عیراق لەنێوان بۆشایی یاسایی ‌و دەستبەكاربوونی پەرلەمانی داهاتوودا – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » عیراق لەنێوان بۆشایی یاسایی ‌و دەستبەكاربوونی پەرلەمانی داهاتوودا

عیراق لەنێوان بۆشایی یاسایی ‌و دەستبەكاربوونی پەرلەمانی داهاتوودا

راپۆرتی: سەردار باجەلان

لەدوای ٣٠ حوزەیرانەوە، بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان، عیراق كەوتۆتە بۆشایی یاساییەوە. ترسیش لەوە هەیە باری ئاسایشی وڵات بەرەو ئاقارێكی تاریك بڕوات، ئەو ترسەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە لەچەند هەفتەی رابردوودا جموجوڵی گروپە تیرۆریستییەكان دژی هێزە ئەمنییەكان‌و هاووڵاتیانی عیراق زیاتر بووە. ئەوەشی بەرچاو دەكەوێت دەستێوەردانە ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتییەكان لەكاروباری سیاسیی عیراق زیاتربووە.

حکومەت بێ چاودێریی، کارەکانی دەکات
د.فەرهاد قادر ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق، تەئكیددەكاتەوە كە لەدوای ٣٠ی حوزەیرانەوە پەرلەمانی عیراق كەوتۆتە بۆشایی یاسادانانەوە، كە پەرلەمان دەسەڵاتی دەركردنی یاسایەو چاودێریی ئیشوكارەكانی حكومەت دەكات، لەكاتی نەبوونی پەرلەماندا حكومەت حكومەتێكی بێ چاودێریی یاسایی دەبێت، ئەگەریش حكومەتێك چاودێریی نەكرێ بەدڵنیاییەوە ئیشوكارەكانی وەك پێویست نابن‌و وادەكات گەندەڵی‌و تاكڕەوی لەبڕیارداندا دروستببێت، بۆیە زۆر گرنگە بەزووترین كات پەرلەمانی نوێ پێكبهێنرێت‌و دانیشتنە ئاساییەكانی دەستپێبكات.
لەبارەی رۆڵی دەستوور بۆ رێگریكردن لەدیكتاتۆری‌و رێكخستنەوەی ئیداریی وڵات لەغیابی پەرلەماندا، د.فەرهاد؛ وتی: دەستوور، كاتی بۆ تەمەنی پەرلەمان دیاریكردووە، كە دەبێ هەموو لایەنەكان پابەندبن پێوەی، بۆ ئەوەی دیكتاتۆری دروستنەبێت، بۆ نموونە لەسەر پرسی هەڵبژاردن، دەستوور كاتی داناوە، كە پێویستە بەلایەنی كەمەوە 45 رۆژ پێش كۆتایی خولی پەرلەمان، هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت‌و دەشبێت لایەنەكانی حكومەت‌و كۆمسیۆن لەماوەی 45 رۆژدا ئەنجامی هەڵبژاردن رابگەیەنن‌و دادگای فیدراڵی پەسەندی بكات‌و سەرۆك كۆماریش داوابكات پەرلەمان دانیشتنی یەكەم گرێبدات‌و سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن، ئەگەر ئەوە نەكرا ئەوا حاڵەتی لەم چەشنەی ئێستا دێتەپێشەوە، كە لایەنە سیاسییەكان‌و شێوازی بیركردنەوەیان، هۆكارن.

لەهەر كەموكوڕییەكدا پەرلەمانی داهاتوو لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەم حكومەتەدا دەكات
سەبارەت بەئیشوكارەكانی ئێستای حكومەتی عیراقیش لەغیابی پەرلەماندا، د.فەرهاد؛ باس لەوە دەكات كە بەم حكومەتە دەوترێت (حكومەتی بێ چاودێری پەرلەمان)، كە حكومەتی ئێستا بێ چاودێریی پەرلەمان ئیشوكارەكانی دەكات بەهەموو دەسەڵاتەكانییەوە، كە لەم ماوەیەشدا ئەم حكومەتە هەر هەڵەو كەموكوڕییەكی هەبێت، ئەوا پەرلەمانی داهاتوو لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكات.

