خانه‌كانی‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ سوریا – knwe.org
سەرەکی » کەلتوور » خانه‌كانی‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ سوریا

خانه‌كانی‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ سوریا

زاهیر عێته‌
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

زۆربه‌ی‌ جار شۆڕشه‌كان زیاتر له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ غافڵگیرانه‌ ده‌چن، كه‌ پایه‌ جێگیره‌كان له‌ق ده‌كه‌ن، حه‌شار دراوه‌كان‌و سه‌ركوت كراوه‌كان سه‌رده‌ردێنن، شۆڕشی‌ سوریاش هه‌ر وای‌ كرد، ده‌مامكه‌كانی‌ دڕاند‌و په‌رده‌ی‌ له‌سه‌ر درۆ‌و فڕو فێڵه‌كان هه‌ڵماڵی‌‌و ئه‌و سه‌ركوت كردنه‌ی‌ ئاشكرا كردن، كه‌ ده‌یان ساڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی‌ سوریا ده‌كرێت.
بزوتنه‌وه‌ غافڵگیرانه‌كه‌ی‌ سوریا په‌لی‌ هاویشت تا گه‌یشته‌ بواری‌ هزر‌و ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر‌و رۆشنبیریش، ئامرازه‌كانی‌ ئه‌م هونه‌رانه‌ پێش شۆڕش قۆرغ بوون له‌ بن ده‌ستی‌ لایه‌نه‌ په‌كخه‌ره‌كان، یان حزبییه‌كان، یاخود لایه‌نی‌ ئاسایش، كه‌ زۆربه‌یان وتاری‌ سه‌ركوتگه‌رانه‌‌و چه‌واشه‌كارانه‌یان بڵاو ده‌كرده‌وه‌، هه‌ندێك جار ژێر به‌ژێر‌و زۆر جاریش به‌ ئاشكرا‌و له‌ رێگه‌ی‌ وتاره‌كانیانه‌وه‌ شاباشیان به‌سه‌ر رژێمی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ سوریادا هه‌ڵده‌دا‌و بازاڕكارییان بۆ ده‌كرد، رژێمه‌كه‌ش بره‌و به‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌ات‌و ده‌یانكاته‌ ئه‌ستێره‌ی‌ بێ ركابه‌ر له‌ بواری‌ هۆنراوه‌‌و هونه‌ری‌ شێوه‌كاری‌‌و رۆمان‌و سینه‌ما‌و شانۆدا.
ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی‌ سه‌ر به‌ رژێم پێشتر‌و ئێستاش زۆربه‌ی‌ سه‌كۆ‌و مینبه‌ره‌كانی‌ وه‌ك پیشانگا‌و كۆڕ‌و بۆنه‌ی‌ پاداشت كردن‌و پاداشت‌و سه‌فه‌ر‌و نوێنه‌رایه‌تی‌ له‌ كۆڕ كۆبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی‌ عه‌ره‌بی‌‌و جیهانیشیان قورغ ده‌كرد‌و كردووه‌، رژێم ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی‌ ده‌كردنه‌ ئایكۆن‌و ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌وره‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ ده‌نگێكی‌ پێچه‌وانه‌ سه‌ر هه‌ڵنه‌دات، ئه‌م سیاسه‌ته‌ تا راده‌یه‌كی‌ زۆریش سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ تایبه‌ت كه‌ سوریا له‌ ماوه‌ی‌ په‌نجا ساڵی‌ رابردوودا شاعیر‌و هونه‌رمه‌ندو رۆماننووسی‌ تێدا له‌ دایك نه‌بوو، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ په‌نجه‌ی‌ ده‌ست ده‌ژمێردرێن، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكی‌ تازه‌ش له‌لایه‌ن كچان‌و كوڕانه‌وه‌ لێره‌و له‌وێ ده‌ركه‌وتبن‌و جیاواز له‌ توتییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات شتێكیان وتبێ، ئه‌وا یه‌كسه‌ر ده‌مكوت كراوه‌، جا به‌ په‌راوێز خستن‌و چاوسوور كردنه‌وه‌ بێت، یان راسته‌وخۆ سه‌ركوت كراوه‌، به‌مه‌ش پرۆسه‌ی‌ خه‌ساندن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئۆتۆماتیكی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، تا ئامرازه‌كانی‌ هونه‌ر به‌رده‌وام له‌ قورغی‌ خۆیاندا بێت.
