هەڵبژاردن دوابخرێ؟ – knwe.org
سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » هەڵبژاردن دوابخرێ؟

پۆلەتیک

هەڵبژاردن دوابخرێ؟

لەدوای هەڵبژاردنەكەی ئایاری ئەمساڵەوە، بارودۆخی سیاسیی لە عیراق، و پەیوەندی پارتە سیاسییەكان و هاوپەیمانێتییەكان و وڵاتانی هەرێمیی و دیپلۆماسییەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كەوتونەتە ئاستێكی نەرێنیی بۆ عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستانیش بەتایبەت، هەربۆیە پێكنەهێنان و سەقامگیرنەبونی عیراق لەروی سیاسیی و ئابوری و كۆمەڵایەتیی و ئاسایشەوە كاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە پێویستە پارتە سیاسییە كوردەكان بیر لەگونجاوترین و دروسترین هەڵبژاردە بكەنەوە دەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (30ی ئەیلول) یاخود دواخستنی بۆ دیسەمبەرو بەیەكەوە بەستنەوەی لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
وا دەردەكەوێ كە ئەوە داواكاری لایەنێكی دیاریكراو بێ لەپارتە سیاسییەكانی تر، هەرچەندە لەروانگەی منەوە گرنگ نییە چ پارتێكی سیاسیی ئەو داوایایەی كردوە، چونكە پێویستە بیر لە دروستترین بژاردە بكەینەوە بۆ ئەم قۆناغە، لەوانەشە سەبارەت هەندێ پارتی سیاسیی تری كوردستانی تێڕوانینی جیاوازتر هەبێ، هەیانە حەزی لەهەڵبژاردنی ئەیلولانەیە، هەشیانە كەفوكوڵی توڕەیی كەم دەنگیەكانی هەڵبژاردنی ئایاری بیرنەچۆتەوە، بەڵام گەر دیپلۆماسیانەو لۆژیكیانە بمانەوێ بڕیارێكی سیاسیی بەئاڕاستەی بەرژەوەندی گشتی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بدەین، پێویستە بیر لەكەمترین مەترسی بكەینەوە.
ئەگەر ئێمەی كورد لە ئەیلولەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بخەینە كانونی یەكەم،لایەنە ئەرێنیی و نەرێنییەكانی چین.
لایەنی نەرێنی لەروانگەی زۆرێك لە رەخنەگران و نوسەران و رۆژنامەنوسان و شرۆڤەكارانی روداوە سیاسییەكان، لەوانەیە تیشك خستنە سەر پڕۆسەی دیموكراسیی بێ، بەڵام بیرمان نەچێت لەزۆر وڵات خاوەن سیستەمی دیموكرات و خاوەن دیموكراسی گەشەكردو بەهۆی روداوی سیاسیی و بارودۆخی وڵاتەكانیانەوە، هەڵبژاردن پێشخراوە یانیش دواخراوە، بۆیە بەشیكاری گونجاوی سیاسیی بۆ عیراقیش بارودۆخەكە جیاوازترە لەوڵاتانی تر بەتایبەتیش لەئێستادا كە وڵات لە فەراغێكی گەورەی پەرلەمان و حكومەتدا گوزەر دەكات و تائێستا نەتوانراوە كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنرێت و ئاسۆی هاوپەیمانێتییەكانیش رون نییە.
لەماوەی ساڵانی رابردووداو بەتایبەتیش لەدوو ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان بەهۆی گرژی و تەنگژە سیاسییە لۆكاڵیی و هەرێمییەكانەوە بارودۆخی سیاسیی لەناوچەكەدا بەئاڕاستەیەك رۆیشت كە مەترسی زۆر لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان دروست بو، بەڵام ئەو خەونە دوژمنكارانە بەرامبەر بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان شكستی هێنا، بۆیە پێویستە بیر لەوە بكەینەوە چۆن لەماوەی دەیەی (2003 بۆ 2013)، هەرێمی كوردستان گەشەی زۆری ئابووری و سیاسیی و شارستانی بەخۆیەوە بینی، پێویستە ئێمەی كورد بەدووركەوتنەوە لە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانمان و كاركردن بۆ پڕۆژەی نیشتمانی بەهەمان هێز بەشدارییەكی كارامان لە حكومەت و پەرلەمانی داهاتوی عیراق هەبێت و كوردستان بخەینەوە بارودۆخێكی باشترەوە، بۆئەوەش هەنگاوی جدی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی دەبێت لەهەرێمی كوردستان.
لەكۆتاییدا، باشترین و گونجاوترین بژاردە بۆ ئێمەی كورد لەدەرەوەی ستراتیژیەتی پارتە سیاسییەكان دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، تا دوای دەستبەكاربونی پەرلەمانی نوێی عیراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، ئەوەش دروسترین بژاردەیە كە بەرژەوەندی گشتی تێدا بەدیدەكرێت، ئەوەش بەدووركەوتنەوەمان لەرق و كینەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئایارو پشتگوێخستنی بەرژەوەندییە حزبییەكان، و دروستكردنی یەكبونی نیشتمانی بەئاڕاستەی داهاتوی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان و پاراستنی هەرێمی كوردستان، بۆئەوەش هەنگاوەكانی یەكێتیی و پارتی گرنگن، جگەلەوەش میكانیزمی لێك نزیكردنەوەی پارتە سیاسییە ناڕازییەكان و بەشداریپێكردنی لە كایە سیاسیی و دەوڵەتدارییەكان هەم لەعیراق و هەمیش لەكوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كێ براوەی هەڵبژاردنەكانی توركیا دەبێ؟

بڕیارە رۆژی (24ی حوزەیران، 2018) هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان لەتوركیا ...