سیستمی بەڕێوەبردن لە دامەزراوەكانی هەرێم دەگۆڕدرێت – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » سیستمی بەڕێوەبردن لە دامەزراوەكانی هەرێم دەگۆڕدرێت

«بە پێنچ هەنگاو جێبەجێ دەكرێت»

سیستمی بەڕێوەبردن لە دامەزراوەكانی هەرێم دەگۆڕدرێت

راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت جەختی زۆر لە گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردن لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەنەوە، چونكە ئەو سیستمەی ئێستا پەیڕەو دەكرێت ناتوانێت لەئاست خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا بێت.
ئەو وتەیەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لەمیانەی سەرپەرشتیكردنی تیمی جێبەجێكردنی سیستمی ئایزۆ لە وەزارەت هات.

بەخاوی رۆیشتبوو‌
لەو كۆبوونەوەیەدا كە لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی وەزارەت بەڕێوەچوو، ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دیوانی وەزارەت‌و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەراتییەكانی دیوانی وەزارەت ئامادەیبوون، لەسەرەتادا د. محەمەد حسێن سەرۆكی دەزگای سەرپەرشتی‌و دڵنیایی جۆری، كە لەهەمانكاتدا ئەركی سەرپەرشتیكردنی سیستمی ئایزۆی لەدیوانی وەزارەت پێسپێردراوە، باسی لە كارو هەنگاوەكانی سیستمەكە كرد، كە لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا جێبەجێیان كردووە، بۆ ئەوەش وتی: «سیستمی ئایزۆ بە پێنچ هەنگاو جێبەجێ دەكرێت».
وتیشی: «لە هەنگاوی یەكەمدا زۆر بەخاوی رۆیشتبوو‌، بۆیە بە ماوەی 14 مانگ تەواو بوو، لەكاتێكدا ئەو هەنگاوە تەنها‌ 5%ی كۆی پڕۆژەكە پێكدەهێنێت‌».

چاودێری بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە
روونكردنەوەی زیاتری داو رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە 11/6/2018 راسپێردراین بۆ تەواوكردنی هەنگاوەكانی دیكە، خۆشبەختانە لەگەڵ تیمی هاوكارانمان توانیمان هەنگاوی گرنگ بەرەوپێش بنێین‌و لەماوەی 14 رۆژداو لە هەنگاوی دووەمدا توانیمان رێژەی 25% تەواو بكەین. ئەم هەنگاوەش 20%ی كۆی پڕۆژەكە پێكدەهێنێت».
راشیگەیاند: لە ‌هەنگاوی سێیەمدا تائێستا رێژەی‌ 10% تەواوبووە، ئەم هەنگاوە زۆر قورسە، چونكە‌ 50%ی كۆی پڕۆژەكە پێكدەهێنێت. هەنگاوی چوارەمیش 15% و هەنگاوی پێنجەم 10%ی كۆی پڕۆژەكە پێكدەهێنن‌و ئەگەر هەمووان هاوكارو هەماهەنگ بن، لەداهاتوودا پڕۆسەكە بەسەركەوتوویی تەواو دەكەین. وتیشی: «جێبەجێكردنی پڕۆسەكە‌ خۆتەرخانكردنی دەوێت‌و دەبێت پلانی كاركردنیان هەبێت، بۆ ئەوەش داوای لە وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد بەوردی چاودێری بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە بكات».

جێبەجێكردنی سیستمی ئایزۆ
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتەیەكی گرنگی پێشكەشكردو رایگەیاند: بەهۆی جێبەجێكردنی سیستمی ئایزۆوە، كاروبارەكانی خۆمان رێكدەخەینەوە.
وتیشی: «لە سەرەتادا هەموومان ماندوو دەبین، بەڵام بە ستانداردی جیهانی كارەكانمان رێکدەخەینەوە بۆئەوەی باشتر خزمەت بكەین، راشیگەیاند كە كارەكانمان تەواو كردو بڕوانامەی ئایزۆمان بەدەستهێنا، بەڕێوەبردنی‌ كارەكانمان هێندە ئاسان دەبێت خۆمان ناتوانین بگەڕێینەوە سەر ئەو شێوازەی ئێستا كاری پێدەكەین.
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەوەشی راگەیاند: سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی حكومەت زۆر بایەخ بە جێبەجێكردنی سیستمی ‌ئایزۆ دەدەن. وتیشی: «لەمیانەی پێشكەشكردنی سیمینارێك لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی كارو چالاكییەكانمان، خۆشحاڵی خۆیان پیشاندا كە دەستمان بە جێبەجێكردنی سیستمی ئایزۆ لە وەزارەت كردووە، چونكە دەزانن یەكێك لە كێشەكانی ئەم حكومەتە، بەڕێوەبردنە، لەبەرئەوە ئایزۆ باشترین رێگەیە‌ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.

هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سیستمەكە
د.یوسف گۆران رایگەیاند: لەبەر ئەو هۆكارانە جێبەجێكردنی سیستمی ئایزۆ نەك تەنها لەپێشینەی كارەكانی وەزارەتەكەمانە، بەڵكو لە كارە لەپێشینەكانی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمیشە، چونكە دواجار جێبەجێكردنی ئەو سیستمە بە قازانجی دامەزراوەكانی حكومەت‌ دەگەڕێتەوەو بەهۆیەوە باشتر خزمەت بە هاووڵاتیان دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا باشتریش خزمەت بە بەڕێوەبەرو فەرمانبەران لە دامەزراوەكانی حكومەت دەكات.
د.یوسف گۆران جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، كە‌ پێویستە هەنگاو بەهەنگاو خۆمان لەگەڵ شێوازێكی دیكەی كاركردن رابهێنین، بۆ ئەوەش پشتگیری تەواوی خۆی بۆ پڕۆسەكەو هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی دووپاتكردەوە.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، لەلایەن بەڕێوەبەرە گشتییەكان‌و بەڕێوەبەرەكان‌و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە چەندین راو سەرنج‌و پرسیار لەبارەی هەنگاوەكانی پڕۆسەكەو چۆنێتی جێبەجێكردنی ئاڕاستەی تیمی جێبەجێكردنی سیستمی ئایزۆ لە وەزارەت كراو لەلایەن تیمەكەشەوە بە تێرو تەسەلی وەڵامی پرسیارەكان درایەوە، بڕیاریشدرا هەموو دوو هەفتە جارێك درێژە بەو كۆبوونەوانە بدرێت، بۆ ئاگاداربوون لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سیستمەكەو چارەسەركردنی ئەو كێشەو بەربەستانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قوباد تاڵەبانی: یەکێتی ئەو هێزەیە کە توانای بەدیهێنانی ئەو دروشمانەی هەیە

لە دیبەیتێکی کراوەدا لە یەکێک لە کافتریاکانی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی ...