ئاسۆی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی عیراق به‌دوور ده‌بینم – knwe.org
سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » ئاسۆی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی عیراق به‌دوور ده‌بینم

خەڵات عومەر بۆ سۆشیال میدیای کوردستانی نوێ

ئاسۆی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی عیراق به‌دوور ده‌بینم

له‌درێژه‌ی ئه‌و زنجیره‌ چاوپێكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ سۆشیال میدیای كوردستانی نوێدا رێكده‌خرێن ‌و تێیدا میوانداریی چاودێرانی سیاسی ‌و رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت، خه‌ڵات عومه‌ر نووسه‌ر‌و شرۆڤه‌كارو چاودێری سیاسی میوانداریی كرا بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر دۆخی هه‌نوكه‌یی عیراق له‌دوای هه‌ڵبژاردنی 12/5/2018‌و په‌ره‌سه‌ندنی خۆپیشاندانه‌كانی باشوورو ناوه‌ڕاست ‌و ئه‌ویش دیدو تێڕوانینی خۆی بۆ دۆخه‌كه‌و ئاینده‌ی نزیك ‌و دووری عیراق به‌مجۆره‌ خسته‌ڕوو:

دیداری: زانیار محەمەد

*دۆخی ئێستای عیراق و هه‌رێم چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی به‌ تایبه‌تی دوای هه‌ڵبژاردنی 12/5 و دواكه‌وتنی ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان؟
-پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییانه‌ له‌ باشووری عیراق و هه‌ندێك ناوچه‌ی عیراق رووبدات، دیمه‌نه‌كه‌ جیاوازتر بوو، ته‌نانه‌ت دیمه‌نی ئه‌وه‌ی كه‌ كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆكی وه‌زیران، یاخود چ قه‌واره‌یه‌ك له‌گه‌ڵ چ قه‌واره‌یه‌كدا هاوپه‌یمانیی ده‌كات، یاخود سیماو شێوازی ئه‌و حكومه‌ته‌ چه‌ند نزیك ده‌بێت له‌ حكومه‌تی ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌مریكاو چه‌ند نوێنه‌رایه‌تی قه‌واره‌كانی عیراق ده‌كات، زۆر جیاوازه‌ له‌ رووداوه‌كان و خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌، چونكه‌ پێموایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نادراماتیكی ئه‌و رووداوانه‌ی ئیستا رووده‌دات له‌ باشووری عیراق كار له‌سه‌ر شێوازو پێكهاته‌ی حكومه‌تی نوێی عیراق ده‌كات، ئه‌گه‌ر تا ماوه‌یه‌كی دیاریكراویش دوانه‌كه‌وێت، ئه‌وا دروستكردنی حكومه‌ته‌كه‌ دواده‌كه‌وێت.
له‌به‌رئه‌وه‌ پێموایه‌ چ دۆخی ئه‌منی و چ پێكهێنانی حكومه‌ت ‌و چ دۆخی ئه‌و رووداو و خۆپیشاندانانه‌ی عیراق دۆخ و داهاتووی عیراق قورستر نیشانده‌دات.

*ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییانه‌ی له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستی عیراق هه‌ن چ لێكه‌وته‌یه‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر قۆناغی داهاتووی عیراق؟
-پێموایه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆری ده‌بێت، واته‌ ته‌نانه‌ت بۆ نموونه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان چانسی كه‌سێكی وه‌ك به‌ڕێز عه‌بادی زیاتر بوو بۆئه‌وه‌ی ببێت به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت، له‌ڕاستیدا ده‌توانم بڵێم خۆپیشاندانه‌كان زه‌مینه‌یه‌كی باشی هه‌یه‌، واته‌ خه‌ڵك بێزاره‌ له‌ دۆخی نه‌بوونی ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزاریی و له‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی به‌هه‌ده‌ر دراوه‌، ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كم بینی 175 ملیار دۆلار بۆ چه‌ند پارێزگایه‌كی باشوور ته‌رخانكراوه‌ تائێستا یه‌ك پڕۆژه‌ی دیار نییه‌، واته‌ خه‌ڵك ناحه‌قیان نییه‌ به‌ هۆی گه‌رما و بێئاویی، واته‌ خه‌ڵك داوای شتی زۆر گه‌وره‌ ناكات، مافێكی مرۆڤه‌ ئاوی خواردنه‌وه‌و خواردن و پێداویستییه‌ ساده‌كانی هه‌بێت. له‌سه‌ره‌تاییترین حاڵه‌تدا له‌ هه‌موو دونیادا، له‌به‌رئه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان زه‌مینه‌یه‌كی باشیان هه‌یه‌. راسته‌ دیوێكی سیاسییه‌، به‌ڵام دیوێكی په‌یوه‌ندیی به‌ پیكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ ململانێی سیاسیی نیوان ئێران و ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌وه‌، پێشموایه‌ عیراق حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی ئێرانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ كه‌ ئێستا ئه‌و ئابڵوقه‌ گه‌وره‌یه‌ی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت بیخاته‌ سه‌ر ئێران و ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ زه‌مینه‌ی بۆ سازده‌كه‌ن، له‌ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌، به‌شێكی دۆخه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌. چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین له‌ عیراقدا ئه‌م كێشانه‌ زۆربه‌یان هه‌بووه‌، كێشه‌ی سوێریی ئاو و ئه‌و شتانه‌ له‌هه‌شتاكانیشدا له‌ به‌سڕه‌ هه‌بووه‌و گه‌رما خۆ له‌ مانگی ئابدا زیاتر ده‌بوو، بێ كاره‌بایی ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێموایه‌ ئه‌مه‌ بۆ گومانكردن نییه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ داوای مافی خۆی ده‌كات، به‌ڵام پێموایه‌ ئان و ساته‌كه‌شی په‌یوه‌ندیی به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و ململانێی سیاسی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.

*پێت وایه‌ داواكاریی خۆپیشانده‌رانی باشووری عیراق به‌ئه‌نجام بگات و چاكسازیی به‌دوادا بێت؟
-پێموانییه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشبینیكردنی ئاینده‌ له‌ بارودۆخی وه‌ك ئه‌وه‌ی عیراقدا ئاسان نییه‌، چونكه‌ له‌ عیراقدا شتی زۆر سه‌یر رووده‌دات، بۆ نموونه‌ ده‌ركه‌وتنی داعش، له‌به‌رئه‌وه‌ پێموایه‌ نه‌ك چاكسازیی روونادات، به‌ڵكو ئه‌م پێكهاته‌ تائیفی و حكومیی و حزبییه‌ی كه‌ حوكمی عیراق ده‌كات، به‌تایبه‌تی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا، ئه‌زموونمان هه‌یه‌، پێموانییه‌ ئاسۆی چاكسازیی تێدا به‌دیی بكرێت و پێموایه‌ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر له‌دیوێك له‌ دیوه‌كاندا سیاسه‌تی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی رێگر نه‌بێت ‌و دۆخی عیراق به‌ره‌و خراپتر له‌وه‌ی هه‌یه‌ نه‌چێت، ئه‌وا پێموایه‌ هیچ دوور نییه‌ جاریكی دیكه‌ دیمه‌نی داعش یان هاوشێوه‌یه‌كی ده‌ربكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ڕاستی به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ هه‌واڵگرییانه‌ی كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی رابردوودا له‌ دوای شه‌ڕه‌كان بینراون ‌و به‌رده‌ست كه‌وتوون، هێزه‌كانی داعش چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، واته‌ شارۆچكه‌یه‌ك كه‌ دوو هه‌زار كه‌سی تێدا بووه‌ كه‌ په‌لاماریان داوه‌ ته‌نها په‌نجا جه‌سته‌ی لێ بووه‌، به‌پێی راپۆرته‌ هه‌واڵگرییه‌كان چ ئه‌وانه‌ی عیراق و چ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كانیش ئه‌و هێزه‌ی داعش هه‌مووی گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنی دیكه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ هیچ دوور نییه‌ له‌هه‌ر كاتێكی دیكه‌دا ئه‌م هێزانه‌ ده‌ربكه‌ونه‌وه‌و هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی عه‌بادی و فه‌رمانده‌یی سه‌ربازیی عیراق ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ خۆیان پێیانوابووه‌ بۆئه‌وه‌ی ناوی بنێن سه‌ركه‌وتنێكی خێرا، هه‌ر شارێكیان گرتووه‌، به‌ ته‌نها چه‌ند ده‌ریچه‌یه‌كیان كردووه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی هێزه‌كه‌ی داعش ده‌ربچێته‌ ده‌ره‌وه‌، باشه‌ ئه‌م هێزه‌ چووه‌ته‌وه‌ شوێنێكی تر، كێ ناڵێت له‌كاتێكی دیكه‌دا كاره‌ساتێكی تر به‌سه‌ر عیراقدا ناهێنێت؟

