ورە لە دوێنێی ئاگر و ترس لە ئەمڕۆی خۆڵەمێشی دا – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » ورە لە دوێنێی ئاگر و ترس لە ئەمڕۆی خۆڵەمێشی دا

یادگارییەکانی شار و شاخم ..

ورە لە دوێنێی ئاگر و ترس لە ئەمڕۆی خۆڵەمێشی دا

نەورۆز زڕگوێزی

هەستم بە خۆشبەختیەکی زۆر دەکرد، پێموابوو منیش هاوشانی ئەوان هەژمار دەکرێم.
ناحەقم نەبوو، لەوانەیە زۆر کەسی وەک من ئاواتەخواز بووبێت لەگەڵ هەندێک لەم کەسێتییانە دابنیشێت و لە نزیکەوە بیانناسێت و بیروڕایان لەگەڵ شەنوکەو کات.
دیداری دووەمی چیرۆکی کوردی کە لە هەولێر سازکرابوو (پێم وابێت ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨١ بوو)، دەیان نووسەری بەتوانا و ناودار و ناسراو بەشدار بوون.
هاوکات کۆمەڵێک قەڵەمفرۆش و ئەڵقە لەگوێی داگیرکەر بە ناوی نووسەری هۆنراوە و چیرۆک و هونەرمەند و لێکۆڵەرەوە و ڕەخنەگر و دۆستانی ئەدەبی کوردی و لایەنگری دۆزی ڕۆشنبیریی کوردییەوە ئامادە بوون.
دیدارەکە سێ ڕۆژی خایاند، چەندین چیرۆک و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن، بەباری دەستخۆشی و ڕەخنەی بەجێ و نابەجێ گوێبیست بووم.
لەبەر جیاوازی تەمەنم لەگەڵ ئەواندا، هەمیشە لە کورسیەکانی دواوە دادەنیشتم.
دوای کۆتایی دیدارەکە لە یانەیەک هەمووی کۆکرانەوە، ئەو مێزەی منی لێ دانیشتبووم بۆ شەش کەسێک بوو، زۆری نەبرد درێژکرایەوە تا زۆرترین هاوبیر و لەیەکچوونی بیروڕا و بڕواپێکراوەکان بە یەکتر، بەشداری ئەو هەڵسەنگاندنانە بکەن کە پێشتر بە هێما باسیان لێوە کرابوو.
بۆ من جێگەی سەرسامی بوو، بەتایبەتی ئەو دەستەواژانەی کە گوێبیستیان نەبووم، ئاواتەخوازبووم زوو پرسیار بکەم و ماناکانیان تێبگەم، بەڵام شوێنەکە گونجاو نەبوو.
لە شانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس دانیشتووم، لەگەڵ قسەکانی کە بەهەرچواردەوری خۆیدا چاوی دەگێڕا و جار جار منیشی لێ بێبەش نەدەکرد، سەری ڕازیبوون و ڕاستی وتەکانیم بۆ دەلەقاند.
ئێوارە تێپەڕی و بووە شەوێکی درەنگ، جاروبار وتەکان کە ئاواتەخوازی زیاتر بیستنیان بووم، دەپچڕا و بابەتێکی تر جێگەی دەگرتەوە، کە دوور بوون لەیەکەوە.
دواتر تێگەشتم کە کۆمەڵە نۆکەرەکان بەنیازی نووسینی ڕاپۆرتێکی درۆزنانە و بێڕەوشتانە، تا دەستخۆشیەکی بێ نرخ و هەندێک پارەی پڕ ڕیسواییان دەستکەوێت، دەهاتنە سەر مێزەکەی ئێمە.
کۆمەڵیک هاتن و ڕۆشتن، تا تەواو شەو درەنگتر بوو، کە سەرمەستی و توانای شاردنەوەی و قوتدانی زیاتری ڕاستییەکان جێگەی نەوتنیان نەمان.
