قابیل و هابیل – knwe.org
سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » قابیل و هابیل

کورتە چیرۆک

قابیل و هابیل

سمكۆ ئه‌حمه‌د

به‌له‌مێكی ماندوو به‌ چه‌شنی پیره‌ مێردێكی شه‌ته‌ك كه‌ وه‌ك ئه‌تڵه‌س جیهانی به‌ كۆڵ هه‌ڵگرتبێت. یان ئه‌مه‌ كه‌شتییه‌كه‌ی نوحه‌ و به‌س ئه‌مجاره‌یان له‌ باتی رزگاركردن، سه‌رنشینه‌كانی به‌ره‌وه‌ مه‌رگی حه‌تمی ده‌بات؟
شه‌پۆله‌ ورده‌كانی ده‌ریای ئینجه‌ به‌ خۆیان و ماسییه‌ ورده‌كانی ختووكه‌ی مه‌رگی ئه‌و به‌له‌مه‌ شه‌كه‌ته‌یان ده‌دا.
كه‌ژاڵ كه‌ هیچ شتێكی له‌ كه‌ژاڵ نه‌ ده‌چوو وه‌كو قرژانگێك له‌ ترسی تۆڕی ڕاوچییه‌ گریكه‌كان له‌ سووچێكی به‌له‌مه‌كه‌یا خۆی گرمۆڵه‌ كردبوو قابیل له‌ ده‌ستی چه‌پی و هابیل له‌ ده‌ستی ڕاستی به‌ ماری ده‌سته‌كانی وه‌كو له‌فه‌ پێچابوونه‌وه‌.
هیوای قاچاغچی كه‌ هیچ هیوایه‌ك له‌ چاویا به‌دی نه‌ده‌كرا ترساو وه‌كو نێچیری ده‌ستی داعش بێ ئارام مژی له‌ جگه‌ره‌كه‌یدا ده‌دا و هاواری ده‌كرد: جانتاكانتان فڕێ به‌نه‌ ده‌ریاوه‌ ده‌نا هه‌موو غه‌رق ده‌بین، بیرتان نه‌چێ هه‌موو له‌سه‌ر یه‌ك به‌له‌مین، یان هه‌موو پێكه‌وه‌ ده‌مرین یان پێكه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ به‌هه‌شته‌كه‌ی ئه‌وان .
ئه‌م گه‌شته‌ گه‌شتی گه‌یشتن به‌ به‌هه‌شت بوو، ئه‌و ده‌ریایه‌ پردی سیرات بوو ته‌نها ڕێگای به‌ره‌و به‌هه‌شت بوو بۆیان. تۆ بڵێی به‌هه‌شته‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ئه‌وان باسی كردووه‌ هه‌ر هه‌مان به‌هه‌شته‌كه‌ی دینه‌كه‌ی ئه‌مان بێت؟
هیوای تووڕه‌ پڕی كرد به‌ جانتای كوڕێكی گه‌نجا تا فڕێی باته‌ ده‌ریاكه‌وه‌.
-تووخوا نه‌كه‌ی به‌س ره‌سمه‌كانی دایكمی تیا ماوه‌ شته‌كانی ترم هه‌مووی فڕێداوه‌ هه‌تا نامه‌ی عه‌شقه‌كانم، ده‌رمانه‌كانم. به‌س تووخوا دایكم به‌س له‌و ره‌سمانه‌یا ماوه‌، گه‌ر فڕێی ده‌ی ئه‌ترسم كاڵ بینه‌وه‌ و ئیتر یه‌كتر نه‌ناسینه‌وه‌.
-ئێوه‌ بۆ تێناگه‌ن ژیانی خۆتان و منیش ده‌خه‌نه‌ خه‌ته‌ره‌وه‌ بۆ چه‌ند جانتایه‌كی حیز؟
كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ ڕووی له‌ هیوا كرد و وتی: ئه‌ی بۆ ئه‌و مناڵه‌ مردووه‌ی ئه‌و ژنه‌ فڕی ناده‌ن وا سێ ڕۆژه‌ مردووه‌ و له‌سه‌ر دڵی خۆی ناكاته‌وه‌؟ ئا ئا یه‌كێك له‌ دوانه‌كه‌ وا سێ ڕۆژه‌ نوتقی نه‌یاوه‌ و چاوه‌كانی وه‌كو به‌ختی خۆمان داخراون كه‌سمان نیگایه‌ك یان نووزه‌یه‌كیمان نه‌بینیوه‌، به‌خوا ورده‌ ورده‌ بۆگه‌نیش ده‌كا گه‌ر لێی گه‌ڕێن .
