حکومەتەکەی مای رووبەڕووی تەنگژەیەکی نوێ دەبێتەوە – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و راپۆرت » حکومەتەکەی مای رووبەڕووی تەنگژەیەکی نوێ دەبێتەوە

بەریتانیا،گەردەلوولی وازهێنانی وەزیرەکان

حکومەتەکەی مای رووبەڕووی تەنگژەیەکی نوێ دەبێتەوە

ئەم هەفتەی حکومەتەکەی تیریزا مای سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بەر گەورەترین گەردەلوولی وازهێنان و دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی کەوت، ئەمەش مای و حکومەتەکەی رووبەروی تەنگەژەیەکی سیاسی نوێ کردەوە. لەکاتێکدا هەموو چاوەڕێی هەواڵی خۆشیان لە حکومەتەکەی مای دەکرد، بەتایبەتی لە پاش رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، لەسەر نەخشە رێگایەک بۆ چوونە دەرەوەی بەریتانیا کەبە « بریکست» دەناسرێت، لێ هەوڵەکەی سەرکەوتوو نەبوو، چونکە بەشێک لەکابینەکەی ئەو نەخشەیەیان بەدڵ نەبوو، دەستیان لەکارکێشایەوە لەپێش هەمووشیانەوە دەیڤید دیڤیز وەزیری تایبەتی حکومەتی بەریتانیا بۆ دۆسێیی دانوستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، هەروەها بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئەمەش حکومەتەکەی مای خستۆتە بەردەم گەورەترین تەنگەژەی سیاسییەوە. گەرچی هەندێک چاودێری سیاسیش پێیان وایە، تیریزا مای لە گەورەترین نەیاری رزگاری بوو کە ئەویش بۆریس جۆنسۆن بوو، لەبەرئەوە ئەگەری زۆری هەیە، کە بە وازهێنانی جۆنسۆن، حکومەتەکە‌ی مای سەرکەوتوو بێت.

وازهێنانی بەرپرسی دۆسێیە گرنگەکە
بە شێوەیەکی چاوەڕواننکەراو دەیڤید دیڤیز وەزیری تایبەتی حکومەتی بەریتانیا بۆ دۆسێیی دانوستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ، بۆچۆنێتی دەرچوونی بەریتانیا لەو یەکێتییە. ئەم پۆستەش یەکێکە لە پۆستە حکومییە گرنگەکانی حکومەتی بەریتانیا، چونکە چارەنووسی وڵات بەو نەخشە رێگایەوە بەستراوە، کە لە لایەن ئەم وەزیرەو کۆمیسارەکانی یەکێتی ئەوروپاوە دادەنرێت بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا. لێ ئەوەی جێگەی سەرنج بوو رۆژی یەک شەممە دیڤیز دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی وەزیری راگەیاند. هۆکاری ئەمەشی گەڕانەوە بۆ ئەو نەخشە رێگایەیی کە هەردوولا لەسەری رێککەوتون بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

عەرابی بریکستیش وازیهێنا
بە چەند سەعاتێک پاش وازهێنانی دەیڤید دیڤیز، بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کەبە « عەرابی بریکسیت، دەرچوونی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا دادەنرێت» ئەویش دەستی لە کارکێشانەوەی خۆی راگەیاند. هۆکاری ئەمیش ، ئەو نەخشە رێگایەبوو، کە مای بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دایناوە.

ناوەرۆکی نەخشە رێگاکە
ئەو نەخشە رێگایەی کە حکومەتەکەی تیریزا مای لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەسەری رێککەوتون بریتییە لەکۆمەڵێک بەند، گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەیە:
1.دروستکردنی ناوچەیەکی بازرگانی ئازاد لەنێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا. بەشێوەیەک حکومەتی بەریتانیا بۆی هەیە بڕ و جۆری ئەو کاڵایانەی دیاری بکات کە دێنە ئەو ناوچەی بازرگانی ئازادەوە.
2. رێوشوێنی نوێ دەگیرێتە بەر بۆ پەیوەندی دارایی و کەرتی بانک.
3.بەریتانیا دەتوانێت بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا رەت بکاتەوەو تەنها کار بە بڕیارەکانی دادگای دادوەری خۆی دەکات.
4.بەریتانیا بۆی هەیە شمەک و کاڵاکانی لەرێگەی ئیرلەنداوە بنێرێتە بازاڕەکانی ئەوروپا و بنکە گومرگییەکانی ئێرلەنداش بۆیان نییە گوومرگو پشکنینیان لەسەر بکەن.
5.بەریتانیا بۆی هەیە تاریفەیەکی گومرگی تایبەت بەخۆی دابنێت.
6.لەرووی سەفەرکردنەوە، بەشێوەیەی ئێستا نامێنێت، بەڵام هاوڵاتییانی هەردوولا بۆیان هەیە سەردانی یەکتری بکەن.
بەریتانیا سەروەری خۆی لەدەست دەدات
گەرچی بۆریس جۆنسۆن لەکاتی راگەیاندنی وازهێنای خۆی لە حکومەت، بە میدیاکانی راگەیاند: بەهۆی ئەم نەخشە رێگایەوە، بەریتانیا بەشێکی زۆری سەروەری خۆی لە دەستدادات و دەبێتە وابەستەی یەکێتی ئەوروپا. گەرچی تیریزا مای ئەم نەخشە رێگایە، بە باشترین رێگا داندەێت بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکیتی ئەوروپا و مانەوەی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا.

نەمانی رێگری گەورە
هەندێک چاودێری سیاسیش پێیان وایە . نەمانی بۆریس جۆنسۆن و رەوتە پارێزگارە توندڕەوەکان لەناو حکومەتەکەی تیریزا مای، بە قازانجی ئەم حکومەتە دەگەڕێتەوە، چونکە هەمیشە ئەوان رێگربوون لەبەردەم بەرنامە و نەخشەکانی مای.
بە دڵی کۆمپانیا و بانک و ناوەندە داراییەکانە
لەلایەکی ترەوە ئەم هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا، تاڕادەیەکی زۆر بە دڵی کۆمپانیا و بانک و ناوەندە داراییە گەورەکانی بەریتانیایە، چونکە ئەوان نایانەوێت، پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بپچڕێت، لەبەرئەوەی بەرژەوەندی زۆریان لەگەڵ ئەم وڵاتانە هەیە.
سەردانەکەی ترەمپ و ئەنجیلا مێرکل
وابڕیارە سبەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەردانی بەریتانیا بکات، لەهەمانکاتیشدا ئەنجیلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیاش سەردانی لەندەن دەکات، تیریزا مای لە رێگەی ئەم دوو سەردانەوە، تاڕادەیەکی باش دەتوانێت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەرکاریان بهێنێت، بەتایبەتی هاتنی مێرکل بۆ لەندەن و پشتگیرییکردنی نەخشەکانی حکومەتی بەریتانیا، دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ تیریزا مای.

سەرچاوە: -بی بی سی. دۆیتچە ڤێلە. گۆڤاری شپیگل

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دووبارە سەرۆکی فلیپین هەرا دەنێتەوە

رۆدریگۆ دۆتیرتی سەرۆکی فلیپین بەوە ناسراوە، کە لێدوانی سەیروسەمەرە و ...