سەرەکی » وەرزش » ماڵئاواییكردن بوو یان ده‌ركردن؟

ماڵئاواییكردن بوو یان ده‌ركردن؟

دواجار دوای 9 ساڵ یاریكردن و شكاندنی سه‌رجه‌م ریكۆرده‌ مێژووییه‌كانی یانه‌كه‌و بردنه‌وه‌ی‌ چه‌ندین نازناو له‌سه‌ر ئاستی تیپ و تاكه‌ كه‌سی و تۆماركردنی 450 گۆڵ، كریستیانۆ رۆناڵدۆ به‌ یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌دریدی وت ماڵئاوا، ماڵئاواییه‌ك كه‌ بۆ عاشقانی موشه‌كه‌كه‌ی‌ مادێرا هێنده‌ به‌ ئازاره‌ كه‌ وای له‌ یانه‌كه‌ی‌ كرد به‌ ناشرینترین شێوه‌ رۆیشتنی رابگه‌یه‌نێت.
رۆناڵدۆ گۆڵكاری مێژوویی ریاڵ مه‌درید، ئه‌و یاریزانه‌ی له‌ 438 یاری 450 گۆڵی تۆماركرد بڕیاری دا قۆناغێكی نوێ له‌ ژیانی وه‌رزشی ده‌ست پێبكات و له‌ ئیتاڵیاش هاوشێوه‌ی ئیسپانیا و ئینگلته‌را تۆڕی گۆڵه‌كان بهه‌ژێنێت و ریكۆرد تۆماربكات.
به‌ڵام هه‌وڵی ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێ له‌ ژیانی واته‌ جێهێشتنی ئه‌و یانه‌یه‌ی كه‌ ماوه‌ی‌ 9 ساڵه‌ ژماره‌ نه‌ماوه‌ تیایدا تۆماری نه‌كات و ریكۆرد نه‌ماوه‌ تیایدا نه‌یكات به‌ناوی خۆیه‌وه‌ هه‌روا ئاسان نابێت بۆ هانده‌ران و به‌رپرسانی كه‌ بتوانرێت هه‌رس بكرێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندنی بۆندی رۆناڵدۆ له‌ بۆندی هه‌موو یاریزانه‌كانی تر جیاواز بێت، وه‌ك چۆن رۆناڵدۆ له‌ تۆماركردنی گۆڵ و نووسینه‌وه‌ی‌ مێژوو جیاواز بووه‌.
فرۆشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ بێت ناوی به‌ به‌ناشرینترین شێوه‌ له‌ مێژووی یانه‌ی‌ شاهانه‌ تۆمارده‌كرێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ی ئه‌و یانه‌یه‌ و له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه‌ فلۆرنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ئه‌و یانه‌یه‌ جیاواز له‌ یاریزانه‌كانی تر بۆندی رۆناڵدۆی نووسیوه‌ته‌وه‌.
ریاڵ مه‌درید دوا نیوه‌ڕۆی رۆژی 3 شه‌ممه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌و به‌یاننامه‌دا له‌بری ئه‌وه‌ی‌ بنووسرێت له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ یۆڤانتۆس بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ رۆناڵدۆ گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن نووسراوه‌ یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌درید به‌داوای كریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ رۆیشتن له‌ یانه‌ی‌ شاهانه‌و په‌یوه‌ندی كردن به‌ یانه‌ی‌ یۆڤانتۆس رازی بووه‌ و دواتریش له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند داتاو زانیاریه‌كی ئه‌و یاریزانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ ریاڵ مه‌درید سوپاس گوزاری ئه‌و یاریزانه‌یه‌ كه‌ له‌ ریزه‌كانیدا دوپاتی كردۆته‌وه‌ باشترینی جیهانه‌.
