قسه‌یه‌كی تازه‌مان نییه‌ بۆ دنیای مۆدێرن – knwe.org
سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » قسه‌یه‌كی تازه‌مان نییه‌ بۆ دنیای مۆدێرن

محه‌مه‌دهاشم ئه‌كبه‌ریانی:

قسه‌یه‌كی تازه‌مان نییه‌ بۆ دنیای مۆدێرن

محه‌مه‌دهاشم ئه‌كبه‌ریانی ره‌خنه‌گری سه‌رسه‌ختی كڵاسه‌كانی چیرۆكنووسینی ئێرانه‌ و لایه‌نگری نووسینه‌ به‌ پێی غه‌ریزه‌. ساڵه‌ها پێشینه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسیی هه‌یه‌ و سه‌رنووسه‌ری زنجیره‌ كتێبی (تاریخ شفاهی ادبیات معاصر ایران)ه‌. خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك كۆمه‌ڵه‌چیرۆك و رۆمانه‌. ئه‌م گفتوگۆیه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌لومه‌رجی چیرۆكنووسینی هاوچه‌رخه‌ له‌ ئێران.

لە فارسییەوە: محەمەد کەریم

2-2

*هه‌ڵبه‌ته‌ سینه‌ما و ئه‌ده‌بیاتی ئێران جیاوازییه‌كی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌، سینه‌ما نزیكی خۆی له‌گه‌ڵ پیشه‌سازیی و بازرگانیدا قبوڵ كردووه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌بیاتدا به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌. ئه‌و ده‌زگای بڵاوكراوانه‌ی بایه‌خ به‌ مه‌سه‌له‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ كتێب و ناساندنی كتێب له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌ده‌ن، به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن.
-گه‌لێ فاكته‌ر هه‌ن و من نكۆڵیی له‌وه‌ ناكه‌م. به‌ڵام سه‌ره‌كیترین فاكته‌ر نووسه‌ر خۆیه‌تی. نووسه‌ری ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ (ئایدیاگه‌را) و (ئایدیالگه‌را) بووه‌ كه‌ شته‌ واقیعییه‌كانی وه‌كو سه‌نعه‌تێك نه‌دیوه‌. ده‌رهێنه‌ر یان به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلم ده‌زانێت ئه‌گه‌ر فیلمه‌كه‌ی نه‌فرۆشرێت یان مۆڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی ئیرشاد وه‌رنه‌گرێت، مایه‌پووچ ده‌بێت، به‌ڵام نووسه‌ری ئێمه‌ به‌هۆی ئه‌و ئایدیاگه‌راییه‌ و نه‌بینینی واقیعه‌وه‌، پڕۆفیشناڵبوون ده‌خاته‌ لاوه‌. به‌م پێیه‌ خۆشی هه‌وڵ بۆ فێربوون و باش نووسین نادات و ده‌بێته‌ نووسه‌رێكی لاواز كه‌ توانای نووسینی به‌رهه‌مێكی دیار و به‌رجه‌سته‌ی نییه‌.

*هه‌ڵبه‌ته‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ بایه‌خێكی زۆر به‌ به‌رهه‌مهێنانی فكر نادات.
-نووسه‌ری ئێمه‌ فكر به‌رهه‌مناهێنێ و ئه‌گه‌ر به‌رهه‌میشی بێنێت ناتوانێت به‌ باشی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات. ئه‌مه‌ش گه‌لێ هۆكاری جیاوازی هه‌یه‌، یه‌كێ له‌وانه‌ باكگراوندی ئه‌ده‌بیی ئێمه‌یه‌. یه‌كێكی تر به‌ كارگه‌بوونی ئه‌ده‌بیاتی ئێرانه‌ كه‌ قاڵبی تایبه‌تی خۆی فێری فێرخوازه‌كانی ده‌كات. ئه‌م قاڵبانه‌ش رێگرن له‌وه‌ی نووسه‌رێكی به‌توانا به‌ شێوه‌ی سروشتی دروست بێت.