كه‌ژاڵی پڕترس: نا توخوا نه‌كه‌ن به‌خوا نه‌مردووه‌ دوێنێ شه‌و گۆی مه‌مكی چه‌پی مژیم. به‌خوا ماوه‌، له‌ خه‌ویشما پێی وتم. دایه‌ گیان فڕێم نه‌ده‌نه‌ ده‌ریاوه‌ دوایی نامدۆزنه‌وه‌ ، بیرت چوو من له‌ ئاو ده‌ترسم خۆ له‌سه‌رچناریش توخنی ئاوه‌كه‌ نه‌ ده‌كه‌وتم. مه‌گه‌ر منیشی پێوه‌ فڕێ ده‌ن ده‌نا هه‌ر كه‌سێك توخنمان كه‌وێ وه‌كو قڕژانگ قه‌پی پیاده‌كه‌م.
قابیل ترپه‌ی دڵمه‌و له‌ نێوان دڵی من و لێوی ئه‌و ته‌نها یه‌ك مه‌مك هه‌یه‌ ئه‌ویشم كردۆته‌ سه‌رین بۆی.
كاتێك شه‌پۆله‌كانی مه‌رگ ختوكه‌ی ئه‌و پیاوه‌ پیره‌ شه‌كه‌ته‌كه‌ ده‌ده‌ن، ترس باڵی ته‌ڕی ڕاده‌كێشا به‌سه‌ر بینایی هه‌موو سه‌رنشینه‌كانی نێوان به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌مدا،
شه‌وه‌زه‌نگی ده‌ریا له‌ شه‌وه‌ زه‌نگی وشكانی ناچێت. ئاخر خۆ هه‌موو له‌ ئاوه‌وه‌ هاتووینه‌ته‌ بوون بۆ ئه‌م ئاوه‌ هێنده‌ ترسناكه‌ به‌م شه‌وه‌؟ شه‌پۆله‌كانیش پێ ده‌چی ماندوو بووبن به‌ درێژایی ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ مارێكی مت بووده‌چوون له‌ دووی فرسه‌تێك بگه‌ڕێن كه‌ بێده‌نگ سه‌رنشینێك یان جانتایه‌كی پڕ خۆزگه‌یان ڕاپێچی ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ بكه‌ن كه‌ ژیان لێوه‌ی دروست بوو. مه‌مله‌كه‌تی كرمه‌كانی ئاده‌ م و حه‌وا، ئه‌م كرمانه‌ هه‌ر له‌ ده‌ریادا بمانایه‌ باشتر نه‌بوو؟ له‌گه‌ڵ خۆیانا ئه‌م هه‌موو شه‌ڕ و نه‌هامه‌تیانه‌یان بۆ هێنایه‌ سه‌ر وشكانی، وشكانی بێ مرۆڤ باشتر نه‌بوو؟ ئه‌م مه‌خلووقه‌ دووپێیه‌ چی بوو دروست بوو ؟ وشكانی نه‌ك هه‌ر بۆ خۆی به‌ڵكو بۆ هه‌موو زینده‌وه‌ره‌كانی تریش كرده‌ جهه‌نه‌م.
ئه‌وه‌تا گشت سه‌رنشینه‌كانی سه‌ر ئه‌م به‌له‌مه‌ هیلاكه‌ به‌ره‌و به‌هه‌شته‌كه‌ی ئه‌وان ده‌ڕۆن له‌ ده‌ستی هاو ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆیان ڕاده‌كه‌ن و ڕێگای هات و نه‌هاتیان هه‌ڵبژاردووه‌.
