سەرەکی » کەلتوور » نموونه‌یه‌كی‌ به‌راوردكاریی بۆ ئه‌زموونی‌ حكومه‌ت

نموونه‌یه‌كی‌ به‌راوردكاریی بۆ ئه‌زموونی‌ حكومه‌ت

*خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێب : دلاوه‌ر عوسمان

*ناوی‌ كتێب : بۆ ئه‌زموونی‌ حكومه‌ت
*نووسه‌ر : به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌
*قه‌باره‌ی‌ كتێب : (12×20سم) – ژماره‌ی‌ لاپه‌ڕه‌ : (108)
*تیراژ : (700) دانه‌
*چاپی‌ یه‌كه‌م – 2017
*له‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ كوردستانی‌ نوێ‌

ئه‌ڵبه‌ت ئاگارداربوون له‌ ئه‌زموونی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ دیكه‌ له‌ ڕووی‌ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ وڵات و حوكمڕانیی و ئینجا گه‌ڵاله‌كردنی‌ كۆمه‌ڵیك پێشنیاز بۆ به‌رده‌م حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان , ئامرازێكی‌ به‌كه‌ڵكه‌ بۆ ئامانجی‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم زیاتر بایه‌خ به‌ كه‌رته‌ جیاجیاكان بدات و بشتوانێت سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ زیاتر ده‌سته‌به‌ربكات هه‌م بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی‌ مووچه‌ و هه‌م بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی‌ هاووڵاتییان , دوور له‌وه‌ی‌ مه‌به‌سته‌كه‌ ته‌نیا كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ هه‌ڵبژاردن بێت , له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم حكومه‌تی‌ تێكرای‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌ و چه‌نده‌ له‌ كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت ئه‌وه‌نده‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ پۆزه‌تیڤی‌ به‌سه‌ر باروگوزه‌رانی‌ هاووڵاتییان و به‌ره‌وپێشچوونی‌ وڵاتدا ده‌بێت .
بێگومان خستنه‌ڕووی‌ هه‌ر پێشنیازێكی‌ له‌و چه‌شنه‌ , به‌ مه‌به‌ستی‌ كۆپییكردنی‌ كتومت نییه‌ چونكه‌ هه‌ر هه‌ر وڵاتێك هه‌لومه‌رجی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ , به‌ڵام ده‌كرێت سوود له‌ ئه‌زموونی‌ هه‌ر وڵاتێك وه‌ربگیرێت ئه‌گه‌ر تا راده‌یه‌كیش بێت .
یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا گرنگه‌ و هه‌م هاوسێی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌ , كۆماری‌ توركیایه‌ كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی‌ ( 783562) كیلۆمه‌تری‌ چوارگۆشه‌یه‌ و ژماره‌ی‌ دانیشتووانی‌ خۆی‌ له‌ (78) ملیۆن كه‌س ده‌دات و پێكهاتووه‌ له‌ (81) پارێزگا . توركیا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی‌ غه‌یره‌ نه‌وتیی سیستمێكی‌ به‌رفراوانی‌ باجی‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ پێ‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت جا چ بۆ دابینكردنی‌ مووچه‌ی‌ كارمه‌نده‌كانی‌ بێت یان بۆ پێشه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاریی به‌ هاووڵاتییانی‌ خۆی‌ .
وه‌ك هه‌وڵێك له‌م بواره‌دا , به‌ڕێز به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ به‌ حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵانێكی‌ زۆر له‌ توركیا ژیاوه‌ وه‌ك به‌رپرسی‌ ئۆفیسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ,له‌ ساڵی‌ (2016) دا زنجیره‌یه‌ك وتاری‌ بۆ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ نووسیوه‌ كه‌ تێیاندا به‌ ئامار و ژماره‌ و داتا و ورده‌كاریی باسی چه‌ندین بواری‌ جۆراوجۆری‌ له‌ توركیادا كردووه‌ و كۆمه‌ڵێك پێشنیازی‌ بۆ به‌رده‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌ تاوه‌كو سوودیان لێ‌ وه‌ربگرێت به‌تایبه‌تی‌ له‌ رووی‌ زیادكردنی‌ داهاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ ته‌نیا پشت به‌ داهاتی‌ نه‌وت وگاز نه‌به‌ستێت , كۆی‌ ئه‌و وتارانه‌ش كراونه‌ته‌ كتێبێك به‌ ناونیشانی‌ (( بۆ ئه‌زموونی‌ حكومه‌ت )) كه‌ ساڵی‌ (2017) كوردستانی‌ نوێ‌ بڵاوی‌ كردووه‌ته‌وه‌ .
له‌سه‌ر به‌رگی‌ دواوه‌ی‌ كتێبه‌كه‌ , له‌خوار وێنه‌یه‌كی‌ نووسه‌ردا وه‌كو پێناسێكی‌ كورتی‌ ناوه‌رۆكی‌ ئه‌م كتێبه‌ نووسراوه‌ : كۆمه‌ڵه‌ وتارێكه‌ كه‌ نووسه‌ر وه‌ك ئه‌زموونێك پێشكه‌شی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كردووه‌ تاوه‌كو نموونه‌ی‌ به‌راوردكاری‌ یارمه‌تیده‌ری‌ چاره‌سه‌ری‌ ته‌نگژه‌كانی‌ ئه‌مڕۆی‌ حوكومڕانی‌ بێت له‌ كوردستان . ئه‌م نووسینانه‌ پێشتر وه‌كو ستوون له‌ كوردستانی‌ نوێ‌ بڵاوبۆته‌وه‌ . لێره‌ وه‌كو كتێبیش پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌ین سا به‌ڵكو كه‌ڵكی‌ هه‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك .
كتێبه‌كه‌ (26) وتار ده‌گرێته‌ خۆی‌ كه‌له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌دا وێنه‌یه‌كی‌ روونكه‌ره‌وه‌ دانراوه‌ . یه‌كه‌م وتار له‌ ژماره‌ (6917) ی‌ رۆژی‌ (8/3/2016) ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ و دوایه‌مین وتاریش له‌ژماره‌ (7064) ی‌ رۆژی‌ (6/9/2016) بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ هه‌فتانه‌ له‌ رۆژانی‌ سێشه‌ممه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ (3)ی‌ رۆژنامه‌كه‌دا وه‌كو گۆشه‌یه‌ك به‌ مامناوه‌ندی (270) وشه‌ .
نووسه‌ر له‌ زۆربه‌ی‌ وتاره‌كاندا به‌ پشت به‌ستن به‌ ئاماری‌ فه‌رمیی و ژماره‌ , ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ توركیا ده‌وڵه‌ت باج له‌سه‌ر زۆر بواری‌ جیاجیا كۆده‌كاته‌وه‌ به‌پێی‌ رێسا و رێنوینیی په‌یوه‌نیدار وه‌ك (باجی‌ سه‌ر ئۆتۆمبیل ) و ( باجی‌ تێپه‌ڕبوون ) بۆ ئۆتۆمبیل و (غه‌رامه‌ی‌ سه‌رپێچیی ئۆتۆمبیل ) و (باجی‌ بانزین) و سووته‌مه‌نی‌ و ( باجی‌ جگه‌ره‌و خواردنه‌وه‌ كهولییه‌كان ) و باجی‌ ( ئاڵتوون و موجه‌وهه‌رات ) وباجی‌ وه‌رگیراو له‌ كۆمپانیاكان و زه‌ریبه‌ی‌ گومرگ و باجی‌ یارییه‌كانی‌ (شانس و به‌خت ) و (باجی‌ كرێی خانوبه‌ره‌ ) و (باجی‌ سه‌ر پاره‌ی‌ دانراو له‌ بانق ) و (باجی‌ رێگاوبان و شه‌قام ) وله‌وانه‌ باجی‌ شۆسته‌ . له‌ بابه‌تی‌ (باج و زه‌ریبه‌) دا ده‌ڵێت : ده‌وڵه‌تی‌ توركیا باجی‌ له‌سه‌ر هه‌موو مادده‌یه‌ك داناوه‌ وبه‌و هۆیه‌وه‌ له‌سه‌رپێی‌ خۆی‌ وه‌ستاوه‌ , بۆچی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بیر له‌ سیستمێكی‌ هاوشێوه‌ ناكاته‌وه‌ بۆ په‌یداكردنی‌ داهاتی‌ دیكه‌ جگه‌ له‌ نه‌وت وگاز بۆ دابینكردنی‌ مووچه‌ی‌ هاووڵاتییان ؟
له‌م رووه‌شه‌وه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ توركیا نزیكه‌ی‌ (20) ملیۆن ئۆتۆمبیل تۆماركراون و جۆره‌ها باج له‌ خاوه‌نه‌كانیان وه‌رده‌گیرێت , جگه‌ له‌ كۆمپانیاكانی‌ دڵنیایی (ته‌ئمین)ی‌ ئۆتۆمبیل (24) كۆمپانیای‌ دیكه‌ی‌ دڵنیای (ژیان و خانه‌نشینیی) هه‌ن , بۆنموونه‌ ساڵی‌ (2015) ده‌وڵه‌ت پتر له‌ (158) ملیار دۆلار باجی‌ ده‌ستكه‌وتووه‌ ,له‌ كاتێكدا ژماره‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ توركیا به‌ سوپا و گرێبه‌ستیشه‌وه‌ خۆی‌ له‌ (3) ملیۆن (340) هه‌زار كه‌س داوه‌ و ساڵانه‌ (50,4) ملیار دۆلار مووچه‌كانیانه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان له‌ بانكه‌كاندا حیسابی بانكییان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ .
جگه‌ له‌وانه‌ش ده‌وڵه‌تی‌ توركیا داهات له‌ رێگه‌ی‌ دیكه‌شه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك داهاتی‌ موڵكه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت به‌ به‌كرێدان و فرۆشتنیشه‌وه‌ و داهاتی‌ سه‌فه‌ركردن له‌رێ‌ ی‌ وه‌رگرتنی‌ بڕێك پاره‌ له‌هاووڵاتییان له‌كاتی‌ سه‌فه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ و وه‌رگرتنی‌ باج له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ له‌ بازاڕچییه‌كانی‌ میوه‌ و سه‌وزه‌ هه‌روه‌ها سیستمی‌ بیمه‌ی‌ به‌زۆر (به‌مه‌به‌ستی‌ خانه‌نشینیی ) .
نووسه‌ر باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ توركیا له‌ ریزی‌ ئه‌و (10) وڵاته‌ی‌ پێشه‌وه‌ی‌ دنیادایه‌ كه‌به‌روبومی‌ كشتوكاڵی‌ به‌رهه‌م ده‌هێنن و داوا ده‌كات حكومه‌تی‌ هه‌رێم گرنگی‌ به‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ بدات . له‌ باسی گه‌شتوگوزاردا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ساڵی‌ (2014)دا ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران له‌ توركیا گه‌یشتووته‌ (41) ملیۆن كه‌س كه‌نیوه‌ی‌ زیاتریان بیانی‌ بوون , بوارێكی‌ دیكه‌ش گه‌شتیاری‌ نه‌خۆشییه‌ واته‌ چوونی‌ نه‌خۆش له‌ وڵاتانی‌ دیكه‌وه‌ بۆ نه‌خوَشخانه‌كانی‌ توركیا و داوا ده‌كات حكومه‌تی‌ هه‌رێم بایه‌خ به‌م بوارانه‌ش بدات .
هه‌روه‌ك باسی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ توركیا (193) زانكۆی‌ جۆراوجۆر هه‌ن له‌وانه‌ (76) یان تایبه‌تن سه‌ر به‌
وه‌ قفن وله‌پای‌ خوێندن به‌ناوی‌ وه‌قف پاره‌ له‌ خوێندكاران وه‌رده‌گرن. له‌بابه‌تێكی‌ دیكه‌دا باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ (224) جۆره‌ كۆمپانیای‌ پاسی گواستنه‌وه‌ی‌ رێبواران له‌ توركیا هه‌ن له‌ نێوان شاره‌كاندا هاتوچۆ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت : ده‌كرێت كۆمپانیای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ رێبواران له‌ هه‌رێم دروست بكرێت و داهاتێكی‌ باشیش راده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بكرێت .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گوزه‌رێك به‌بیره‌وه‌ریه‌كانی سه‌دام له‌زاری وه‌ڕگێڕه‌ كورده‌كه‌یه‌وه‌

ژینۆ عه‌بدولڵا* به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌ی زیاتر له‌ 35 ساڵ به‌ ...