*پێتوایه‌ چ رێگه‌یه‌ك بگیرێته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌؟
-چاره‌سه‌ركردن به‌قسه‌كردن ئاسانه‌، ئه‌گه‌ر من لێره‌وه‌ دابنیشم و بیانژمێرم، به‌ڵام بۆ بارودۆخی عیراق به‌ڕاستی تابڵێی ئاڵۆزه‌، واته‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز باسكردنی چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌ چاكسازییه‌و پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێی عیراق كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌مووان بكات و هه‌موو لێی رازیبن، به‌ڵام بارودۆخی عیراق ئه‌وه‌نده‌ خراپه‌، كه‌ پێموایه‌ رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عیراق باشترین به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ ئه‌م سیستمه‌ به‌رده‌وام نابێت، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامیش بێت به‌ كاره‌سات و مه‌ینه‌تی سه‌ر خه‌ڵك به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌پێی زانیارییه‌ تایبه‌ته‌كان حكومه‌تی عیراق خۆی ده‌ڵێت كه‌ گوایه‌ له‌ 16% و 17%و تا 20% خه‌ڵك به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردندا كردووه‌، به‌ڵام ژماره‌ راستییه‌كه‌ كه‌ ناوترێت ئه‌وه‌یه‌ له‌ 5% بۆ 6%ی عیراق به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كردووه‌، ئه‌مه‌ش باشترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ میلله‌تی عیراق بێزاره‌ له‌م سیستمه‌ سیاسییه‌‌و بێزاره‌ له‌م حكومه‌ت و شێوازی ژیانه‌ و له‌ ده‌ره‌نجامدا ئه‌م شته‌ به‌م شێوه‌یه‌ ناچێته‌سه‌ر .

*هیچ ئه‌گه‌رێك هه‌یه‌ بۆ درێژبوونه‌وه‌ی دۆخی عیراق بۆ هه‌رێم، له‌و رووه‌ی كه‌ داواكاریی و خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه‌؟
-بێگومان له‌كوردستان هه‌موو ئه‌و داوایانه‌ی كه‌ خه‌ڵك ده‌یكات له‌ خۆپیشاندانی دیكه‌دا هه‌مووی ره‌وا بووه‌، ئێستاش زۆر شتی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ ئێمه‌ی هاووڵاتیشه‌وه‌ داواكاریمان هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حكومه‌ت، به‌ڵام جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان باشووری عیراق و كوردستان و شێوازی ژیان له‌ به‌غداو له‌ كوردستاندا، ره‌نگه‌ خه‌ڵكێكی زۆر وێنایه‌كی وای هه‌بێت كه‌ عیراق له‌ دووره‌وه‌ وایه‌، ئه‌گه‌ر تۆ بچیت چه‌ند رۆژیك ژیانی ئه‌وان ببینیت و چه‌ند رۆژێك له‌ به‌غداو باشووردا بیت، ده‌زانیت كه‌ ئێره‌ له‌ چاو ئه‌وێدا به‌راورد ناكرێت، هیچ شوێن و پنتێك نییه‌ بڵێی كوردستان باشه‌و ئه‌وێ وا خراپه‌، جیاوازییه‌كی زۆر زۆر هه‌یه‌، به‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ لێره‌ كێشه‌ی سیاسییمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌وێ جگه‌ له‌ كێشه‌ی سیاسی، كێشه‌ی خزمه‌تگوزاریی و كێشه‌ی دیكه‌ هه‌مووی تێكه‌ڵ و ئاوێته‌ بووه‌، واته‌ به‌راوردكاریی نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان ناڕه‌زایی هه‌بێت ناڕه‌زایی سیاسی هه‌یه‌ و هێزی سیاسی سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات

*یه‌كتر تۆمه‌تباركردن به‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ هه‌ده‌ردانی پاره‌ بۆ دروشمی سیاسی، تاچه‌ند ده‌بێته‌ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ باشبوونی دۆخی عیراق؟
-باوه‌ڕناكه‌م ببێت به‌ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ باش بوونی دۆخه‌كه‌، دۆخی عیراق یان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تێكی ته‌وافوقی پێكبهێنرێت و لایه‌نه‌كان رێك بكه‌ون كه‌ له‌ كۆتاییشدا ره‌نگه‌ وابێت و حكومه‌تێك پێكبهێنن وه‌ك حكومه‌ته‌كانی ساڵانی رابردوو و له‌دوای 2003وه‌ كه‌ به‌ ته‌وافوق و رێكه‌وتنی لایه‌نه‌كان بووه‌‌و پێموایه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ ئه‌گه‌ر له‌ ورده‌كارییدا نه‌بێت، ئه‌گه‌ر نیازی باشی هه‌بێت و بۆی بكرێت له‌ حكومه‌ته‌كانی دیكه‌ سه‌ركه‌وتووتر نابێت، بۆیه‌ من پێشبینی ناكه‌م عیراق ببێت به‌ وڵاتێكی دیموكراسی و فره‌یی ‌و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ره‌و باشی بڕوات و له‌ ئاسۆیی عیراقدا ناتوانم بڵێم ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ چ كاتێكدا رووده‌دات، به‌ڵام میلله‌تێك هه‌ڵبژاردن بكات و 6% به‌شداریی تێدا بكات، واته‌ ئه‌م حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و لێیان رازیی نییه‌ .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عیراقدا نییه‌ هاریكاریی لایه‌نێك بكات دژی لایه‌نێكی تر

د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (الحره‌ ...