ئیداره‌ی یانه‌ی‌ شاهانه‌ له‌ رێگه‌ی‌ راگه‌یاندی بۆندی رۆناڵدۆ خۆی به‌بێ تاوان نیشاندا له‌ فرۆشتنی رۆناڵدۆ و بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتریش خۆیان له‌ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ رۆناڵدۆ بێ به‌ری بكه‌ن دوای كه‌متر له‌ 10 ده‌قیقه‌ له‌ به‌یاننامه‌ی یه‌كه‌م به‌یاننامه‌یه‌كی تریان له‌ پێگه‌ی ره‌سمی یانه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ رۆناڵدۆ دان به‌وه‌دا ده‌نێت خۆی داوای رۆیشتنی له‌ یانه‌كه‌ كردوه‌و ئیداره‌ی یانه‌كه‌ بێ به‌ریه‌ له‌ فرۆشتنی ئه‌و.
ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ش هاوشێوه‌ی په‌یامێكی فلۆرنتینۆ پێرێز بوو كه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌ هه‌موو هانده‌رانی ریاڵ مه‌درید له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان بڵێت ئه‌و به‌رپرس نییه‌ له‌ رۆیشتنی رۆناڵدۆ و ئه‌و خۆی داوای رۆیشتنی پێشكه‌شی یانه‌ی‌ شاهانه‌ كردوه‌.
به‌ڵام پێرێز ئه‌وه‌ی‌ له‌بیر چووه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ رۆناڵدۆ دڵته‌نگی خۆی له‌ یانه‌ی‌ شاهانه‌ راگه‌یاندوه‌ و ئاماژه‌ی به‌ رۆیشتن كردوه‌ له‌ ریزی یانه‌ی شاهانه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بێ به‌ڵێنی پێرێز له‌گه‌ڵیدا كه‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی‌ پێدابوو له‌ كاتی بردنه‌وه‌ی‌ چامپیۆنس لیگ بۆنده‌كه‌ی‌ نوێ ده‌كاته‌وه‌و مووچه‌كه‌شی ده‌كات به‌ 30 ملیۆن یۆرۆ.
رۆناڵدۆ له‌كاتی خۆشی هانده‌ران و یاریزانانی ریاڵ مه‌درید په‌یامێكی جه‌رگبڕی بڵاوكرده‌وه‌ و هه‌ر ئه‌و كات ئاماژه‌ی به‌ رۆیشتن دا له‌ ریزی یانه‌ی‌ شاهانه‌ كه‌ ئه‌و كات وا لێك درایه‌وه‌ رۆناڵدۆ ده‌یه‌وێت گوشار له‌سه‌ر پێرێز دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ بباته‌ سه‌ر، به‌ڵام ئه‌و له‌و گوشارانه‌ بێ باك بوو وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ خۆی بیه‌وێت رۆناڵدۆ هه‌ڕه‌شه‌كه‌ جێ به‌جێ بكات، ئه‌وه‌بوو رۆناڵدۆ بڕیاره‌كه‌ی‌ برده‌ سه‌رو كۆتایی به‌ كاروانی وه‌رزشی هێنا له‌ ریزی ریاڵ مه‌درید و له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیشی بڕیاری دا بچێته‌ ریزی خانمه‌ پیره‌كه‌و شكۆ بۆ خولێك بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ رۆژانێك به‌ به‌هه‌شتی تۆپی پێ ناوده‌برا.
بۆندی رۆناڵدۆ وه‌كو له‌ رۆژنامه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ یۆڤانتۆس بۆ ماوه‌ی‌ 4 وه‌رزه‌ و ساڵانه‌ خانمه‌ پیره‌كه‌ ئه‌و مووچه‌ی رۆناڵدۆ له‌ یانه‌ی‌ شاهانه‌ داوای ده‌كرد پێی ده‌دات كه‌ 30 ملیۆن یۆرۆیه‌و ریاڵ مه‌دریدیش به‌ فرۆشتنی رۆناڵدۆ 105 ملیۆن یۆرۆی ده‌ستكه‌وتووه‌، واته‌ ئه‌و رۆناڵدۆیه‌ی ریاڵ مه‌درید له‌ ته‌مه‌نی 24 ساڵی به‌ 94 ملیۆن یۆرۆ كڕی له‌ ته‌مه‌نی 33 ساڵی به‌ 105 ملیۆن یۆرۆ رووی كرده‌ یۆڤانتۆس.
هه‌رچیه‌ك له‌و بۆنده‌دا ریاڵ مه‌درید تاوانباره‌ و رۆناڵدۆش وه‌كو پێشتر رایگه‌یاند ژیانی وه‌رزشی له‌ ریاڵ مه‌درید كۆتایی پێده‌هێنێت به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ نه‌برده‌ سه‌ر و ئه‌ویش هاوشێوه‌ی ئه‌ستێركانی تری وه‌كو كاسیاس و رائول له‌ كۆتایی ناچاركرا ریزی یانه‌كه‌ جێبهێڵێت.
په‌یامه‌كه‌ی رۆناڵدۆ بۆ هانده‌رانی ریاڵ مه‌درید
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی تۆپی پێ په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی‌ هانده‌رانی كرد و دانی به‌وه‌شدانا كه‌ خۆی داوای رۆیشتنی له‌ ریزی یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌درید كردوه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ قۆناغێكی نوێ له‌ ژیانی وه‌رزشی ده‌ستپێبكات.
رۆناڵدۆ له‌په‌یامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: ماوه‌یه‌كی زۆر بیرم كرده‌وه‌ و پێم وایه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ قۆناغێكی نوێ له‌ ژیانم ده‌ستپێ بكه‌م، به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ داوام له‌ یانه‌كه‌ كرد داوای رۆیشتنم قبوڵ بمكه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌ هانده‌ران و یانه‌كه‌ش ده‌ڵێت: هیچ شتێك نییه‌ جگه‌ له‌ هه‌ستێكی گه‌وره‌ی سوپاس گوزاری بۆ یانه‌كه‌و هانده‌ران و شاری مه‌رید، داوای له‌هه‌مووان به‌تایبه‌تی له‌ هانده‌رانی یانه‌كه‌ ده‌كه‌م لێم تێبگه‌ن.
ده‌شڵێت: تیپێكی مه‌زنم له‌ ژووری خۆگۆڕین و ناو یاریگا هه‌بوو، هه‌میشه‌ هه‌ستم به‌ خۆشی كردوه‌ له‌گه‌ڵیان، به‌یه‌كه‌وه‌ 3 چامپیۆنس لیگمان له‌سه‌ریه‌ك برده‌وه‌و هه‌ر به‌هۆی ئه‌وانیش 4 تۆپی ئاڵتونی و 3 پێڵاوی ئاڵتونیم برده‌وه‌.
سه‌به‌ره‌ت به‌ ریاڵ مه‌دریدیش رۆناڵدۆ ده‌ڵێت: ریاڵ مه‌درید دڵی خۆم و خێزانه‌كه‌می بردۆته‌وه‌، له‌هه‌موو كات زیاتر ده‌مه‌وێت بڵێم سوپاس ریاڵ مه‌درید، سوپاسی یانه‌كه‌و سه‌رۆك و ئیداری و هاوڕێكانم و پزیشكان و كارمه‌نده‌كان بكه‌ن.
له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا رۆناڵدۆ ده‌ڵێت: ریاڵ مه‌درید كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌رم هه‌بووه‌ ره‌نگه‌ 9 ساڵی رابردوو خۆشترین ساڵه‌كانی ژیانم بن، به‌ڵام ئێستا كاتی قۆناغێكی نوێیه‌، من ده‌ڕۆم به‌ڵام ئه‌و درێسه‌ و سه‌نتیاگۆ بیرنابیۆ و هانده‌ران بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بڕۆم له‌ دڵمدان، سوپاسی هه‌مووان ده‌كه‌ن وه‌كو چۆنیش له‌یه‌كه‌م رۆژم له‌ یانه‌كه‌ وتم ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه‌ هه‌لا مه‌درید.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بارسێلۆنا گفتوگۆی نوێ كردنه‌وه‌ی‌ بۆندی ئه‌لبای ده‌ستپێكرد

رۆژنامه‌ی‌ مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ دوپاتی كرده‌وه‌ ئیداره‌ی یانه‌ی‌ بارسێۆنا گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ ...