کوردەکانی خۆراسان – پەڕە 3 – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » کوردەکانی خۆراسانپەڕە 3

کوردەکانی خۆراسان

کوردانی خۆراسان لە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی ئەکادیمی دا

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

ئەم لێکۆڵینەوەیە لەلایەن عەباس عەلی مادیح لە زانکۆی یەریڤانی حکوومی (ئەرمینیا) ئەنجام دراوە

کورتەیەک
بابەتەکە رووماڵکردنێکی دیمۆگرافییە لەبارەی کوردەکانی خۆراسانی گەورەوە بەو سێ ئوستانە جیاوازەی حاڵی حازر کەوتوونەتە ناو سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێم و ناوچەکانی ئێرانەوە. بە شێوەیەکی سەرەکی باسەکە پشت بە کەرەستە مەیدانییەکان دەبەستێت و نووسەر زۆربەی ئەو ناوچە کوردیانەی لەسەر زەوی دەسنیشان کردووە، هەروەها رەچاوی ئەو زانیارییانەش کراوە کە لە شارەوانییەکان وەرگیراون. باسەکە لیستێکی گشتگیر دەگرێتەخۆ لەبارەی گوند و مەڵبەندە کوردنشینەکانی خۆراسانی گەورە کەوا بەسەریەکەوە یان بە تێکەڵی کوردیان تێدایە بە پێی یەکە ئیدارییەکان یان شەهرستان و شەهرەکەکان.
زۆرترینی کوردەکانی خۆراسان جێگیرن هەرچەندە هەندێکیشیان تا ئێستا هەر بە دوای لەوەڕخۆرییەوەن بۆ ئاژەڵەکانیان. هەروەها هەموو کوردەکانی خۆراسان شیعە مەزەبن و بەگشتی ٦٩٦ گوند لێرە هەموو یان زۆرینە کوردن و لە هەرێمی خۆراسانی گەورەدا تۆمار کراون و تێکرا کوردەکانی خۆراسان بە نزیکەی ملیۆنێک هەژمار دەکرێن.
پێشەکی
خۆراسان گەورەترین ویلایەت یان ئوستانی ئێرانە کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە. ئەم هەرێمە، بەتایبەتی بەشی باکووری، بەوە ناسراوە کە ئەتنیکێکی گەورەی جۆراوجۆری تێدایە و لە رووبەرێکی ١٥٤٤٤ میلی چوارگۆشەدا تەوای ئەو گرووپە ئەتنیکیانە بوونیان هەیە کە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا دانیشتوانی ئێران پێکدێنن وەک کورد، بلووچ، لوڕ، تورک، تورکمان، سیستانی، ئەفغانی، عەرەب … تاد. زۆربەی ئەمانەش لە ئەنجامی کۆچکردنەوە لە زێدی مێژوویی خۆیان لێرە جێگیر بوون. حاڵی حازر خۆراسان هەرێمێکە لە لە سێ ناوچە یان دەڤەری لێکجودا پێکهاتووە کە ئەمانەن: خۆراسانی باکوور، خۆراسانی باشوور و خۆراسانی رەزەوی کە دەکەوێتە نێوانیانەوە. تێبینیی ئەوە دەکرێت کەوا کوردەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە دوو بەشەکەی باکووری خۆراسانی گەورەدا دەژین. لەم باسەدا تێرمی خۆراسان هەرسێ بەشەکە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی ئاسایی خۆراسانی گەورە یان بزورگی پێدەوترێت.
ئەم باسە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەرەستە مەیدانییەکانی نووسەر دەبەستێت و ئەڵبەتە بەزۆری و بەگشتی سیفەتی ئەتنیکیی گوندەکان لادەبرێت یان پشتگوێ دەخرێت لە سەرچاوە تایبەتەکاندا و زانیارییە رەسمییەکان فرەجار دژبەیەکن بۆیە زۆرێک لەو شوێنانەی کوردیان تێدا نیشتەجێن لە لایەن خودی نووسەر خۆیەوە دەسنیشان کراون و هاوشانیش بەزۆری پشت بە کەرەستە ئەرشیفییەکانی ناوەندە شاروانییە لۆکاڵییەکان بەستراوە.
رووماڵ کردنەکە بەتایبەتی ناوچە دێهاتییەکان دەگرێتەوە و هەرچەندە رێژەیەکی بەرزی کورد لە شارەکانی مەشهەد و قووچان و بونجورد و نەیشابوور و … تاد هەن بەڵام دەستنیشان کردنیان لە ژینگەی شارستانیدا گەلێ گرفت و ئاستەنگ لەخۆدەگرێت. کوردەکانی خۆراسان و بەتایبەتی چینی خوێندەواریان بەشێوەیەکی ئاسایی تواونەتەوە و تێکەڵی ئەوانیتر بوون و تەنانەت بۆ هەندێکیشیان هەر لە یەکەم نەوە یان وەچەی راگواستنیانەوە. بەهەرحاڵ ئەم دیاردەیە هیچی لەگەڵ ناکرێت لە ئاست سیاسەتی مەبەست و ئامانجداردا. دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی ئێران بەگشتی پاڵپشتی لە فەرهەنگ و کولتوور و زمانە لۆکاڵییەکان دەکەن و ژمارەیەک لە رۆژنامە و گۆڤاری کوردی لەمڕۆدا لە خۆراسان بڵاودەبنەوە. راستییەکەی ئیتنیکی لە خۆراساندا زیاتر ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی گوندنشینیی هەیە و ئەم خەسڵەتە بووە بە مۆرکی ژمارە یەکی. هەروەها خاڵێکی تر هەیە کە دەبێ رەچاو بکرێت کەوا زۆرینەی رەهای گوندە دەستنیشانکراوەکان بەتەواوی کوردن هەرچەندە لەگەڵیشیاندا دانیشتوانی تێکەڵ هەن (کەوا گرووپی فارسی و تورکی زمانن) بەڵام دانیشتوانە کوردەکە هێشتا هەر رێژەیان زاڵە. تەنانەت کۆمەڵە گوندێکی تێکەڵەی کورد و بلووچیش لە ناوچەکەدا هەن.
گەورەترین بەشی کوردەکانی خۆراسان جێگیرن یان خانوونشینن هەرچەندە هەندێ گرووپیشیان بەدوای لەوەڕخۆریی وەرزییەوەن. تەواوی کوردەکانی خۆراسان شیعە مەزەبن و بەگشتی ٦٩٦ گوند لە خۆراسانی بزورگدا تۆمار کراون کە یان بەتەواوی کوردن یان رێژەی کورد تێیاندا زۆرینەیە. بە پێی کەموکورتیی زانیاریی سەرژمێریی گرووپە ئەتنیکییەکان لە ئێراندا ژمارەی بەڕێوجێی کوردەکان بەتەواوی پەی پێنابرێت بەڵام خەمڵ و مەزەندەی دەوروبەری یەک ملیۆن کورد دەکرێت لە خۆراساندا.

