گۆڕانكاری‌و پەرەپێدانی كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆكانی هەرێم دەستیپێكرد – پەڕە 11 – knwe.org
سەرەکی » ئابووری » گۆڕانكاری‌و پەرەپێدانی كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆكانی هەرێم دەستیپێكردپەڕە 11

گۆڕانكاری‌و پەرەپێدانی كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆكانی هەرێم دەستیپێكرد

بەچاودێری‌و ئامادەبونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وۆركشۆپی پەرەپێدانی پڕۆگرامەكانی كۆلێژی پزیشكی لەزانكۆكانی هەرێم بەڕێوەچوو كە تایبەتە بوو بەگفتوگۆكردن دەربارەی گۆڕانكارییەكانی ناوەڕۆكی پرۆگرام‌و سیستمی خوێندنی پزیشكی لەزانكۆكانی كوردستان‌و ژمارەیەك لەسەرۆكی زانكۆكان و بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئامادەیبوون.

پێشكەوتنی پزیشكی خەسڵەتی‌ نوێی هەیە
لە وۆركشۆپەكەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، وتارێكی پێشكەشكردو وتی:»بواری پزیشكی لەسەدەی بیست‌و یەك‌و لەسەردەمی ئاوێتەبوونی تەكنەلۆژییەكان‌و توێژینەوە فرە دیسپلینەكان، چاوەڕوانی گۆڕانكاری مەزنی لێدەكرێت». روونیشكردەوە، پێشكەوتنەكانی ناتۆتەكنەلۆژی‌و (جین سیكوێنسینگ)و ئیدتكردنی جینەكان‌و (پری دی پرنت) لەدیارترین خەسڵەتەكانی پێشكەوتنی زانستی پزیشكین لەسەدەی بیست‌و یەك، لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكارییانەشدا، شێوازو سیستمی خوێندن‌و فێركردن‌و راهێنانی پزیشكی دیسان گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت.

خویندنی پزیشكی لەگەڵ پێشكەوتنەكانی دونیا هاوتەریب بێت
راشیگەیاند، ناكرێ ئێمە ئەو گۆڕانكارییە زانستیانە نادیدە بگرین، بەڵكو دەبێت بەوردی رەچاوی پڕۆسەی خوێندنی نەوەی نوێی پزیشكانی وڵاتەكەمان بكەین، هەروەك كارێك بكەین ئاستی خوێندن لەكۆلێژەكانی پزیشكی لەزانكۆكانی كوردستان لەئاستێكی جیهانی ستانداردا بێت.
وتیشی:»سیستم‌و ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكانی خوێندن‌و راهێنانی پزیشكی لەگەڵ گۆڕانكارییە زانستی‌و تەكنەلۆژییەكانی دونیا هاوتەریب بێت، تا دەرچوانی كۆلێژەكانی پزیشكی بتوانن لەبازاڕی كاری ناوخۆێی‌و نێودەوڵەتیدا بەئاسانی كاریان دەست بكەوێت».

كۆلێژی پزیشكی هەولێر گۆڕانكارییەكانی دەستپێكردوە
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاشكراشیكرد، ئەركی ئێمە وەك وەزارەت بەهاوكاری لەگەڵ زانكۆو كۆلێژەكانی پزیشكی ئەوەیە، كە سیستمی خوێندنی پزیشكی بەجۆرێك دابڕێژینەوە، لەڕووی زانستی‌و كەلتوری‌و ئیتیكیەوە پزیشكانی ئایندەمان بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لەسیستمی تەندروستی وڵاتەكەمان ئامادەبكات.
خۆشحاڵی خۆشی پیشاندا، كە لەچوار ساڵی رابردوودا كۆلێژی پزیشكی لەزانكۆی هەولێری پزیشكی لەدەستپێشخەرییەكی ناوازەدا توانیان گۆڕانكاری گەورە لەسیستم‌و ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكانی خوێندنی پزیشكی بكەن‌و بەتەواوەتی (Integrated System Based Approach) بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.
وتیشی: «پەیڕەوكردنی ئەو سیستمە لایەنی بیرو تێڕوانینی رەخنەگرانەو داهێنەرانە لەپڕۆسەی فێربوون بەهێز دەكات‌و تێگەیشتنی زانستی قوڵتر دەكات، هەروەك پزیشكان باشتر بۆ چارەسەری گرفتە تەندروستییە ئاڵۆزەكان ئامادە دەكات، لەهەمان كاتدا دەرفەت بۆ خوێندكاران لەسەرەتای دەستپێكردنی خوێندنەكەی دەڕەخسێنێت تا بەدونیای كلینیكی ئاشنابن‌و هەلی راهێنانی پراكتیكیش چڕتر دەكات».

ئەم وۆركشۆپە كورتكردنەوەی رێگە دژوارەكانە
د.یوسف گۆران باسی لەئامانجی بەستنی وۆركشۆپەكە كردو وتی: «مەبەستی وۆركشۆپەكە بریتییە لەپشتیوانیكردن لەهەنگاوەكانی گۆڕانكاری راستەقینە لەخوێندنی پزیشكی، لەڕێگەی ئەم وۆركشۆپەشەوە هەوڵ دەدەین ئەزموون‌و زانیارییەكان هاوبەش بكەن‌و سوود لەهەنگاوەكانی یەكتر ببینن، بەتایبەت ئەزمونی زانكۆی هەولێری پزیشكی ئەزموونێكی دەوڵەمەندەو هاوكاری پڕۆسەی گۆڕانكاری سەرتاسەری دەبێت».

دەرئەنجامەكانی تویژینەوەكان دەچنە‌ خزمەتی گۆڕانكارییەكان
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕگەیەكی دیكەی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ گرەنتی ئەزمونی توێژینەوەی زانستی‌و رایگەیاند: لەڕێگەی گرەنتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی پشتیوانی دارییمان بۆ تویژینەوەیەكی زانكۆی هەولێری پزیشكی دەستەبەركرد، كە تایبەتە بەهەڵسەنگاندنی ریفۆرمی خوێندنی پزیشكی، ئەوەشی راگەیاند: دەرئەنجامەكانی ئەو توێژینەوەیە دەچێتە خزمەتی ئەو پڕۆسەیەی دەستمان پێكردوە.

هاوبەشیكردنی ئەزموونە ‌سەركەوتووەكان
دواتر د. عەلی عەبدولڕەزاق دەباخ راگری كۆلێژی پزیشكی لەزانكۆی هەولێری پزیشكی، سمینارێكی دەربارەی گۆڕانكارییەكانی سیستم‌و ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكانی خوێندن لەكۆلیژی پزیشكی بەناونیشانی (هاوبەشیكردنی ئەزموون‌و روبەڕووبونەوەی ئاستەنگەكان) پێشكەشكرد.
پاشان، د. قاسم حەسۆ عەبدولڵا راگری كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆی دهۆك سمینارێكی دەربارەی دوا هەنگاوەكانی ئامادەكاری بۆ گۆڕانكاری لەسیستم‌و ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكانی خوێندن لەكۆلێژی پزیشكی زانكۆی دهۆك پێشكەشكرد.

گۆڕانكاری لە (12) بەشی زانستی كراوە
هەر لە میانەی ئەو وۆركشۆپەدا، د.نەژدەت ئاكرێی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان لەدیوانی وەزارەت، بەوردی باسی لەهەنگاو كارو پڕۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەت كرد بۆ گۆڕانكاری لەپڕۆگرامەكانی خوێندن‌و رایگەیاند: لەماوەی رابردوودا گۆڕانكاری لەپڕۆگرامەكانی خوێندن لە بەشە زانستیەكان لە (12) بەش دەستپێكرد.
وتیشی:»بەشێك لەو گۆڕانكارییانە كەوتونەتە بواری جێبەجێكردنەوەو رێگەی خۆیان گرتووە، بەشێكی دیكەشیان لە هەنگاوەكانی كۆتایین، هەروەك بەشێكی دیكەیان لەسەرەتادان، بەڵام هەوڵەكان بەردەوامە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری تەواو لەبەشەكاندا بكرێ، بەشێوەیەك ئاوێتەی زانست‌و پێشكەوتنەكانی سەردەم بكرێن».
دواتر ئامادەبووان گفتوگۆیان دەربارەی میكانزمی پەرەپێدانی سیستم‌و ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكانی خوێندنی پزیشكی‌و چۆنێتی سودوەرگرتن لەئەزموونی پەیڕەوكراوی زانكۆی هەولێری پزیشكی‌و هەنگاوەكانی زانكۆی دهۆك كرد، بۆ ئەوەش ئامادەبووان بیروڕایی جیاوازییان خستەڕوو، لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا، وۆركشۆپەكە بە گەڵاڵەكردنی كۆمەڵێك پێشنیازو راسپاردەی كۆتایی پێهات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״ئاوەدانكردنەوەی عیراق پێویستی بە 80 ملیار دۆلارە״

سەعد حەدیسی وتەبێژی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: بۆ ئاوەدانكردنەوەی ...