ڕەوشەکە زۆر گۆڕا و زیاتر لە شەڕێکی ڕووبەڕوو دەچوو وەک لەوەی بە هێمایەک یان وتەیەک درکی پێبکرێت.
بە هەڵچوونێکی دروست کە پڕ لە هەستی نەتەوایەتی و گوتنی ڕاستەکان و بە دەنگی بەرز، کە هەموو ئامادەبووانی دوور لە ئێمەی بەئاگا هێنایەوە. کاک شێرکۆ بێکەس باسی گیانی بەرگریی لە چیرۆکەکاندا دەکرد و بەرز دەینرخاندن.
لە باخی ناو یانەکەدا جگە لە دەنگی ئەو هیچی ترت نەدەبیست، هەموو بیسەری وتەکانی بووین، دوای گوتنی ڕاستییەکان و بەردەوامی، چەندین دەنگی بەرز دەبیستران، کۆمەڵیک دەستخۆشییان لێدەکرد و کۆمەڵێک دژایەتیکردنی و هەردوولا دەیانویست بەشداری بکەن.
ڕەوشەکە تەواو تێکچوو، کاک حسێن عارف کە بەرامبەرم دانیشتبوو هاتە لامەوە و وتی: نەورۆز کاک شێرکۆ ببەرەوە بۆ ماڵەوە، ڕەوشەکە ئاڵۆزە با تووشی شتێک نەبێت.
کاک شێرکۆ بە دانکرۆشتن و وتەکانی جوڵەکانی زیاتر بوون و بەنیازی هەڵبژاردنی بێدەنگی نەبوو
بەڕێزەوە قۆڵم لە قۆڵی ئاڵاند و وتم: با برۆینەوە.
ئەو نەیدەویست قسەکانی ببرێت
بەڵام بە یارمەتی ئەو برادەرانەی سەر میزەکەمان، ڕازی بوو کە دانیشتنەکە جێبهێڵیت، بەڵام هەر ئامادەی بێدەنگی نەبوو.
خۆشبەختانە تەکسییەک ئامادە بوو، ئەوم لە پشتەوە سوارکرد و خۆم چوومە لای شۆفێرەکەوە و وتم تکایە خێرا بڕۆ.
بەردەوام قسەی دەکرد، من بێدەنگیم هەڵبژارد و نەمویست وەڵامی بدەمەوە تا بەردەوام نەبێت.
ترسم لە شۆفێرەکە بوو، ئەوکات زۆر لەو تەکسیانە سەر بەرژێم بوون، لە ترسی ئاشکرا نەبوونی ماڵەکە لە گەڕەکی دواتر دابەزین.
بە شۆفێرەکەم وت، ئەو برادەرە زۆری خواردۆتەوە و سەرخۆشە، خۆشبەختانە تێگەیشت و لەوەش دەچوو کەسێکی باش بێت، بێ قسە سەرێکی لەقاندو ڕۆیشت.
دوای ڕۆیشتنی تاکسیەکە، بە هەمان شێوە بەرەو ماڵی خوشکم لە گەڕانەوەدا بووین.
وتم: کاک شێرکۆ ببوورە نەدەبوو وا هەڵچوویتایە، شوێنەکە هی ئەوە نەبوو.. نەیهێشت بەردەوام بم وتی:
نەورۆز گیان (بە هەنسکی گریانەوە) ئەو نۆکەر و کوردفرۆشانە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەیانەوێت دوبەرەکی و سوکایەتی بە بابەتەکان و دیدارەکە بکەن، ئەوانە (ناوی هەندێک کەسی برد) کەسانی خۆفرۆش و کوردفرۆشن، دەمێکە دەستیان لەگەڵ دوژمن تێکەڵکردووە، خەمی من ئەوەیە کە لەم کاتە ناسکەدا کە کورد لە میحنەتی ئاشبەتاڵ رزگاری بووە و دووبارە شۆڕشی دەستپێکردۆتەوە، دەیانەوێت گیانی بەرگریی لاواز بکەن، ئاخر ئەمانە خۆیان بە ڕۆشنبیرانی کورد دەزانن و وەک کوردێکی دڵسۆز خۆیان نیشاندەدەن، خەڵکانێک بەهەڵە تێیان گەشتووە، کە لە ڕاستیدا دوژمنی کورد و جوڵانەوەکەین.
هەندێک لەو نۆکەرانەم پێشتر دەناسی و یەکەمجار نەبوو کە بیبیستم کە لە پێناوی پلە و پارەدا خاکەکەیان لەیاد کردبوو و ببوونە گەیەنەری ناوی مرۆڤە جوانەکان کە دوژمنی داگیرکەران بوون.
لە سەردانێکی ئاساییدا بۆ بارەگای کاک ئازاد هەورامی شەهید، کاک شیرکۆم بینییەوە، کە زۆر جار لای کاک نەوشیروان و کاک ئازاد دەمایەوە بۆ باسکردنی ئەدەبیی.
ئەوە یەکەمجار نەبوو کە بیانینم، دوای ئەوەی پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردبوو.
داوام لێکرد کە سەردانێکمان بکات و شەوێک لای ئێمە میوان بێت گەر کاتی هەیە.
بە خۆشیەوە وتی، منیش خۆشبەختم و دەمەوێت زیاتر ببینم و ببیستم.
عەسرێکی ڕۆژێکی گەرمی هاوین هاتە لامان لە قوتەی زیندانە لە یاخسەمەر.پێدەچوو ئەوە یەکەم سەردانی بێت بۆ بارەگایەک لەسەر گردۆڵکەیەک جیاوازتر لە بارەگاکانی تر.
پێشتر پێشمەرگەکانم ئاگادار کردبۆوە بۆ میواندارییان. کەمێک لە دەرەوەی ژیرزەمینەکەی جێگەی ژیانمان، کە زیاتر لە مەترێک بە گڵ و بەرد داپۆشرابوو، شارەزاییەکم پێبەخشی لە کارەکانمان و جۆری چەک و ژیانمان.
پێشمەرگەکان بەخۆشیەوە پێشوازیان لێدەکرد، ئەویش خۆشبەخت دیار بوو.
کە چوینە ژوورەوە، پێش دانیشتن بە چاوێکی وردەوە، پێدەچوو دیوار و جێگاکانی لە مێشکیدا تۆمار بکات.
وردبوونەوە لە دیوار و جێگای ژیانمان سەرنجی ڕاکێشابوو، هەستم دەکرد جێگای سەرسوڕمانی بێت کە ژوورێکی وا پوخت و پاک و خنجیلانە لە ناخی ئەم شاخەدا بوونی هەبێت.
دوای سەرنجێکی قوڵ و چاوگێڕانەکەی ڕوویکردە من کە سەرسامیەکەیم هەستپێکرد وتی:
ئەمە یەکەم بارەگای پێشمەرگەیە بەم شێوە جوانە بیبینم، زۆر بارەگا گەڕاوم، بەڵام لەم شێوەیەی ئیوەم نەدیوە.
وتم: بارەگاکان هەموو وەک یەک وان… وتەکانی پێبڕیم و وتی: نا ئەمە زۆر جیاوازە، لەوانی تر وێنەی شەهید و پۆستەری ترم بینیوە بەلام لێرە ئەوانە بوونیان نییە، ئەم وێنانە زۆر جیاوان وێنەی جوانترین تابلۆ و هونەرمەندە ناودارەکان دەبینم.
بە پێکەنین و کەمێک شەرمەوە وتم: ئەگەرچی هەموومان وەک یەکترین، بەڵام پێمخۆش بوو جەوێکی تر بۆ خۆمان دروستبکەم و لە بارەگاکانی تر جیاوازتر بین. هەموومان هەر بەنیازی شەهیدبوونین، کە ئەوەش ڕوونە، خۆ دەکرێت لەپاڵ ئەوەشدا وەک مرۆڤێکی ئاسایی چیژ لە ژیان وەربگرین، کە ڕێگە پێدراوە.
لەسەر دیواری بە گەج سواغدراوی ژێرزەمینەکە، چەندین وێنەی ناوازە لەگەل وێنەی هونەرمەندە ناودارەکانی وەک بروکشیلدز و لەیلا عەلەوی و ئاسار حەکیم و …هتد م هەڵواسی بوو، چونکە لە هەموو سەردانیکی کەسوکارمدا کۆمەڵیک لەو گۆڤارانەیان بۆ دەهێنام کە پێشتر لە شار دەمخوێندنەوە، وێنەکانم لەسەر دیوارەکان بە شێوەیەکی جوان هەڵدەواسی، تەنها مەبەستم لەوەش دروستکردنێکی هەستێک بوو لای پێشمەرگەکان، کە لەوانەیە بە بیننیان یادگارێکی پێشتر ڕۆحی ئاسودەبکات و بیرەوەرییەکی خۆشی بۆ بگێڕێتەوە.
کاک شێرکۆ وتی: من زۆرم پێخۆشە، ئەوە هەستی مرۆڤ جوانتر دەکات گەر ئیلهامی بۆ نەهێنێت، بەڕاستی دەستان خۆش بێت، من خۆشحاڵم و چێژی لێوەردەگرم.
دوای گەرمبوونی قسەکان، ئێمە زیاتر گوێگر و ئەو باسی گیانی بەرگریی و ڕۆڵی هونەر و ئەدەب لە شۆڕشدا وانەیەکی تری گیانی بەرگریی بۆ ئیێە زیاد کرد.
خۆبەختکردن و خوێن بەخشین لە دڵسۆزانی ئەو کاتەی ژیانی پێشمەرگایەتی و شار و زیندانەکان بێسنوور لە لوتکەدا بوو، ئەگەرچی هەزاران و دوو بەرامبەر بە ژمارەی ئێمە و ڕێکخستن و زیندانییەکان لە نۆکەرایەتیدا تێوەگلابوون، بەڵام نەیانتوانی تۆزقاڵیک کارمان تێبکەن و ئەو گڕە جوان و گەشاوەیەی ناخمان کز و خامۆش بکەن.
چەندین جار کاک نەوشیروان پرسیاری ئەو جۆرە کەسایەتیانەی لێدەکردم، بێشک بووم کە زۆر باشتر لەمن دەیانناسیت، بە وردەکاری هەندێک ڕووداو لەوانەیە سودێکم پێگەیاندبێت.
بەشداریکردن لە شۆڕشی ڕاستەقینە لای من، تەنها بە چەک هەڵگرتن و ڕێکخستن و بەرگریی ناو زیندانەکان نەبووە، پێموابووە لە پاڵ ئەمانەدا هونەر و ئەدەبی بەرگریی و لێکۆڵینەوە و مێژوو بەڕاستی نووسینەوە تا دەگاتە پەروەردەکردنی نەوەکان بە ڕاستگۆیی و خۆشەویستی خاک و ڕێزگرتن لە شۆڕشگێران و خۆپاراستن لە نۆکەرایەتی و ریسواکردنی داگیرکەران و فێربوون و پلەی بەرزی خوێندن و زانستی زیاتر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەرک و فەرمان و ماندووبوون و ئازار و شەهیدبوون، مەزنی و دڵسۆزی مرۆڤەکانە بەرامبەر بە نەتەوە و مرۆڤایەتی، هەر بەشداریکردنە لە شۆڕش.

نەورۆز زرگوێزی
٢٨-٤-٢٠١٨
هۆڵەندا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پەیامی کاندیدانی لیستی ١٠٥ ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

من جه‌لال عوسمان عه‌لی، ناسراو به ‌مامۆستا جه‌لالی رێكخراوه‌كان، كاندیدی ...