دەرکەوتن و پەیدابوونی کورد لە خۆراساندا
سەرەتای سەدەی شانزەیەم سەردەمێکی یەکلاکەرەوە بوو لە مێژووی ئەو کوردانەدا کە لەو کاتەدا دانیشتووی باکووری رۆژئاوای ئێران و ناوچە نزیکەکانی باکووری میزۆپۆتامیا بوون. ناکۆکی و بەرەوڕووی یەکتر بوونەوەی سەفەوی و عوسمانی و بەتایبەتی لە دوای شەڕی چاڵدیرانی ساڵی١٥١٤ دا بایەخی توخمی کورد زمانی دەرخست وەک فاکتەرێکی سەربازیی گرنگ لە ناوچەکەدا. قۆناخی دوای ئەوە لە سیاسەتە ناوخۆییەکانی هەردوک ئیمپراتۆری ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و ئێرانی سەفەویدا مەیلێکی ئاشکرای پێوە دیارە سەبارەت بەکارهێنانی ئەم فاکتەرە وەک توخمێکی پاراستنی ئاسایش. عوسمانییەکان بە گورجوگۆڵی کەوتنە نیشتەجێ کردنی کوردەکان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئەرمینیای رۆژئاوا (ئەوەی کە پێیدەوترێت رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ)، پاش ئەوەی ئەرمەنە نیشتەجێ رەسەنەکانیان رادەگواست و پرۆسەی بە کوردستان کردنی ناوچەکە ئامانجی دروستکردنی سەنگەر و قایمکاریی لەپشتەوە بوو دژ بە سەفەوییەکان. سەبارەت بە ئێرانییەکانیش، لای خۆیانەوە دەستیانکرد بە راگواستن و کۆچپێکردنی کوردەکانی هەمان ناوچەکانی بندەستی خۆیان بەرەو ئاڕاستەیەکی پێچەوانە بۆ خۆراسان، کە بە شێوەیەکی سەرەتایی بە ئامانجی پەرت و بڵاوە پێکردنی چڕیی دانیشتوانە کوردەکە بوو لە ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ عوسمانییەکاندا و لە هەمان کاتیشدا دروستکردنی هێڵێکی بەرگری بوو بە درێژایی سنوورەکانی باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دژ بە رێڕەوە نەگۆڕەکەنی خێڵە کۆچەرییە ئۆزبەک و تورکمانەکان.
چاندنی رەگەزی کورد لە خاکی رەسەنی ئەرمینیادا لە کۆتاییدا کێشایەوە بۆ قڕکردن و لەناوبردنی دانیشتوانی ئەرمەنی ناوچەکە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا و بەدوای ئەوەشدا پێکهێنانی ناوچەیەکی چڕی دانیشتوانی کورد لە رۆژهەڵاتی تورکیای ئەمڕۆدا، کە بە هەندێک هەل و مەرج بە «کوردستانی تورکیا» دەناسرێت*.
بەهەرحاڵ راگواستنی کوردەکان لە لایەن ئێرانەوە هیچ لێکەوتەیەکی جیۆپۆڵەتیکی نەبوو. لەڕاستیدا ئەو کوردانەی لە خۆراسان نیشتەجێ کران رۆڵێکی بەرچاویان بینی لە بەرگری کردن لە سنوورەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، هەرچەندە فرە جاریش لە حکومەتی ناوەندیی یاخی دەبوون (بۆ نموونە یاخیبوونی کوردەکانی قووچان دژ بە فەتح عەلی شای قاجار ساڵی ١٨٣٩، کە لە لایەن عەباس میرزای میری جێنشینەوە سەرکوت کرا)١.
پرۆسەی کۆچ کردن بۆ خۆراسان، کە لە لایەن شا ئیسماعیلەوە دەستی پێکرد و لە دەورانی شا تەهماسپدا بەردەوام بوو، لە دەورانی شا عەباسدا بوو بە کارێکی سیستماتیک، کە لە ماوەی ساڵانی ١٥٩٨ تا ١٦٠١ چل و پێنج هەزار خێزانی کوردی ناچاری راگواستن کرد بۆ خۆراسان کە بە زۆری لەو ناوچانە بوون کە دەکەوتە ئەرمینیای رۆژئاوای مێژوویی و باشووری قەوقازەوە. راستییکەی شا عەباس پێنج دەڤەری بە درێژایی سنوور تەرخان کرد بۆ ئەوەی لە ژێر رکێفی کوردەکاندا بن، لە ئەسترابادەوە بۆ چناران و سیان لەوانە، کە بوجنورد و قووچان و دەرەگەز، لە سەدەی نۆزدەدا هێشتا هەر مابوون. خاوەنەکانی قووچان، کە لە نێو ئەو سێ مڵکەدا بەهێزترینیان بوو، هەروەها خاوەن مڵکەکانی بوجنوردیش نازناوی ئێلخانییان درابوویە. لە رووی جوگرافییەوە هەندێ لە خێڵە کوردەکانی زەعفەرانلوو لە قووچان نیشتەجێ بوون و شادلوو لە بوجنورد و کەیڤانلوو لە رادکان و عەمارلوو لە نەیشابوور نیشتەجێ بوون٢.
هەروەها چەندین کۆچ و راگوێزانی کوردەکان لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا بەڕێوەچوو، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی نادر شادا، کە تەنها کوردی ناوچەکانی ئێرانی راگواست لە ئەردەڵانەوە بۆ خۆراسان و هەروەها لەوانەش کە تازە لە خۆراسان گیرسابوونەوە ناردنی بۆ گەیلان بە مەبەستی دروستکردنی قەڵا و قایمکاری لەڕووی رووسەکاندا.
تەواوی کوردەکانی خۆراسان کرمانجن و دەچنەوە سەر ئەو خێڵانەی کاتی خۆی لە ژێررکێفی تورکدا ژیاون و دەچنەوە سەر کۆمەڵە کوردەکانی باکوور، کە زۆرینەی رەهایان حاڵی حازر لە تورکیادا نیشتەجێن هەندێکیشیان لە سوریا و عێراقدا. لە خۆراسان بە کوردەکان دەوترێت کرمانج و بە هەمان دیالێکتی کوردەکانی تورکیا دەئاخڤن. بە وردبوونەوە لە فەرهەنگی ئەم دیالێکتە دەردەکەوێت کە ئەوانەی پێی دەئاخڤن رۆژگارێک بە دیاریکراوی دەراوسێی ئەرمەنەکان بوون و تەنانەت بوونی توخمێکی ئیتنیکی ئەرمەنی لای بەشێکی بەرفراوانی کوردەکانی خۆراسان ناتوانرێت بەتەواوەتی وەدەرنرێت. من لە کارە مەیدانییەکەمدا و لە کاتی دەستنیشان کردنی گوندەکانی ناوچەی چناراندا، بۆ نموونە، رێم لە خەڵکانێک کەوت باسیان لەوە دەکرد کەوا بە بنەچە ئەرمەنن و بگرە ئەگەر توێژاڵی دەرەوەی زمانی کوردەکانی خۆراسان لابدەیت ژمارەیکی گرنگی وشە و دەربڕینی زمانی ئەرمەنی دەردەکەون چەشنی خاچ، چۆرتان (واتە پەنیری وشککراوە)، کۆتان (واتە گاسن یان جووتکردن)، پەنجار یان پینجار (ناوێکی باوی گژوگیای خواردنە)، ماندیک (جۆرێکە لە رووەکی کێوی کە بۆ خواردن دەشێت)، کەل / رەندو (داسێک کە مشتوو یان کلکێکی دارینی درێژی پێوەبێت).. تاد٣. پێدەچێت لە سیستەمی دەنگ دەربڕینی (فۆنۆلۆجی) زمانی کرمانجیی خۆراسانیدا ئاسەوارێکی زمانی ئەرمەنیشی تێدا ببینرێت. ئەڵبەتە گەلێ پیت و دەربڕینی کە لە دیالێکتی کوردیی خاکی مێژوویی ئەرمینیادا بەکارهاتووە ئێستا روون و ئاشکرا لە دیالێکتی کرمانجیی خۆراسانیدا دەردەکەون٤. وردەکارییەکی تر لە خەسڵەتی ئەتنۆگرافیدا دەردەکەوێت و پاش دروێنەی دەغڵ و دان و کوتان و شەن کردنی تەواو دەبێت بەشێک لە کۆمەلانی کوردی خۆراسانی جێزی دانەوێڵەی لە کا و کۆتەڵ پاککراویان بە وێنەی خاچ شەقڵ دەکەن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ رێزگرتن لە نەریتێکی کۆن بێ ئەوەی مانا راستەقینەکەی باس بکەن.
ئەڵبەتە هیچ دوودڵی و گومانێکی تێدا نیە کەوا کوردەکانی خۆراسان لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیای هاوچەرخەوە کۆچیان کردووە و بە حوکمی ناوی هەندێک لە خێڵەکان ئەگەر هەیە لە دەڤەرەکانی باشووری قەوقازەوە هاتبێتن (کە ئەمڕۆ ئەرمینیا و ئازەربایجانن). لە تورکیاش پێدەچێت لەو ناوچانەوە بووبێت کە حەوزی گۆلی وان و بەدلیس و مووش و بۆ سەرەوە تا دیاربەکری گرتبێتەوە. بەهەرحاڵ داب و نەریتی زارەکیی کوردەکانی خۆراسان و لە هەمان کاتیشدا هەموو ئەو کەسانەی لەم بارەوە نووسیویانە ناوچەکانی راگواستنی کوردەکانی خۆراسان بە چەمشکەزەک دادەنێن بەو پێیەی ناوچەی نیشتەجێی کۆنفیدراسیۆنێکی خێلەکییە بەهەمان ناو. بەڵام لە راستیدا ئەو کۆنفیدراسیۆنە هەر بوونی نەبووە و تەنها ناوێکی نەریتی و هاکەزایی بووە کە لە لایەن شا عەباسەوە دراوە بەو خێلە کوردانەی سەر بە ئێران بوون و دواتر لە خۆراسان نیشتەجێ کراون. شەرەفخانی بەدلیسی بە وردی باس لە مڵکی چەمشکەزەک دەکات٦. ئێرە یەک لەو چوار ناوچەیە بووە کە قەزای چارسنجاقیان پێکهێناوە لە سنووری ویلایەتی خەرپوتدا ( کە بە ئەرمەنی خەربەردی پێدەوترێت)، کە دەکەوێتە هەرێمی باشووری دەرسیمەوە. بە پێی بۆچوونی هەندێ نووسەر قەرەچۆر هاوناوی چارسنجاق بووە٦. ئەمڕۆ چەمشکەزەک بەشێکە لە ویلایەتی تونجەلی (دەرسیم). هەرچۆنێک بێت تاقە ناوی خێڵەکی لە ناو سەدان ناوی خێڵە کوردەکانی خۆراساندا رەنگە هەر قەرەچۆرلوو بێت کە هاوشێوەییەکی لەگەڵ شوێنی چەمشکەزەکدا هەبێت کە ناوی قەرەچۆری دەچێتەوە سەر. راستییەکەی هیچ ناوێکی تر لە خێڵە کوردەکانی خۆراسان ئیدیعای گەڕانەوە سەر خاکی بنەڕەتی ناکات لێرە تەنها ئەو خێڵە شیعەیە نەبێت بە ناوی قەرەچۆرلی گوایە لە ویلایەتی ئەریڤانی ئیمپراتۆرییەتی رووسیای جارانەوە هاتوون٧. زیاد لەوەش و سەرەڕای ئەو راستییەی کە دانیشتوانی چەمشکەزەک توخمێکی بەرچاوی سەر بە ئێرانی لێبووە، لەناویشیاندا قزڵباشە شیعەکان٨، بەڵام گەورەترین بەشی دانیشتوانی دەڤەرەکە لە رەگەزی کورد نەبوون بەڵکو دیمیللی (زازا) بوون**. بەم رەنگە چەمشکەزەک بەتەواوی کاندیدێکی نەگونجاوە بۆ گریمانەی شوینی راگواستن یان کۆچکردنی کوردەکانی خۆراسان. لە نێو هەموو ئەگەرەکاندا، ناوی چەمشکەزەک، وەک مارتن ڤان بروونەسن بۆیدەچێت٩، لە واقیعدا هی گرووپێکی کۆچبەرن کە بۆ مەبەستێکی تایبەت هاوپەیمانییەکی خێڵەکییان پێکهێناوە و رەنگە بەهۆی ئەوەوە بووبێت کە چەمشکەزەک شوێنی بەیەکگەیشتنی جوگرافیی هەموو ئێتنیکی کورد بووبێت لەوکاتەدا. بۆ نموونە، شەرەفخان دەنووسێت «کاتێ هەر کوردێک ناوی ویلایەتی کوردستان دێنێت ئەوە مەبەستی چەمشکەزەکە»١٠. هەرچۆنێک بێت، خاکی راستەقینەی راگواستنی کوردەکان ئەو شوێنانەن کە پێشتر باسیان لێوە کرا لە تورکیای ئەمڕۆ و باشووری قەوقازن بەڵام بە رەهایی چەمشکەزەک نیە.
بەگشتی لەو ناوە زۆر و زەبەندانەی خێڵە کوردەکانی خۆراسان کە بە عادەت بە پاشکۆی «لوو» ی تورکی کۆتایی دێت تەنها کەمێکیان هاوشێوەی ناوی عەشیرەتە کرمانجەکانی میسۆپۆتامیا و باشووری قەوقازن وەک سفکانلوو کە هاوشێوەیە لەگەڵ سپکی یان سپکانلوو، پازوکی، بێریڤانلوو لە بەرانبەر بێریفی (یان بێرفکی) لە نێوان مووسڵ و ماردیندا، میلان (میلانلوو)، زیلان (زیلانلوو)، شادلوو لە بەرانبەر شادمانلوودا، کە خێڵێکی کوردی شیعەیە لە ناوچەی ئێریڤان، مامیانلوو لە بەرانبەر مامکانلوودا (مامگوون)١١، بە هەمان شێوەش ئەردەڵان، کە رەنگە لە خێڵی گەورەی ئەردەڵانەوە هاتبێت لە ئوستانی کوردستان لە ئێران، زەنگەنە کەوا بە دیاریکراوی بەشێکە لە عەشیرەت و ناوچەی زەنگەنە لە کرماشان .. تاد. هەردوو عەشیرەتی ئەم دواییە لە سەردەمی نادرشادا کۆچیان کردووە بۆ خۆراسان.
سەبارەت بە ناوی عەشرەتی گۆران کە لە قووچان و شیروان هەن١٢، گومانی تێدا نیە کە دەچنەوە سەر گۆرانەکانی ئوستانی کرماشان لە ئێران. هەروەها پەیوەندییەکیشی بەو مانا و دەلالەتە کۆمەڵایەتییەی ئەم تێرمەوە هەیە کە جووتیارە بێ عەشرەتەکانی باکووری رۆژئاوای ئێرن پێ ناوزەد دەکرا١٣. سەبارەت بە پێناسەی ناوخۆیی کوردەکانی خۆراسان لەڕووی بن و بنەچەی خێڵەکییانەوە، پێویستە بووترێت کە لە راستیدا ئەوە کارێکی تەواو زەحمەتە ئەگەر ناواقیعیش نەبێت. زۆربەی زۆری عەشیرەت یان خێڵەکان، هەندێکی لێبەدەر، چیرۆکی پڕ کێشە و گرفتی نەسەب و بنەچەیان هەیە و زانیارییەکانیان لاواز و دژ بە یەکن لە ئەدەبیات و نووسینیاندا١٤. بەم پێیە، ئێمە لەم کارەدا تەنها خۆمان بە تۆمارکردنی سادەی عەشیرەتەکانەوە خەریک کرد و هیچ هەوڵێکی زیادەمان نەدا بۆ شوێنکەوتنی بنەچە و نەسەبیانەوە. بەگشتی زۆربەی گرووپە خێڵەکییەکان و بنەماڵەکانی کوردانی خۆراسان خۆیان دەبەنەوە سەر زەعفەرانلوو. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا زۆرینەی خێڵە کوردەکان (کرمانجەکان)ی خۆراسان ئەمانەی خوارەوەن:

زەعفەرانلوو، باچڤانلوو، شێخانلوو، شادلوو، سلسەپورانلوو، قاچکانلووقارامانلوو، ئیزانلوو، زانگەلانلوو، قەرەچورلوو، سێڤکانلوو، زەرەقکانلوو، تۆپکانلوو، دەڤانلوو، رۆشڤانلوو، عەمارلوو، زەیدانلوو، شیرڤانلوو، کەیڤانلوو، پاڵۆکانلوو، قەرەباشلوو، بیچەرڤانلوو، تۆرۆسانلوو، بێریڤانلوو، مامیانلوو، ماستیانلوو، موژدەگانلوو، هەمەزکانلوو، بادلانلوو، زەردکانلوو، چاپەشلوو، رودکانلوون

تۆپکانلوو گەورەترین خێڵی کۆچەری خۆراسان
هەرچەندە وەک پێشتر باسی لێوە کرا زۆربەی هۆزە کوردەکان و ئەوانەی پابەندی هۆز و عەشرەت نین لە خۆراساندا جێگیر و نیشتەجێن (خانوونشینن)، بەڵام هێشتا چەندین خێڵ و عەشرەت هەن کەوا کۆچەرن و بە دوای لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیانەوەن. ئەمە شێوازی نموونەیی و باوی ئابووریی خێزانە لای عەشرەتی تۆپکانلوو، کە بەشێکی بەرچاوی گرووپ یان کۆنفیدراسیۆنی خێڵەکیی زەعفەرانلووە. هەر لە سەرەتای راگواستنیانەوە بۆ خۆراسان عەشیرەتی تۆپکانلوو لە بەشی باکووری ناوچەی شیروان جێگیر بوون و هەر زوو گوندی تۆپکانلوو دروست کرا. لە هەمان کاتیشدا تۆپکانلوو کە بەپێی وەرز بەدوای لەوەڕخۆریی ئاژەڵەکانیاندا دەگەڕان و لە قشڵاخی qishlaqsگوندی زستانەیانەوە دەچوون بۆ یایلاخەکانی دەوارنشینی هاوینەیان yaylaqs(ئەمە بۆ خێڵە کۆچەرەکانی جارانی لای خۆیشمان پێیاندەوت گەرمیان و کوێستان یان ئاران و زۆزان – وەرگێڕ). دواتر تیرەی رودکانلوو لە تۆپکانلوو جیابوونەوە و هۆزێکی جیاوازیان دروستکرد.
بەگشتی تۆپکانلوو لە دە تیرە پێکدێت و هەر یەکەیان نزیکەی لە دە تایفەی گەورە پێکدێت و ئەمانیش هەر یەکەیان لە چەندین خانەوادە پێکدێن. لە سەردەمی نێوان ساڵانی ١٨٧٢ – ١٩٢٢ تۆپکانلوو، کە بە دوای لەوەڕگە و پاوانی باشتردا دەگەڕان کەوتنە کۆچکردن لە شیروانەوە بەرەو ناوچەی سەرویلایەت لە نەیشابوور و دواجار لەوێ لە ناوچەکانی دەهانییەی شۆر و شیرین نیشتەجێ بوون.
لە دەورانی قاجار و دواتردا و تا رووخانی بنەماڵەی پەهلەوی خێڵی تۆپکانلووی کۆچەر لە ژێر دەسەڵات و رکێفی خانی بەزەبروزەنگدا بوون و لە خانە ناودار و دەرکەوتووەکانی تۆپکانلوو لەو سەردەمەدا فەرهاد خانی فەرهادی و کوڕەکەی عەلی محەمەد خان و کوڕەزاکەی رەزا خانی فەرهادین، کە ئەمی دواییان سەرۆکایەتیی عەشیرەتەکەی کرد تا بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا. لێرەدا جێی تێبینییە کە تا ساڵی ١٩٧٩ پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی تۆپکانلوو بریتی بوو لە دەستەیەکی پیاوماقووڵان یان ریش سپییان، کە هەر یەکەیان نوێنەر یان گەورەی تایفەیەک بوو، کەوا دەستەیەکی فەرمانڕەوا بوون لە ژێر رکێفی خاندا.
بە پێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٠، هەژماری ٣٠٦ خانەوادەی تۆپکانلوو لە نەیشاپووردا دەژیان و بریتی بوون لە ١٨٤٨ کەس. قشڵاخەکانی تۆپکانلوو بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەونە دەوروپشتی شارۆچکەی کەشمەر دارونە و شەهراباد. لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێکی تری تۆپکانلوو لە وەرزی زستاندا لە نزیکی فەیزاباد و ماه ڤەڵات دەژین (کە لە توربەتی حەیدەرییەوە دوور نین) و کۆمەڵێکی تریشیان لە نزیک شارۆچکەی مەرزداران دەژین کە لە پولی خاتوونەوە دوور نیە و دەکەوێتە باشووری سەرەخسەوە.
خێڵی تۆپکانلوو لە سەرەتای مانگی ئابەوە خێوەتگەی هاوینە وکوێستانەکانیان لە (کەلیدار و محەمەد بەگ و گرد و لاپاڵەکانی لای ئیسفەراین بەرزاییەکانی باشووری بینالودی) بەجێدێڵن و بە دەم لەوەڕخۆرییەوە بەرەوخوار دادەکشێن بۆ نەیشابوور وتا ناوەڕاستی ئۆکتۆبەر خۆیان و مێگەلەکانیان لە شوێن و کاتی دیاریکراودا یەکدەگرنەوە و بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە لەوێ دەمێننەوە. دواجار لە کۆتایی ئۆکتۆبەردا هەمووان بەرەو گوندەکانی زستانە هەواریان پێ هەڵدەگرن. تەواوی پرۆسەکەی ئەم کۆچ و کۆچباری پایزەدا بە کەمپ و خێوەتگەی کاتییەوە نزیکەی دوو مانگ دەخایەنێت و بەم شێوەیە تا ناوەڕاستی دیسەمبەر تۆپکانلوو دەگەنەوە گوندەکانی زستانە هەواریان. ئەمانە کۆمەڵێکیان بەرەو خوار دەڕۆن بۆ (کاشمار، بەردەسکان و ماه – ڤەڵاتی توربەتی حەیدەرییە) و بەشێکی تریان بۆ قەڵا شوری و پاش تێپەڕبوونیان بە دزباد و سەنگبەست و ئەبراڤاندا بەرەو ناوچەکانی مەرزداران و باغ – بوغ لە سەرەخس و دواجار هەردوولا بۆ زستان لە سەرەخس جێگیر دەبن (کە ناوچەیەکی گەرمەسێرە) و لەوێوە بە ئاسانی دەتوانن بە هەمان رێگەدا بگەڕێنەوە.
کۆچی بەهارە لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستپێدەکات و یەکەم قۆناخ نزیکەی دوو هەفتە دەخایەنێت و دووەمیشیان دوو مانگێکی پێدەچێت و پاش دەوارهەڵدانێکی کاتی خێڵەکە راستەوخۆ بەرەو کوێستانەکانیان (یایلاق yaylaq) دەجووڵێن. بەڵام لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا ژن و منداڵ و کەلوپەلی پێویست بە ئۆتۆمبیل و بارهەڵگر دەگوێزرێنەوە و خۆیان جێ و ڕێی خۆیان چاکدەکەن لە خێوەتگە کاتییەکاندا و تەنها خاوەن مێگەل و شوانەکان بەدەم لەوەڕەوە و قۆناخ بە قۆناخ ئاژەڵەکان لێدەخوڕن بەرەو شوێنی مەبەست. ئەڵبەتە پێشتر و تا بیست ساڵێک لەمەوپێش ئەمان حوشتر و ئەسپ و کەر و هێستریان وەک ئامرازی گواستنەوە بەکاردەهێنا و لە نێویاندا حوشتر گرنگترینی ئاژەڵی بارهەڵگر بوو بە ڕادەیەک کە وەک کەسانی خێزان مامەڵە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرا. دوو جۆر حوشتریش لەلایەن تۆپکانلووەوە بەکاردەهات کە یەکێکیان جۆری عەرەبی بوو (ئارڤانە) کە تاڕادەیەک بچووک و لاواز بوو بەڵام ئاژەڵێکی تیژڕەو بوو، ئەوی دووەمیشان جۆری بوخارا بوو کە ئاژەڵێکی کەتە و زل و توانای هەڵگرتنی باری گرانی هەبوو تا قورسایی ٣٠٠ کیلۆ. لە یایلاخەکاندا تۆپکانلوو لە دەواردا دەژین و خۆیان بە سیاه چادر ناوی دەبەن کە خێوەتی رەشن و بە شێوەیەکی ئاسایی لە خێوەتگەکایاندا هەڵیاندەدا. (پێموایە ئەم وشەیە تورکی بێت بە واتای کوێستان یان زۆزان بێت لە کوردیدا و کاتی خۆیشی لای خۆمان خێڵی جافی کۆچەر بە ناوچە کوێستانییەکانی کوردستانی ئێرانیان دەوت لەیلاخ لە دەوروبەری سنە و بانە و مەریوان کە هاوینە هەواری لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتیان بوو، بە هەمان شێوە قشڵاخیش لای خۆمان شوێنی نیشتەجێی زستانە بووە – وەرگێر). لەو خێوەتگە کاتییانەی باسیان لێوە کرا ئەمان لەو خانووە کاتییانەدا دەمێننەوە کە لە کەرەستەی جۆراوجۆری بەردەست دروست دەکرێن، وەک خشتی کاڵی قوڕ ودار و شتی تر و بە هەمان شێوەش حەشارگەی کاتی بۆ ئاژەڵەکانیان دروست دەکەن. خێوەتەکان خۆیان بەعادەت لە مووی بزن و تووکی حوشتر(وبر بە عەرەبی – و) دروستی دەکەن و بە قوماشێک دایدەپۆشن کە ئاو دانەدات و قەبارەیان جیاوازە١٥.
بەهەرحاڵ تۆپکانلوو رەنگە لە دە ساڵی داهاتوودا بەتەواوی نیشتەجێ ببن و تەنها مەڕوماڵات وەرزانە ئازوگوێز بکەن بە سواریی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر لە قشڵاخەکانەوە بۆ یایلاخەکان و بەپێچەوانەوە (واتە لە زستانە هەوار – گەرمیان – گەرمەسێر – یان ئارانەوە بۆ هاوینە هەوار – کوێستان یان زۆزان – و) . ئەڵبەتە چەندین هۆکار هەن بۆ پێشبینی کردنی نیشتەجێبوونیان و لەوانە کەمبوونەوەی پاکژ و لەوەڕگە بەهۆی پەرەسەندنی پیشەسازی لە ناوچەکەدا و هەروەها کەمبوونەوەی لەوەڕگە و زیادبوونی قەبارەی مەڕ و مێگەل لەلایەک و کاریگەریی فەرهەنگ و کولتووری شارستانی و بەو پێیە کشانەوە لە زەوی پێوەری خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی لاواز کردووە و بەگشتی ئەنجامی کەمبوونەوەی دانیشتوانی دێهاتی لێکەوتووەتەوە و دواجار پەرەسەندنی خێرا و بەرچاوی سوود و قازانجی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە حاڵەتی نیشتەجێبووندا. دەسەلاتدارانی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر پاڵپشتیی خەڵە کۆچەرەکان دەکەن وەک کۆبوونی بڕە خۆراکی سەرەکی چەشنی گەنم و جۆ و برنج و شەکر کە هاوکاریی حکوومەتە. هەروەها خزمەتگوزاریی مرۆڤانەی پێویست دابین دەکرێت وەک پێخوێندنی قوتابخانە بۆ مندالان لە نزیک گوندەکانەوە و سەردانی ناوبەناوی ڤێترنەری بۆ مۆڵگە و خێوەتگەکانیان و .. تاد.

