توانای بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكات – knwe.org
سەرەکی » ئابووری » توانای بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكات

«پسولەی كارەبا دابەشدەكرێت»

توانای بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكات

توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لەرێگەی غازی سروشتی زیاد دەكرێت‌و بەڕێوەبەری گشتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمیش لەوبارەیەوە زانیاری ورد دەخاتەڕوو، راشیدەگەیەنێت: بۆئەوەی كوژاندنەوەی گشتی‌و پچڕانی ناوچەیی روونەدات، هەموو هەوڵەكانمان خستۆتەگەڕ.
هاوكات تایبەت بە پرسی كارەبا لەهەرێم، بەڕێوەبەری‌ دابەشكردنی‌ كارەبای سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی‌ دواكەوتنی‌ پسوڵەی‌ كارەبا بۆ بەشداربووانی‌ دەدات‌و رایدەگەیەنێت، «ئێستا دەستكراوە بەدابەشكردنی‌ پسوڵەی‌ كارەبای‌ نیشتیمانی‌ بۆ هاووڵاتیان بەگوێرەی‌ ئەو بەرنامەیەی‌ دانراوە».

روبەڕووی كوژاندنەوەی گشتی‌و ناوچەیی
ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند، لەئێستادا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا 2700 مێگاواتە، بەڵام خواست لەسەرووی پێنج هەزار مێگاواتەوەیە، پلەكانی گەرماش كە بەرزدەبنەوە دوو كاریگەری نێگەتیڤیان لەسەر رەوشی كارەبا دەبێت، یەكەمیان توانای كاركردنی یەكەكانی كارەباو ئامێرەكان كەم دەكەنەوەو دووەمیش خواست زیاد دەكەن.
وتیشی: «بەهەوڵ‌و ماندووبونی ستافی كارەبا، بەتایبەت كۆنترۆڵ، كە تەواوی سیستمەكە بەڕێوەدەبات، بە بەردەوامی بە 24 كاتژمێر لەسەر هێڵین‌و ئەوپەڕی هەوڵەكانمان خستۆتەگەڕ تا سیستمەكە روبەڕووی كوژاندنەوەی گشتی‌و ناوچەیی‌و پچڕان‌و كەوتنی هێڵەكان نەبێتەوە، ئەگەر گرفتیش رووبدات، تیمەكانی چاكسازی لە بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاكان، زۆر ماندونەناسانە دەچن بەدەم گرفتەكانەوەو چارەسەری دەكەن».

نزیكەی 800 مێگاوات زیاد دەبێت
ئومێد محەمەد، ئاماژە بەو هۆكارانەش دەكات كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی كارەبادایە بۆ باشتركردنی رەوشەكەو دەڵێت: «قەیرانی دارایی بەشێوەیەكی زۆر كاریگەر، كاری كردۆتە سەر كاروبارەكانمان، نەبوونی پارە بۆ پێداویستییەكان وایكردووە كاتەكانی كارەبا بەپێی خواستی ئێمەو خەڵكیش نەبن، پڕۆژەكانیش بەپارەی بچوك جێبەجێ ناكرێن‌و خەرجی گەورەیان پێویستە، كە لە توانای دارایی حكومەتی هەرێمدا نییە.
سەبارەت بە چارەسەری كێشەی كارەبا لە دوو مانگی داهاتوودا، بەڕێوەبەری گشتی كۆنترۆڵی كارەبا ئاشكرایكرد: لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز لەهەوڵداین بڕی بەرهەمی غازی سروشتی بۆ وێستگەكان زیاد بكەین، لەقۆناغی یەكەمی كارەكەشدا بۆ مانگی 8ی ئەمساڵ، نزیكەی 800 مێگاوات زیاد بكەین بۆ زستانی داهاتوو، ئەوەش كاریگەری لەسەر باشبوونی دۆخی كارەبا دەبێت».

بەقۆناغ دابەش دەكرێت
هاوكات تایبەت بە پرسی كارەبا لەهەرێم، بەڕێوەبەری‌ دابەشكردنی‌ كارەبای سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی‌ دواكەوتنی‌ پسوڵەی‌ كارەبا بۆ بەشداربووانی‌ دەدات‌و رایدەگەیەنێت، «ئێستا دەستكراوە بەدابەشكردنی‌ پسوڵەی‌ كارەبای‌ نیشتیمانی‌ بۆ هاووڵاتیان بەگوێرەی‌ ئەو بەرنامەیەی‌ دانراوە».
لەدواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم‌و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێم باسی لەوەكرد، یەكێك لەگرفتەكانی‌ سێكتەری‌ كارەبا، سستی‌ كۆكردنەوەی‌ پارەی‌ كارەبایە لە هاووڵاتیان‌و بەشداربووان.
هیوا عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری‌ دابەشكردنی‌ كارەبای‌ سلێمانی‌ رایگەیاندوە، پێدانی پسوڵەی‌ كارەبا بۆ ماڵان‌و بەشداربووان، بەقۆناغ دابەش دەكرێت‌و لەیەككاتدا ناگاتە دەستی‌ هاووڵاتیان، جگە لەوەش ساڵی‌ رابردوو بەشێكی‌ زۆری‌ ئەو فەرمانبەرانەی‌ ئەو ئەركەیان لەئەستۆ بوو دەوامیان نەكردوە بەهۆی دواكەوتنی‌ مووچەو سیستمی‌ پاشەكەوتەوە.
ئەوەشی‌ روونكردەوە، قەیرانی‌ دارایی‌و گوزەرانی‌ خەڵك كاریگەری لەسەر ئەوە دروستكردوە كە نەتوانرێت لەیەككاتدا پسوڵەی‌ كارەبا بگەیەنرێتە دەستی‌ سەرجەم بەشداربووان.

دەوامی بەشێك لەفەرمانبەران ئاسایی بۆتەوە
بەڕێوەبەری‌ دابەشكردنی‌ كارەبای‌ سلێمانی‌ ئاماژەی‌ بەوەشدا، «ئێستا دەست بەدابەشكردنی پسوڵەی‌ كارەبا بەسەر هاووڵاتیان لەگەڕەكەكانی‌ شار كراوەو پسوڵەكەش دەگەیەنرێتە دەستی‌ سەرجەم بەشداربوون».
ئەوەشی نەشاردەوە، «مەرج نییە لەیەككاتدا بگەیەنرێتە سەرجەم بەشداربووان، ئێستاش دەوامی بەشێك لەفەرمانبەران ئاسایی بۆتەوە، ئەوەش وادەكات كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی‌ كارەبا بتوانن لەكاتی‌ خۆیدا پسوڵەكە بگەیەننە بەشداربووان».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

پسپۆڕێكی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری نەوت رایدەگەیەنێت، كە بەهۆی قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ...