یه‌كێتی مافی خۆیەتی سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ تۆمار بكات كه‌ تۆمه‌تیان دابووه‌ پاڵی – knwe.org
سەرەکی » مانشێت » یه‌كێتی مافی خۆیەتی سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ تۆمار بكات كه‌ تۆمه‌تیان دابووه‌ پاڵی

سۆران عه‌لی:

یه‌كێتی مافی خۆیەتی سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ تۆمار بكات كه‌ تۆمه‌تیان دابووه‌ پاڵی

كوردستانی نوێ

لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سۆشیال میدیای كوردستانی نوێ، سۆران عه‌لی رۆژنامه‌نووس‌و چاودێری سیاسی، سه‌باره‌ت به‌ جیاكردنه‌وه‌‌و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كان له‌ كه‌ركوك‌و كاریگه‌ریی ئه‌نجامه‌كانی له‌سه‌ر كورسییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌و پارێزگایه‌، رایگه‌یاند: وه‌كو سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان بۆ كردووه‌، پرۆسه‌كه‌ بێ خه‌وش بووه‌‌و سه‌لماندوویه‌تی كه‌ گۆڕانێكی ئه‌وتۆ له‌ ده‌نگه‌كاندا به‌دی نه‌كراوه‌، كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان هه‌بێ‌و كورسییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌.

راستییه‌كان بۆ رای گشتی روونکرانەوە
ئاماژەی بەوەش کرد کە هه‌ڵوێستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ روون بووه‌‌و بێ منه‌تی خۆی له‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كان راگه‌یاندبوو، ئێستاش مافی خۆیەتی سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ تۆمار بكات كه‌ تۆمه‌تی ساخته‌كارییان دابووه‌ پاڵی، ئه‌وه‌ش مافێكی شه‌رعی‌و یاسایی خۆیه‌تی‌و ده‌بێ ئه‌و لایه‌نانه‌ باجی ئه‌و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وانه‌ بده‌ن، ئه‌مه‌ش مایه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ بۆ كۆمسیۆن‌و ئه‌و دادوه‌رانه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و پرۆسه‌یه‌یان كردو راستییه‌كه‌یان بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان‌و عیراقیش روونكرده‌وه‌.

پێویست ناكات چیدی پرۆسه‌ی سیاسی دوابخرێت
ده‌رباره‌ی جیاكردنه‌وه‌‌و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌ پارێزگاكانی دیكه‌، سۆران عه‌لی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كان له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ش وه‌ك كه‌ركوك هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی تێدا به‌دی نه‌كرا، بێگومان ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ده‌بێ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌ هه‌ڵوێسته‌كاندا بكه‌ن‌و پێویستیش ناكات چیدی پرۆسه‌ی سیاسی دوابخرێت‌و پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عیراق به‌ نادیاری بمێنێته‌وه‌، پێویسته‌ هه‌نگاوێكی به‌ په‌له‌‌و بڕیارێكی بوێرانه‌ بدرێت له‌و باره‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ها كۆتایی به‌م پرۆسه‌یه‌ بهێنرێ‌و ئه‌نجامه‌كان بۆ رای گشتی رابگه‌یه‌نرێت، تا پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق خێراتر بكرێت.

پێكهێنانی حكومه‌ت زۆر درێژه‌ ناكێشێت
وتیشی: تا ئه‌نجامه‌كان به‌ڕه‌سمیی له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كرێت، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌نرێن ته‌نیا گفتوگۆ‌و راگۆڕینه‌وه‌ن، به‌ڵام دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان به‌ڕه‌سمیی له‌لایه‌ن دادگاوه‌، بێگومان ئه‌و دانوستانانه‌ی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كرێ، خێراتر ده‌بن‌و به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ ده‌یبیستین‌و به‌پێی ئه‌و دانوستانانه‌ی لایه‌نه‌كان تا ئێستا كردوویانه‌، لێكنزیكبوونه‌وه‌ هه‌یه‌‌و له‌سه‌ر هێڵه‌ گشتییه‌كانی حكومه‌تی داهاتوو گفتوگۆكراوه‌، به‌ڕای من پێكهێنانی حكومه‌ت زۆر درێژه‌ ناكێشێت.

سۆران عەلی رۆژنامەنووس لەبارەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی کەرکوک بۆ سۆشیال میدیای کوردستانی_نوێ دەدوێ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خەبەردار!

دنیا ده‌وران ده‌ورانه‌، چه‌رخی زه‌مانه‌ هه‌ر به‌ جۆرێك نا به‌ ...