داواكراوە پێش 30ی حوزەیران كێشەكان چارەسەربكرێن
لەسەر هەمان پرس، د.بەختیار شاوەیس؛ ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عیراق، جەختیكردەوە كە ئەوان پێشتر هۆشداریی ئەوەیان داوە، تا عیراق نەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە‌و پێش ٣٠ی حوزەیران داوامانكرد كێشەكان چارەسەربكرێن، كە جێگەی داخە ئێستا بەوهۆیەوە كێشەكان زیاتر قوڵبوونەتەوە، وتیشی: لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە، یەكەمجارە عیراق دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوەو لەم قۆناغەشدا هەمووان چاوەڕێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ئەركەی پێی سپێردراوە لەلایەن دادگای فیدرالییەوە بۆ جیاكردنەوەی كۆتایی دەنگەكان، بەزووترین كات كارەكانیان تەواوبكەن‌و ئەو پەرلەمانتارانە دیاری بكرێن كە براوەی هەڵبژاردنەكانن‌و دواتریش خولی چوارەمی پەرلەمان دەستبەكارببێت.

رۆڵی دادگای فیدرالی زۆر گرنگە
د.بەختیار؛ ئەم دۆخەی ئێستا بەمەترسییەك بۆ سەر تەواوی پێكهاتەكان دەزانێت‌و دەڵێت: لەغیابی پەرلەماندا، مەترسیی جددی لەسەر عیراق‌و بەتایبەتیش لەسەر كورد دروستدەبێت، چونكە هەرێمی كوردستان‌و عیراق مەسەلەی خاك‌و نەتەوایەتییان لەنێواندایەو كاتێك پەرلەمان نەبێ‌و سەرۆك وەزیران بەئارەزووی خۆی بڕیار دەربكات، ئەوە كاریگەریی خراپی لەسەر هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەتیش لەسەر ناوچە دابڕاوەكانی دەبێت، كەواتە بۆ كوردو عیراق زۆر گرنگە پەرلەمان بەزووترین كات دەستبەكاربێت ‌و وتیشی: لەدەستووردا بەڕوونی باسی ئەوە كراوە پەرلەمان ناتوانێ لەچوار ساڵ زیاتر بەردەوامبێت‌و دەبێت خولی نوێ دەست بەكارەكانی بكات، ئەوەشی كە گرنگە رۆڵی دادگای فیدرالییە، هەروەها رۆڵی لایەنە سیاسییەكانیش لەوەدایە كە كێشە دروستنەكەن‌و لەوە زیاتر عیراق نەخەنە گێژاوەوە.
چەندین كێشە هاتوونەتە پێشەوە
لەسەر پرسەكانی دواكەوتنی پێكهێنانی پەرلەمان‌و دروستبوونی بۆشایی یاسایی‌و زیادبوونی جموجوڵی گروپە تیرۆریستییەكان، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، تەئكیددەكاتەوە كە»بەهۆی ئەو پرسانەوە، جۆرێك لە ئاڵۆزی دروستبووە، ئەو ئاڵۆزییەش كاریگەریی لەسەر چەند ناوچەیەك بەجێهێشتووە، بەنموونە نەمانی هێزی پێشمەرگە لەناوچە دابڕێنراوەكان، كاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر دروستبوونی بۆشایی ئەمنی‌و دەركەوتنەوەی شانەكانی داعش‌و چالاكییەكانیان لەناوچەكانی دیالەو تكریت‌و كەركوك‌و مەخمورو موسڵ، كە ئەوەش ترسی بۆ سەر ئەو ناوچانەو دانیشتووانەكانیان هەیە. لەگەڵ چەند كێشەیەكی دیكە كە بەهەمان هۆكارەوە هاتوونەتەپێش».

كاری هاوبەشی پێشمەرگەو سوپا
جەبار یاوەر؛ گرنگیی بوونی هێزی پێشمەرگە لەناوچە دابڕێنراوەكان دووپاتدەكاتەوەو دەڵێت: بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە ناوچە دابڕێنراوەكان بەیەك رێگا دەتوانین ئارامی بۆ دابینبكەین، ئەویش ئەوەیە بەهاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی حكومەتی فیدرال وەكو پێش ساڵی ٢٠١٤ بەهەمان میكانیزمی هاوبەش ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ بكەن‌و بەردەوامیش لەڕێگەی یونامی‌و هاوپەیمانان‌و كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە میكانیزمی كاری هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە‌و هێزەكانی حكومەتی عیراقی فیدراڵدا هەبێت بەتایبەت سوپای عیراق‌و بەردەوامیش دەبین لەو داواكارییەو یەكێكیش دەبێت لەو خاڵانەی وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عیراق تەئكیدی لەسەر دەكرێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كار بۆ دەستپێکردنەوەی تەعریبی كشتوكاڵ دەكرێت

كەركوك- عومەر غەریب وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بڕیاریداوە گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی پارێزگای ...