سه‌باح ئیسماعیل
ڕۆمانی سهماهانیی نووسه‌ری سودانی به‌ره‌كه ساكن، ڕۆمانێكه كار له‌سه‌ر خه‌یاڵی مێژوویی ده‌كات، ڕاسته زه‌خیره و سه‌رچاوه‌ی كاركردنی نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا مێژووه، به‌ڵام مه‌به‌ستی نییه مێژوو بگێڕێته‌وه، ئه‌و مێژووه‌ی له ڕێگه‌ی قوتابخانه‌وه ئه‌زبه‌رمان كردووه، به‌ڵكو مێژووی بهبارگهیهكی خه‌یاڵاوی بارگاوی كردووه، ئه‌و مێژوو به‌چاوی ئێستا و دیدی ئاینده ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش وای لێده‌كات به‌ئاسانی له نێوان ڕووداوه‌كانی مێژوو و خه‌یاڵكردندا بێت و بچێت.
به‌م شێوه‌یه كارێكمان پێشكه‌ش ده‌كات واده‌زانین ڕاسته‌قینه‌یه و ڕوویداوه، كه‌چی زۆریی ڕووداوه‌كانی فه‌نتازیا و زاده‌ی خه‌یاڵن. به‌ختیار عه‌لی له‌م باره‌یه‌وه جوانی بۆ چووه ده‌ڵێت: «كاری مێژوونووس ئه‌وه‌یه نه‌هێڵێت نووسینه‌وه‌ی مێژوو تێكه‌ڵ به‌فه‌نتازیا ببێت، كاری ڕۆماننووسیش ئه‌وه‌یه نه‌هێڵێت فه‌نتازیا له مێژوو جیاببێته‌وه، لای مێژوونووس فه‌نتازیا دوژمنی گه‌وره‌ی حه‌قیقه‌ته، لای ڕۆماننووس فه‌نتازیا تاكهڕێگهی گه‌یشتنه به‌حه‌قیقه‌ت».
به‌گشتی مه‌به‌ستی نووسه‌ر بایه‌خدان نییه به‌مێژووی زنجهبار وه‌كو مێژووی پڕ له كۆیله‌یی و خه‌ساندن و كاری سوخره‌كێشی، به‌ڵكو ڕه‌خنه‌گرتنه له مێژووی نووسراو و په‌رده‌هه‌ڵماڵینه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌مرۆڤی برای خۆی ده‌كات، ئیدی له هه‌ر كوێیه‌كدا بێت.
شانۆی ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه ئهنگۆجای سه‌واحیلی زمانه، كه ده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فریقا و ته‌نزانیای ئه‌مڕۆ، ئه‌و شوێنه لهبیركراوهی له ڕۆژگاری هاوچه‌رخدا جێگه‌ی بایه‌خ و گرینگی نه‌بووه.
ڕۆمانه‌كه پێچه‌وانه‌ی مێژووی فه‌رمی، كه جه‌خت له سه‌ركه‌وتنی عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان ده‌كاته‌وه له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاینی ئیسلام و زمانی عه‌ره‌بی و گه‌شه‌كردنی بازرگانی و بیناسازی، له هه‌مانكاتدا بێده‌نگی له ئاست ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ی له ئهفریقاییانی خودان زێدی خۆیان ده‌كرێت، له ئه‌نجامی بازرگانیی كۆیله و خزمه‌تكردنی سوڵتانه عه‌ره‌به‌كان و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وی و ماڵ و حاڵیاندا له لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وایانی داگیركه‌ری عه‌ره‌ب به‌ناوی ئاینه‌وه.
نووسه‌رێك ڕاستی گوتووه: «مێژوونووسی باش ڕۆماننووسه».
ڕۆمانه‌كه داستانئامێزانه باس له گه‌شتی مرۆڤ ده‌كات له كاروانیدا به‌ره‌و ئازادی و خۆشه‌ویستی و لێبوورده‌یی. هه‌ڵبه‌ت وێڕای به‌ره‌وپێشچوونی میكانیزمه‌كان، سرووته‌كانی به‌كۆیله و كهنیزهكردن و چه‌وسانه‌وه له گشت ڕۆژگارهكاندا چونیه‌كن و هه‌موو كات هێز له یه‌ك سه‌رچاوه‌وه وه‌رده‌گرن، ئه‌ویش كه‌ڵكه‌ڵه‌ی هه‌میشه‌یی ده‌سه‌ڵات و چێژی پیادهكردنیهتی، چونكه چێژی پایه و ده‌سه‌ڵات به‌چێژتره له چێژه‌كه خۆی.
نووسه‌ر كۆشاوه به‌شێوه‌یه‌كی كاریكاتێریی ته‌نزئامێز ڕه‌خنه له سوڵتانی خۆبهپیرۆزكردوو و خۆبهپیرۆززان بگرێت. دوای هه‌ر جارێك له ناوهێنانی سوڵتان ده‌سته‌واژه‌ی (ئه‌وی به‌م دوایییه خوا ده‌ستی به‌باڵیه‌وه گرت) به‌كارده‌هێنێت. ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌ی سوڵتان بۆی ئاشكراده‌بێت بنه‌چه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سلێمان پێغه‌مبه‌ر.
بێگومان پێشتر ماركیز به‌شێوه‌ی كاریكاتۆری ڕۆمانی (پایزی په‌تریارك) و (ژه‌نه‌راڵ له گێژهنگهكانیدا) و جۆرج ئۆروێڵ ڕۆمانی (1984) و میگڵ ئانگڵ ئه‌ستۆریاس ڕۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك) و ڕۆماننووس خۆزێ كاردۆسۆ پیرێسیش به‌هه‌مان شێوه‌ی كاریكاتۆری ساڵی 1971 له دوورخراوگه ڕۆمانی (جه‌نابی خاوه‌نشكۆی ده‌یناسۆر)ی له‌باره‌ی دیكتاتۆری پورتوگال سالازارهوه نووسی، چۆن ده‌خوازێت هه‌موو شته‌كان له مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی بهدهیناسۆر بكات و ناوی ده‌یناسۆر له گشت شته‌كان ده‌نێت: (شه‌قامی ده‌یناسۆر، گازینۆی ده‌یناسۆر، بانكی ده‌یناسۆر، دراوی زێڕینی ده‌یناسۆر، فڕگه‌ی ده‌یناسۆر، ئه‌كادیمیای ده‌یناسۆر، كۆشكی ده‌یناسۆر… هتد).
سوڵتان وه‌كو زۆربه‌ی دیكتاتۆره‌كان سیفه‌تی پیرۆزیی به‌باڵای خۆیدا ده‌بڕێت، بانگه‌شه‌ی نه‌مری ده‌كات و شكۆی كهسێنیی خۆی له‌سه‌ر نه‌زانی و نه‌داری بنیات ده‌نێت. له لایه‌نی فیزیۆلۆژیشهوه سیفه‌تی كڵۆڵی و داماویی دراوه‌تێ، وه‌كو زلحۆرت و فیله‌ته‌ن نیشاندراوه، له ژیاندا جگه له خواردن و پاره‌كۆكردنه‌وه و سه‌رجێیی هیچی دی نازانێت، نه‌وه‌ت و نۆ ژنی هه‌یه كه‌چی ته‌نیا ناوی یه‌كیانی له‌بیره ئه‌ویش مردووه. موتیعی كۆیله‌ی خه‌سێنراو له گشت ورده‌كارییه‌كانی ژیانیدا یاریده‌ی سوڵتانی ورگزل و تهنگهئهستوور ده‌دات، هه‌ر له قاده دانانه‌وه تاكو ده‌گاته هاوكاریكردنی له سه‌رجێیكردنی له‌گه‌ڵ كه‌نیزان، یاخود ژنه‌كانیدا.
له‌ولاشه‌وه چیرۆكی خۆشه‌ویستیی كیژه تاقانه‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات، كاتێك ده‌كه‌وێته داوی ئه‌وینی سوندوسی كۆیله‌ی خه‌سێنراوی خۆی، له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵدێ، تاكو به‌دوای ئه‌ندامه ونبووه‌كه‌ی جه‌سته‌یان له ئه‌شكه‌وته ئهفسانهیییهكانی خوا بگه‌ڕێن.
به‌هه‌مان شێوه ڕه‌خنه‌ی توند و تاڵ له‌و ئه‌فریقاییانه ده‌گرێت وێڕای خه‌باتیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئاكاری به‌رزیان، كه‌چی دیلی وههم و ئه‌فسانه و جادووی ڕه‌شن. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه وای كردووه تاكو ڕۆژی ئه‌مڕۆ ئهنگۆجا تا ڕاده‌ی پێویست ڕۆشنبیری و كتێبی نییه بهسهواحیلی چاپكرابێت. تاكو ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت ڕۆشنبیرییه‌كی سه‌ره‌تایییان هه‌یه نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستی ڕۆشنبیریی به‌رهه‌مهێن.
به‌ره‌كه ساكن وه‌كو خۆی ده‌بێژێت هه‌میشه لایه‌نگیره و له‌گه‌ڵ شه‌قامدایه، له‌گه‌ڵ گشت ئه‌وانه‌دایه ده‌نگیان نییه، یاخود ده‌نگیان ناگات. ئه‌و له‌م ڕۆمانه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی په‌راوێز به‌سه‌ر ناوه‌نددا ده‌كاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی وڵامدانه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌شه‌ڕ نه‌داته‌وه و له‌و وڵاته‌ی سه‌ره‌تا پورتوگالییه‌كان و دواتر ئه‌و عومانییه عه‌ره‌بانه‌ی له زێدی خۆیانیان ده‌ركردن، پاشان ئینگلیز و ئه‌و ئه‌وروپییانه‌ی چاویان بڕیبووه ئه‌و وڵاته و ڕۆڵه‌كانی، به‌هایه‌ك بۆ لێبوورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان بهێڵێته‌وه، سێ جاران سێ كاراكته‌ر وشه‌ی سهماهانی (بمبه‌خشه) به‌كارده‌به‌ن.
نووسه‌ر ده‌یه‌وێت بڵێت، دیكتاتۆر و ڕێژیمه دیكتاتۆرییهكانیان دوو ڕوویان هه‌س، یه‌كه‌م به‌ڕووپۆشی ئاین، له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی وڵاتگیریی ئیسلامی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاین و زمانی عه‌ره‌بی بنیاتنراوه.
دووه‌میش چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌سی داگیركراو، به‌مه‌به‌ستی كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌و سامانه‌ی هه‌یانه، ئیدی له ژێر هه‌ر ناونیشانێكدا بێت.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، كێ داوای لێبووردن له كێ بكات؟ ئایا داوای به‌خشین له‌و كه‌سانه بكرێت تووشی شكستمان كردن؟ یاخود له‌و مێژووه‌ی وه‌كو پێویست و به‌دیدی جیاجیا خۆی نه‌نووسیوه‌ته‌وه؟ یاخۆ ئه‌وانه‌ی ڕۆیشتن و بۆ تاقه جارێكیش تروسكه‌ی هیوا و ئاواتیان نه‌بینی؟
له‌باره‌ی عه‌بدولعه‌زیز به‌ره‌كه ساكن-ه‌وه
عه‌بدولعه‌زیز به‌ره‌كه ساكن، ساڵی 1963 له شاری كهسهلهی سودان له‌دایك بووه، له نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئه‌فریقییه به‌ناوی مه‌سالیت له ڕۆژئاوای سودان ده‌ژین، زمانه‌كه‌شیان مهسالیتییه، پتر له پێنج ملیۆن كه‌س پێی ده‌دوێن.
خوێندنی زانكۆی له میسر ته‌واوكردووه. له زانكۆی ئه‌سیوت به‌ڕێوه‌بردنی كارگێڕیی خوێندووه. ئێستا له نه‌مسا ده‌ژێت. ساڵی 1993 تاكو 2000 مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووه، دواتر چه‌ندین پله و پایه‌ی وه‌رگرتووه، وه‌ك: ڕاوێژكاری مافی منداڵان له یونیسیف له دارفۆر، ئینجا به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاریی سندووقی په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ر به‌بانكی نیلی شین، تاكو به‌یه‌كجاری بۆ نووسین ته‌رخانبوو، ئه‌مه‌ش به»كاری جادووگه‌ر» ده‌زانێت.
