لێدانی دڵەکان لە شازدە کاتژمێردا – پەڕە 2 – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » لێدانی دڵەکان لە شازدە کاتژمێرداپەڕە 2

لێدانی دڵەکان لە شازدە کاتژمێردا

ڕەئوف کەریم (هاوڕێ سۆران)

دوای بە ئاکام نەگەیشتنی گفتوگۆی نێوان ڕژێم – شۆڕش، تەنگ پێهەڵچنینی ئێران لە سنووری شارباژێڕەوە و ترسی لەدەستدانی ناوچەکە و کەوتنە بەردەستی سوپای ئێران و ترس لەوەی ناچاری سەرنەگرتنی گفتوگۆ پاڵ بەشۆڕشەوە بنێت بەئاڕاستەی دۆستایەتی و هەماهەنگی لەگەڵ ئێران (بەبیرکردنەوەی ڕژێم) بەزیانی عێراق بگەڕێتەوە. دوژمنی کردبووە دڕندەیەکی ترسناکی بریندار و بەچواردەوەری خۆیدا پەلاماری دەدا، سوپای ئێران بەشێکی سنووری کوردستانی بەزاندبوو، بەتۆپی ئاسایی چوارتا و گوندەکانی دەوروبەری و شاخی سەرسیری دەکوتا و ببووە شەڕگەی پێشەوە.
ماوەی پازدە ڕۆژێک دەبوو کە لە (پیری شەوکێڵ‌)ی هەم نزرگەیە و هەم سەیرانگە،(٢٥/٥/١٩٨٥) لووتی ڕژێم بە خوێنی گەشی سەرکردەی هەڵکەوتوو کاک(عەلی چوارتایی) و -دواتریش- پێشمەرگەی جەربەزە و ئازا جەمال مەولود -کە چووبووە سەر دەبابەیەک تا ڕوومانە بخاتە تەنووری دەبابەکەوە- شکێنرابوو، زیانێکی گورچکبڕ بەر دووژمن کەوتبوو.
بەشێکی تیپەکەی ئێمە (٣٧ ی شارباژێڕ) کە ھاوسنووری تیپی (٣١ ی سلێمانی) بووین بەمەبەستی ھاوکاری و بەھاناوەچوون، پەڕیبووینەوە ئەوبەری قەڵاچوالان و لە سەرکانی و ئاوێکی پشتی گوندی ھەرمن، بنکەیەکی کاتیمان دانابوو.
ئەو ئێوارەیە بەشێکی تیپی (٣١) ھاتبوونە بنکەکەمان، زوربەمان یەکترمان دەناسی چونکە سنوورەکانمان لێک نزیک و لە زۆرشوێندا ھاوبەش بووین، ئەوان لە بەرزنجەوە تا کەناروێ و ئێمە لە ماوەت‌ـەوە تا کەناروێ سنوورمان بوو.
هەر زوو ڕەوشی چرپە چرپ و کۆبوونەوەی فەرماندەکان پێکەوە و کەمێک دوورتر لە پێشمەرگە، هەواڵی چالاکیەکی هاوبەشی دەگەیاند، تا نزیک تاریکداهاتن هیچ شتێک ڕانەگەیەنرا و جگە لەوە کە پێیان ڕاگەیاندین کە دوودوو بەرەو گوندی (هەرمن) بەڕێبکەوین، وتیان لە هەر ماڵێک دامەزران جگە لە نانخواردنی ژەمەکە و بەتانی وەرگرتن، یەکی داوای دوونان و گەر هەیانبوو بەدووانتان مەتارەیەک بۆ ئاو بکەن. وەرگرتنی بەتانی واتە مانەوە، وەرگرتنی نانی زیادە واتە ڕۆیشتن! پێش پرسیاری ئێمە وتیان: بڵێن شەوەکی دەڕۆین و بە شاخی کەتووەوە دەبین و نامانەوێت ناڕەحەتتان بکەین و بەیانی ھەرکەسە بەتانی خۆی بێنێتەوە و ھەر لە مزگەوتەکە جێی دێڵین. ئەم گوندە پێشمەرگەی یەکێتیی‌یان کەم بوو، ماڵی کاک عەلی هەرمنی لێبوو کە پێشمەرگەی خۆمان بوو. دوای گەڕانەوە لە ماڵەکان، لە مزگەوتەکە کۆبووینەوە و لیستی ئێشکگری دانرا لەگەڵ نهێنی شەو، وتیان بخەون زوو بەڕێدەکەوین، بۆکوێ؟ ھەر وامان دەزانی بۆ شاخی کەتووە، کاتژمێر ١٠ی شەو بەئاگایان ھێناین.
– ھەر کەسە بەتانییەکەی خۆی قەدبکات و بەجێی بهێڵێت، کەس بەتانی لەگەڵ خۆی نەھێنێت، مەتارەکانتان لەبیرنەچێت!
ئاڕاستەی ڕۆیشتنەکە بەرەو کەتوو نەبوو، کە دەستەڕاستی ئەو شوێنە دەکەوت کە لێی بووین، بەرەو ئاڕاستەی چوارتا و بەرەوخوار بووینەوە، ئەو چەند کاتژمێر مانەوەیەش جگە لە پشوویەکی کورت بۆ شوێنەونی چاوی خەڵکیش بوو، تا ئاوایی نووستنان، لەسەر ئەو چەمەی کە تەنکە ئاوێکی بەرەو قەڵاچوالان پێدا شۆڕدەبۆوە، وەستاین. مەبەستەکەیان ڕاگەیاند، دەستەکانیان جیاکردەوە، دەستەیەک بۆ ڕەبیەی کەنەکە ڕەشانی پشتی گوندی شێراوێژە، بۆ پاراستنی ڕێگەی گەڕانەوەمان، دەستەیەک بۆ نزیک چوارتا، بۆ بڕینی ڕێگەی بەھاناوەھاتنی دوژمن، دەستەیەک بەلای ڕۆژهەڵاتدا بۆ ناو دەوەنەکانی بەرامبەر گۆڕەبیل و خمانێ، بۆ هەمان مەبەستی ڕێگرتن لە بەهاناوەهاتن و بەرگری لە دەستەی هێرشبەر و کەمینەکە کە دەکەوتە ئاست ئەمان، جادەکە لەناو چوارتاوە تا بەندەنی گۆڕەدێم درێژدەبۆوە، ئەم دەستەیە نەیدەتوانی تا ئاستی نزیک جادە سەرکەوێت و وەک ئەوە وابوو ڕێک کەوتبێتە نێوان هەردوو سوپاکەوە، کە دەستەکەی ئێمە بوو. کاتژمێر ١٢شەو لەناو دەوەنە چڕەکانی دەوروبەری خمانێ دا جێگەمان گرت، هەر دوو کەس وبن دەوەنێ، ھەر دوو کەس و مەتارەیەک ئاو و زۆربەمان ناوساجیمان پێبوو، چونکە مانگی ڕەمەزان بوو، لە کاتی دنیا ڕوون بوونەوەدا هەستمانکرد چەند نزیکین لەو چەند ماڵەی نازانم چۆن لە نێوان دوو ئاگری شەڕی عێراق ئێراندا لەوێ مابوونەوە! لەو جادەیەوە کە سەربازی عێراقی بەدوای پەیوەستکردنەوەی ئەو ھێڵی تەلەفۆنانەوە بوون کە تۆپی ئێرانی پچڕاندبوونی کە ناوبەناو بەلوورە و ویڕەی بێزارکەریانەوە لەو نزیکانە دەیدا بەزەویداو، گوێمان لە تەواوی قسەکانیان بوو. کە کۆکەیەک، پژمەیەکی لەناکاو، دوکەڵی جگەرەیەک، بەس بوو بۆ ئەوەی تەواوی ڕیسەکەمان بکاتەوە بە خوریی. ئامانجەکە وەک چاودێری کرابوو، ھەموو ڕۆژێک کاتژمێر ٨:٣٠ ی بەیانی لە چوارتاوە بەڕێدەکەوت بەرەو بەندەنی گۆڕەدێم و ژمارەیەکی باش بەچەکی کڵاشینکۆفی مزەلییەوە پاسەوانی دەکەن و دەیپارێزن و کاتژمێر ٤:٣٠ ی پاشنیوەڕۆ دەگەڕێتەوە، دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی، کە ببووە ھۆی بێزاریی تەواوی گوندەکانی دەوروبەر بەھۆی دوور مەوداییەکەیەوە. کە تۆپێکی دوور هاوێژی ١٧٥ملم بوو لەسەر دوو پێچکە بەدوای ئیڤایەکی سەربازیی دا ڕادەکێشرا. کات لەئاست پەرۆشییەکەی ئێمەدا زۆر بەخاوی تێدەپەڕی، خۆری مانگی حوزەیران (٦) لە لووتکەی سەرسیرەوە بۆ سەرجادەکەی شوێن چوونە کەمینی ھاوڕێکانمان دابەزی و بەلای دەستە چەپیشماندا ئامانجەکە بەبەردەم دەستە جێگیرکراوەکەدا بەئاڕاستەی کەمینەکە ڕێی گرتەبەر، خاو وەک ئەوەی بەرەو مەرگ بئاژوێ، خاوی لەشی ئێمەشی گورجترکردەوە و میلی ئاگایی پێهێناینەوە و لەگەڵ جێگرتن دا ھەوڵماندەدا ئەوەندەی دەکرێت، چاو لە بڵاچەی RPG یەکە ببڕین، تێپەڕینی ئامانجەکە و دوورکەوتنەوەی لە کەمینەکە، جگە لە سەرسووڕمان ھەموومانی نیگەران کرد، دەبێ چ کێشەیەک ھەبووبێ! زۆری نەخایاند، دەوەن بەدەوەن گەیەنرا، لە شوێنی خۆتان بمێننەوە، لە گەڕانەوەدا لە ئامانجەکە دەدرێت.. گەرچی ٨:٣٠ خولەکی ناو دەوەن نەدەکرا پێی بڵێی ژیان، بەڵام ئومێدەکە بە ٨:٣٠ خولەکی تری مانەوە و دانبەخۆداگرتن، ئاهێکی بەدڵدا گێڕاین، بەرچاییەکی سبەینانمان بەنانە وشکە و لەتێک ناوساجی و قومێک ئاوی گەرمەوە بەڕێکرد، دیاربوو تا دەگەینە شەو لەوە باشترمان دەستناکەوێت.
من چوار مانگی تەواوم پڕ نەکردبۆوە لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا، لەو ماوەیەدا بەشداری ھیچ چالاکییەکی پێشمەرگانەی شاخم نەکردبوو هەر باش بوو بەھۆی هاوڕێکانمەوە فێری هەڵوەشاندن و بەستنەوەی کڵاشینکۆفە ڕەقەم ١٠ قورس و دەنگ ڕەقەکەم ببووم، ئەگەر ئەو خوێندەواری و چەند ساڵەی پەیوەندی ڕێکخستنی ناو شارم نەبووایە، لەوانەبوو وەک تازەترین پێشمەرگە ھەڵگری RPG یەکە بوایەم و لەنزیکەوە دەمدی چ دۆزەخێک دادەخات و بەچەکی فەرماندەکەشم فریای تەقاندنی ڕیزێک فیشەک دەکەوتم.. بەڵام بەوە دڵی خۆم دەدایەوە کە لەگەڵ عەزیز کەناروێی عەدەد BKC دایانناوم و خۆشی ئەویش لە RPG ـەکە کەمترنییە و بەتایبەت من وەک ڕێکخستن بەرپرسی بووم و لەڕێی چەند فیشەکێکی دەگرتم.. ئیتر بەدەم دەمەتەقێی بەچرپە لەگەڵ عەزیز کاتمان بەرەو گەڕانەوەی ئامانجەکە تێدەپەڕاند. دەرکەوتنی ئامانجەکە و گەیشتنی بەشوێن کەمینەکە زیاد لە ٥ خولەکێکی دەخایاند، کە عەزیز میلی BKC یەکەی ھێواش ھێنایەوە، وتی ھاوڕێ چەکەکەی تۆ ناگاتە ئامانج، تەقە مەکە، تەنها شریتی BKC یەکە بۆ من سازکە، مەگەر ئەوەی مەترسیەک لێمان نزیک بێتەوە، سەیرێکم کردو وتم:لەڕێی چەند فیشەکێکیشم ناگریت. برۆ پڕەکانی بەرەوژوور لەگەڵ پێکەنینێکی جوانی لێوەکانیدا وتی: با بەڵام بەزایە نەچێت.. لوورە و ویڕەی گوولە تۆپێکی ئێرانی قسەکانمانی پچڕان دو تۆز و خۆڵی باراند بەسەرماندا، سەربازە عێراقیەکان ھاواریان بۆ یەکتری دەکرد لەوە دەچوو کارەکانیان تەواوکردبێت و لەگەڕانەوەدابن، بڵاچە و دەنگی RPG یەکە و دەسڕێژی بەسەریەکەوەی کەمینەکە دۆڵەکەی کردبووە مەنجەڵێکی سەرئاگری پڕ لە برێشکە، هاتوهاواری خاتراللە و هاوار و قوولەی سەرکەوتنی ئێمە بەدەم بایەکەوە بەرز و نزم دەگەیشتە گوێ.. ھێشتا شتێک نەبوو، تا ئێمە تەقەی لێ بکەین، عەزیز ڕووی BKC یەکەی کردە ئەو شوێنەی کە لە چوارتاوە بەهانای ھێزەکەی دووژمنەوە دەهاتن و وتی ئێستا دێن، ئیڤایەک و دوان هاتن بەدەم پێکەنینەوە وتی سەیری لاوانەی ئیڤاکە بکە ئێستا دەیکەم بەتەناف و بەسەریدا هەڵیاندەخەم، هەم ئەم و هەم ئەو ھێزەی لەوێ دانرابوو ئیڤاکانیان لە شوێنی خۆیدا پەکخست. دەمبینی یا بەردەبوونەوە یا بەسەر لاوانەی ئیڤاکەدا دەکەوتن. وتی پێچەوانەی ڕووی من بنواڕە، لەوێشەوە دێن، ئاگادارم بکەرەوە، لەوانەیە کڵاشینکۆف بیانگاتێ تەقەیان لێبکە چاوەڕێی نزیک بوونەوەیان مەکە، با کەمینەکەمان نەکەونە مەترسییەوە لە پاشەکشەیاندا ھەر واش بوو وتم ھاتن! وتی دانە دانە پێیانەوە بنێ، یەکەم شەڕم بوو تەقەی تێدا بکەم، داواشم لە عەزیز نەکرد تا لەڕێی چەند فیشەکێکم بگرێت، زۆری