*ره‌خنه‌كه‌ی تۆ به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها هه‌موو كارگه‌كان یان كڵاسه‌كانی فێربوونی چیرۆكنووسین ده‌گرێته‌وه‌؟
-من مه‌به‌ستم له‌ هه‌موو كارگه‌كان نییه‌. له‌ناو ئه‌م كارگانه‌شه‌وه‌ یه‌ك دوو نووسه‌ر هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ كه‌ به‌ نیسبه‌ت یه‌ك دوو كتێبی سه‌ره‌تایانه‌وه‌ جێگای بایه‌خ بوون. من ده‌ڵێم له‌هه‌ر كارگه‌یه‌كی چیرۆكنووسیندا مامۆستایه‌ك هه‌یه‌ و كه‌سێك چیرۆكێك ده‌نووسێت پاشان له‌و كارگه‌یه‌دا تاوتوێ ده‌كرێت و هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت. نووسه‌رێك كه‌ تازه‌ ده‌یه‌وێ ده‌ستپێبكات، كاتێ به‌پێی ئه‌و خاسیه‌تانه‌ی له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌ و كۆڕی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنرێت ده‌یه‌وێت چیرۆك بنووسێت، به‌ پێشه‌كییه‌ك ده‌ستپێده‌كات، پاشان ده‌بێت چیرۆكه‌كه‌ی بگاته‌ لووتكه‌ و دواتر شۆڕبێته‌وه‌ بۆ نشێو و شتی له‌م بابه‌ته‌. ئه‌م شتانه‌ نووسه‌ر ده‌كه‌ن به‌ نووسه‌رێكی زۆر ده‌ستكرد. له‌ كارگه‌ی چیرۆكنووسیندا كه‌ نووسه‌ر ده‌نووسێت و له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌ یان ئه‌ندامانی كارگه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت، به‌ڕای من ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ته‌كنیكی نووسه‌ره‌كه‌ ده‌ستكرد بێت.

* به‌ڕای تۆ فێركردنی چیرۆكنووسین ده‌بێت چۆن بێت؟
-به‌ڕای من ده‌بێت چیرۆكنووس به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی ناخی خۆی به‌تاڵ بكاته‌وه‌. دوو سێ ساڵ ته‌نیا خۆی بنووسێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت یه‌ك دوو رۆمانیش بنووسێت و چاپیش نه‌كرێن. ماركیز سه‌باره‌ت به‌ سه‌د ساڵ ته‌نیایی ده‌ڵێت من نه‌خشه‌ و پلۆتم بۆ رۆمانه‌كه‌ دانه‌ناوه‌. ته‌نیا ده‌ستم به‌ نووسین كردووه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی نووسیومه‌ و رۆمانه‌كه‌ رۆمانێكی كێوی یان سروشتییه‌. چیرۆكنووسی ئێمه‌ ده‌بێت ئا له‌وێوه‌ ده‌ستپێبكات. پاش ئه‌وه‌ی سروشتی به‌تاڵ بۆوه‌، به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌چێت پاش ئه‌وه‌ چی بنووسێت. ئا له‌وێدا شوێن ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێت چۆن فێری چیرۆكنووسین بێت.

*ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسه‌ره‌ سروشتییه‌ بچێته‌ كارگه‌ی چیرۆكنووسین چی رووده‌دات؟
-یه‌كسه‌ر تیاده‌چێت. ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ كارگه‌ی چیرۆكنووسیندا ده‌توانن سه‌ركه‌وتووبن كه‌ توانای فكری و هه‌ست و كه‌سێتییان له‌ مامۆستاكه‌ بچێت. له‌ راستیدا مامۆستا توانای فێرخواز به‌هێز ده‌كات به‌ڵام فێری هونه‌ری چیرۆكنووسینی ناكات. من جارێكیان ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی (حه‌وت ئیقلیم) بووم. زیاتر ئه‌و كتێبانه‌ی كه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ قۆناغی كۆتایی كتێبی سه‌ره‌تا بوون. كتێبی سه‌ره‌تای ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ سروشتی ده‌نووسن. ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌ كارگه‌ی چیرۆكنووسین بوون به‌ شێوه‌ی سروشتی نووسیبوویان. له‌ كتێبی دووه‌مدا زۆربه‌ی نووسه‌ره‌كان ده‌مرن، چونكه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و هونه‌ره‌ بنووسن، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ئه‌و هونه‌ره‌ یان ئه‌و حاڵه‌ته‌ سروشتییه‌ نامێنێت.
*كاتێ كه‌سێك هیچ له‌ چیرۆك یان رۆمان نازانێ و هه‌روا به‌ناو ده‌كه‌وێ و ده‌ستده‌كات به‌ نووسین ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی رێكه‌وتدا پێناسه‌ده‌كرێت.
-باشه‌، با له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پێناسه‌یه‌دا بێت. به‌ڕای من كاتێ پێشان خوێندبێتته‌وه‌، یه‌عنی سروشتی خۆتت به‌قوه‌ت كردبێ ئیتر له‌ ئه‌زموونی تایبه‌تییه‌وه‌ بیگره‌ تا خوێندنه‌وه‌ و زیهنی تۆ چیرۆكئامێز بێت ئه‌م پێناسه‌یه‌ش فۆرمی چیرۆك به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت. له‌وانه‌یه‌ فۆرمه‌كه‌ش نوێ بێت. من كه‌ رۆمانی (زندگی همین است- ئه‌مه‌ ژیانه‌)م نووسی هه‌ندێك ده‌ڵێن سوریالییه‌. جه‌نابی حه‌سه‌ن میرعابدینی رای وایه‌ كه‌ ئه‌م حیكایه‌ته‌ تازه‌یه‌. راستییه‌كه‌شی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ من ئێوه‌ وته‌نی شتێكم پێناسه‌ كردووه‌ به‌ڵام شتێك كه‌ هه‌مووان تیایدا هاوبه‌شن. ئه‌گه‌ر بچوومایه‌ته‌ كارگه‌ی چیرۆكنووسین نه‌مده‌توانی ئه‌وه‌ش بنووسم.

*دیمه‌نی چیرۆك و رۆماننووسینی ئێران چۆن ده‌بینی؟
-ئه‌گه‌ر بمه‌وێ به‌ راشكاوی قسه‌ بكه‌م ده‌بێ بڵێم باش نییه‌. هه‌تا پێنج شه‌ش ساڵی داهاتووش دیمه‌نێكی باش نابینم. به‌نیسبه‌ت ئه‌ده‌بیاتی جیهانییه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم. كاتێكیش ده‌ڵێم هیچ كه‌سێ ناگاته‌ ئاستی نووسینی كونده‌به‌بووی كوێری سادقی هیدایه‌ت، به‌ڕای من كونده‌به‌بووی كوێریش له‌ مه‌یدانی ئه‌ده‌بیاتی جیهانیدا له‌ رووی مێژووییه‌وه‌ زۆر له‌ دواوه‌یه‌. به‌م پێیه‌ ئێمه‌ چ قسه‌یه‌كمان هه‌یه‌ كه‌ بیكه‌ین؟

بۆ باشكردنی كوالێتی به‌رهه‌مه‌كان چی بكرێت باشه‌؟
-له‌ ئه‌ده‌بیاتی جیهانیدا شتێكمان نییه‌ به‌ ناوی چیرۆكی ژاپۆنی، به‌ڵام نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی وه‌كو هاوركی موراكامیمان هه‌یه‌. چیرۆك و رۆمانه‌كانی موراكانی له‌ بێخه‌وه‌ ژاپۆنی نین، به‌ڵكو مۆدێرن و ئه‌وروپایی و ئه‌مریكایین. من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ شتێ به‌ شتێ بكه‌ین ده‌بێ سۆراخی ئه‌ده‌بیاتی مۆدێرن بكه‌ین و ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكیشمان شتێكی هه‌یه‌، وه‌ری بگرین. به‌ڵام ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی ئێمه‌ ناتوانێ ببێته‌ دایكی فۆرمێكی نوێی چیرۆك و رۆمان. بۆ نموونه‌ ئاپارتماننووسین له‌ چیرۆكی ئێمه‌دا ماوه‌یه‌ك باوی بوو. ئێستاش هه‌یه‌. به‌ڵام ئاپارتماننووسین ئه‌ندێشه‌ و فكر و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك نییه‌ بۆ ئێمه‌، ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵێ روكه‌ش و په‌یوه‌ندی روكه‌ش. به‌ڵام كاتێ تۆ ئاپارتمان له‌ چیرۆكی موراكامی یان ریمۆن كارڤه‌ردا ده‌بینی بۆ خۆی ده‌بێته‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌ك.

سەرچاوە:www.cgie.org.ir

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کێ خاوەنی ئاوازی سروودی (ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە) یە؟

توانا حەمە ئەستەمە لە دەسپێکی بەھار و لە جەژنی نەتەوەیی ...