ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوامی نێونەتەوەیی، رێگەی بەختەوەری مرۆڤە – knwe.org
سەرەکی » ئابووری » ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوامی نێونەتەوەیی، رێگەی بەختەوەری مرۆڤە

ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوامی نێونەتەوەیی، رێگەی بەختەوەری مرۆڤە

لەگەڵ سەرنەكەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و كەمتوانایی لە دەستەبەركردنی ئاشتیی جیهانی‌و ئاستەخوزراوە، بەهۆی كاریگەریی زۆری دەوڵەتە گەورەكان لەسەر بڕیارو كارو چالاكییەكانی، بەڵام بەشداری بەرچاوی لەباشتركردنی تەندروستی مرۆڤ و بەرزكردنی ئاستی گوزەران‌و بەختەوەری مرۆڤ لەسەر گۆی زەوییدا كردوە، ئەم راستییەش بەو دەستكەوتانەی لەهەشت ئامانجەكەی هەزارەدا (٢٠٠٠ – ٢٠١٥) بۆ نەهێشتنی هەژاری بەدیهێناوە، دەسەلمێنرێت. بۆ نمونە، ژمارەی ئەوانەی لەزۆر هەژاربوون لە (1,9) ملیار كەس بوون لەساڵی ١٩٩٠ نۆ ٨٣٦ ملیۆن كەس لەساڵی ٢٠١٥ كەمكردۆتەوە، هەروەها ژمارەی كچ‌و كوڕ لەخوێندنی قۆناغی بنەڕەتی هاوتاكردەوە، وێڕای ئەو دەستكەوتانەی ژنان لەگوزەران‌و تەوزیف‌و نوێنەرایەتی پەرلەمانی بەدیهاتوون، هەژاری لەسەر ئاستی جیهان رووی لەكەمبوون كردوە، ژمارەی ئەو مناڵانەی چوونەتە خوێندنی بنەڕەتی ئاستێكی پێوانەیی بڕیوە، مردنی منداڵان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردوە، لەگەڵ ئەم پێشكەوتنانەدا، دەركەوت ئامانجەكانی هەزارە یارمەتی هەندێكی دا بۆ كۆتایی هێنان بە هەژاری، بەڵام ئەمە لەسەر ئاستی هەموو توێژەكانی دانیشتووان نەبوو.

توانای نەوەكانی داهاتوو
لەبەر ئەوە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام بۆ ٢٠٣٠ هات 2030 «Sustainable Development Goals SDGs «، بەتایبەتی دوای ئەوەی گەیشتە ئەو بڕوایەی كە گەشەپیدانی بەردەوام رێگەی بەختەوەری مرۆڤە. مەبەست لەگەشەپێدانی بەردەوام «ئەو گەشەپێدانەیە كە پێداویستییەكانی ئێستا دابین دەكات بەبێ ئەوەی كاریگەریی لەسەر توانای نەوەكانی داهاتوو هەبێت لەدابینكردنی پێداویستییەكانیان». ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوامی نێونەتەوەیی تا ٢٠٣٠ لە ١٧ ئامانج پێكدێت بۆ ئەوەی زیاتر لە ١٦٠ مەبەست بپێكێت:
1- نەهێشتنی هەژاری بەهەموو شێوەكانییەوەو لە هەموو شوێنێك.
2- نەهێشتنی برسێتی‌و دابینكردنی ئاسایشی خۆراك‌و خۆراكی باش‌و بەهێزكردنی كشتوكاڵ.

بەدیهێنانی یەكسانی لەنێوان هەردوو رەگەز
3- زامنكردنی بەهرەمەندبوونی هەمووان بە ژیانێكی تەندروست‌و بەختەوەری بۆ هەموو تەمەنەكان.
4- زامنكردنی خوێندنی باش‌و دادپەروەرو گشتگیر بۆ هەمووان‌و رەخساندنی دەرفەتی خوێندن بەدرێژایی ژیان بۆ هەمووان.
5- بەدیهێنانی یەكسانی لەنێوان هەردوو رەگەزو بەهێزكردنی تواناكانی ژنان‌و كچان، ئەمەش بۆ بەرزكردنی ئاستی گەشەی ئابووری‌و بەهێزكردنی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی گرنگە.
6- زامنكردنی ئاو و خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆ بۆ هەمووان كە بەشێوەیەكی بەردەوام ئیدارە بدرێت، چونكە ئەو نەخوشییانەی دەرئەنجانی ئاوەڕۆ دروست دەبن لەهۆكارە سەرەكییەكانی مردنی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵن.
7- زامنكردنی بە دەستهێنانی خزمەتگوزاریی وزە بەشێوەیەكی بەردەوام‌و بەنرخی گونجاو بۆ هەمووان.
8- پتەوكردنی گەشەی ئابووری هەڵكشاو و گشتگیری بەردەوام بۆ هەمووان، دەرفەتی كاری بەرهەمهێنی گونجاو بۆ هەمووان.
9- بونیاتنانی بونیادێكی بنەڕەتی كە توانای خۆراگری هەبێت‌و بونیاتنانی پیشەسازی‌و هاندانی داهێنان.

پاراستنی زەریاو دەریاو دەرامەتی دەریاكان‌
10- سنورداركردنی جیاوازیی نێوان دەوڵەتان‌و لەناو خودی یەك دەوڵەتیشدا.
11- شار و شارۆچكەو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بكرێنە شوێنێكی بەردەوام ئارام.
12- زامنكردنی بوونی شێوازێكی بەردەوامی بەكارهێنان‌و بەرهەمهێنان بۆ هەمووان.
13- گرتنەبەری رێوشوێنی خێرا بۆ رێگرتن لە گۆڕانكاریی‌و كاریگەرییەكانی كەشوهەوا.
14- پاراستنی زەریاو دەریاو دەرامەتی دەریاكان‌و دروست بەكارهێنانیان بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.
15- پاراستنی سیستمی ئایكۆلۆجی خاك‌و رێگرتن لە بەبیابانبوون‌و رێگرتن لەداڕمانی خال‌و راگرتنی لەدەستچوونی هەمەڕەنگیی بایۆلۆجی.

دامەزراندنی كۆمەڵگەی ئاشتییانە
16- هاندان بۆ دامەزراندنی كۆمەڵگەی ئاشتییانە كە كەسی تێدا فەرامۆش نەكرێت بۆ ئەوەی گەشەپێدانی بەردەوام بەدیبێت، دەرفەت بۆ هەمووان رەخسا بێت تا بە دادگاكان بگات، دامەزراندنی دامەزراوەی كارا كە رێگە بە لێپێچینەوەی بدرێت، ئەو دامەزراوانە بۆ هەمووان‌و هەموو ئاستەكان بێت.
17- پتەوكردنی ئامرازەكانی جێبەجێكردن‌و چالاككردنی شەراكەتی جیهانی بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.
ئەم ئامانجانە گشتگیرن‌و هەموو لایەنەكانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە، دەخوازرێت هەموو دەوڵەتانی جیهان لای خۆیەوە بەرنامە دابنێن بۆ ئەوەی گەشە بە ژیان‌و گوزەرانی كۆمەڵگەكانی خۆیان بدەن تا ژیانێكی ئاسودەو بەختەوەر بۆ هاووڵاتیانیان دابین بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

پسپۆڕێكی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری نەوت رایدەگەیەنێت، كە بەهۆی قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ...