ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ی كانه‌بی گوتارێكی دره‌نگوه‌خت، بۆچی كانه‌بی؟ – knwe.org
سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ی كانه‌بی گوتارێكی دره‌نگوه‌خت، بۆچی كانه‌بی؟

ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ی كانه‌بی گوتارێكی دره‌نگوه‌خت، بۆچی كانه‌بی؟

فاروق هۆمەر

فاروق هۆمه‌ر یه‌كێكه‌ له‌ چیرۆكنووسه‌ دیاره‌كانی نه‌وه‌ی نه‌وه‌ده‌كان، به‌ شێوه‌یه‌كی راستگۆیانه‌ و به‌ زمانێكی شیرین له‌ زنجیره‌ وتارێكدا ئه‌زموونی چیرۆكنووسینی خۆی و چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانی سه‌ره‌تای چیرۆكنووسینی ده‌گێڕێته‌وه‌، دوای مۆڵه‌ت لێوه‌رگرتنی به‌ سوپاسه‌وه‌ پێمان باشبوو له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌.

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

4-سه‌گێكی ته‌نیای ناو كولانه‌یێك
من ده‌بوو له‌ نیشتیمانی خۆم مامۆستابوایه‌م. من به‌ ئاره‌زووی خۆم پیشه‌ی مامۆستاییم هه‌ڵبژاردبوو. ده‌مزانی جوانترین ئینسان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ ڕێگه‌یێك، مۆمێك بۆ فێربوونی كه‌سانێكی دی. ئه‌و كه‌سه‌ چه‌ند مه‌زنه‌ منداڵێكی كاڵ و كرچ فێری زمان ده‌كات و پیت پیت له‌ناو مێشكیا دونیا جێده‌كاته‌وه‌. گه‌وره‌بوونی دره‌خت و منداڵ وه‌كو یه‌ك وان، هه‌ردووكیان پێویستییان به‌ زه‌مینه‌ و ئاو و هه‌وایێكی دروست و پاكژه‌. هه‌میشه‌ ئه‌و پیره‌مێرده‌م ده‌هێنایه‌وه‌ پێش ده‌می خۆم كه‌ به‌پێی ته‌مه‌ن چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می له‌ ژیاندا ماوه‌، كه‌چی كۆڵ له‌ چاندنی نه‌مامی تازه‌ نادات. كاتێكیش لێیده‌پرسی: تۆ چ ده‌ڵێی كه‌ له‌وه‌ ناكات ڕۆژگار ڕێگه‌ت بدات له‌ به‌روبوومی نه‌مامه‌كه‌ی خۆت بخۆی؟ ئه‌ویش پێده‌كه‌نێ. ئه‌و به‌و ته‌رزه‌ له‌ بۆچوون پێده‌كه‌نێ، كه‌ پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی بۆ خۆت لێی ناخۆی نابێ ڕێگه‌ بده‌ی كه‌سانی دیش لێی بخۆن. ژیان له‌وێدا زیندووه‌ كه‌ ڕۆژگاره‌كان پێكه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ درێژكراوه‌ی ڕۆحی باپیران و داپیره‌كانی ڕابردووی خۆمانین. هه‌میشه‌ دره‌ختێك هه‌یه‌ له‌ شوێنێك كه‌ یه‌كه‌مین كه‌سێك چاندوێتی بۆ یه‌كه‌مینجار پێی خستۆته‌ سه‌ر ئه‌م زه‌مینی كوردانه‌. من زۆر له‌و دره‌خته‌ گه‌ڕام به‌ڵام هه‌رچیم كرد نه‌مدۆزییه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌و دره‌خته‌ له‌ بسته‌ خاكێكی هه‌ورامان دابێ، یان له‌ شاره‌زوور. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و دره‌خته‌ هه‌ر بدۆزمه‌وه‌. له‌و دره‌خته‌وه‌ ڕه‌گوریشه‌ی من درێژ ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و یه‌كه‌م ڕۆحی په‌روه‌رده‌ی له‌م خاكه‌ی مندا چاندووه‌، منیش هه‌ر به‌و نیازه‌ چه‌ندین منداڵم فێری پیته‌كان كردن و لێشم ده‌ڕوانین چۆن پیته‌كانیان پێكه‌وه‌ ده‌نووساند وشه‌ و ڕسته‌ و مانایان لێده‌خوڵقاندن. منداڵان هه‌ر له‌ڕێی یارییه‌وه‌ گه‌وره‌نابن، به‌ڵكو له‌ڕێی خۆشیشه‌وه‌. خۆشی فێربوون، خۆشی ره‌نج و خۆشی دورینه‌وه‌ی به‌رهه‌م. باوك و دایكه‌كانی ئه‌و منداڵانه‌م ده‌دی و ده‌هاتنه‌ به‌رده‌م ده‌رگه‌ بچكۆلانه‌كه‌ی ژووره‌كه‌م له‌ گوندی قشڵاخ و وه‌ڕاز و به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ پێیان ده‌گوتم منداڵه‌كانمان فێری خوێندنه‌وه‌ بوون، ئای خودایه‌ له‌و خۆشییه‌ كه‌ له‌ دڵوده‌روونیانه‌وه‌ به‌ڕاستگۆیی ده‌هاته‌ده‌رێ. ئه‌وان پێیان ده‌گوتم منداڵه‌كانیان فێری گۆرانیگوتن بوون و هیچ شه‌رمیان نه‌ماوه‌، منداڵه‌كان فێری پێداهه‌ڵگوتنی خاك و نیشتیمانه‌كه‌یان بوون. منداڵه‌كانمان وه‌ك په‌پووله‌ ڕه‌نگینه‌ ده‌فڕن. ئه‌وان داده‌نه‌وانه‌وه‌ و ده‌یانویست ده‌ستم ماچبكه‌ن. من خێراتر له‌وان ده‌سته‌كانم دوور ده‌خستنه‌وه‌ و فریا ده‌كه‌وتم لێوه‌كانیان نه‌گاته‌ سه‌ر ده‌ستم. نه‌وه‌كو بۆ هه‌میشه‌ له‌ حزوری یه‌كه‌م مامۆستای خۆما خه‌جاڵه‌ت بم. من به‌نیازی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ شار، هه‌تا گوندم به‌جێده‌هێشت و ده‌هاتمه‌وه‌ ده‌مزانی ده‌یان باوك و دایكم بۆ په‌یدابوون و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌من. من ئه‌وده‌م چه‌ندێك ئاسووده‌بووم ئه‌وه‌نده‌ش خه‌مگین. ده‌مزانی ئه‌وه‌ی من ده‌یچێنم بونیاده‌مه‌ بچكۆله‌كانی نێو دونیای سیاسه‌تی كوردی وشكی ده‌كه‌ن. من ئاسوده‌گی ده‌هێنمه‌ده‌ر و ئه‌وان ده‌یكوژن. من ده‌ست و په‌نچه‌ و باڵی منداڵان به‌هێز ده‌كه‌م و ئه‌وان ده‌یبڕنه‌وه‌. من ئه‌و منداڵانه‌ فێری خۆشه‌ویستی ده‌كه‌م و ئه‌وان ڕق. ئێستاش ئه‌و ڕۆژه‌م بیرناچێ كلیلی قوتابخانه‌كه‌م له‌ گوندی كۆشكی ناوچه‌ی قه‌ره‌داخه‌وه‌ به‌سه‌ر سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ی سلێمانیدا فڕێدایه‌وه‌ و منداڵه‌كانم بۆ دواجار به‌جێهێشت. من بێپاره‌ و بێپوول و برسی به‌پێ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵێ بۆ سلێمانی. ئه‌وده‌م برسێتیم هێنده‌ به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بوو به‌ڵام ده‌مزانی بێهووده‌یه‌ له‌و كه‌شه‌ خراپ و وێرانه‌دا فێركار بی. ئیدی خۆم هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تاند و بۆ ئێجگاری پشتم كرده‌ په‌روه‌رده‌ و فێڕبوونی وێرانی ئه‌و دونیا گوناهه‌ی كوردی. ئه‌وه‌تا ئێستاش له‌ناو ژوورێكی بچكۆله‌ له‌ وڵاتی شام بیر له‌ كوردستان ده‌كه‌مه‌وه‌. من هێشتا له‌وێم به‌سه‌ر ئه‌و گردۆڵكه‌یه‌وه‌ گوندی كۆشكم لێوه‌ دیاره‌. سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ییه‌كه‌م لێدیاره‌ له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌یێكی ده‌رگا داخراودا وه‌ستاوه‌ و كلیله‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌ و بانگم ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و پێمده‌ڵێ وه‌ره‌وه‌ گاڵته‌م له‌گه‌ڵ كردی. منداڵه‌كان به‌ كیسه‌ی كتێبه‌كانیانه‌وه‌ به‌و ناوه‌دا