״كورد بە پڕۆژەی نیشتمانییەوە دەچێتە بەغدا״ – knwe.org
سەرەکی » هەواڵ » ״كورد بە پڕۆژەی نیشتمانییەوە دەچێتە بەغدا״

״كورد بە پڕۆژەی نیشتمانییەوە دەچێتە بەغدا״

كۆمسیۆن: ئەمڕۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان لە هەولێر دەستپێدەكات

بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆببنەوە

بڕیارە وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەو مەبەستەش كار لەسەر ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی نیشتمانی دەكرێت. بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ-ش «بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆببنەوە».

وتەبێژی یەكێتی:كورد بە یەك وەفد و یەك پڕۆژە بچێتە بەغدا
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لایەنە سیاسییەكانی بەغدامان ئاگاداركردۆتەوە كە لە بەرنامەماندایە بەم نزیكانە سەردانیان بكەین، وتیشی: ئامادەكاریی بۆ دانانی پڕۆژەیەكی نیشتمانی دەكرێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای گفتوگۆی كورد لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا. ئاماژەی بەوەشدا «دووبارە بانگەواز بۆ لایەنە كوردستانییەكان دەكەین بۆ ئەوەی دوای هەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست، بەشداریی لە گفتوگۆكاندا بكەن و بە هەموومان كار لەسەر ئەوە بكەین كورد بە یەك وەفد و یەك پڕۆژە بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا».

كۆمسیۆن: هەژماردنەوەی دەنگەكان لە كەركوك و سلێمانی زۆر بە باشی بەڕێوەچوو
لەلایەكی دیكەوە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕەسمیی دەست بە پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەولێر دەكرێت.
حاكم جاسم ئەندامی وەفدی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە لێدوانێكدا كە كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاویانكردۆتەوە، رایگەیاند: پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە كەركوك زۆر بە باشی بەڕێوەچوو، لە سلێمانی-ش بەهەمانشێوە بە شەفافی پڕۆسەكە بەڕێوەچوو. وتیشی: تا سەرجەم پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەنگەكان لە سەرتاسەری عیراقدا تەواو نەبێت، هیچ ئەنجامێك بەڕەسمیی راناگەیەنین، ئاماژەی بەوەشدا «دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەكە لە پارێزگای هەولێر، بۆ هەمان مەبەست سەردانی پارێزگای دهۆك دەكەین».

یەكێتی: پابەندین بە بڕیارەكانی كۆمسیۆن و دادگای فیدرالییەوە
شەوی رابردووتریش د.بڕیار رەشید وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی ی.ن.ك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: یەكێتی پابەندی بڕیارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق و دادگای فیدرالی دەبێت. وتیشی: ئەو راستییە دووپات دەكەینەوە كە دەنگەكانی یەكێتی گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە، «بە شێوەیەكی گشتی وەك خۆی ماوەتەوە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە هەموو ئاستەكاندا تاوتوێی دۆخی عیراق دەكرێت

لە هەموو ئاستەكاندا تاوتوێی دۆخی عیراق دەكرێت بۆ چارەسەری پرسی ...