سەرەکی » وەرزش » كرواتیا و ئینگلته‌را له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وتێكی مێژووییدا

كرواتیا و ئینگلته‌را له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وتێكی مێژووییدا

سه‌عات 9ی ئه‌مشه‌و دووه‌م یاری قۆناغی پێش كۆتایی مۆندیال به‌ڕێوه‌ده‌چێت و لایه‌نی دووه‌می یاری كۆتایی مۆندیال ئاشكرا ده‌بێت و تیایدا كرواتییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی خۆیاندا بگه‌نه‌ یاری كۆتایی و ئینگلیزه‌كانیش هه‌وڵ ده‌ده‌ن كۆتایی به‌ 52 ساڵ ئازار بهێنن.
یارییه‌كه‌
كرواتیا×ئینگلته‌را سه‌عات 9ی شه‌و له‌ یاریگای لۆجینكی.

ئامانجه‌كه‌ مانه‌وه‌یه‌ له‌ لۆجینكی
یارییه‌كه‌ له‌ یاریگای لۆجینگی شاری مۆسكۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ ئه‌و یاریگایه‌ رۆژی 1 شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو میوانداری یاری كۆتایی ده‌كات، بۆیه‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازن له‌و یاریگایه‌ بمێننه‌وه‌، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ بردنه‌وه‌ی‌ یارییه‌كه‌.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ 3 شێره‌كه‌ له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان ئه‌ركی ئاسان بوو كه‌ توانی هه‌ڵبژارده‌ی‌ تونس و په‌نه‌ما دووچاری شكست بكات و سه‌ركه‌وتن بۆ قۆناغی 16 مسۆگه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ له‌ سێیه‌م یاری به‌ 9 یاریزانی یه‌ده‌كه‌وه‌ یاری كرد و به‌پێی زۆرینه‌ی‌ شاره‌زایان و ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌كانی به‌ریتانیا ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست له‌ سێیه‌م یاری خۆی داوه‌ به‌ دۆڕان، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ گه‌وره‌كان به‌دوور بگرێت.
ئینگلیزه‌كان له‌ قۆناغی 16 ئه‌ركیان زۆر قورس بوو كه‌ نه‌یانتوانی له‌ كاتی ئاسایی و زیادكراو له‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ كۆڵۆمبیا ببه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌بێ جه‌یمس رۆدریگێزی ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می یاری ده‌كرد، به‌ڵام له‌ لێدانی په‌ناڵتی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ به‌خت یاوه‌ریان بوو، له‌ قۆناغی چاره‌كی كۆتاییش ئه‌ركی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ سوید زۆر قورس نه‌بوو كه‌ بردنه‌وه‌یه‌كی شایسته‌ی تۆماركرد.
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژارده‌ی‌ كرواتیا له‌ یه‌كێك له‌ كۆمه‌ڵه‌ قورسه‌كان بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش توانی هه‌ر 3 یارییه‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژارده‌كانی نه‌یجیریا و ئایسله‌ندا و ئه‌رژه‌نتین به‌سه‌ركه‌وتن كۆتایی بهێنێت و به‌پێشه‌نگی بگاته‌ قۆناغی 16.
له‌و قۆناغه‌شدا ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی‌ دانیمارك بۆوه‌ كه‌ له‌ شێوازی یاریكردن له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، له‌و یارییه‌شدا كرواتیه‌كان به‌خت یاوه‌ریان بوو كه‌ توانیان به‌ لێدانی په‌ناڵتی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ سه‌ركه‌وتن تۆماربكه‌ن، له‌ قۆناغی چاره‌كی كۆتایش كرواتیه‌كان رووبه‌ڕووی روسیای رێكخه‌ر بوونه‌وه‌و جارێكی تر ئاست به‌رزی سۆباسیچی گۆڵپارێز بووه‌ فریاد ره‌سی هه‌ڵبژارده‌كه‌و توانیان به‌ لێدانی په‌ناڵتی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ سه‌ركه‌وتن تۆماربكه‌ن و ماڵئاوایی به‌ روسیای رێكخه‌ر بكه‌ن.
مێژووی له‌به‌رژه‌وه‌ندی 3 شێره‌كه‌یه‌
ئه‌م یارییه‌ش هه‌شته‌مین یاری نێوان ئه‌و 2 هه‌ڵبژارده‌یه‌ و مێژووش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئینگلیزه‌كانه‌ كه‌ توانیانه‌ 4 یاری له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌و كرواتیه‌كانیش 2 یارییان بردۆته‌وه‌و یاریه‌كیش یه‌كسانبوون، دواین یاری نێوانیشیان كه‌ له‌ ساڵی 2009 بووه‌ كه‌ ئینگلیزه‌كان به‌ 5 گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك براوه‌بوون.
ئینگلته‌را كه‌ داهێنه‌ری یاساكانی تۆپی پێیه‌و خۆیان به‌ خاوه‌نی تۆپی پێی نوێ ده‌زانن، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ له‌ مێژووی به‌شداری كردنی له‌ مۆندیال ته‌نها جارێك له‌ ساڵی 1966 بوونه‌ته‌ پاڵه‌وان و دواین جاریش كه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ قۆناغی پێش كۆتایی ساڵی 1990 بووه‌، وه‌كو خۆشیان ده‌ڵێت هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌م مۆندیاله‌ كۆتایی به‌ 52 ساڵ ئازار بهێنن كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا مۆندیال ببه‌نه‌وه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا كه‌ مێژووییه‌كی دێرینی له‌ مۆندیال نییه‌ و یه‌كه‌م به‌شداری كردنی له‌ مۆندیال ساڵی 1998 بوو كه‌ ئه‌و مۆندیاله‌ توانی پله‌ی سێیه‌م به‌ده‌ست بهێنێت كه‌ ئه‌مه‌ش باشترین ده‌ستكه‌وتی هه‌ڵبژارده‌كه‌یه‌.
ئه‌م پێكهاته‌یه‌ی كرواتیا به‌ یه‌كێك له‌ پێكهاته‌ به‌هێزه‌كان داده‌نرێت كه‌ له‌ ریزه‌كانیدا چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی یانه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا یاری ده‌كه‌ن له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ لوكا مۆدریچ و ئیڤان راكیتیچ كه‌ له‌ ریاڵ مه‌درید و بارسێلۆنا یاری ده‌كه‌ن و ئاندازیاری رێكخستنی یاری هه‌ڵبژارده‌كه‌.
له‌پێكهاته‌ی‌ كرواتیا له‌ مۆندیال تا ئێستا 8 یاریزان توانیویانه‌ گۆڵ تۆماربكه‌ن ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ شێوازه‌كانی هێرشبردنی بۆ سه‌ر گۆڵی تیپه‌كانی به‌رامبه‌ر هه‌مه‌چه‌شنه‌ن و ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر ل ئه‌ستێره‌كانی مه‌ترسی دروست بكات، له‌پاڵ ئه‌وه‌ش هه‌ڵبژارده‌كه‌ توانایه‌كی باشی له‌ یاریه‌كانی قۆناغی دوای كۆمه‌ڵه‌كان هه‌یه‌ كه‌ له‌كۆی 6 یاری ته‌نها یارییه‌كی دۆڕاندوه‌ ئه‌ویش له‌ قۆناغی پێش كۆتایی مۆندیالی 1998 بووه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را كه‌ له‌ مۆندیالی 1982ه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ مۆندیالێك 2 هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپی دووچاری شكست بكات، له‌م مۆندیاله‌ به‌ ئاستی به‌رز ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ یاریزانه‌كانی 11 گۆڵیان كردوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ مۆندیالی 1966ه‌وه‌ ئه‌و ژماره‌ گۆڵه‌ بكه‌ن.
ئینگلیزه‌كان له‌ 2 یاری یه‌كه‌میان له‌ مۆندیال 15 شوتیان ئاڕاسته‌ی‌ گۆڵ كردوه‌، له‌ 3 یاری رابردوو ته‌نها 6 شوتیان بۆ گۆڵ لێداوه‌و له‌و ژماره‌ شوته‌ش توانیویانه‌ 4 گۆڵ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات یاریزانه‌كانی له‌ بچوكترین هه‌لی گۆڵ كردن ده‌توانن زیان به‌ تیپی به‌رامبه‌ر بگه‌یه‌نن.
ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژارده‌كه‌ش هاری كه‌ینه‌ كه‌ له‌ دوا 7 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ له‌ 6 یارییاندا گۆڵی كردوه‌ و تا ئێستاش به‌ تۆماركردنی 6 گۆڵ گۆڵكاری مۆندیاله‌ و گه‌وره‌ترین مه‌ترسیش ده‌بێت بۆ سه‌ر گۆڵ سۆباسیچی گۆڵپارێز به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌ یاری پێشوو گۆڵی نه‌كردوه‌و پێشتریش له‌ هه‌موو رۆژه‌كانی هه‌فته‌ له‌گه‌ڵ 3 شێره‌كه‌ گۆڵی كردوه‌ ته‌نها رۆژی 4 شه‌ممه‌ نه‌بێت، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كه‌ له‌ رۆژی 4 شه‌ممه‌ واده‌كات ئه‌و یاریزانه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ سێیه‌م یاریزان له‌مێژووی هه‌ڵبژارده‌كه‌ دوای واین رۆنی و لامپارد له‌سه‌رجه‌م رۆژه‌كانی هه‌فته‌ گۆڵ بكات.
ئینگلیزه‌كان له‌م مۆندیاله‌ خاوه‌نی زۆرترین گۆڵن له‌ رێگه‌ی‌ لێدانی سه‌ر كه‌ به‌یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین چه‌كه‌كانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ داده‌نرێت به‌تایبه‌تی له‌ یاری پێشوویان كه‌ رووبه‌ڕووی یه‌كێك له‌ باڵابه‌رزترین هه‌ڵبژارده‌كانی مۆندیال بوونه‌وه‌، سه‌ره‌ڕاش ئه‌وه‌ش هه‌ردوو گۆڵه‌كه‌یان به‌ لێدانی سه‌ر كرد، به‌رامبه‌ر كرواتیاش چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌و چه‌كه‌یان رۆڵی خۆی بگۆڕێت به‌تایبه‌تی كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ یاریزانه‌كانی كرواتیا باڵایان به‌رز نییه‌.
ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م 2 هه‌ڵبژارده‌یه‌ش له‌ 2 هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ تری قۆناغی پێش كۆتایی جیاده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌شتیان كرد بۆ روسیا له‌سه‌ره‌تای مۆندیال وه‌كو پاڵێوراو بۆ بردنه‌وه‌ی‌ مۆندیال سه‌یر نه‌ده‌كران، به‌ڵام هه‌ردووكیان به‌ ئاستی به‌رز ده‌ركه‌وتن و به‌بێ بوونی گوشاری زۆر له‌سه‌ریان خۆیان گه‌یانده‌ ئه‌م قۆناغه‌.
گۆڵپارێزی ئاست به‌رز
یه‌كێك له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ بوونی گۆڵپارێزی ئاست به‌رزه‌ كه‌ له‌ كرواتیا سۆباسیچی گۆڵپارێزی یانه‌ی‌ مۆناكۆ هۆكاری سه‌ره‌كی گه‌یشتنی هه‌ڵبژارده‌كه‌یه‌تی بۆ قۆناغی پێش كۆتایی، كه‌ بۆ زانینی ئه‌و راستیه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بڵێین ئه‌و گۆڵپارێزه‌ 2 جار هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ له‌ لێدانی په‌نالتی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ سه‌رخستووه‌.
سۆباسیچ دوای ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی‌ له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان له‌ قۆناغی 16 له‌ لێدانی په‌ناڵتی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ رووبه‌رووی كاسپه‌ر شمایكی گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی‌ دانیمارك بۆوه‌ كه‌ لێهاتوویه‌كی زۆری له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ په‌ناڵتی هه‌یه‌، به‌ڵام سۆباسیچ توانی سه‌ركه‌وتنی به‌رامبه‌ر تۆماربكات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌ووه‌ی‌ 3 په‌نالتی یاریزانانی دانیماركی گه‌ڕانده‌وه‌.
له‌ قۆناغی پێشووش جارێكی تر سۆباسیچ بووه‌ فریاد ره‌سی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ و به‌رامبه‌ر به‌ روسیای رێكخه‌ر توانی 2 په‌نالتی یاریزانانی روسیا بگه‌ڕێنێته‌وه‌و ئه‌مجاره‌ش هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ له‌ شكست رزگار بكات.
ئه‌م گۆڵپارێزه‌ یه‌كه‌م یاری خۆی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی‌ كرواتیا له‌ ساڵی 2009 ئه‌نجام داوه‌و له‌و كاته‌شه‌وه‌ 42 یاری به‌ درێسی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ ئه‌نجام داوه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا جۆردان بیگفۆردی گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئینگلته‌را پێش به‌شداری كردنی له‌ مۆندیال ته‌نها خاوه‌نی 3 یاری نێوده‌وڵه‌تی بوو به‌ درێسی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ و ناوبانگێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌و گۆڵپارێزه‌ گوشاری ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ربوو هاوشێوه‌ی مۆندیاله‌كان پێشوو ببێته‌ خاڵی لاوازی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌.
سه‌ره‌ڕای مه‌ترسیه‌كان گۆڵپارێزه‌كه‌ی‌ یانه‌ی‌ ئێڤه‌رتۆن به‌ ئاستێكی زۆر به‌رز ده‌ركه‌وت و ئێستا وه‌كو یه‌كێك له‌ دیارترین ئه‌ستێره‌كانی 3 شێره‌كه‌ سه‌یری ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی‌ له‌ قۆناغی 16 توانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ له‌ مۆته‌كه‌ی‌ لێدانی په‌ناڵتی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ رزگار بكات.
ئینگلیزه‌كان له‌ مێژووی به‌شداری كردنیان له‌ مۆندیال هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌ له‌ لێدانی په‌ناڵتی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ براوه‌بن، به‌ڵام بیگفۆرد كۆتایی به‌م گرێ كوێره‌یه‌ هێناو به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ په‌نالتیه‌كه‌ی‌ كارلۆس باكا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ گه‌یانده‌ قۆناغی چاره‌كی كۆتایی.
له‌و قۆناغه‌ش به‌رامبه‌ر به‌ سوید بیگفۆرد درێژه‌ی به‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی‌ داو توانی چه‌ندین جار هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ رزگار بكات، هه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ ئه‌و گۆڵپارێزه‌ به‌ باشترین یاریزانی یاری هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ سوید دیاری كرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئه‌لیگری به‌ باشترین راهێنه‌ری ئیتالی دیاری كرا

ماسیمیلیانۆ ئه‌لیگری راهێنه‌ری یانه‌ی‌ یۆڤانتۆس خه‌ڵاتی كورسی ئاڵتونی تایبه‌ت به‌ ...