رێزلێنان لەخزمەتەکانی بوار نورەدین لەبواری بیبلۆگرافیا و رۆژنانووسی کوردیدا
لەچوارچێوەی وەرزی دواخراوی یادی رۆژنامەگەریی کوردیدا، سەرلەبەیانی دوێنێ 10/7/2018 ساڵۆنی کوردستانی نوێ کۆڕێکی رێزلێنانی لەخزمەتەکانی بوار نورەدین لەبواری بیبلۆگرافیا و رۆژنامەنووسی کوردیدا بەڕێوەبرد.
لەکۆڕەکەدا بوار نورەدین بەشێوەیەکی گشتی باسی لەگرنگی بیبلۆگرافیا کرد بۆ رۆشنبیری کوردو وتی: بیبلۆگرافیا پێویستییەکی زانستییەو کارئاسانی لێکۆڵەران دەکات.
لەبەشێکی تردا باسی لەجۆرەکانی بیبلۆگرافیا کردو وتی: ئامادەکردنی بیبلۆگرافیا گشتی و تایبەت ئەرکێکی ئاسان نییەو چەند گرفتێکیان هەیە، کە هەندێکیان کێشەی کتێبی کوردی و کتێبخانەکانی کوردستانن.
دواتر ئامادەبووان راوسەرنجی خۆیان سەبارەت بە بابەتی کۆڕەکە خستەڕوو.
هەر لەم کۆڕەدا رێزلێنانی کوردستانی نوێ بەخشرایە بوار نورەدین لەبەرامبەر خزمەتەکانی لەبواری بیۆگرافیا و رۆژنامەنووسی کوردیدا.
لەژمارەکانی داهاتووداو لەدووتوێی ساڵۆنی کوردستانی نوێدا راپۆرتێک بڵاودەکرێتەوە.
فۆتۆ: حەمە عومەر