وەزارەتی رۆشنبیریی عیراق رێز لە مستەفا ساڵح كەریم دەنێت – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » وەزارەتی رۆشنبیریی عیراق رێز لە مستەفا ساڵح كەریم دەنێت

سەرۆك كۆمار پێشوازیی لێكرد

وەزارەتی رۆشنبیریی عیراق رێز لە مستەفا ساڵح كەریم دەنێت

مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم چیرۆكنووس‌و رۆژنامەنووسی بەناوبانگ لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری‌و شوێنەوارو گەشتوگوزاری عیراقەوە رێزی لێنرا‌و بڕوانامەی پێزانین‌و سپەری داهێنانی پێبەخشرا، سەرۆك كۆماریش پێشوازیی لێكرد.
رۆژی 6/7/2018، د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار لەبەغدا پێشوازییكرد لە مستەفا ساڵح كەریم چیرۆكنووس‌و رۆژنامەنووسی بەناوبانگ، بەو بۆنەیەوە كە وەزارەتی رۆشنبیری‌و شوێنەوارو گەشتوگوزاری عیراق رێزی لێنا‌و بڕوانامەی پێزانین‌و سپەری داهێنانی پێبەخشی.

بە وشەی ئازاد خەبات‌و تێكۆشانی كردووە
لەمیانی دیدارەكەدا، كە فریاد رواندزی وەزیری رۆشنبیریی عیراق‌و ئاوات حەسەن ئەمین بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری‌و بڵاوكردنەوەی كوردی لەوەزارەتی رۆشنبیریی عیراق‌و ژمارەیەك لەنووسەرو رۆژنامەنووسان ئامادەیبوون، سەرۆك كۆمار؛ ستایشی مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم-ی كرد، كە لەدژی رژێمی دیكتاتۆری لەناوچووی بەعس؛ لەڕێگەی وشەی ئازادەوە خەبات‌و تێكۆشانی كردووە. هەروەك پێزانینی خۆیشی دەربڕی بۆ پێگەی تایبەت‌و دیاری مامۆستا مستەفا؛ لەمەیدانی رۆژنامەگەریی كوردی‌و عیراقیشدا.

هەڵوێستە نەگۆڕەكانی مامۆستا مستەفا لە گەشەپێدانی ئەدەب‌و رۆژنامەگەرییدا
لەدرێژەی قسەكانیدا، سەرۆك مەعسوم؛ هەڵوێستە نەگۆڕەكانی مامۆستا مستەفا-ی بەرزنرخاند لەئاست ئازادیی رادەربڕین‌و مافەكانی رۆژنامەنووسان لەهەرێمی كوردستان‌و سەرتاسەری عیراقیشدا، كە لەماوەی دەیان ساڵی رابردوودا رۆڵی بەردەوامی هەبووە لەپشتگیرییكردنی گەشەپێدانی ئەدەب‌و رۆژنامەگەریی لەسەر ئاستی كوردستان‌و عیراقدا.
لای خۆیشییەوە، مستەفا ساڵح كەریم؛ خۆشحاڵی‌و سوپاسی خۆی دەربڕی لەبەرامبەر پێشوازی‌و میوانداریی گەرموگوڕی سەرۆك كۆمار. هەروەك ستایشی هەڵوێستی بەردەوامی سەرۆك مەعسوم-یشی كرد لەپشتیوانیكردن‌و پاراستنی ئازادیی رادەربڕینی مافەكانی رۆژنامەنووسان‌و داهێنەراندا.

ئاهەنگی رێزلێنان لە مستەفا ساڵح كەریم
رۆژی 5/7/2018، وەزارەتی رۆشنبیری‌و شوێنەوارو گەشتوگوزاریی عیراق، ئاهەنگێكی رێزلێنانی بۆ مستەفا ساڵح كەریم چیرۆكنووس‌و رۆژنامەنووسی كورد رێكخست‌و لەوتەیەكیشدا فریاد رواندزی؛ باسی لەڕۆڵ‌و جێدەستی مستەفا ساڵح كەریم كرد، كە دەیان ساڵە خزمەت بەمیللەتەكەی دەكات.
هەر لەمیانی ئاهەنگەكەدا، چەند لێكۆڵینەوەو وتارێك پێشكەشكران‌و مامۆستا فوئاد حەمە خورشیدو مامۆستا حامید عەلوان‌و دكتۆر قائد مستەفاو دكتۆر سەمەر شەعلان، بەشدارییان تێداكرد.

سوپاس بۆ میدیاكاران‌و نووسەران‌و ئەدیبان
لەلێدوانێكی تایبەتیشیدا بۆ PUKmedia مستەفا ساڵح كەریم؛ رایگەیاند: ئەو رێزلێنانە تەنها بۆ خودی خۆم نییە، بەڵكو رێزلێنانە لەوشەی كوردیی رەسەن‌و هەموو ئەدیبانی كورد. هەروەك شانازیی خۆیشی پیشاندا بەو پێزانینەی كە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی عیراقەوە لێی نراوەو سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ هەموو هاوڕێ‌و دۆستانی لەمیدیاكاران‌و نووسەران‌و ئەدیبان دەربڕی، كە لەسلێمانییەوە چوونەتە بەغداو ئامادەی ئاهەنگی رێزلێنانەكەی بوون.

بەرێز مستەفا ساڵح کەریم لەبارەی خەڵاتکردنی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری عێراقەوە بۆ سۆشیال میدیای کوردستانی نوێ دەدوێت.
چاوپێکەوتنی – عەلی فەرەج کاشان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دەنگمان بۆ لیستی (105)ـە

قوباد تاڵەبانی: بە بەڵێنی یەكێتیانە پاشەكەوتی مووچە ناهێڵین دوێنێ لە ...