نه‌جات نوری
هه‌موومان به‌وه راهاتووین زۆرشت له ناو ده‌قی شیعردا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه یان د‌رك به‌وه ده‌كه‌ین شیعر به‌شێكه له توڕه‌ی و نائومێدبوون به‌رامبه‌ر به ژیان‌و كه‌سانی ده‌ووروبه‌رمان، زۆربه‌ی شاعیره‌كانیش به‌م جۆره چوونه‌ته‌وه به گژ هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا كه خۆیان به تاوان‌و خراپیان زانیوه، له كوێدا ویستبێتیان به‌بێ دوودڵی به‌شیعر هاتوونه‌ته ده‌نگ…
له‌لای ئێمه‌ش كه‌م شیعر هه‌یه له شیعری ئه‌م نه‌وه‌یه كه وه‌كو شاعیر ده‌ینووسن زۆری ده‌قه‌كانیان پڕنه‌بن له توڕه‌ی، به‌ڵام لای چه‌ند كه‌سێكیان توڕه‌بونێك دیاره كه خوێنه‌ر هه‌ست ده‌كات توڕه‌بوونی به‌رده‌وامیه بۆ ژیانه‌وه بۆ گه‌یشتن به شتێك كه هه‌موومان تێدا ئازاره‌كانی یه‌كتری بخوێنینه‌وه، نه‌ك توڕه‌بوونی تێكشكان‌و نائومێدبوون، نه‌ك گه‌یشتن به تاریكی، توڕه‌بوونی عه‌شقێكه كه به‌رده‌وامی ده‌دات به وتن‌و گه‌ڕان به دوای سه‌رچاوه‌كانی رونایكدا، ئه‌م ژنه شاعیره (كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر) بێگومان ژیان‌و ته‌نانه‌ت كاتی نووسینی شیعره‌كانیشی ده‌كه‌نه جۆرێك له شیعری نه‌نوسراوه‌و تێڕامان له رۆحی كه‌سێك كه هه‌میشه ده‌یه‌وێت به وشه پێمان بڵێت كه‌هیچ كهسو ئازار ناتوانێت بێده‌نگم بكات‌و شیعرم پێ نه‌نوسێ، هه‌میشه له‌نێوان خۆی‌و شیعره‌كانیدا گه‌ڕانێكی گه‌وره هه‌یه بۆ ئاشكراكردنی روناكی له ناو ساته تاریك‌و كوشنده‌كاندا له‌ناو بێڕه‌حمی ئه‌و مرۆڤانه‌ی ژیان پڕده‌كه‌ن له ترس‌و گوناه، ئه‌م ژنه شاعیره گه‌شتێكی ئاوا نه‌بڕاوانه ده‌خاته به‌رده‌ممان تا به‌و ساتانه ده‌گه‌ین كه جوانیه‌كانی تێدا ده‌دۆزینه‌وه. له‌ناو ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه ده‌توانن شیعر بنووسن ده‌بینم ده‌نگی ژنه شاعیرێكی وه‌كو (كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر)ی هه‌میشه توڕه به‌ڵام له شیعره‌كانیدا ئارام ئارام رامانده‌گرێت و پێمان ده‌ڵێت:
(عه‌زیزم ساتێك له سیمای زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوم بڕوانه /
وشه‌كانی رۆحم زمانیان گرتووه و /
په‌نجه‌كانیشم سه‌هۆڵبه‌ندان /
خه‌مه‌كانم ئاوێزان بوون /
وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی باڵكراوو/
له ژێر ده‌ستی مناڵێكی بزۆزدا /
به‌ند كراوه)
به‌م وشانه ژنێك توڕه له ئینسانه‌كانی ده‌وروبه‌ری و پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه ژنان كه ده‌توانن به وشه بوونی خۆیان بۆ هه‌میشه بهێڵینه‌وه‌و به‌رگه‌ی ئه‌و دوزه‌خه بگرن كه بۆمان هه‌میشه داخراوه. گه‌رچی ره‌نگه زۆركه‌س لێره له زمانی شیعر‌و توڕه‌ی ئه‌م ژنه شاعیره نه‌گه‌ن، به‌ڵام هه‌میشه به زمانێكی ساده‌و واتادار ئه‌وه‌ی تێده‌گات ده‌زانێت كه شیعری ئه‌م ژنه چه‌ند جوان ده‌رگای ژیانمان به هه‌موو جوانی‌و ناشیرینهكانیهوه بۆ ده‌كاته‌وه‌و گوزهرێكمان پێده‌كات به‌ناو هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه بوونه‌ته ئه‌وه‌ی ئه‌م ژنه شاعیره به شیعر تێمان بگه‌یه‌نێت كه بۆچی شیعر ده‌نووسێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه بوونه‌ته هۆی به شاعیربوونی كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر. له‌ناو ئه‌و هه‌موو ده‌نگی ژنانه‌ی كه ئێستا شیعر ده‌نووسن، كه‌ژاڵ ده‌زانێت شیعر بۆ رۆژگارێك بنووسێت كه هه‌موو شتێك تێدا تاڵ‌و له گیانه‌ڵادایه كه‌چی له‌ناو هه‌موو ئه‌و ماجه‌رایانه‌ی ئێمه‌یان توڕه‌كردووه ئه‌م ژنه شیعر ده‌كاته په‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنێكی تر‌و هه‌موومان ده‌خاته سه‌ر رێگای گه‌یشتن به‌و شوێنه‌ی كه ده‌ستی غه‌درو ئازار پێی ناگات…
(ده‌مه‌وێت ببمه/
په‌پوله‌یه‌كی نوستوی بهربارانو/
هێلانه‌یه‌ك بۆخۆم جێكهم/
هێلانه‌یه‌ك نهدهستهمۆی/
ده‌ستی پیاوو،
نه په‌له‌پیتكه‌ی /
تفه‌نگێكی ده‌ستی راوچی بێگاتێ…)
لێره‌و كاروانی ترسی ئه‌م ژنه ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و دیوی رۆژێكی نادیار‌و له هه‌موو به‌دبه‌ختیه‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆی ههڵدێتو ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت كه ئیتر لێره ژیان ئه‌گه‌ر هه‌یشبێت ده‌بێت ئێمه به جۆرێكی تر به خۆمانی بناسێنینه‌وه، له‌م كۆپله شیعره‌دا به بێ هیچ له خۆكردنێك ئازایانه‌و به توڕه‌بوونێكی شاعیرانه‌وه ئاماژه به‌و رۆحه شهڕانیانهدهكات كه هه‌میشه به‌رده‌رگای چاره‌نوسمان پێ ده‌گرن، پێمان ده‌ڵێت ژیانی به‌شێك له (ژنانی) ئێمه كه‌وتۆته به‌رده‌م ده‌ستی ئه‌و پیاوانه‌ی وه‌كو راوچیه‌كی كوشنده ژیانی ژنان بۆ نهگریسیهكانی خۆیان ده‌بینن، له‌م دێڕانه‌وه ده‌یه‌وێت بڵێت كه ئیتر ژیان ئاوا تێناپهڕێتو مانه‌وه به‌م جۆره ناكاته تامی ژیان‌و خۆشبه‌ختی، ده‌یه‌وێت بڕوا‌و شار‌و ئه‌و شه‌قامانه‌ش به‌جێ بهێڵێت كه راوچییه نه‌گریسه‌كان به هه‌موو گوناهه‌كانی خۆیانه‌وه رۆحی په‌پوله‌كانی تێدا راوده‌كه‌ن… بانگه‌وازی ئه‌م ژنه شاعیره بانگه‌وازی رۆحێكی پڕ لهئازارهو ئیتر ده‌یه‌وێت بگاته ئه‌و رۆژگاره‌ی كه ده‌ستی گوناهكارانی پێ ناگات… بانگه‌وازی ئه‌م بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه كورته‌یه كه ده‌یه‌وێت شتێك له خۆشی تێدا بباته سه‌ر ئه‌گه‌ر بیه‌ڵن، لێره له‌م چه‌ند دێڕهیشدا ئاوا رامان ده‌گرێت تا به رۆحی سه‌رگه‌ردانی خۆی ئاشنامان بكات…
(ته‌مه‌نی په‌پوله زۆر كورته/
ته‌مه‌نی ئێمه‌ش پڕ له درۆ/
بۆیه هه‌ندێك جار به‌ده‌م وهنهوزیی خه‌وه‌وه/
فرمێسك ده‌ڕێژم
بۆ ته‌مه‌نێك كه نه‌مانتوانی /
به‌كامی دڵ بینوسینه‌وه)
كه‌ژاڵ به‌م شیعرانه وه‌كو هه‌ندێك ده‌نگی ترنیه كه جگه له وشه ریزكردن هۆكارێك بۆ شیعر نووسین نادۆزینه‌وه، ده‌زانێت هه‌موو ئازار‌و خه‌مه‌كانی خۆی له ناو دێڕه‌كاندا جێگه بكاته‌وه‌و بیكاته خه‌می هه‌موو مرۆڤه‌كان، لێره‌دا ده‌یه‌وێت ئاڵوگۆڕ به شته‌كان بكات‌و ته‌مه‌نی پڕله درۆی مرۆڤ بگۆڕێته‌وه به ژیانی كورتی په‌پوله‌یه‌ك، ئه‌و ده‌زانێت ئه‌م ژیانه سیخناخه به هه‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ی جگه له شهرمو درۆ ئیتر هیچ بۆ مرۆڤایه‌تی ناكه‌ن، به‌مجۆره ئاوڕ له ته‌مه‌نێك ده‌داته‌وه كه جگه له فرمێسك هیچی تری بۆی نیه، ئه‌وه ئاوڕ له یادگاریهك ده‌داته‌وه به هه‌موو پیرۆزیهكانیهوه دواجار به‌جێیان ده‌هێڵێت چونكه ناتوانێت به كامی دڵ تێدا بمێنێته‌وه‌و خۆزگه‌كانی تێدا بنوسێته‌وه. ئه‌گه‌ر زیاتر‌و ورد تر بچینه ناو وشه ساده‌و مانا داره‌كانی ئه‌م ژنه شاعیره‌وه د‌رك به‌و كه‌لێنه گه‌ورانه ده‌كه‌ین كه ته‌مه‌نیان گه‌یاندۆته رۆژانێكی پڕله ده‌رده‌سه‌ری… تێبینی بكه‌ن كه ژیان چ عه‌شقێكی برینداره له‌لای كه‌ژاڵ له خۆی ببیستن كه ئه‌و دونیایه‌ك سه‌ربرده‌ی پڕله ئازاری هه‌یه‌و له نێوان ئه‌م دێڕانه ده‌مانكاته هاوسه‌فه‌ری خۆی‌و ئاوا ده‌نوسێت:
(چ عاشقێك هه‌یه جه‌سته‌ی پاكی
/ به وشه‌ی ناحه‌زان بریندار نه‌كرابێ/
چ عاشقێك هه‌یه سه‌ربرده‌ی خۆی/
له نێودووتوێی/ لاپه‌ڕه‌كانی مێشكی‌دا/
به‌خه‌مه‌وه هه‌ڵ نه‌گرتبێ)
لێره جوانی عاشقان‌و عه‌شق بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌خاته روو كه هه‌میشه برینداری دهكهنو جوانیه‌كانی ده‌كوژن، خه‌می ئه‌م ژنه خه‌می تێكدان‌و وێران بوونی زۆر شته، رامانده‌كێشێت بۆ به ئاگابوونه‌وه له‌و ساته بێمانایانه‌ی كه ئیتر بكوژه‌كان ده‌یانه‌وێت هه‌موو شتێكی جوامان بكوژن، ئه‌و له رێگای ئه‌و ناحه‌زانه‌وه كه به‌رده‌وام شته‌كان بۆ مه‌رامی خۆیان تێكده‌ده‌ن به‌ئاگامان دههێنێتو ده‌یه‌وێت پێكه‌وه به‌ربه‌و كردارانه بگرین… لای ئه‌م ژنه شاعیره په‌ی بردن به مانای شتهكانو جێكردنه‌وه‌یان له شیعردا به‌ئاگاییه‌كی ورده‌وه كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌م دێڕه شیعرانهیهوه سه‌رنج بده‌ین ئه‌وا ده‌زانین كه كه‌ژاڵ له‌كوێدا د‌رك به مه‌ترسیه‌كانی ژیان دهكاتو كۆی ئه‌و ژیانه‌ی كه تفه‌نگ تێیدا ده‌بێته داوه‌ر…
(له‌نێو جه‌سته‌ی شه‌ته‌ك دراوی/
ئه‌م زه‌مه‌نه‌دا پێده‌كه‌نم/
كاتێك ده‌بینم /
تروسكایی تێدا نیه بۆ بینین/
كاتێكیش چیرۆكی ئێمه ده‌ست پێده‌كات /
كه تفه‌نگ ببێته دادوه‌ر)
جوانی ئه‌م دێڕانه له‌وه‌دایه كه د‌رك به‌و راستیانه ده‌كه‌ین كه له كۆی چیرۆكی زۆربه‌ی نه‌وه‌كانی ئێمه‌دا كاتێك ئیتر چیرۆكی ته‌مه‌نیان ده‌ست پێ ده‌كات ده‌بینن جهنگو وێران بوون‌و تفه‌نگ تێڕا خۆزگه‌و ئومێده‌كانیان دهوردهدات، هه‌وارگه‌ی ته‌مه‌نمان پڕده‌بێت له‌ئه‌و ساتانه‌ی كه ئیتر هیچ نابینین‌و هیچ نابیستین جگه‌له حوكمی تفه‌نگ نه‌بێت… به‌مه‌ش كه‌ژاڵ ئه‌وه‌مان به‌بیردێنێته‌وه له سایه‌ی ئه‌م جۆره مانایانه‌دا نیشتیمان ده‌بێته پیاڵه‌یه‌ك ژه‌هر:
(ئێستا نیشتیمانی ئێمه /
وه‌ك خواردنه‌وه‌ی پیاڵه‌یه‌ك ژه‌هر وایه/
تاڵتر له پێكێك مه‌ی/
ژه‌هری دووبه‌ره‌كی‌و كوشتنی یه‌كتر)
له له حزهی كوشتنی منداڵی‌و عهشقو نیشتیمانمانهوه كه‌ژاڵ كاروانه پڕله ئاوازه‌كه‌ی هه‌موومان كه ئاوازێكی غه‌مگینانه‌یه ده‌خاته سه‌ر رێگای بینین تا به كوشتنی یه‌كتری دوا ساتی كاروانه‌كه‌مان ده‌گاته جێ.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ده‌نگی ئه‌م ژنه شاعیره به شیعره‌كانی ده‌مانباته‌وه سه‌ر ئه‌و ڕێگایانه‌ی كه یاده‌وه‌ری و منداڵیمان تێدا به جێهێشتوه، به شیعره‌كانی ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌و یادهوهریو ساتانه‌ی له‌بیرمان چووه‌ته‌وه بیان گه‌ڕێنینه‌وه بۆ ناو رۆحمان. بۆ ناو ئه‌و جه‌ستانه‌ی كه ته‌نیا ده‌بێ به‌و یاده‌وه‌ریانه بژین نه‌ك شتی تر، ده‌یه‌وێت رۆحمان پڕكه‌ین له وشه نه‌ك گریان. ئه‌م شاعیره ژنه به شیعر له به‌رده‌م ئه‌و ده‌رگایانه‌دا رامانده‌گرێت كه ده‌رگای مانه‌وه‌و عه‌شقن نه‌ك ده‌نگی شهڕوكاولبوون، ئه‌و ده‌یه‌وێت بهشعرهكانی رێگای ونبوون و نائومێدیمان پێ له‌بیربباته‌وه. ده‌یه‌وێت له نیشتمانێكدا ئێمه بژیه‌نێت كه نیشتمانی شیعر‌و گۆرانی و عهشقبێت نه‌ك نیشتمانی جهنگو هه‌ڵوه‌رین و مردن:
(نا بۆ پڕبوونی نیشتیمان له ته‌رم /
ئه‌و وه‌خته‌ی نیشتیمان /
له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كانی شه‌ڕدا /
ده‌بێته گۆرانیه‌كی وه‌رس بۆ مردن/
ده‌ستێكی پڕاوپڕ ده‌بێ له خوێن و /
ئه‌وه‌ی تری سیخناخ له ته‌رم)
كه‌ژاڵ هه‌موومان له‌م بوونی ئه‌م نیشتمانه خوێناویه ئاگادارده‌كاته‌وه و پێمان ده‌ڵێت نیشتمانی ئێمه ده‌بێ نیشتیمانی ئه‌و دهنگانهبێت خاكه‌كه‌ی پڕده‌كه‌ن له بۆنی خۆش و له جوانی و له شیعر‌و له گۆرانی نه‌مری… نه‌ك خوێن‌و گریان‌و ته‌رم.
خوێندنه‌وه‌و گه‌ڕان به‌ناو شیعره‌كانی كه‌ژاڵ دا ده‌مانباته به‌رده‌م ده‌نگی ئه‌و ژنه‌ی كه هه‌میشه خه‌ریكی دروود خوێندنه بۆ پاك بوونه‌وه‌ی هه‌موومان له گوناه و توڕه‌بوون و رق… زۆری شیعره‌كانی ناو دیوانی
(ئاونگی وه‌رینی گوڵه‌كان)و (تاریكی شه‌وو په‌نجه‌ره‌ی عه‌شق) ئه‌و دروودهیه كه هه‌رجارێك به جۆرێك له جۆره‌كان بۆ پاك بوونه‌وه‌ی هه‌موومان ده‌ریده‌بڕێت. ئه‌و ده‌زانێت له كوێدا به‌شوێن شته ون بۆكانی خۆیدا بگه‌ڕێت نایه‌وێت وازوو ده‌ستبه‌رداری خهونو ئومێده‌كانی خۆی ببێت له‌ناو ئه‌م هه‌موو ماجه‌رایانه‌ی كه رۆحمانی پێ ده‌وره دراوه، به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێت، گه‌ڕانێك كه هه‌تا نزیك به‌هه‌شته ونبۆكانو ده‌ریا به‌لم داپۆشراوه‌كان، كه‌ژاڵ ده‌زانێت ئه‌وه قه‌ده‌ری مرۆڤه كه ده‌بێت تا مردن ئاوا به‌شوێن بوونی خۆیدا له‌ناو ئه‌م شتانه‌دا بگه‌ڕێت …
(بۆت ده‌گه‌ڕێم/
له نێو به هه‌شتێكی ون بودا/
له نێو زه‌ریایه‌كی به‌لم دا پۆشراوی / سه‌ر ههڵگرتوودا/
كه پڕ بێت له ئازاری ماچی گه‌ڵاو/
كۆچی مانگه شه‌وی پایزو/
قه‌ده‌ری په‌ژاره‌ی/
چه‌پكه گیایه‌كی سه‌وز/
به هه‌ناسه‌ی تاساوی /
ژیانێكی غه‌مگین/
وه‌ك په‌پوله سه‌مای ئێواران‌و/
ته‌می سپی ئاسمان /
گوڵه‌كانیش پێ نازانێ /
ده‌ریا چۆن سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ )
ئه‌م دیوانه ئه‌و شیعرانه‌ی له خۆگرتوه كه هه‌ڵده‌گرێت زیاتری له سه‌ر بنوسرێت‌و خوێنه‌رانیش وه‌كو ده‌نگی ژنێكی توڕه به‌ڵام وه‌كو توڕه‌بوونێك بۆ مانه‌وه‌ی ژیان بیخوێننه‌وه. ده‌كرێت له زۆر شوێندا له‌م دیوانه‌دا ئێمه له سه‌ر زۆر مانای جوانی ئه‌م ژنه شاعیره رابوه‌ستین، ئه‌وه‌ی هه‌ست به ژیان‌و ته‌مه‌نی ئه‌م ژنه شاعیرهبكات ده‌زانێت به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نی وه‌كو شیعره‌كانی پڕبووه له غهمگینیو ئازاری رۆح … بهدێوێكدا كاتێك زۆربه‌ی شیعره‌كانی كه‌ژاڵ ده‌خوێنیته‌وه ده‌زانیت ئه‌و به‌شیعر له‌و ته‌مه‌نه پڕله ئازاره‌ی خۆیی دهدوێتو به دیوه‌كه‌ی تریشدا ئێمه خۆمان به هه‌موو غهمگینو ئازارهكانمانهوه له شیعره‌كانی ئه‌و دا خۆمان ده‌دۆزینه‌وه.