چیرۆكی نوێی سەفەركردن لە تونسەوە – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » چیرۆكی نوێی سەفەركردن لە تونسەوە

زۆرجار بە خنكان لە دەریادا كۆتایی دێت

چیرۆكی نوێی سەفەركردن لە تونسەوە

بەرەبەیانی 11ی شوباتی 2011 بوو، فاروق كاتێك لەخەو بەئاگاهات، هیوایەكی گەورەی هەیە.
هیوای وابوو عەبدوڵڵای كوڕە گەورەی لە گەیشتن بە ئەوروپا نزیكبۆتەوە.
ئەو بەلەمەی كوڕەكەی و هاوڕێكانی هەڵگرتووە، پتەو و دەریاش جیاواز لەكاتەكانی تری ساڵ، لەئێستادا ئارامە. هەموو شتێك مایەی گەشبینییە، بەڵام ئەوەی روویدا بۆ تاهەتا ژیانی گۆڕی.
جوڵە لەسەر كەناری جەرجیس لە باشووری تونس هێوربۆوە، خۆریش لەپشت دەریاوا رووی لە ئاوابوون كرد. بەلەمە دارینەكە كە 120 لاوی لە شارەكەوە هەڵگرتبوو، بەرەو دوورگەی لامبدۆزای ئیتاڵیا بەڕێوەبوو. خەریك بوو دەگەیشتە ئاوە ئیقلیمییەكانی ئیتاڵیا كە خۆی بە كەشتییەكی پاسەوانی كەنائاوەكانی تونسدا كێشا و بووە دوو كەرتەوە. بەلەمەكە نوقمی دەریابوو، 23 گیانیان لەدەستدا كە چارەنوسیان لەنێوان دۆزینەوەی تەرمەكان و مانەوەیان لەنێو ونبووەكاندا بوو.
«من كوڕەكەم (تائێستا) ونبووە و بەخاكم نەسپاردووە»، ئەمە قسەی فاروق بوو كە بە پەیامنێری (بی بی سی) بریتانی راگەیاندبوو لە خانووە ساكارەكەی لە جەرجیس كاتێك چیرۆكی كوڕە ونبووەكەی دەگێڕایەوە و باسی لەگەشتەكەی دەكرد لە گەڕان بەشوێن تەرمەكەی.

خنكاوەكان و ونبووەكان
كەنارەكانی جەرجیش نزیكەی 250 كیلۆمەتر لە دوورگەی لامبدۆزای ئیتاڵیاوە دوورن، لێوەی كۆچبەران بە دزییەوە بە بەلەمی دارین، یان بە بەلەمی لاستیكی دەپەڕنەوە.
بە هەمان شێوە بەلەمەكان لە ناوچەكانی تری كەنارئاوەكانی تونسەوە بەڕێدەكەون، هەر لە ئەلمنستێرەوە بگرە تا دەگاتە سەفاقس و دوورگەی قرقنە كە زیاتر لە 150 كیلۆمەتر لە سەقڵیەی ئیتاڵیاوە دوورە، لەو شوێنانەوە كۆچبەرەكان گەشتەكانیان بەرەو خەونی ئەوروپایی دەستپێدەكەن.
كاتێك رووداوەكانی نوقمبوون لە ئاوە ئیقلیمییەكانی تونسدا روودەدەن، تیمەكانی وەزارەتی بەرگری تونسی و پاسەوانانی كەنارئاوەكانی تونس، وێڕای هێزەكانی بەرگری مەدەنی، ئەركی رزگاركردنی زیندووەكان و دەرهێنانەوەی تەرمی خنكاوەكان لەئەستۆدەگرن.
تەرمەكان لەنەخۆشخانەكان دادەنرێن، تا لەلایەن كەسوكارە جەرگسوتاوەكانیانەوە بناسرێنەوە.
لە ساڵی 2015، حكومەتی تونس لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوونی دۆسێی ئەو ونبوانە دروست كرد لە گەشتە نهێنییەكاندا بەرەو ئیتاڵیا لە دەریادا خنكاون كە ژمارەیان بە سەدان كەس مەزەندە دەكرێت.
لیژنەكە نوێنەرانی چەندان وەزارەتی لەخۆگرتووە، وێڕای پزیشكێكی دادوەریی و مامۆستایەكی یاسا نێودەوڵەتییەكان.
دەسەڵاتدارانی تونس لەگەڵ ئیتاڵییەكان لەو دۆسێیەدا هەماهەنگییان هەیە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی كە تونسییە ونبووەكان لای ئەوان دەستبەسەرن یان نا، سامپڵن لە كەسوكارییان وەردەگرن و دەینێرن بۆ ئیتاڵیا بۆ مەبەستی بەراوردكردنی لەگەڵ سامپڵی تەرمە نەناسراوەكان كە لەو وڵاتەدا بەخاكسپێردراون.
ئەو هەماهەنگییە دەرەنجامێكی وەهای نەبووە. زۆرێك لە خێزانەكان چاوەڕوانی تەرمی كوڕەكانیانن و هەندێكی تریش بڕوایان وایە رۆڵەكانیان تائێستاش لە ژیاندان.

مزگێنییەكە لە لەندەنەوە دێت !
پەیامنێری (بی سی سی) دەڵێت، ماوەیەكی كەم بەپێیان رۆیشتین تا گەیشتنینە ماڵی فاروق، لەوێ‌ دایكی عاتفمان بینی كە بەخەمباری دانیشتبوو.
ئەو لەپێشا قسەی كرد و گوتی»هەموو رۆژێك دەڵێم پەنا بە خودا ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە، ببینە چاوەكانم چۆن گریان ماندووی كردوون».
لەگەڵ تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر دیارنەمانی عاتفدا، تائێستاش بێئومێدی نەگەیشتۆتە دڵی دایكی.
«دڵم دەڵێت زیندووە. رەنگە رۆڵە گیان لە روخساریی تۆدا گوێم لە هەواڵێكی مزگێنی بەخش بێت»، ئەمە قسەی دایكی عاتفە.
هەموو شتێك لای دایكی عاتف بووە بە مزگێنی نزیكبوونەوەی وادەی چاوپێكەوتنی كوڕەكەی، تەنانەت رۆیشتنی رۆژنامەنوسێكیش لە لەندەنەوە تا گوێبیستی چیرۆكەكەی بێت.
لەكاتێكدا دایكی عاتف چاوەڕوانی گەڕانەوەی كوڕە ونبووەكەی دەكات، خۆی بۆ رۆیشتنی عەلی برا بچوكەكەی ئامادە دەكات و خۆی رازیی دەكات بەوەی كە گەشتەكەی ئەمیان باشتر دەبێت».
ئەو لەرێگەی «بابور تونس»ەوە دەڕوات كە گەشتێكی ترە و لە تونسی پایتەختەوە بەڕێدەكەوێت و تێچووەكەی دوو هێندەیە، و بە بەلەمە بچوكەكان ئەنجام دەدرێت.
خەڵكی لەوێ‌، گوزارشتی «بابور تونس» وەك دڵنیابەخشتر و خێراتر بۆ گەیشتن بە كەنارئاوەكانی ئیتاڵیا بەكاردەهێنن كە تەنیا چەند كاتژمێرێك دەخایەنێت، دەشگوترێت خاوەنەكەی بیانییە و پاسەوانانی كەنارئاوەكانی ئەوروپا ئاسانكاریی بۆدەكەن و لە پەڕینەوەدا یارمەتی دەدەن.
بەدوور لە «بابور تونس»، خەڵكی بەزۆری باسی كۆچی نهێنی دەكەن و ئاماژە بە بوونی قاچاخچییەكان دەكەن كە لای دەسەڵاتداران ناسراون، بەڵام ئەو قاچاخچییانە خۆیان دەشاردنەوە كاتێك پرۆسەكانی گەڕان و پشكنین بەدوایاندا ئەنجام دەدرێن.

گەشتێكی بەرەو ونبوون
«عەلی لەوێ‌ نەبوو كاتێك سەردانمان كردن. دواتر لە ئۆتۆمبێلی یەكێك خزمەكانیدا لە تەنیشت ئەو گازینۆیەی خۆی و هاوڕێكانی تێیدا دادەنیشن، چاوی پێی كەوت».
ئەو گوتی»پێمان خۆش بێت یان نا دەبێت سەفەر بكەین، كار نەما نەیكەم، هەموو كارێكم تاقیكردەوە، بەڵام ئێستا ئیشوكار نەماوە. پێش شۆڕش رەوشەكە باشتر بوو، ئیشوكارو پارە هەبوو كە بەدرێژایی مانگ بەشی دەكردین. ئێستا نەكار هەیە و نرخەكانیش دووهێندەن، منیش دەمەوێت یارمەتی خێزانەكەم بدەم». دوای كەمێك بێدەنگی گوتی»باوكم پارەی دەرمانی نییە».
وەك زۆرێك، دوورگەكانی ئیتاڵیا (دەروازەی یەكەمی ئەوروپایە) بۆ عەلی، دواتر فەرەنسا هەنگاوی كۆتاییە كە خوشكەكەی لەوێ‌ نیشتەجێیە.
جگە لەوە پێناچێت سیمای گەشتەكە- سەركێشییەكە رۆشن بێت. لەحاڵەتی گەیشتنی، ئەگەرەكانی دیپۆرتكردنەوەی لەلایەن فەرەنساوە رێی تێدەچێت، ئەمەش بە زۆری بەسەر كەسانی وەك ئەودا هاتووە.
ئەگەر سەركەوتووش بوو لە مانەوە، ئەوپەڕی دەبێتە كرێكار و بۆ ماوەیەكی زۆر بەوشێوەیە دەبێت، رێوشوێنەكانی مانەوەی یاسایی و وەرگرتنی مۆڵەت و رێكارەكانی تری تایبەت بە كۆچبەرانیش لە وڵاتەكەدا، لەولاوە بوەستێت.
بەڵام وێڕای هەموو ئەوانە، بەلەمەكانی مەرگ راناوەستن.

دوو تەوژمی كۆچكردن
عەلی و برا ونبووەكەی، دوو تەوژمی كۆچی نهێنی پێكدەهێنن كە تونس بەخۆوەی بینی لەپاش ئەو شۆڕشەی بووە مایەی روخانی رژێمەكەی زەین لعابدین بن عەلی.
تەوژمی یەكەم دوای وەیەكی كەم بوو لەو شۆڕشە كە بەدرێژایی ساڵی 2011 بەردەوام بوو.
بێئومێدی و ترس لە پاشەڕۆژێكی نادیار، فاكتەری دەركەوتوون كە وا لە هەزاران لاوی تونسی دەكەن هەوڵی پەڕینەوە بدەن بۆ ئەوروپا، لەو دەمەدا پشێوی و پاشەكشەكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و ئاسایشیان قۆتەوە كە لەپاش شۆڕش وڵاتەكەی گرتەوە.
لەكاتێكدا دانیشتوانی جەرجیس باس لەوە دەكەن كە زیاتر لە پێنج هەزار لاو لە كەنارەكانی شارەكەوە لە مانگی كانوونی دووەمی 2011دا بەڕێكەوتوون، پەیمانگای توێژینەوە ستراتیژییەكان كە وابەستەی سەرۆكایەتی كۆمارە دەڵێت، كۆی گشتی ئەو كەسانەی لە ساڵی 2011دا هەوڵی پەڕینەوەیان داوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، 34 هەزار كەس دەبن و زۆربەی ئەوانەش تونسین.
لەو ژمارەیە نزیكەی 26710 كەسیان گەیشتوونەتە كەنارئاوەكانی ئیتاڵیا، ئەوانی تریش لەلایەن دەسەڵاتدارانی تونسەوە رێگەیان لێگیراوە. زانیارییەكانی پەیمانگاكە هیچ ئامرێك لەبارەی ژمارەی قوربانیان و ونبووەكان لەخۆناگرێت.
دەسەڵاتی دەوڵەت و ئاسایش تا ئەندازەیەكی زۆر گەڕایەوە، بەڵام بێئومێدی لەبری كەمبوونەوە زیاتر بوو. قەیرانی ئابوری قوڵتر بۆوە و رێژەی بێكاریش زیادی كرد.
لەگەڵ هاتنی چارەكی كۆتایی 2017، ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی هەوڵیاندا لە دەریاوە بگەنە كەنارئاوەكانی ئیتاڵیا، سەرلەنوێ‌ رووی لە بەرزبوونەوە كرد، دوای ئەوەی پێشتر پاشەكشەی كردبوو.
لە راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە كۆچی نهێنی لە تونس بۆ ساڵی 2017، كۆڕبەندی مافە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان دەڵێت، نزیكەی 55%ی لاوانی تونس خواستی سەفەركردنیان هەیە، و 31%ی ئەوانەش ئامادەن گەشتەكە ئەنجام بدەن تەنانەت گەر نایاسایی بێت.
بەپێی ئەو كۆڕبەندە، لە سێ‌ مانگی یەكەمی ساڵی 2018دا، زیاتر لە سێ‌ هەزار كەس هەوڵی پەڕینەوەیانداوە بۆ ئەوروپا، ئەمەش بەپێی كۆڕبەندەییەكە، دە هێندەی ژمارەی ئەوانەیە كە لەهەمان ماوەی ساڵی 2017دا هەوڵیاندابوو بگەنە ئەوروپا.
بەڵام ئەمە تاكە رووی كۆچ نییە لە تونس.

سەرچاوە و پێگە و مەزار
دوای كاتژمێرێك بە ئۆتۆمبێل، تیمی (بی بی سی) گەیشتبووە سەنتەری ولایەتی مەدەنین. ئەو ولایەتە لەگەڵ ولایەتەكانی تری باشووری خۆرهەڵاتی تونس، پەراوێزخراوە و زۆربەی كۆچبەرە نهێنییەكان هەناردە دەكات.
مەدەنین كەنارئاوی نییە تا لێوەی كۆچی نهێنی بەڕێبكات، بەڵام شارەكە بۆتە مەزار بۆ ئەو كۆچبەرانەی لە وڵاتانی باشووری ئەفریقاوە هاتوون و نەگەیشتوونەتە ئەوروپا، شارەكە سەنتەرێكی داڵدەدانی تێدایە كە مانگی سوری تونس بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی كۆچ، سەرپەرشتی دەكرێت.
عیسام حزێری بەرپرسی سەنتەرەكە بە (بی بی سی) راگەیاندبوو»سەنتەرەكەیان كۆچبەرانی وڵاتە ئەفریقاییە جیاجیاكان لەخۆدەگرێت و زیاتر لە 160 كۆچبەری تێدایە كە هەموویان پیاون، لەكاتێكدا سەنتەرە بۆ 90 كەس تەرخانكراوە».
لەبارەی ژن و منداڵانیش لە سەنتەرەكەدا، حەزری دەڵێت» ئەوان لە سەنتەرێكی تری جیادان لە شارەكە».
زۆربەی ئەوانەی لە سەنتەرەكەدا بوون، ئەو كۆچبەرانە بوون كە لە كەنارئاوەكانی لیبیاوە هەوڵی پەڕینەوەیان دابوو، دواتر لەپاش تێكشكانی بەلەمەكانیان لەلایەن پاسەوانانی كەنارئاوەكانی تونسەوە رزگاركرابوون. هەندێكی تریشیان دەستبەسەر كرابوون لەدوای ئەوەی هەوڵیدابوو لەڕێی دەریاوە لە تونسەوە بۆ ئەوروپا بپەڕنەوە، یان سنورەكان بەرەو لیبیا ببەزێنن و لەوێوە بەرەو ئەوروپا بڕۆن، زۆرێكیش لەوانە پێشتر سەنتەرەكەیان بەجێهێشتبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا شكستیان هێنابوو، جارێكی تر گەڕابوونەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر: میر محەمەد قسەی باشی بۆ ناكرێت

رەوتەد بن جاسم ئال سانی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر پێیوانییە ...