په‌رشوبڵاو بوونه‌ته‌وه‌ و به‌ره‌و ئه‌و ماڵانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ له‌ پارچه‌ ته‌خته‌ و پووش و په‌ڵاش دروستكراون. من له‌وێوه‌ هاواری لێده‌كه‌م، قوتابخانه‌ بۆ خۆت، ته‌خته‌ڕه‌ش و ژووری خاڵی له‌ مناڵ بۆ خۆت. ئه‌گه‌ر ئازایت له‌ناو ئه‌و ژووره‌ سارد و تاریكانه‌ ڕۆژێك وانه‌ به‌ منداڵان بڵێره‌وه‌. من هێشتا له‌وێدا وه‌ستاوم و بیر له‌و دونیا خراپه‌ی په‌روه‌رده‌ی كوردستان ده‌كه‌مه‌وه‌. له‌و چركه‌ساته‌ی هه‌زاران مامۆستا كه‌ ڕۆژگارێكی زۆر دوور نا، هه‌ر دوێنێ زۆرینه‌یان جاشبوون و هه‌موو به‌بێ پرۆسه‌یێكی پاككردنه‌وه‌ فڕێدرانه‌وه‌ ناو په‌روه‌رده‌ و په‌روه‌رده‌ی ئه‌مڕۆیێكی جیاواز له‌ دوێنێی ڕۆژگاری به‌عس به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن. من ئه‌و ڕۆژه‌م بیره‌ كه‌ له‌ گوندی قشڵاخه‌وه‌ بۆ پشوویێكی كورت ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ سلێمانی. له‌ سه‌یته‌ره‌كه‌ی به‌رده‌می قه‌ڵاچوالان پێشمه‌رگه‌كان ڕایانگرتم و هێنایانمه‌ خوارێ. هه‌موو گیانم گه‌ڕان. من به‌وان ده‌ڵێم چیبووه‌ و ئه‌وان وه‌كو گورگ لێم ئاڵاون. من ده‌ڵێم مامۆستام له‌ گوندی قشڵاخ. ئه‌وان ده‌ڵێن تۆ له‌ ئێرانی ده‌چیت. ئه‌وان زۆر تووڕه‌ن. یه‌كێك له‌ دووره‌وه‌ هاوارم لێده‌كات، پارتی قڕانه‌. یه‌كێكی دی ده‌ڵێ چۆن بزانین تۆ پارتی نیت. من هێشتا له‌و به‌رزاییه‌دام و ده‌زانم په‌روه‌رده‌ی كوردستان خراپترین په‌روه‌رده‌ی دونیایه‌. من له‌ گوندی وه‌ڕاز ئه‌و مامۆستایه‌م بیرناچێته‌وه‌ كه‌ جاسووسی به‌سه‌ر گونده‌كه‌وه‌ كردبوو. هه‌رچی له‌وێ ڕوویده‌دا ئه‌و ده‌گه‌یانده‌وه‌ حیزبی خۆی. ئه‌و گونده‌ به‌دبه‌خته‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌یه‌كه‌یان داخراوه‌ و مامۆستاكه‌ی له‌سه‌ر جاسووسی هه‌ڵاتووه‌ و گوندییه‌كان وه‌ریناگرنه‌وه‌. له‌ناو ژووره‌كانی قوتابخانه‌كه‌ له‌جێی ئه‌وه‌ی منداڵ لێی بخوێنێ، كه‌رێكیان تیا به‌ستبۆوه‌. من هێشتا مامۆستای گوندی قشڵاخم و جارێكی دی له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیار به‌ شه‌ڕ هاتووم. ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ گه‌مژه‌یه‌ له‌ نیوه‌ی شه‌ودا له‌ خه‌وی هه‌ڵستاندووم پێمده‌ڵێ هه‌سته‌ ئه‌و مه‌سینه‌یه‌م بۆ هه‌ڵگره‌ و له‌گه‌ڵم وه‌ره‌ بۆ ئاوده‌سته‌كان. منیش به‌چاوی خه‌واڵیییه‌وه‌ له‌ خه‌و به‌ ئاگا دێم و ئه‌و پیاوه‌ ده‌بینم له‌ ژوور سه‌رمه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ و هه‌تا هێزم تیایه‌ مه‌سینه‌كه‌ له‌ ژووره‌كه‌ فڕده‌ده‌مه‌ ده‌ره‌وه‌ و پێیده‌ڵێم تۆ كێی ئاوا به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه‌ وێستاویت تا مه‌سینه‌ت بۆ هه‌ڵبگرم. ئه‌و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵم نه‌یه‌یت بۆ دوورترین گوندت فڕێده‌ده‌م. منیش پێده‌كه‌نم. بۆ دۆزه‌خم بنێره‌، ده‌چم. ئێره‌ نیشتیمانی منه‌، ئه‌و گوندانه‌ هه‌موو گوندی منن له‌ هه‌ر كوێ بێ ده‌چم.
من ئه‌وم بیردێته‌وه‌ جاره‌كه‌ی پێشووتری كه‌ هاتبوو بۆ گوند، پێیگوتم مامۆستا نوێژ ده‌كه‌یت، من گوتم نوێژ ناكه‌م. ئه‌و گوتی كه‌ ده‌چیته‌ ناو گوندییانه‌وه‌ نوێژ بكه‌. خۆ من له‌ شار ویسكی ده‌خۆمه‌وه‌ به‌ڵام كه‌ دێمه‌ ناو گوندیان نوێژ ده‌كه‌م. من ددانم به‌خۆما گرت و تووڕه‌ نه‌بووم به‌ڵام پێمگوت، من درۆ له‌گه‌ڵ گوندییان ناكه‌م، من مامۆستام كاری من ئه‌وه‌ نییه‌ خه‌ڵكان ته‌فره‌ بده‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تووڕه‌ی كردم، ئه‌وه‌ بوو. پێیگوتبووم فارووق ئاقڵ به‌، جارجار كه‌ دێیته‌وه‌ مریشكێك، كه‌ڵه‌شێرێك له‌گه‌ڵ خۆت بۆ منیش بێنه‌ره‌وه‌. من لێره‌وه‌ له‌م كوڵانه‌یه‌ی خۆمه‌وه‌ ئه‌و چركه‌ساته‌م بیردێته‌وه‌ كه‌ له‌ ژێر پرده‌كه‌ كه‌ڵه‌شێرێكی به‌سته‌زمانم كڕی، هێنده‌ قورسبوو وابزانم به‌چنگ ورده‌ ئاسنییان ده‌رخوارد دابوو. كه‌ڵه‌شێرم هه‌ڵگرت و به‌ره‌و یه‌كێتی مامۆستایانم برد. له‌وێ هه‌واڵی سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌م پرسی. كه‌ سه‌رپه‌رشتیار هاته‌ده‌ره‌وه‌ و منی به‌ كه‌ڵه‌شێرێكه‌وه‌ دی هه‌ردوو چاوی په‌ڕییه‌ پشتی سه‌ری، زمانی گۆی نه‌ده‌كرد و نه‌یده‌زانی چی بڵێ. من له‌به‌رده‌م هه‌موو سه‌رپه‌رشتیاره‌كاندا پێمگوت، ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌ڵه‌شێره‌ی داوات لێكردم بۆتی بهێنم. سه‌رپه‌رشتیار گوتی من كه‌ی داوای كه‌ڵه‌شێرم لێكردووی.
من لێره‌وه‌ پێده‌كه‌نم، به‌و په‌روه‌رده‌یه‌ پێده‌كه‌نم كه‌سانێكی پیر و په‌كه‌وته‌ و خۆپه‌رست، به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. ئه‌وانه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ من با ڕێگه‌م نه‌ده‌دان كه‌ریش به‌خێو بكه‌ن نه‌وه‌كو منداڵ.
من جارێكی دی خۆم ده‌بینم له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ فڕێدراوم به‌ره‌و گوندی وه‌ڕاز. گوندی وه‌ڕاز ئه‌و شوێنه‌یه‌ من له‌وێ له‌ مامۆستایه‌كه‌وه‌ تیا هه‌ڵده‌كشێم به‌ره‌و قه‌شه‌یه‌كی پیرۆز.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ده‌قی‌ ئه‌ده‌بی‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌

عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا (1) ئه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ عه‌قڵی‌ مرۆیی‌ پێكده‌هێنێ‌ زمانه‌ و ...