سەرەکی » دۆسێ » گۆڕە بەكۆمەڵەكانی رەقە هەڵدەدرێنەوەپەڕە 3

هیومان رایتس وۆچ داوای یارمەتی دەكات

گۆڕە بەكۆمەڵەكانی رەقە هەڵدەدرێنەوە

رێكخراوی «هیومان رایتس وۆچ» داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات، یارمەتی تەكنیكی پێشكەش بە رێكخراوێكی خۆجێی لە شاری رەقەی باكووری سوریا (مۆڵكەی پێشووی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی)، پێشكەش بكات كە كار لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا دەكەن بۆ ناسینەوەی خاوەنی روفاتی هەزاران تەرم كە لەو شارەدا ژێرخاك نراون.
رێكخراوی «هیومان رایتس وۆچ» لە راپۆرتێكیدا كە لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2018 بڵاویكردەوە، دەڵێت»پێویستە یارمەتی گروپێكی خۆجێی بدرێت كە كار بۆ ئاشكراكردنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەكات لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا كە پێشتر لەژێر چنگی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا بوو، پێویستە یارمەتی تەكنیكیان پێشكەش بكرێن، تا بەڵگەكانی تاوانەكان بپارێزرێن و روفاتەكان بناسرێنەوە».
بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە»ناسینەوەی كەسە ونبووەكان و پاراستنی بەڵگەكان بۆ دادگایی كردنی تاوانباران، كاریگەریی لەسەر دادپەروەریی هەیە بۆ هەموو سوریا».
سێ‌ ساڵ لەمەوبەر، رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش)، هەڵمەتی كوشتنی بەكۆمەڵی لەو شاری رەقە دەستپێكرد كە بە مۆڵگەی سەرەكی رێكخراوەكە لە سوریا دادەنرا. دەسەڵاتدارانی خۆجێی، مەزەندە دەكەن، لە شەڕەكانی رزگاركردنی شارەكە، هەزاران كەس كوژرابن، و زۆرێكیان بەخێرایی ژێرخاكنرابن، لەوانە هەندێكیان تائێستاش تەرمەكانیان لەژێر دارو پەردووكاندایە.
هێزەكانی سوریا دیموكرات (هەسەدە) كە لە هێزە كوردی و عەرەبییەكان پێكدێن و لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانیان لێدەكرێت، توانیان لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو لەدوای چەند مانگێك شەڕكردن لەگەڵ بۆردومانی ئاسمانی چڕ، شاری رەقە لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، لە چنگی چەكدارانی رێكخراوی داعش رزگاربكەن.
برایانكا موتابارتی، بەڕێوەبەری بەشی باری نائاسایی لە رێكخراوی (هیومان رایتس وۆچ) دەڵێت»لانی كەم نۆ گۆڕی بەكۆمەڵ لە شاری رەقە هەیە، لە هەریەك لەو گۆڕە بەكۆمەڵانە، سەدان تەرمیان تێدایە، ئەوەش وادەكات دەرهێنانەوە تەرمەكان كارێكی هەروا ئاسان نەبێت».
بە گوتەی موتابارتی»یارمەتییە تەكنیكییەكان پێویستن بۆ فەراهەمكردنی وەڵامی ئەو خێزانانەی زیانیان پێگەیشتووە، یان رێگە لە سڕینەی بەڵگە یەكلاكەرەوەكان بگیرێت بۆ ئەو هەوڵە دادپەروەیرنەی لە ئایندەدا دەخرێنەگەڕ».
تیمەكەی رقە سەر بە ئەنجومەنی مەدەنی شارەكەیە، كە ئەنجومەنێكی خۆجێییە و لەلایەن ئیدارەی كاروباری مەدەنییەوە لەپاش رزگاركردنی شارەكە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرانەوە پێكهێنراوە. لە مانگی رابردوودا 555 تەرم لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا لە یاریگای رەشید دەرهێنرانەوە. لەئێستاشدا كار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی تر دەكرێت.
تیمەكەی شاری رەقە،»هۆكارەكانی گیانلەدەستدان، یان بەركەوتنەكان، و رەگەز و رەنگی قژ و باڵا و جلوبەرگ و تەمەنی قوربانییەكان بەپێی توانا دیاریی دەكات، لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لەگەڵ تەرمەكاندان». بەڵام « كەمی و نەبوونی كارەستەی تەكنیكی و پسپۆڕی لە بواری پزیشكی دادوەریی، لەگەڵ تێپەڕینی لانی كەم حەوت مانگ بەسەر بەخاكسپاردنی تەرمەكان، وایان كردووە دیاریكردنی ناسنامەی قوربانییەكان وردن نەبن و شیاوی هەڵەبن»، ئەمەش لەلایەن رێكخراوی (هیومان رایتس وۆچ)ەوە ئاماژەی پێكراوە.
لە مانگی نیسانی رابردوو، تیمێكی سەر بە ئاژانسی (فرانس پرێس)، ئامادەی دەرهێناوەی ئەو تەرمانە بوون كە لە یاریگای رەشید ژێرخاك نرابوون، دوای ئەوەی خرابوونە نێو كیسە نایلۆنەكانەوە.
هیومان رایتس وۆچ، داوای لە ئەندامانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی كردبوو، بە تایبەت ولایەتە یەكگرتووەكان «پشتیوانی و كۆمەك پێشكەش بە دەسەڵاتدارانی خۆجێی بكەن بۆ پەرەپێدان و پاراستنی سیستمێكی زیاتر ورد لەپێناو تۆماركردنی زانیارییەكانی تایبەت بە ونبووەكان»، داواشی لە «رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردبوو، ئەوانەی شارەزاییان لە پزیشكی دادوەرییان هەیە، كۆمەكی تەكنیكی پێشكەش بكەن، بە رەوانەكردنی پسپۆڕانی پزیشكی دادوەریی لەپێناو پشتیوانی لە پرۆسەكانی ناسینەوەی قوربانییەكان و دەرهێنانەوەی تەرمەكانیان».
شاری رقە لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، دەكەوێتە بەری خۆرهەڵاتی رووباری فورات و نزیكەی 160 كیلۆمەتر لە شاری حەلەبەوە دوورە.
لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو، شارەكە لەڕووی ئابورییەوە پشت بە بەنداوی فورات دەبەستێت بۆ كشتوكاڵ، لەگەڵ كێڵگە نەوتییەكانی دەوروبەری شارەكە.
رەقە مۆزەخانەیەكی مێژوویی بچوكی تێدابوو كە بە مۆزەخانەی رەقە ناودەبرا، پرۆسەكانی هەڵكۆڵین هەندێك ئاساوایی مێژوویان دۆزیبۆوە كە مێژووەكەیان بۆ سەردەمی عەباسییەكان دەگەڕایەوە (750ی كۆچی)، لە گرنگترین ئەو شوێنەوارانەی مابۆوە لە شارەكەدا بەر لە داگیركردنی داعش، كۆشكی عەزارا و كۆشكی بەنات، و مزگەوتی گەورە بوون كە لە سەدەی هەشتی زانینی دروستكراوە. شارەكە كۆنەكە ژمارەیەك نزرگەی پیاوە هەڵكەوتووەكانی ئیسلامی لەخۆگرتووە، لەوانە نزرگەی هاوەڵانی پێغەمەر (د.خ) عەمماری كۆڕی یاسر، و ئەویسی قەرەنی، ژمارەی دانیشتوانی شارەكەش زیاتر بوو لە 220 هەزار كەس.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

توركیا سوورە لەسەر ئاشكراكردنی چارەنووسی تەرمەكەی خاشقچی

توركیا ئاماژە بە رادەستكردنی تۆماركراوەكانی تایبەت بە كوژرانی جەمال خاشقچی ...