گوندە کوردنشینەکانی باکووری خۆراسان
ئە / شەهرستانی بوجنورد
شوێن: باکووری رۆژئاوا
ناوەندی شەهرستان: بوجنورد
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٣٣٠٧٠
ژمارەی گوندە کوردەکان: ١٢٢

زارنە، پەشەندە، پەرکانلوو، قوشتەپە، پیری بۆز، پەسەندەرە، حەسەنلوو، تار یۆڵام، چەهار خەرڤار، کارلووق، بەزرانلوو، کەڵاتی چەلوو، قادی، بۆزقانی، کەڵاتی حاجی قاسم، قەرەجێ، بەندی خۆدانلوو، کەڵاتی حاجی نوسرەت، قەرەدانلوو، بەندی یایمور، کەڵاتی سوهراب، قەرەباشلوو، بەیداک، کەڵاتی فەرشچی، قەرەجەنگەڵی عولیا، پای کۆتەڵ، کەڵاتی مەلا غوڵامحوسەین، قەرەکانلوو، ئادینە قۆڵی، ئارک، قەرەلوو، ڤاشلی قەڵا، قەلاب قەرەبانلوویی، سێڤ خەسوو مورادخان، کەڵاتی ئاشیان، قزڵحەسار، ئابخوور، کەڵاتی ئاغانەنی، قزڵقان، ئاقتەپە، کەڵاتی ئەردەشیرخان، قشلاخی عەبدوڵا ئاباد، ئاخڵی، کەڵاتی ئیسڵاحاتی ئەرزی، قشڵاخی کاوە، مەهنان، کەڵاتی باقرخانی یەک، قشڵاخی لەنگەر، میرزاحەسەنلوو، کەڵاتی باقرخانی دوو، قەسری قەجەر، ناڤ، کەڵاتی باقرخانی سێ، سەیساب، نەجەف ئاباد، کەڵاتی بورج، شاه ئوجاق، نەرگسلووی سوفلا، کەڵاتی پاڵەوانلوو
شاه پەسەند، نەرگسلووی عولیا، حاجی زەینولعابدین، شێخ عەلی ئابادی قەرهار، نۆدێ، حاجی عەلی داد، مەتەرانلوو، یەکسەر شاخ، بەربەر قەڵا، خەندەقلوو، بوربوری کورد، ئووبە، دانگۆل، نیکی قەڵای هومە، ئوتار ئابادی سوفلا، دەرەقانلوو، یکی قەڵا، ئوتار ئابادی عولیا، رەشڤانلوو، کەڵاتی نەقی، ئوزانی بیجاه، رەعنا ئاباد، کەڵاتی والی خان، ئیدە، زەنگەنە، کوهکەمەر، ئینجانلوو، سەریڤان تەپە، کەی کەی، بابا ئەمان، سەریڤانێ ئاشقان، گەرمخان، باداملق، سورگ، گۆمهایێ، بوربور، بازخانە، سولوکلوو، قەڵایێ تات، بایجەق، حەسارێ کەرەمخان، قەڵایێ تەپە، بەدەرانلوو، حەلیم ئاباد، قەڵایێ تووت، بەربەر قەڵا، حەمامی، قەڵایێ جەقێ بزورگ، بورج، حەمەزانلوو، قەڵایێ جەق کوچەک، چەرک، حەمید، قەڵایێ شەعبان، چەهاربورجی سوفلا، جەعفەر ئاباد، قەڵایێ مەڕمەڕ، چەهاربورجی عولیا، جەڵف دەڕە، ئووچ قەڵایێ باڵا، خەتاب
جامی

ب/ شەهرستانی توربەتی جام
شوێن: رۆژهەڵاتی خۆراسانی ر ەزەوی
ناوەندی شەهرستان: توربەتی جام
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٢٥٠٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ١

زەیلی (یان زیلی)

ج / شەهرستانی جاجەرم
شوێن: باشووری رۆژئاوای خۆراسانی گەورە
ناوەندی شەهرستان: گەرمی جاجەرم
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٦٦٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ٣٢
ئارگ، بەرازانلوو، دەشت، رەباتی قەرەبیل، بەرزەنە، کەڵاتێ شوغانییە، شۆقان، پۆشتی بام، کەڵاتێ شور، شورک، بەشیدار، کەڵاتێ قاجار، عەمارەت، تادار، کەڵاتێ موری، قەرجێ رەبات، جۆغدی، گازان، قزڵ حەساری عولیا، جۆشاقان، مەسعود ئاباد، قزڵ حەساری پاین، چۆپە، مەشما، قەلی، چەشمەیە تەبەری، میرزا ئاباد، بام، حەسارێ عیسا، ناڤیا، ئەسغەر ئاباد، دەرکەش

د / شەهرستانی چناران
شوێن: باکووری خۆراسانی رەزەوی
ناوەندی شەهرستان: چناران
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ١٢٥٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ٧١
تەلقور، گوڵگوون، چەمڵە، کەمەندەری باڵا، گەبری، چەمگەرد، بیدابید،کوهستانی سەڵخی، چەشمی ماهی، بەهمەنجانی پاین، کوونان، کەڵاتێ ئاراز، بەهمەنجانی باڵا، کەڵاتێ سادو، قەیس ئاباد، ئیلیحەسار، کەڵاتێ شەریف، قەیاس ئاباد، ئیل ئاباد، کەڵاتێ کازم، قەڵای بەهمانجان، ئووتان، کەڵاتێ کۆڵبەجەعفەر، قەشقئاباد، ئەحمەد ئاباد(دادکان)، کەڵاتێ، محەمەد باقر، قۆرۆق، ئەحمەد ئاباد، کەڵاتێ مالو، قادر ئابادی قزڵ حەسار، حەڵال، درەختێ سەنجەد، قادر ئاباد، هەفت چاه، دەربیابان، عەبدول ئاباد، مەهد ئاباد، خاجێی گەرداب، عەباس خانی قەرەگۆل، نوح حەسەن، خەزیج، عەباس ئابادی جەنگەڵی، توودە، خامی، تاهیر ئاباد، نەوبەهار، حاکم ئاباد، شەمس ئاباد، مەنقەشلی، حوسەین ناجوو، شاه ئاباد، مەزەنگ، حوسەین ئابادی نیازمەندی سارک، میرجێگان، حوسەین ئاباد، ماروجە، محەمەد ئابادی بەلووچ، حوسەین ئابادی رادکان، ریاز، محەمەد ئاباد، حاجی ئیسماعیل، دێهباغ، ماسێ ماشکانلوو، حاجی ئاباد، دووخان، ماسێ حەزرەتی، چەهچەهە، دەستگەرد، ڤارەشکان، چەهارمەهێن

هـ / شەهرستانی دەرەگەز
شوێن: باکووری خۆراسانی رەزەوی
ناوەندی شەهرستان: دەرەگەز
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٩٥٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ٥٩

محەمەد تەقی بێگ، عەباس قەلە، خادەمانلوو، مییاب، جەعفەر ئاباد، جەنکانلوو، مینا، ئەحمەئابادی عولیا، دایدار، دەڤەرانلوو، دەربەندی باڵا، دەشت، ئێلانجەغ، دەربەندی پاین، رەحمان قولی، بورج قەلعە، قازان بێگ، زەر ئاباد، بەشارەت، قوربان ئاباد، زەنگەلانلوو ، شابدەرە، قزڵەق، زەمیندانلووی عولیا، بەهادۆر خان، قشڵاخ، زەمیندانلووی سوفلا، پایکانی سوفلا، قاڵچخ، سەنقەزی باڵا، پایکانی عولیا، قەڵاچە، سەنقەزی پاین، تەپەلک، قەڵایێ حاتەم، سەنقەزی وەسەت، تووت، کالوو، ماسوگتەلی، توزانلو، کاهوو سەییدها، حەسەنئاباد، کەبکان، شورکال، حەسەن کەدخودا، کەڵاتێ ئەرباب، شوویێ سوفلا، حەزرەتی سوڵتان، گەپی، شوویێ وستا، ‌هەقوێردی، گەدوگانلوو، شوویێ عولیا، هەڵقە، گەرمدەرە، شیخانلوویێ عولیا، خافییان، گەنداب

و / شەهرستانی سەبزەوار
شوێن: رۆژهەڵاتی خۆراسانی رەزەوی
ناوەندی شەهرستان: سەبزەوار
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٥٠٠٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ٦

ئووڵەر، حوججەت ئاباد، سەیید ئاباد، بابا چەشمە، زەرد کوه، کایەف،

ز / شەهرستانی شیروان
شوێن: باکووری رۆژهەلاتی خۆراسان
ناوەندی شەهرستان: شیروان
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ١٧٠٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ٧٣

شوکرانلوو، خادەمی، ئابسەڵخ، شووریکی تەکمەران، خان حەسار، مەلا باقر، شووریکی زیارەت، خانلۆق، ڤەرەقی عەبد ئاباد، خەدەر، ڤارک عەلی خان، خەتاب، کەڵاتێ هەندەسی
فازڵ، چەشمە دووزان،گارزوو، دەرباڵا، چەکڵانلوو، گەنج ئاباد، سەرچەشمە، چوکانلوو، گوگڵی دۆڵوو، پیر شەهید، لووجڵی رەزم ئاباد، تەبەرانی سوفلا ، محەمەد عەلی خان رەزا ئاباد، تۆرک، مەرزەق ئاباد، زیارەت، تەقی ئاباد، قۆڵ جاخ، سورخ ڕوو، تەسنۆڤان، قەڵایچە، سەردار ئاباد، تۆپکانلوو، قەڵەیزوو، سەککە، توودە، قوردانلوو، سەنگچین، توکوور، قوڕی داربەند، سەریک ئاباد، بۆرزوو، قوڵانلووی باڵا، حەسەن ئاباد، (تەکمەران) بۆز ئاباد، قوڵانلووی پاین، حەسەن ئاباد (زەڤارەم)، بوڵگانی سوفلا، قاڤینانلوو، حەساری پەهڵەوانلوو، بوڵگانی عولیا، کارخانەی قەند، حەساری دەڤین، بزەی زەینەڵ بێگ، کەڵاتێ توکانلوو، حەساری مووسا بێگ، بێگ، ئەمان ئاباد، حەساری نامە، بێگی توکوور، ئەمیر ئاباد، حەیدەر ئاباد، بەیگان، ئەمیرانلوو، بورج

ح / شەهرستانی فاروج
شوێن: باکووری رۆژهەڵاتی خۆراسان
ناوەندی شەهرستان: فاروج
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٦٨٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ١
کۆرە تەپە، یام، جەهان ئاباد، دەربەندی ئەسفەجیر، کوورانی کوردەمە، جەعفەر ئاباد، خابوشان، حەساری ئەندەف، تەرقی، ئاقبای

ت / شەهرستانی قووچان
شوێن: باکووری خۆراسانی رەزەوی
ناوەندی شەهرستان: قووچان
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ١٨٠٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ٢٢٠

ناڤەخ، شەهری کۆن، ئاسیبەلانج، یادەگار، شێخکانلوو، ئاغا لوتفعەلی، یەدەک، شیرزان، ئاڵەشلوو، یوسف ئاباد، شیرغان، ئاڵخاس زووخانە، تەبەریان، ئەبر ئاباد، سوڵتانی زیرابە، تەراقییەی کورد، فەرغانەی سوفلا، شۆرەکی تۆپکانلو، عەلی محەمەد، فەرغانەی شاهڕاه، تەڤیڵ، ئابجەهان، فەرغانەی کۆن، عیمارەت، خەلاجلوو، قاچکانلوو، فەتح ئاباد، خومارتاش، قەڵای موشەڕەف، نوور محەمەد، خاجەها، قەڵای کەمەر، ئارچین ئاباد، خوکانلوو، قەیتاقی، ئاقمەزار، داسەنجانێ کوردییە، کەچڵانلوو، ئاق کەهریز، دادە خان، کوردەکانلوو، ئەڵڵاهیان، زادەگ، موحەممەد
ئیمام قولی، زەرتانلوو، گوڵ ئەحمەد بێگ، ئیمام وێردی خان، زیندانلوو، گەدەگانلوو، ئینجە سابڵاغ، زوباران، مەفرەنقاه، ئینجە شاهباز، زەیدانلوو ، ماگجی، ئینجە کیکانلوو، زیگانلوو، مەلەڤانلوو، بادخور، سەلامفووج، میر فەزلوڵڵا، بورجی کارداش، سەرانی، میلانلووی سوفلا، پایکۆتەڵ، سەرداب، میلانلووی عولیا
پێرو ئاباد، سولەیمان ئاباد ، نامانلوو، پیرانلوو، سەرگونبەد، نیقاب، شەهرەکی جەڤانلوو، حەسار، نەغدوو، جانان، هەمزەکانلووی باڵا، نییەت چەران، هەمزەکانلووی پاین، والی ئاباد
چونلی، خەرسەکانلوو، هەشت مۆری، حەیدەر ئاباد، خوڕەم ئاباد، یارم گونبەد، خەبکانلوو، تیتکانلوو، یەنگی قەڵای عولیا، دەرانلوو، جەرتوودە، کەڵاتێ نەوروزی، شادابە، جەعفەر ئاباد، گوڵمەکان، ئێراقی، جەنگاه، کەڤاکی
قەرەتەپە، جووزان، کورکانلووی سوفلا، قەرەچاه، چەپانلوو، کورکانلووی عولیا
قشڵاخ، چەرکاخنە، کۆنە فەرود، قەڵای عەباس، چەرمە، کەدوگانلوو، کەڵاتێ ئەحمەد، چەری، گەزکوو، چاهێ جەعفەرزادە، چوکانلوو، گونبەد جاخ، چاهێ حاجی عیسمەتی، حاجی تەقی، محەمەد دۆڵوو، چاهێ رەزا ئاباد، حاجی کاهوو، محەمەد رەزا خان، چاهێ غوڵام حوسەینی ئەژدەری پیر عەلی، مەردکانلوو
چاهێ موقەددەم، پیرودانلوو، قەڵایێ بێگ، چەهارباغێ جەدید، پیرە، قەڵایێ حەسەن، حەسەن ئاباد، تەخت، قەڵایێ سەفا، حەساری ئەڵڵاوێردی، تەرانلوو، قەڵایێ والی، خەیر ئاباد، تەرنیک، قۆڵهەقی عولی، خەیر ئاباد (دووغایی)، بورجی زەیدانلوو، قوشخانەی سوفلا، فیلاب، بەردەر، کاکڵیقەڵایێ کەماکلوو، بەرزەل ئاباد، کەڵاتی بالی، قەرەجاغی قەهرەمانلوو، بەرزەڵانێ سوفلا، کەڵاتێ جەعفەر ئاباد، قەرجاغە، بەرزەڵانێ عولیا، کەڵاتێ رەحمانیان، قەلقەل، بەرگەرد، کەڵاتێ زەمان، قەرجاغە (خارک)، بەگلەر، کەڵاتێ سیاه دەشت، قەرەچەشمە ، بەڤانلوو، کەڵاتێی شاه محەمەد، قەرەگۆل، بیبەهرە، کەڵاتێی شاه میر، سیسبەرانلووی سوفلا، پەڵکانلووی سوفلا، کەڵاتێی نەزەرعەلی، سیسبەرانلووی عولیا، پەڵکانلووی عولیا، کەڵاتێی نەزەرمحەمەد، سینگەلێی شوور، کەڵاتێی چەمبەر خان، ئیستەرخی، سینگەلێی شیرین، کەڵاتێی حەسەن رەزایی ئینجی خان
شەمخاڵ، کەڵاتێی رەزا، بیداقی پاین، شۆخ، ئاباد، کەڵاتێی سالاری، کادگۆڵ بای، شەهرانلوو، کەڵاتی مەلا محەمەد قولیخانی قوشخانەی عولیا، دەربادم، کەلاتی مەهدەویان، کەتلەر، دەربەندی،گەبر ئاباد، ئەندەرزی، دوو ئاب، گوورەخۆر، نەبابید، دەوڵەتخانە، لوولوو، ئیمام مورشید، دوڵدانلوو، مۆتۆری حاجی پەناهی، ئوورتە چەشمە، دۆڵوو، مۆتۆری حاجی حەسەنی حەمیدەڵڵاهی، ئوغازێ تاز، رۆستەم ئاباد، مۆتۆری حاجی حەیدەری ئیبراهیمی، ئیزمانی باڵا، رەشڤانلوو (مایون)، مۆتۆری سەرهەنگ تەهماسبی، ئیزمانی پاین، رەزا ئابادی ئاستانە رەزا،میر ئاباد، باغ مەحەل، ریزە

ک / شەهرستانی کەڵات
شوێن: باکووری خۆراسانی رەزەوی
ناوەندی شەهرستان: کەڵات
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٤٠٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ٢٠

لاینی کۆن، پۆڵ گەرد، کەرناڤەی شیرین، لاینی نوو، تیرەگان، قزڵقی، رەبات، چەرەم، کەهلاب، رەجەب ئاباد، چەرەمی نوو، کەریم ئاباد، عەزیز ئاباد، چەهار راه، سەنگی دیڤار
ئەسەد ئاباد، حاجی ئاباد، چنار، بابا رەمەزان، خاکستەر

ل / شەهرستانی مانە – سەمەڵغان
شوێن: باکووری رۆژئاوای خۆراسان
ناوەندی شەهرستان: ئەشخانە
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٩٥٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ٦٣

ئاقمەزار، بورجی زەنگانگو، کەڵاتی نەخدوجان
ئیسلام ئاباد، پیشقەڵا، کەلایەن، ریسالەت، جۆزەک، کیکانلوو، زەرد،چەخماقلوو، قەڵای بەربەر، زەمان سۆفی، چەمەنبید، قەڵەندەر تەپە، زەدیەی عولیا، حەسەن ئاباد، کەشک ئاباد، شەشخانە، حەیدەر ئاباد، کەڵاتی چنار
میهر ئابادی خاوەر، خوڕەمدەی شەرقی، کەڵاتی کەشی، شەهرئابادی کورد ، قەرەچای، کەڵاتە قەموو، شیر ئاباد، قەرەکانلوو، کەڵاتە کالیمانی، عەزیز ئاباد، قەسری، گەرماب، ئیشق ئاباد، شیرین دەڕە، گەرمەک، قادی، عەلی ئاباد، گاز ئاباد، قەرە ئاغاجی سەربەند، رەحیم داد، مەلا حەسەن، قەرە ئاغاجی پاین، حەشرگاه، مەهمانەک، قەرە موسەڵڵا، چەشمەگاه، نەجەف، قەشتیی شاپورخان، تازە قەڵا، هاڤەرد، قەشتیی موعاون، تەپپە، ئوستاد، کەریک، تەختمیش، بازاڕی قارناس
کەشانەک، تاقەچنار، ئاقچە، کەڵاتی ئازادگان، تۆپ چنار، ئیسپاخوو

م / شەهرستانی مەشهەد
شوێن: باکووری خۆراسانی رەزەوی
ناوەندی شەهرستان: مەشهەد
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٣٠٠٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ١

مێرگوزار

ن / شەهرستانی نەیشابوور (نیشابوور)
شوێن: سەنتەری خۆراسانی رەزەوی
ناوەندی شەهرستان: نەیشابوور
ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی ٥٠٠٠٠
ژمارەی گوندی کوردنشین: ١٨

نوو ئومیدی، نەسر ئاباد، سوورەندە، سەرگەریک، ئەندەراب، زوڵ ئاباد، شەبیان، پیرە شەهباز، ئیشق ئاباد، کەڵاتێی بوجنوو، تەختی مەسجید، فازڵ ئاباد،،کەڵاتێی رەزا خان،،چەهار گوشلی، حوسەین ئاباد، کەڵاتێی محەمەد جان، گۆدار، زەرەندە

بە وردبوونەوە لەم لیستانە دەبینین کەوا زۆربەی زۆری گوندە کورنشینەکان لە باکووری خۆراساندا چڕبوونەتەوە بە تایبەتی لە هەردوو شەهرستانی قووچان (٢٢١ گوند) و بوجنورد (١٢٢ گوند)، بەڵام مەشهەد و توربەتی جەم هەر یەکە تاقە دانەیەک گوندی کوردنشینیان تێدایە.

پەراوێز:
• لێرەدا نوسەر، هەرچەندە ئێرانییە، بەڵام بە ‌حوکمی ئەوەی مامۆستا یان توێژەرە لە زانکۆی یەریڤان و پێموایە نیشتەجێی ئەرمینیاشە، بە شێوەیەک لە شێوەکان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی توێژەر و مێژوونووسە ناسیۆنالیستەکانی ئەرمەنەوە و وەک ئەوان ئەرمینیای رۆژئاوا، واتە بەشەکەی تورکیا یان ئەنەدۆڵی رۆژهەڵات، تەنها بە خاکی ئەرمینیا دەزانێت، لە کاتێکدا کە وڵاتی تێکەڵەی کورد و ئەرمەن بووە و بگرە کورد زۆرینەی رەها بووە تێیدا لە پێش قڕکردن و جینۆساید کردنی ئەرمەنیشدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستدا. بڕوانە کتیبەکەی د. هۆگر تاهیر تۆفیق (الکرد والمسألە اڵ‌رمنیە ١٨٧٧ – ١٩٢٠، چاپی دار ئاراس و دار الفارابی، ساڵی ٢٠١٤)، هەروەها بڕوانە باسێکی ئێمە بە ناونیشانی «جینۆسایدی ئەرمەن و رۆڵی کورد تێیدا»، بنکەی چاپەمەنیی چاودێر، سلێمانی، ساڵی ٢٠١٤ – وەرگێر.
** زۆربەی سەرچاوەکان زازا بە کورد لە قەڵەم دەدەن و زۆرینەی زازاش خۆیان بە کورد دادەنێن بە تایبەتی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، هەرچەندە ئەمانیش وەک کوردبوونی لوڕ لە ئێراندا تا ئێستا هەر مشتومڕی زۆری لەسەرە – وەرگێڕ.
١ – وەرگیراو لە پ. سایکس، «مێژووی وڵاتی فارس The History of Persia «، بەرگی ٢، لەندەن، ١٩٥١، ل ٣٢٣ – ٣٢٤، (بە ئینگلیزی).
٢ – بڕوانە ڤ. ڤ. بارتۆڵد «سترۆیکۆ جیۆگرافیچسکی ئۆبزۆر ئیرانا»، بە هەمان شێوە، سۆچینینیا، بەرگی ٧، مۆسکۆ، ١٩٧١، ل ١٠٥ – ١٠٦، (بە رووسی).
٣ – بۆ وردەکاری، بڕوانە گ. ئەساتریان «کورد و ئەرمەن Kurdish and Armenian» لە گۆڤاری «ئێران و قەوقاز Iran and Caucasus « دا (بەم زوانە).
٤ – وەرگیراو لە ئەساتریان، هەمان سەرجاوەی پێشوو. هەروەها ئی. ئی. سوکەرمان، «خۆراسانسکی کرمانجی. ئیسڵیدۆڤانی ئی تێکستی»، مۆسکۆ، ١٩٨٦.
٥ – «شەرەفنامە و مێژووی کورد»، لە لایەن میر شەرەفخانی بەدلیسی، سانت پیترسبورگ، ١٨٦٢، ل ١٦٢ – ١٧٥، (بە فەرەنسی).
٦ – بروانە گ. س ئێریڤانیان «Patmut‌iwn Carsanjagi hyoc»، بەیروت، ١٩٥٣. هەروەها بڕوانە D. Butyka, “Das ehemalige Vilajet Dersim” لە گۆڤاری “Mitteilungen der kais. Konigl. Geographisehen Gesellchaft in Wien, 35 Band (1892); 109 ff.
٧ – وەرگیراو لە پ. لێرخ، «ئیزسلێدۆڤانییا ۆب ئیرانسکیخ کورداخ ئیخ پرێدکاخ، سیڤەرنیخ خاڵدیاخ»، kn. I, SPb., 1856: 89.، (بە رووسی).
٨ – شەرەفنامە …، هەمان سەرچاوەی پێشوو. هەوەها بڕوانە: مارتن ڤان بروونەسن، «ئاغا و شێخ و دەوڵەت، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان Agha, Shaikh and State: The social and Political Structures of «، لەندەن – نیوجێرسی، ١٩٩٢، ل ١٣٤ – ١٣٥، (بە ئینگلیزی).
٩ – مارتن ڤان بروونەسن، هەمان سەرچاوە، ل ١٣٤.
١٠ – وەرگیراوە لە «هر گاه در میانەیە ‌أکراد ڤیلایەتی کوردستان مدکور سازند، موراد أز چمشگزک هست» (شەرەفنامە …، هەمان سەرچاوە، ل ١٦٣ ، بە فارسی).
١١ – بڕوانە لێرخ هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕەکانی ٦٧، ٧٠، ٧٢، ٧٣، ٨٧، ٨٩، ٩٠؛ هەروەها دەبلیو. سپۆتیشوودW. Spottiswoode ، «نەخشەی خێڵ و هۆزەکانی باکووری کوردستان Sketch of Tribes of Northern Kurdistan» لە گۆڤاری Transactions of Ethnological Society of London بەرگی ٢ (١٨٦٣)، ل ٢٤٤ – ٢٤٥. هەروەها مارک سایکس، «هۆزە کوردەکانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی The Kurdish Tribes of Ottoman Empire « لە گۆڤاری ئینستیتیوتی شاهانەی مرۆڤناسی (ئەنترۆپۆڵۆجی) ی بەریتانیای مەزن و ئێرلەندا The Journal of the Royal Anthropological Institute of Great Britain and Ireland , vol. 38 (1908): 457, 467, 470, 476, 477.
١٢ – ع. میرنیا، «ئیلهایێ و تایفەهای عەشایەری کوردی ئێران»، مەشهەد، ١٣٦٨ / ١٩٨٩، ل ٦٦ – ٦٧. (بە فارسی).
١٣ – مارتن ڤان بروونەسن، هەمان سەرچاوە، ل ١٠٩ – ١١٥.
١٤ – بڕوانە لێرخ، هەمان سەرچاوە، ل ١١٩ – ١٢٠. هەروەها ک. تەوەحودی، «حەرەکەتی تاریخییەی کورد با خۆراسان»، مەشهەد، ١٣٧١ / ١٩٩٢. هەروەها ع. میرنیا، هەمان سەرچاوە، ل ١١١ – ١٤٨. هەروەها هەمان نوسەر «ئیلات و تایفەهایی درگز»، مەشهەد، ١٣٧١/ ١٩٨٢ و «ئیلهایێ و تایفەهای عەشایەری خۆراسان»، مەشهەد، ١٣٦٩ / ١٩٩٠. هەروەها ئێم. ئێج. پاپولی یەزدی «Le nomadism le north du Khorasan, «، (بە فارسی و فەرەنسی)، پاریس – تاران، ١٩٩١، ل ٧٦ – ٩٣. هەروەها ر. شاکری، «أتراکنامە، تاریخی جامیعی قوچان»، تاران، ١٣٦٥ / ١٩٨٥،ل ٥٤ – ٥٨. ح. بیهتوویی، «کورد و پەراکەندەگی ‌أو در ‌أیران زمین»، تاران، ١٣٧٧/ ١٩٩٨، ل٨٧ – ٩٢. هەروەها ع. ع. مادیح «نەیشابوور و ئیستراتیجییەی توسیعە»، بەرگی ١، مەشهەد، ١٣٨٥ / ٢٠٠٦، بە هەمان شێوە «کەرەستە مەیدانییەکان Field Materials « ، (٢٠٠١ – ٢٠٠٦)، تاد.
١٥ – خێوەتی رەش (مەبەستی دەوارە – و) شێوازێکی باوی نیشتەجێی کاتییە لە نێو دانیشتوانی کۆچەری ئێراندا. ئەمە بە عادەت پێیدەوترێت سیاه چادور Syah – Chador، هەرچەندە هەندێک ناوی هاوشێوەی تریشی هەیە وەک مەلەگا melega لە لوڕستان (بڕوانە ئێڵ. ئێدڵبێرگ «نیشتەجێبوونی وەرزیی جووتیاران لە باکووری رۆژئاوای لوڕستاندا Seasonal Dwellings of Farmers in North – Western Luristan”, Folk, vol. 8 – 9, Kobenhavn, 1966 / 67 :384 ff). یان کۆنێ رەش Kone rash – لە نێو کوردە کرمانجی زمانەکانی میسۆپۆتامیا و رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا، تاد.
١٦ – لە ناوچەکەدا ناوە کوردییەکەی سێڤخەسوو – موراد خانی پێدەوتریت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ڕه‌وشی‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی‌ له‌ساڵانی‌ 1970 – 1975

ئەم بابەتە توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ (مێژوویی)یه‌ (چراخان ناجی‌ محمد)ه کە وه‌ك به‌شێك ...