنووریە نازانم ھۆکارەکە چیە سەرماکەیەتی یان خاکەکەی کەمتر دار و دەوەنی لێ ڕوابوو لەبەرئەوە خەڵکەکەی پاشەرۆی مانگا و چێڵەکانیان لە شوێنێکدا کۆدەکردەوە دوای ئەوەی بە قاچ ئەیانشێلا پاشان هەر بەدەست تیی دەکەوتن تۆپەڵ تۆپەڵ جیاجیان ئەکردەوە و پاشان وشک دەبووەوە بۆ چێشتلێنان و خۆ گەرمکردنەوە بە کاریان دەھێنا.
ئێمە بەیانی زوو بەڕێکەوتین و سنووری ئێرانمان تێپەڕاند بەرەو قەندیل ملماننا، وردە وردە ڕێگاکە باریک دەبوەوە لە هەندێک شوێندا ئەوەندە بەرتەسک دەبوەوە تەنها شوینی پیادە و ئەو ئاوە ساردە کە دۆڵەکەی کردبوو بە دوو بەشەوە کە سەرچاوەکەی قەندیل بوو لەوێشەوە بەرەو خانێ و مەهاباد و دواتر دەگەڕایەوە سەردەشت و لەوێشەوە دوبارە دەگەڕایەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەندێک شوێندا بەسەر پردی بەفریندا ئەمەبەر و ئەوبەری دۆڵەکەمان دەکرد.
تا زۆرتر دەڕۆیشتین هەوا ساردتری دەکرد. تاوەکو گەیشتینە کۆتایی خاڵ کە چەند ماڵە مەڕدارێک هۆبە و هەواریان هەڵدابوو لەبەر ئەوە کۆتایی خاڵ بوو چونکە بەژن و باڵای سپی قەندیل بەسەرسەرمانەوە بوو ئیتر دەبوایە لە سفری قەندیلەوە سەرکەوین بۆ سەرەوە، لەبەرئەوەی کاتەی درەنگ بوو هاوکات سەرماش تەنگی پێهەڵچنیبووین، بەپێی ئەو هەوارانەی لەوێدا بوون دابەش بووین هەریەکە و بە پێی جێگەیان چەند پێشمەرگەیەکیان گرتە خۆ، من و چەند برادەرێک لەوانە شەھید فەرەبرا لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی تر ژێر ھەوارێکمان بەرکەوت و نان و چایەکیان بۆ ھێنایان. بەفر و (با) ش تەنگی پێهەڵچنین و لەیەکتر ئاڵابووین بۆ ئەوەی یەکتر گەرم بکەینەوە. دواتر بە دوو پێشمەرگە بەتانیەکمان بەرکەوت، بەناو بەتانی بوو دەنا لە پەڕە سیغار دەچوو من و فەرەیدون بەتانییەکمان بەرکەوت، تەنها تاقم و فیشەکمان لە خۆمان کردەوە لەگەڵ پشتوێنەکانمان کردمانن بە سەرین تەنانەت پێڵاویشمان دانەکەند بۆ ئەوەی قاچ و قولمان سەرمای نەبێت، خۆمان گرمۆڵە کردبوو. تا شەو درەنگتر دەبوو سەرما زیاتر تەنگی پێهەڵدەچنین. نازانم چۆن و کەی چەند سەعاتێک خەومان لێکەوت بەڵام ئاگاداری ئەوەم تا بەیانی بەشی زۆرمان لە سەرماندا هەر ئەمدیواو ئەودیومان دەکرد. لەگەڵ ڕووناکبوونەوە بەشی زۆرمان بەخەبەر بووین هەم لە برسا و هەمیش لە سەرمادا، دوای ماوەیەک ئەمجارە چاو نانیان بۆ هێناین لەگەل ماستی مەڕە گێژی قەندیل هەرچەندە ئێوارەکەشی هەر ھەمان نانمان خواردبوو بەڵام بۆ ئەوێ ڕۆژێ زۆر باش و