ئه‌مه‌ رێك ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌فسوناوی‌ كردنی‌ ئه‌زموونی‌ سه‌ركرده‌وه‌ رووی‌ دا، یه‌كانه‌ سه‌ركرده‌‌و یه‌كانه‌ باوك‌و یه‌كانه‌ بیریار‌و یه‌كانه‌ حزب، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ تر‌و حزبێكی‌ تر‌و بیرێكی‌ تر له‌ منداڵدانی‌ سوریاوه‌ له‌ دایك نه‌بێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشدا، هه‌موو شتێك گۆڕا، ته‌لیسمی‌ ئه‌و بت‌و ئه‌فسونانه‌ شكان، كه‌ چه‌مكی‌ بێتواناییان له‌ هه‌ناوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ سوریادا جێگیر كردبوو، ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌وه‌ش هه‌ندێك داهێنانی‌ نوێی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ كچان‌و كوڕان له‌ دایك بوون، ئه‌ویش له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان‌و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر كورتیشدا رووی‌ دا، له‌ ناو ئه‌و دۆزه‌خه‌دا ده‌یان رۆمان‌و رۆماننووس‌و هاوشێوه‌كانیان له‌ بواره‌ هونه‌رییه‌كانی‌ تردا سه‌ریان هه‌ڵدا، له‌ هۆزان‌و نیگار‌و شانۆ‌و میوزیك‌و په‌یكه‌ری‌ جوان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مانه‌ له‌ منداڵدانی‌ شۆڕشه‌وه‌ هاتبوون، تیایاندا پایه‌ جێگیره‌كانی‌ ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر كه‌ له‌ پێش شۆڕشدا سه‌پێنرابوون، له‌قین‌و به‌ جێگیریی نه‌مانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامێكی‌ سروشتیی شۆرش بوو، كه‌ تواناكان ته‌قینه‌وه‌.
له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ كه‌ ئه‌وی‌ دی‌ ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر هه‌میشه‌ حه‌ز به‌وه‌ ده‌كات بزانێ چی‌ له‌ سوریا ده‌گوزه‌رێ‌و له‌ رووی‌ ماددیشه‌وه‌ شتێكی‌ لێ هه‌ڵكڕێنێ، خانه‌كای‌ چاپ‌و بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌ستیان كرد به‌ گرنگیدان به‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌ده‌بی‌ سوریا، به‌ تایبه‌تیش ئه‌و چاپخانانه‌ی‌ له‌ لوبنان‌و ئوردن‌و میسرن، رۆمانیش به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌و گرنگیدانه‌ی‌ به‌ركه‌وتووه‌. به‌ درێژایی حه‌وت ساڵ له‌ ته‌مه‌نی‌ شۆڕش گرنگی‌ پێدانی‌ ئه‌و چاپخانانه‌ بۆ به‌رهه‌می‌ ئه‌ده‌بی‌ سوریا كه‌می‌ نه‌كردووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ر ئاماژه‌ به‌ ژماره‌ی‌ رۆمانه‌كان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانین به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵقوڵاندا بووه‌، له‌و ماه‌ویه‌دا‌و له‌گه‌ڵ هه‌موو شكست‌و هه‌ڵه‌نگوتنه‌كانی‌ شۆڕشدا ئه‌و چاپخانانه‌ روویان له‌ ئه‌ده‌بی‌ سوریا وه‌رنه‌گێڕاوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌دا هه‌مان ئه‌و شكست‌و سه‌رسم‌و هه‌ڵه‌نگوتنانه‌یان به‌دی‌ كردبێ، كه‌ به‌ روونی‌ له‌ رۆمانه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون، له‌ هێماو تێماكانیدا، له‌ بابه‌ته‌كانیدا كه‌ زۆربه‌ی‌ به‌سه‌رهاتی‌ شه‌ڕ‌و شۆڕشی‌ سوریا ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ مێژووی‌ پڕ له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌سه‌ده‌كان، ناوهێنانی‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیابینه‌وه‌ی‌ له‌ له‌دایكبوونی‌ نه‌وه‌یه‌كی‌ نوێ.
ئه‌م بڕه‌ زۆره‌ی‌ به‌رهه‌می‌ رۆشنبیری‌ سوریا، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ چاپ‌و بڵاو كردنه‌وه‌ باكیان نییه‌ له‌ رووداوه‌ سیاسییه‌كان‌و به‌ دیوی‌ خراپه‌دا نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی شۆڕشی‌ سوریا‌و شكست‌و نوچدانه‌كانی‌ ئه‌و شۆڕشه‌. له‌ملایشه‌وه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێ خه‌ڵكی‌ سوریا به‌شی‌ تا دوو سه‌د ساڵی‌ تریان هه‌یه‌ بینووسنه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت وه‌ك خالید خه‌لیفه‌ی‌ رۆماننووس باسی‌ ده‌كات.