نەبرد فەرمانی کشانەوە درا.. لەگەڵ کشانەوەی ئێمە ئەو دەستەیەی بۆ ڕەبیەی کەنەکە ڕەشانی پشتی شێراوێژە دانرابوو ،کارێکیان بەسەر ڕەبیەکە ھێنا،کە نەک سەر ئێمە نەپەرژان بەڵکو سەریشان پێ دەرنەدەھێنرا، بۆیە بەبێ زیان گەڕاینەوە و تەنها پێشمەرگەیەکمان بە پارچەی هاوەن برینداربوو (ھیوا عومەر قلیاسانی)، لە گەرمەی ئەو هەرایەدا گەنجێک لە گوندەکە کەوتبووە جنێودان پێمان کە گوایە ناوچەکەمان شێواندووە و لەگەڵ خۆیان ھێنابوویان دەرکەوت پارتییە (لە ١٩٨٧ لە یاخسەمەر بینیمەوە کە لەگەڵ ڕەحمەتی عوسمانی قالە منەوەر بوو)، حەزم نەکرد لەڕووی بدەم هەر ئەوەندەم وت دەتناسم دەبوا بەڕاکردن ڕێی گەڕانەوە ببڕین، کە هەم ئاوی لەسەر ڕێ بوو هەم هەورازیش بوو، خۆمان بگەیەنینەوە ناودارەکانی پیری شەوکێڵ و هەم ڕێ لە ئەگەری هاتنی ھێزی دوژمن بگرین لە قەڵاچۆلانەوە و هەم بەخوێنی ڕژاوی گەشی عەلی چوارتایی و جەمال مەولودیش بڵێین تۆڵە کردنەوەتان جەرگبڕ بوو.. بەڵێ بە تاریکی بەڕێکەوتین و بەتاریکی گەڕاینەوە و لە ٢٤ کاژێردا نزیکەی ٤ کاژێر پشوو.. بەنان و ئاو.
دوژمن کوێرانە دەیکووتا، کەتوو داگیرسابوو ھێندەی تۆپی بەسەرسنگی گرتبۆوە. پشوومان نەدا بەسواری تراکتۆرێک دوای بەشکردنی دەسکەوتەکان لە نێوان ھەردوو تیپ دا، بەدەم گۆرانییە پڕ سۆزەکانی ناسری شاکەرەمەوە کە پێش و دوای ھەموو چالاکیەکی بێ شەھید جۆشی دەداین..
ئێمە شانزە سەعاتمان بۆ وەفای ڕۆحی هاوڕێکانمان، بۆبەرگری لە خاک، بۆ پاراستنی ئەوەی دەکرێت ئاوا بەڕێکرد. نەفرەت لەوەی بەهەدەری دەدات، نەفرەت لەوەش کە ڕێزی ناگرێت و تەڕدەداتە دەم وشکەوە. دروود بۆ ئەوانەی لەو ڕۆژ و ساتانەدا بیریان لە خۆیان نەکردەوە، گومانێک لە دڵیان نەگەڕا، جا یا بوونە ئەستێرەی سوور خەڵاتی ڕێ، یا بەسەری بەرز و دڵی هەلاهەلایانەوە پێیان دەڵێن شەھیدی زیندوو.
لەگەڵ ڕۆحی نەمراندا دروود بۆ گۆڕی حاجی شێخ ئەمینی شێراوێژە و مامە ڕەزای بناویلەی چوارتا کە بەھۆی ئەو چالاکییەوە شەھیدبوون، بەهەق پێویستە ناویان لە لیستی شەھیداندا بێت و من ئامادەم بە بەڵگەی چاپکراوەوە ئەوە بسەلمێنم.

دوو بەڵگەنامەی چالاکیەکە.. یەکێکیان لە کتێبی وتتوالی الانتصارات ١٩٨٥ ئەوی تریشیان بروسکەی جیهازە کە چالاکیەکەی ڕاگەیاندووە:
زیانی دوژمن: کوژرانی ١٨ سەرباز، ٢٠ بریندار. شکاندنی ٣ ئوتۆمبێل. تێکشکاندنی تۆپێکی ١٧٥ ملم
دەسکەوت ٥ کڵاشینکۆف و ١ RBK.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆژنامەوانی هاوڵاتی چییە؟

و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید رۆژنامه‌وانیی هاووڵاتی‌، به‌ رۆژنامه‌وانیی گشتی‌، رۆژنامه‌وانیی ...