سەرەکی » مانشێت » 12 دەزگای میدیایی و سێ رۆژنامە و کەناڵێکی تەلەفزیۆنیش دادەخرێن

تورکیا: 18 هەزار کارمەندی حکومی دەردەکرێن

12 دەزگای میدیایی و سێ رۆژنامە و کەناڵێکی تەلەفزیۆنیش دادەخرێن

رۆژێک پێش ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سوێندی یاسایی بخوات، فەرمانێکی کۆماری واژۆکرد، کە زیاتر لە 18 هەزار کارمەندی حکومی لە کارەکانین دەربکرێن، هەروەها 12 دەزگای میدیایی و سێ رۆژنامە و کەناڵێکی تەلەفزیۆنیش داخست. ئەمە لە کاتێکدا میدیاکانی تورکیا باسیان لەوەدەکرد، پێدەچێت باری نائاسایی هەڵبگیرێت، میدیاکانی جیهانیش، ئەمە بە سەرەتایەکی خراپ بۆ قۆناغی نوێی تورکیا سەردەمی ئەردۆغانی دادەنێن.

سزادان بەردەوامە
رۆژێک پێش سوێندخواردنی وەکو سەرۆکی نوێی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانێکی کۆماری نوێی دەرکرد و تێیدا 18632 کارمەندی حکومی لە کارەکانی دەرکرد. لەم هەڵمەتە نوێیەشدا کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە و داد و ناوخۆ و سوپاشی گرتۆتەوە. ئەمەش بە سەرەتایەکی خراپ بۆ سەرۆکە نوێکەی تورکیا دادەنرێت.
سزادانی سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە میدیای تورکیا بڵاویکردۆتەوە، لەو 18 هەزار کەسەدا، بەشێکی زۆریان کارمەندانی دەزگای سوپا و پۆلیسی و هێزە ئەمنییەکانن. نزیکەی 9 هەزاریان لە دەزگای پۆلیس بوون و شەش هەزاریشیان لە سوپا بوون. ئەمەش گوزارشت لەوە دەکات، کە هەڵمەتی پاکتاوکردن لە سوپا و دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامە.

وەزارەتی داد و پەروەردەشی گرتەوە
بەشێکی ئەو هەڵمەتەش وەزارەتەکانی داد و پەروەردەشی گرتەوە. بە پێی میدیاکانی تورکیا بێت ، لەو 18 هەزار کەسە کە دەرکراون، هەزاریان کارمەندی وەزارەتی دادن و 650 کارمەندی وەزارەتی پەروەردەش بەر هەڵمەتە نوێکەی ئەردۆغان کەوتون.

12 دەزگای میدیایی داخران
بەشێکی تری هەڵمەتەکەی ئەردۆغان کەرتی میدیاشی گرتەوە، بە پێی ئەو فەرمانە بێت، 12 دەزگای میدیایی و سێ رۆژنامە و کەناڵێکی تەلەفزیۆنیش داخراون. جێگەی ئاماژەیە لەپاش کودەتا فاشیلەکەی تەموزی 2016 ەوە، رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی میدیا، بەرهەڵمەتێکی گەورەی دەرکردن و زیندانیکردن و راونان کەوتون، بەشێویەک ئێستا لە جیهاندا، تورکیا وەکو زیندانێکی گەورە بۆ رۆژنامەنووسان دادەنرێت.

ساڵی دەرکردن و سزادانی نەیارانی ئەردۆغان
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی « هیومان رایت ۆچ» بێت، لە 20 مارسی ئەمساڵەوە زیاتر لە 112679 کارمەندی حکومی لەکارەکانیان دەرکراون. لەو ژمارەیەشدا زیاتر لە 8 هەزار کارمەندی سووپا بوون و 33 هەزار کارمەندی وەزارەتی پەروەردە و 31 هەزار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ و 22600 کارمەندی بەرێوبەرایەتی ئاسایش دەرکراون. هەربۆیە زۆرێک لە چاودێرانی رەوشی تورکیا ، ئەمساڵ بەساڵی دەرکردن و پاکتاوکردنی نەیارانی ئەردۆغان و ئەک پارتی لەناو دەزگاکانی دەوڵەت وەسف دەکەن، چونکە ژمارەیەکی زۆری کارمەندانی لە کارەکانیان دەکراون ، لەبەرئەوەی لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان نەبوون یان نەیاری بوون.

میدیاکانی جیهان
ئەم هەواڵی دەرکردنی 18 هەزار کارمەندە لە تورکیا، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە میدیاکانی جیهان هەبوو، لەهەمانکاتیشدا بە سەرەتایەکی زۆر خراپ وەسفیان کرد، بۆ سەرەتای دەستبەکاربونی ئەردۆغان وەکو سەرۆکی تورکیا. لەمبارەیەوە کەناڵی فرانس 24 فەرەنسا دەڵێت: ئەم هەڵمەتەی ئەردۆغان لە لای رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆنی تورکیاوە، بە بێ دەنگکردنی دەنگی نەیارانی ئەردۆغان وەسف دەکرێت. گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانیاش راپۆرتێکی درێژی لەمبارەیەوە ئامادەکردووە و دەڵێت: بە چەند رۆژێک پێش ئەوەی دووبارە بێتەوە بە سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ، هەزاران کارمەند لە کارەکانیان دەردەکات.

سەرچاوە؛ ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

زینەتێكی هەیە سلێمانی وەسفی ناكا زوبان بە ئاسانی

هەموو تاكێكی كورد بەگشتی‌و خەڵكی سلێمانی بەتایبەت، لەهەر شوێنێكی جیهان ...