داعشی دوو! – knwe.org
سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » داعشی دوو!

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

داعشی دوو!

هەرەشە و مەترسییەكانی داعش بەسەر عیراقەوە ماوە و هەر رۆژە لە سوچی پارێزگایەكەوە بە كوشتن و تەقینەوەیەكەوە دەردەكەوێتەوە، كە دەلالەتی كەوتنەوەكاری شانە نوستوەكانیانە كە پەرتەوازە و داڵدەدراون.
داعش وەك گروپێكی تیرۆریستی گەورەترین زیانی مرۆیی و ماددی لە عیراق داوە و هەزاران كەسیش لەسەر ماڵ و حاڵیان ئاوارە و دەربەدەربوون، بەڵام بەبێ ئەوەی حكومەتی عیراق كەلێن و شەبەقەكانی ئەو گورزە پڕبكاتەوە، سەركەوتنی بەسەر داعشدا لە سەركەوتنی ئۆپەراسیۆن و رزگاركردنەوەی نەینەوادا كورتكردەوە، كە هۆكارەكەش تەنیا بەكارهێنانی بوو بۆ كارت و موزایەدەی حەیدەر عەبادی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ!.
ئەو كوشتن و رفاندن و تۆقاندن و گوللەبارانكردنانەی داعش لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامی داون، پەیامەكەی روونە، كە ماوە و بنبڕنەبووە، بەڵكو ئەم گروپە رووبەر و شوێنی لە دەستداوە، بەجۆرێكی تر كە «داعشی دوو» شێوازی هەرەشەكانی گۆڕیوە كە پێدەچێت ئەم قۆناغە بۆ عیراق و هێزە ئەمنییەكان قورستر بێت، چونكە داعش لە تاریكی و نادیاریدا دەستدەوەشێنێت، پلانەكانی لە شەڕی سەربازیی دیارەوە دەگۆڕێت بۆ پەلاماردان لە نادیاریی و تەقاندنەوە و ترساندن، كە ئەوەش دەكاتە شلۆقكردنی زیاتری ئارامیی!.
داعش بەتەنیا هەرەشە لە عیراق ناكات، بەڵكو هەرەشەیە بۆ هەرێمی كوردستانیش، بەو پێیەی ئەم گروپە لەسەر دەستی پێشمەرگە شكا و پێشمەرگەش زۆرترین قوربانی بۆ پاراستنی هەرێم و ناوچە كوردستانییە ناكۆكی لەسەرەكان بەخشیوە، بۆیە داعش هەوڵی دزەكردن و دەرفەتی دەستوەشاندن دەدات، ئەویش بەپێی گۆڕینی شێوەی هەڕەشەكانی.
ئەمجارە كورد و پێشمەرگە چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرەشەی داعش دا دەكەن، كە دەبیسترێت عیراق داوای پشتیوانی كورد دەكاتەوە، بەڵام ئایا هەمان هەڵەی پێشووی شەڕی دژ بە داعش بەبێ ستراتیژ و خوێندنەوەی ئەگەرەكان دەكاتەوە؟ كە كورد بەدەستی بەتاڵ لە سەركەوتنی دژ بە داعشدا كرایە دەرەوە و بگرە خراپتریش عیراق ئاهەنگی سەركەوتن بەسەر «داعش و كورد»ی لە دوای ریفراندۆم كرد بە «یەك بۆنە»!!، كە خەتاكەی لە بژاردەیەكی سیاسیی بێ تەگبری كوردەوە بوو.
ئەركی سەركردایەتی راستەقینەی كوردە، كە بەر لەشەڕی ئەمجارەی داعش، بەبێ رێككەوتن و گەرەنتینامەی باڵا بۆ بەرژەوەندی «خاك و نەتەوە و نیشتمانی» نەچێتە ژێر باری شەڕێكی دیكەی قوربانیدان و هیچی تر!! بەڵكو خەمی ئەمجارە لە پاراستنی كەركوك و كەركوكییەكان و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان چڕ بكاتەوە و پێشمەرجەکانی كورد بۆ عیراق و هەمو ئەو هێزانەی لەبەرەیەكدا بەگژ داعشدا دەچنەوە، روون و راشكاوبن، نەك گرێبەستی پارە و قۆنتەراتی شەڕبێ وەك ئەوەی پێشتر لەگەڵ ئەمریكا كرا، تەنیا داوای چەك و پارەكرا، ئەو دووانەی وەرگرت، بەڵام خاكی دۆڕاند و 51% خاكی بەخوێن ئازادكراوی كەوتەوە ژێر كۆنترۆڵی عیراقەوە.
هەڕەشە و مەترسیەكانی داعش بەناوی « ویلایەتی كەركوك» گەیشتۆتە كەركوك و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو و دانانی زاڵگە لەشەودا و پەلاماردانی گەنجینەی سندوقەكانی هەڵبژاردن و هەرەشەی «ئاڵا سپییەكان»یش لە لە دووزخورماتو و ناوچەكانی دیكەش جێدەستی داعشن! و زانیارییە ئەمنیەكانیی عیراقش كە لە هەندێك میدیاوە دزەیان پێكراوە باس لەوە دەكەن كە نزیكەی 700-1000 چەكداری تیرۆریستی داعش لە نەینەوا و حەویجە لە دوای ئۆپەرەسیۆنەكانەوە دزەیان كردۆتە ناو گوند و شارەكانەوە و توانیویانە لەگەڵ شانە نوستوەكانیان خۆیان رێكبخەنەوە، بۆیە فەرامۆشكردنی ئەم مەترسیە بۆ كەركوك و سنورەكانی هەرێم پێویستی بە مشورخواردنە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەمەی دانوستان بەكورد!

گەلی كورد لە باشوور، كە بەزۆرە ملێ و بێراوێژ و ...