رۆژی جیهانیی تاوانەکانی داعش،هەنگاوێکی گرنگ‌ و مانادار – knwe.org
سەرەکی » وتار » ته‌ها سلێمان‌ » رۆژی جیهانیی تاوانەکانی داعش،هەنگاوێکی گرنگ‌ و مانادار

رۆژی جیهانیی تاوانەکانی داعش،هەنگاوێکی گرنگ‌ و مانادار

یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌ڕه‌سمی پێشنیاری عیراق بۆ دیاریكردنی رۆژی جیهانیی قوربانیانی ده‌ستی داعش په‌سه‌ند ده‌كات‌و ئەمەش دەبێتە دەریچەیەکی گرنگ‌و ئەرێنی بە ئاڕاستەی ناساندنی تاوانەکانی داعش بەگشتی‌و تاوانی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان لەسەر دەستی ئەم رێکخراوە تیرۆرستییە بەتایبەتی.
بەپێی راگەیەنراوێک کە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لەڕۆژی 7/7/2018 بڵاوکراوەتەوە، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لەڕۆژی 5/7/2018 بەبڕیاری ژمارە (0280)، لەبەر رۆشنایی پێشنیاری باڵیۆزخانەی عیراق لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەوەی پەسەندکردووە کە رۆژێک وەک هێمای قوربانیانی دەستی داعش لەسەر ئاستی جیهان دیاری بکرێ.
رێکخراوی تیرۆریستی دوڵەتی ئیسلامی داعش، یەکێکە لە مەترسیدارترین رێکخراوە تیرۆرستییە ئیسلامییەکان‌و لەساڵی 2014 دا گەورەترین تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکانی ئەنجامداو تائێستاو بۆ چەندین دەیەی تر کاریگەریی ئەو تاوانە گەورەیە دەمێنێ.
روونتر، ئەم بڕیارەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، کۆمەڵێ رەهەندی گرنگی هەیەو ناکرێ نادیدە بکرێن، بەڵکو پێویستە هەڵوەستەیان لەبارەوە بکرێت‌و شرۆڤەو خۆێندنەوەو لێکدانەوەیان بۆ بکرێ، ئەکرێ ئەو رەهەندە گرنگانە ئاوا پۆلێن بکەین، بەنموونە:
رەهەندی یەکەم: ئەم بڕیارە دەبێتە بەشێکی گرنگ لە هەنگاوەکانی ناساندنی تاوانەکانی داعش، لەناو دۆکیۆمێنتە فەرمییەکانی یەکێتیی ئەوروپادا، چونکە بەرزترین دەزگای ئەم یەکێتییە بڕیارەکەی دەرکردووە.
رەهەندی دووەم: بڕیارەکە دەرگا دەخاتە سەر پشت بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، بۆ ئەوەی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی سەردەم یان جینۆسایدو تاوانی جەنگ‌و تاوانی دژی مرۆیی بناسێنن، کە ئەمەش چەندین دۆسێی تاوانەکانی داعش دەخاتە ناو دیالۆگێکی شێلگێرانەو دەرچوون لە سیاسەتی بێدەنگی‌و متبوون.
رەهەندی سێیەم: هەروەک لەڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عیراقیشدا هاتووە، ئەگەر زیرەکانەو هۆشمەندانە کار لەسەر ناوەرۆکی ئەم بڕیارە بکرێ، عیراق‌و کوردستان‌و ئەوروپا دەبنە سیانەی پەیوەندییەکی تۆکمەو کاریگەر، بە ئامانجی جوڵاندنی دۆسێی تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لەسەر ئاستی دنیا.
رەهەندی چوارەم: لەناو دۆسێی تاوانەکانی داعشدا، پێویستە کار لەسەر ئەوە بکرێ، دۆسێی تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، پانتاییەکی پێویست لە بەرجەستەکردنی ناوەرۆکی ئەم بڕیارەدا بگرێ.
رەهەندی پێنجەم: وەک دەزانرێ‌و بۆ ئەوروپاو رۆژئاواو وڵاتانی دنیاش مەعلومە، کە 3/8/2014 دەستپێکی پەلامارو شاڵاوی دڕندانەی جینۆسایدی ئێزیدی‌و پێکهاتەکانی شنگال‌و دەوروبەری‌و دەشتی موسڵ بوو، بۆیە زۆر گرنگە کار لەسەر ئەوە بکرێ، ئەم رۆژە وەک رۆژی جیهانیی تاوانەکانی داعش، لە دۆکیۆمێنت‌و بڕیارەکەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بسەلمێنرێ‌و دیاری بکرێ.
رەهەندی شەشەم‌و سەرنجی کۆتایی: لەڕابردوودا، زۆر مکوڕیمان لەسەر ئەوە کردووە، کە پێویستە حکومەتی ئێستای عیراق، وەک میراتگرەوەی حکومەتی پێشووی عیراق (بەعس)، بە فەرمی ناوەرۆکی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لەبارەی دۆسێی جینۆسایدی (ئەنفال، هەڵەبجە، فەیلییەکان، بارزانییەکان، قەڵادزێ، سەیدسادق) جێبەجێ بکات، کە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە ئەوەیە بە فەرمی‌و لەسەر ئاستی دنیا دان بە جینۆسایدی گەلانی عیراق بەگشتی‌و گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا بنێ‌و لەبری حکومەتی پێشوو داوای لێبووردنی لێبکات‌و تائێستا نەیکردووە؟
داواکەی ئێستا بۆ دیاریکردنی رۆژی جیهانیی تاوانەکانی داعش، سەرەڕای ئەوەی بەتەواوی مانا لە جێگای خۆیدایە، هاوکات ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە چەند گرنگ‌و کاریگەرە ئەگەر بۆ دۆسێی ئەو تاوانانەی ئاماژەمان بۆ کرد، کە داوایەکی هاوشێوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان‌و پەرلەمانی ئەوروپاو وڵاتانی رۆژئاوا بکات، تاکو تاوانەکانی بەعس وەک تاوانی جینۆسایدو جەنگ‌و دژەمرۆیی بناسێنن.
ئایا دروست نییە، لە ئێستاداو لە سەروبەندی ئەم بڕیارە گرنگەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا، کە عیراق لە کێشمەکێش‌و ململانێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدایەو بۆ ئەمەش کورد یەکێکە لە کارت‌و رووکنە بەهێزەکانی گفتوگۆ، بیکاتە خاڵێکی سەرەکی‌و مەرجی بەشداریکردنی لە حکومەت، کە پێویستە ناوەرۆکی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان جێبەجێ بکرێ، بەناساندنی دۆسێی تاوانەکانیشەوە لەسەر ئاستی دنیا؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئاوایی

8 مامۆستا هاشم ڕۆشتبوه‌وه‌ بۆخانه‌قین، هه‌ركاتێك ده‌ڕۆیشته‌وه‌ یه‌ك هه‌فته‌ زیاتری ...