كه‌ژاڵ چاوه‌ ماندووه‌كانی بڕیبووه‌ ئه‌ستێره‌كان، ئه‌م ئه‌ستێرانه‌ هیچیان له‌و ئه‌ستێرانه‌ی لای خۆمان نه‌ده‌چوو كه‌ شه‌وان له‌ سه‌ربان به‌ ده‌م وه‌نه‌وزه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردن، هابیل مه‌مكی راستی ده‌مژی بۆ بۆنی دڵۆپێك شیر هێنده‌ی موعتادێك كه‌ تلیاكی لێبڕابیت نا ئارام بوو. خودایه‌ بۆ مه‌مكی ژێر سه‌رینی قابیلی مردوو هێنده‌ شیری تیا بوو؟ ده‌توت كانیی به‌هاره‌ و ده‌یه‌وێت به‌ په‌له‌ ئاو بگه‌یه‌نیته‌ گوڵه‌ نیوه‌ مردووه‌كان؟ تۆ بڵێی خوداش بیه‌وێت به‌ بۆنی ئه‌و شیره‌ رۆح بێته‌وه‌ به‌ر قابیل و بڵێ دایكه‌ چیتر مه‌گری ئه‌وه‌ نییه‌ زیندووم و له‌ هه‌موو نێرێكی تری ئه‌م دونیایه‌ زیاتر مه‌مكه‌كانتم خۆشتر ده‌وێ؟
هابیلی برسی وه‌كو ئیره‌یی به‌ براكه‌ی ببات به‌سه‌ره‌ خره‌ ته‌ڕو ماندووه‌كه‌ی خۆی گه‌یانده‌ سه‌رچاوه‌ی كانی شیر. ده‌ڵێن له‌ به‌ هه‌شت ڕووباری شیر هه‌یه‌ ئه‌ویش ده‌یویست به‌ به‌هه‌شتی خۆی بگا. دایكیان ئاڵوگۆڕی پێكردن هابیلی برسی خسته‌ سه‌رلای چه‌پ و قابیلی مردووی نا به‌ مه‌مكی وشكه‌وه‌بووی لای ڕاسته‌وه‌.
سیحری شه‌وگار قووڵه‌و ئه‌ستێره‌كان چاو له‌ ده‌ریا داده‌گرن و كه‌ژاڵ و دوانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رنیشنه‌ شه‌كه‌ت و تینوو برسیه‌كانی تردا له‌ نێو كپی شه‌و و ده‌ریادا نغرۆ ی خه‌ون بوون.
هیوای بێ هیوا و دوو هاوڕێكه‌ی به‌ خشپه‌ هاتن وه‌كو دوو ئاسكی ترساو و برینداری ڕزگار له‌ كه‌ڵبه‌ی پڵنگ ده‌یانویست نێچیرێكی تر بده‌نه‌ ده‌ست پڵنگ و خۆیان ڕزگار بكه‌ن به‌ناو سه‌رنشینه‌ ماندوو و شه‌كه‌ته‌ نووستووه‌كاندا ده‌گه‌ڕان و یه‌ك یه‌ك جانتاكانیان له‌ باوه‌ش ده‌رده‌هێنان و یه‌كسه‌ر بۆ قولی مشتی ده‌ریا فڕێیان ده‌دا.
هیوا كه‌ گه‌یشته‌ سه‌ر كه‌ژاڵ و دوانه‌كه‌ به‌ چرپه‌ وتی كامیان مردووه‌كه‌یه‌؟ دوانه‌كه‌ی ته‌نیشتی به‌ چرپه‌و پێكه‌وه‌ وتیان ئه‌وه‌ی سه‌رینی مه‌مكی چه‌په‌ و له‌ دڵی یه‌وه‌ نزیكه‌!
هیواش پڕی كرد به‌ په‌لی هابیلاو وكو جانتاكان فڕێی دایه‌ نێو سینه‌ی ده‌ریا، كه‌ وه‌كو ئه‌ژدیهایه‌كی برسی ده‌می داچه‌قاندبوو.
به‌له‌می پیر هێدی هێدی ده‌ڕۆیشت و شه‌وه‌زه‌نگ باڵی خامۆشی ترسناكی هاویشتبوو به‌ هه‌موو لایه‌كدا، تۆ بڵێی به‌هه‌شته‌كه‌ی ئه‌وان هه‌ر به‌هه‌شته‌كه‌ی ئێمه‌ش بێت؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ده‌قی‌ ئه‌ده‌بی‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌

عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا (1) ئه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ عه‌قڵی‌ مرۆیی‌ پێكده‌هێنێ‌ زمانه‌ و ...