وێڕای به‌چاپگه‌یاندنی 4 كۆمه‌ڵه‌چیرۆك و 10 ڕۆمان، له گه‌لێك وه‌رزنامه و گۆڤار و ڕۆژنامه‌دا نووسینی بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ڕۆمانی «جه‌نگۆ مێخه‌كانی زه‌وی» ساڵی 2009 خه‌ڵاتی ئه‌لته‌یب ساڵحی پێ به‌خشرا، به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئه‌وه له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی سودانه‌وه ئه‌و ڕۆمانه‌ی قه‌ده‌غه‌كرا، به‌ر له‌وه‌ش كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «ئافره‌تێك له كهمبۆكدیس» ساڵی 2005 ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا. دوای ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی سودان كتێبه‌كانیان له به‌شداریكردن له پیشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كتێب له خه‌رتوم قه‌ده‌غه‌كرد. ئه‌مه‌ش وای له به‌ره‌كه كرد له‌سه‌ر ئه‌و كهللهڕهقییهی سانسۆر بێته قسه و بڵێت: «نووسه‌رێكی نیازپاك و بهئاكارم، بانگه‌شه‌ی ئاشتی و ئازادی ده‌كه‌م، به‌ڵام سانسۆر به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه ده‌مخوێنێته‌وه.»
ساڵی 2013 په‌یمانگه‌ی باڵای هونه‌ر له شاری سالفدن له نه‌مسا ڕۆمانی «مخیله خندریس – یادگه‌ی مه‌یی زۆرماوه»، كه وه‌رگێڕراوه‌ته سه‌ر زمانی ئه‌ڵمانی خسته ناو میتۆدی خوێندنه‌وه.
ساڵی 2010 ڕۆمانی «ڕه‌وه‌ندی دڵدار»ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی 2014 ڕۆمانی «مه‌سیحی دارفۆر». ڕۆمانی «مانیفستۆی كه‌ڵه‌بابی نوبی» 2016. هه‌روه‌ها ڕۆمانی «ئاشه‌كان» و «خۆڵه‌مێشی ئاو» و «ئافره‌تی قوڕقوشم و كیژه جوانه‌كه‌ی» و هی تریش.
ڕۆمانی «وێرانه‌پیاو»ی ساڵی 2015 بڵاوبووه‌وه، یه‌كێك له ههڵبژێرراوانی ساڵی 2016 بوو بۆ خه‌ڵاتی پۆكه‌ری عه‌ره‌بی. شایانی گوتنه ئه‌م ڕۆمانه ساڵی 2017 به‌كوردی له ده‌زگه‌ی چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بڵاوبووه‌وه.
هه‌موو كتێبه‌كانی له سودان قه‌ده‌غه‌كراون و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و كتێبانه چه‌ند جارێك گیراوه. وه‌ك چۆن ئه‌م ڕۆمانه‌ی به‌رده‌ستیشمان له سه‌ڵته‌نه‌ی عۆمان قه‌ده‌غه‌كراوه.
تاكو ئێستا ئه‌م ڕۆمانه وه‌رگێڕراوه‌ته سه‌ر زمانه‌كانی سه‌واحیلی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی.
له‌وده‌می هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆچی دوایی كردووه، ئه‌م گۆشه‌گیریی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه. ئێستا خۆی بۆ خزمه‌تی دوو كوڕه‌كه‌ی (مه‌هاتما و موستهنیر) ته‌رخانكردووه.
له نه‌مسا خۆی بهدوورخراوه ده‌زانێت نه‌ك په‌ناهه‌نده، زۆر حه‌زده‌كات بگه‌ڕێته‌وه سودان، به‌ڵام سوور ده‌زانێت ده‌سه‌ڵاتدارانی سودان ده‌یگرن. ده‌ڵێت: حه‌زم لێیه بڕۆمه وڵاتانی دراوسێی سودان، بۆ نموونه كۆنگۆ، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت له‌وێوه هه‌وای سودانم بۆ بێت.
سه‌رچاوه:
1-سماهانی (روایه)، بركه ساكن، مسكیلیانی للنشر والتوزیع، تونس، گ 1، 2017
2-صاحب الفخامه الدیناصور. خوزی كاردوسو بیریس. ت: فاچل عزاوی. دار المدی. دمشق 1994.
3-وێرانه‌پیاو (ڕۆمان). به‌ره‌كه ساكن. وه‌رگێڕانی: سه‌باح ئیسماعیل. ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م. سلێمانی 2017.