ئه‌و گرنگیپێدانه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ چاپ به‌ ته‌نها رۆمانی‌ نه‌گرتۆته‌وه‌، به‌ڵكو دیوانه‌ شیعره‌كانیش جێگه‌یان دیاره‌، ئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ ده‌یان شاعیر‌و هۆنه‌ر‌و هۆزانوان له‌ كچ‌و له‌ كوڕی‌ لاو ده‌ربكه‌ون، كه‌ پێش شۆڕش گوێمان له‌ ده‌نگیان نه‌ببوو، پێشم وا نییه‌ له‌ ژێر باڵی‌ رژێمی‌ سه‌ركوتگه‌ر‌و خه‌سێنه‌ردا بیانتوانیایه‌ ده‌ربكه‌ون، ده‌كرێ بڵێین: ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ ناوی‌ تازه‌یه‌، كه‌ له‌ بواری‌ ئه‌ده‌ب‌و هزر‌و هونه‌ردا كار ده‌كه‌ن ده‌ستكه‌وتی‌ شۆڕشه‌‌و رێخۆشكه‌ر‌و تروسكایی سبه‌ینێیه‌كی‌ پڕ له‌ ئازادی‌‌و قوتار له‌ نه‌زانی‌‌و تابۆ‌و سه‌ركوتكاری‌.
گومانی‌ تێدا نییه‌ كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ نوێیانه‌ كاتی‌ ده‌وێ، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌ ناسیاوچێتی‌‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌‌و ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندن هه‌ندێك ناو زه‌ق نه‌كاته‌وه‌‌و هه‌ندێكی‌ تریش بكات به‌ ژێر لێوه‌وه‌، وه‌ك وتمان توێژینه‌وه‌‌و كاتی‌ زۆری‌ ده‌وێ‌و لێره‌دا جێگه‌ی‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ بۆ بابه‌ته‌كه‌ی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ چاپ، به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی‌ سوریا كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان گه‌یاندۆته‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش به‌رده‌وامن له‌ سیاسه‌تی‌ گرنگیدان به‌و ناوانه‌ی‌ به‌ر له‌ شۆڕش هه‌ر جێگه‌ی‌ گرنگیپێدان بوون‌و خۆیان له‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ نه‌بان كردووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ خه‌ساندن كه‌ له‌ ماڵباتی‌ ئه‌سه‌ده‌كانه‌وه‌ به‌ میرات ماوه‌ته‌وه‌، هێشتا له‌ بن كڵێشه‌ی‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌دا هێلانه‌ی‌ چێ كردووه‌، ئه‌گه‌رچی‌ گرنگی‌ به‌ ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ریش ده‌ده‌ن.
به‌ گشتی‌ ئه‌زموونی‌ سه‌خت‌و چنگه‌كڕكێی‌ ئه‌م خاوه‌ن به‌هره‌ تازانه‌‌و نووسه‌رانی‌ تری‌ سوریاش، له‌ كۆتاییدا به‌ره‌نجامی‌ باشی‌ ده‌بێت، دوای‌ ساڵانێكی‌ زۆر له‌ په‌راوێز كردن‌و په‌رده‌پۆش كردنیان به‌ دێنه‌ به‌ر رووناكایی‌و به‌ رۆشنبیری‌‌و ئه‌زموونی‌ نوێش ئاشنایان ده‌كات، ناوه‌نده‌ روناكبیرییه‌كانی‌ خۆرئاواش به‌ به‌رهه‌می‌ رۆشنبیری‌ سوریا ئاشنا ده‌كات، كه‌ ره‌نگه‌ تێڕوانینی‌ خۆرئاواییه‌كان بگۆڕێت سه‌باره‌ت به‌و ئاوارانه‌ی‌ به‌ چاوی‌ به‌زییه‌وه‌ تێیان ده‌ڕوانن، سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌م‌و داهێنانه‌كانیشیان تێڕوانینیان ده‌گۆڕێت له‌ سۆز‌و به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه‌وه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندێكی‌ واقیعیانه‌تر.
ده‌ره‌ج

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لیبڕالیزم و نیۆلیبڕالیزم

پڕۆژەی چەمکە فکری و فەلسەفییەکان لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا بۆ ...