خۆش بوو. دوای نانخواردن مەسافەمان وەرگرت و ملی ھەورازی کووڕی بەفراوی قەندیلمان گرت و بەڕێکەوتین من هەرچەندە بە ھۆی کیمیاییەکەی٢٣-٣-١٩٨٨ی شاناخسێ‌وە کە کەمتریش لە ھاوڕێکانم بەر ئەو چەکە کەوتم، تووشی تەنگە نەفەسی و سووتاندنەوەی سییەکانی کردبووم و بەو ھۆیەشەوە نەمتوانی جگەرە بکێشم و بە بۆنی ھەموو جۆرە دوکەڵێک بێتاقەت دەبووم تا دوای چەند مانگێکی تر دەستم پێکردەوە و ڕۆێشتن و سەرکەوتنم لە بەشی زۆریان باشتر بوو. لە یادمە کاک حمە هەژار وتی وام دانابو نەتوانی سەرکەویت، بەڵام وا بڕوات پێش منیش دەکەویتەوە و زیاتر سەعاتێکمان پێچوو تاوەکو گەیشتینە سەر لوتکەی قەندیل و لەسەر ئەو بەفرە پشوویەکمان دا و هەر لە خەیاڵی ئەوەدابووین بۆ کوێ دەچین کەسیش ھیچمان پێناڵێت، ماوەیەک ئاوا پشووماندا لەپڕ بوو بە دەمەقاڵێ و میل ھێنانەوە لەیەکتر، من کەمێک لەو شوێنە دووربووم کە نزیک بوومەوە هەندێک لە پێشمەرگەکانی تیپەکەی ئێمە و هەندێکی تیپی مەڵبەند لولەی تفەنگەکانیان کردۆتە یەک و ھەڕەشە ئەکەن لەو لاشەوە حمە هەژار و مستەفا سەرگەڵویی لە مشتومڕێکی گەرمدا بوون. نەشمدەزانی مەسەلە چیە تا نزیک بوومەوە تومەس ئێمە کە لەو گوندە سنووریەوە بەڕێکەوتوین بۆ تەنگانە چەند کیلۆیەک خەیارمان بۆ کڕدراوە و بە پشتی وڵاخەکانەوە بوو کە سێ هێستر بوون برادەرانی مەڵبەندیش بەشێکی زۆری خەیار و نانەکەیان بێ ئاگاداری ئێمە شاردبوەوە و ئەوەش بوو بە ھۆیەی کە ئەو کێشەیە دروست بێت و خەریک بوو لەسەر خەیار چەند کەسێک لە یەکتری بکوژرێن. دواتر من و چەند برادەرێکی تر چووینە بەینەوە پێمان وتن ئەگەر وازنەھێنن لەم بەزمە چۆن ھاتووین ئاواش دەگە
رێینەوە ئێوەیەک لەسەر خەیار ئەم بەزمە بنێنەوە ئەی ئەگەر بکەوینە شەڕەوە لەوانەیە لەبەر دەسکەوت بکوژرێین یان بریندار بین لە مەیدانی شەڕەکە جێمان دەھێڵن، باش بوو وردە وردە هەموو ساردبوونەوە ئێمە بەرەو باڵەکایەتی بەڕێکەوتین تیپی مەڵبەندیش دوای ماوەیەک هاتن بۆ شوینی مەبەست.
ئەمە ڕووداوی تەنها شەو و ڕٶژێکی پێشمەرگایەتی بوو، ئاخۆ دەبێ چەندین ڕوداو و یادەوریی لە ناخماندا مابێتەوە بە پەنهانی تا ڕۆژێک دێت ھەمووی باس بکەین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كوردستانێكی ئارام‌ و سه‌قامگیر‌ به‌بێ بوونی یه‌كێتییه‌كی خزمه‌تگوزار‌و ده‌رفه‌ت ره‌خسێن نایه‌تەدی

به‌ناوی خوای بەخشنده‌‌و میهره‌بان، من د.رێواز فایه‌قم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی ...