میدیای ئاراستە كراو و دۆزی كۆمەڵگە – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » میدیای ئاراستە كراو و دۆزی كۆمەڵگە

میدیای ئاراستە كراو و دۆزی كۆمەڵگە

هاناشوان

لەماوە هەفتەیەكدا سێ‌ ژن ژیانیان لەدەستداو بڵاو بونەوەی ئەو كارەساتە لەچەند میدیایەكەوە پشت ئەستور بوو بە لێدوانی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی كە ژنەكانی تێدا بوبونە قوربانی، ناوەرۆكی هەرسێ‌ هەواڵەكەش ئەوەبوو كە هەرسێ‌ ژنەكە خۆیان كوشتووە).ئەگەرچی شوێن و هەلومەرجی ژیان لەدەستدانیان جیاوازو دوربوو لەیەكەوە، بەڵام كێشە هەمیشەییەكەی لێدوانی پۆلیس و هەواڵی ژمارەیەك لە راگەیاندنەكان دووبارە ئەوەبوو كە (ژنەكە خۆی كوشتووە لێكۆڵینەوە بەردەوامە) ئەم هەواڵە لەبەشێك لە میدیا ئەلكترۆنیەكان و سۆشیال میدیا بۆچەند سەعاتێك بەردەوام بوو دەرئەنجام ئەوەبوو ژیانی قوربانیەكان كۆتایی هات و بەوكڵێشە هەمیشەییەی پێشتر ئاماژەم پێدا پۆلیس فایلەكە دادەخات و راگەیاندنیش هەواڵەكەیان لەكۆڵ كردەوە.
بڵاو كردنەوەی هەواڵەكە بەو شێوەیە ئاماژەیە بۆئەوەی ژیانی قوربانیەكان كۆتایی هات، بەڵام هاوكات ژیانی هەموو ژنەكانی تر درایەوە لە قاڵبە هەمیشەییەكانی كە (ژن لاوازە و بەرگەی كێشەكان ناگرێت و خۆی دەكوژێت) و میدیا ناراستەوخۆ تۆختری كردەوە، ئەگەرچی ئەوە لای هەموان وەك رۆژی رووناك وایە كە(زۆرن ئەوژنانەی كوژراون و دەوترێت خۆیان كوشتووە و ئەو ژنانەش كە خۆیان دەكوژن كەسانێك هەن لە پشت خۆكوشتنەكەیانەوە)، بەم شێوەیەش مەرگی ژنان دەكرێتە هەواڵێكی ئاسایی و تاوانباركردنێكی شاراوەش بەوەی ئەو ژنانە (خۆیان كوشتووە) دەرئەنجام كەس تاوانبار ناكرێت كەزۆر جار (كەسانی نزیكی قوربانیەكەن) كە راستەوخۆ هەمان رۆژ بەبێ‌ ئەوەی راپۆرتی پزیشكی دادوەری و دوابریاری بەڵگەو تاوانی لەسەربێت رادەگەیەنرێت.
بەپێی لێدوانی پۆلیس هەرسێ‌ حاڵەتەكە خۆكوشتنەو ئەو لێدوانانەش دەبنە سەرچاوەی هەواڵە ساردو سڕە بەئامانج ئاراستە كراوەكان. رونتر بڵێم هۆشیارانە ژمارەیەك میدیا بەتایبەت ئەلكارۆنیەكان لەرێگەی هەواڵی فەیك و ناحرفەیی كاربۆئەوە دەكەن كەسێتی ژنان پەراوێزتر و بچوكتر بكەنەوە و تێڕوانینە تەقلیدیەكەی كۆمەڵگە بۆ ژن تۆختر بكەنەوەو بەمەش وادەكەن كە كوشتن یا خۆكوشتنی ژنێك ببێتە هەواڵێكی ئاسایی ویژدان و فیكری كۆمەڵگە رانەچڵەكێنێت، بەڵكو بەدانانی وێنەی تەرمی فڕێدراوی ژنێك كەمێك هەست و سۆز دەهەژێنێت و لەسۆشیاڵ میدیادا شەیر دەكرێت و لێرەدا كۆتای پێدێت.
ئەمە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە جگەلەوەی كە هەرتاكێكی كۆمەڵگە بەشدارە لەو هەڵمەتە فشارە كۆمەڵایەتیە نەبینراوەی سەر ژنان و بەشداریشە لە كوشتن یا خۆكوشتنیان، بەڵگەش بۆئەمە دامەزراوەیەكی وەك پۆلیس بۆ لەكۆڵ كردنەوەی مەسەلەكە لەیەك هەفتەدا هەرسێ‌ حاڵەتەكەی كردە(خۆ كوشتن) لەلایەك بۆئەوەی بەدوای تاوانباردا نەگەڕێت و نەكەوێتە ئەوەی كەسانێك دەستگیر بكات كە یا حزبین یا عەشیرەتدارن لەلایەكیتر بە لێدوانەكانی بۆ كەناڵە جیاوازەكان كۆمەڵگە بەوشێوەیە ئاڕاستە دەبێت كە ژنان لاوازن و بەرگەی كێشە ناگرن و خۆیان دەكوژن و هەندێك لە كەناڵەكانیش كاری سەرە كییان بچوك كردنەوەی ژن و بەكەم زانینیەتی هەربۆیە هاوتەریب لەگەڵ پۆلیس كە هێشتا تەرمەكە سارد نەبۆتەوە دەڵێن (خۆی كوشتووە) بەمەش پەردە دەدەنەوە بەسەر راستیەكی حاشا هەڵنەگر كە ئەوە كۆمەڵگەیە هێدی هێدی دەمرێت نەك هەر ژنان كاتی راچڵەكین لە خەوی ئەوە هاتووە كە ژنێك خۆی دەكوژێت و تەواو دەبێت نەخێر ئەوژنە دەبێتە بەڵگەیەكی نەنوسراوی ئەم كۆمەڵگەیە كە پڕیەتی لە ئازاردانی گشت تاكەكانی.

دوو هەفتە لەمەوبەر
رۆژی 24/6 ژنێك لەماڵی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی بەمردووی دۆزرایەوە.
رۆژی 26/6 ژنێك لە چاكسازی (زیندانی ژنان) لە هەولێر بە مردووی دۆزرایەوە
رۆژی 28/6 ژنێك بەمردووی لەناو بیرێك لە ناحیەی چوار قورنە دۆزرایەوە
كارەساتی یەكەم كە نەهێڵرا روماڵ بكرێت قوربانیەكە ژنێك بوو كە زیاتر لە نۆمانگ بوو لەخانەی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی بوو كە لە ناوچەیەكی دوورە دەستەوە هێنرابوو لەلایەن دوو رێكخراوەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەی دراوە، بەڵام لەو رۆژەدا كە ژیانی لەدەستداوە لەدادگا بڕیار لەسەر كێشەكەی دراوە بەشێوەیەك قوربانیەكە بەناحەقی زانیوەو زۆر نیگەران بووە، دواتر وەك ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە ژنەكە بڵاو كرایەوە (خۆی خنكاندووە) واتە لەماوەی چەند سەعاتێكدا ئەوە یەكلایی كرایەوە كە ژنەكەی ماڵی داڵدەدان خۆی كوشتووە، بەڵام لە كۆتای هەواڵەكان نوسراوە (لێكۆڵینەوە بەردەوامە).
لەكارەساتی دووەم ژنێك لە چاكسازی هەولێر واتە لەزیندانی هەولێر ژیانی لەدەستدا، ئەمە جگەلەوەی بەهەمان شێوەی ژنەكەی سلێمانی رێگری كرا لە روماڵكردن، بەهەمان شێوەی هەواڵی پێشووش لەماوەی چەند سەعاتێكدا ئەوە یەكلایی كرایەوە كە رووداوەكە خۆكوژییەو لە راگەیاندندا بڵاوكرایەوە، ئەوە لەكاتێكدایە كە نەلێكۆڵینەوە تەواو بووە و نە راپۆرتی پەیمانگای دادوەری بڵاوكراوەتەوەو بەهەمان شێوەی رووماڵكردنی سەر زارەكیانەی پێشوو لەكۆتای هەواڵەكەدا نوسراوە(پۆلیس لێكۆڵینەوەدەكات).
كارەساتی سێهەم دۆزینەوەی تەرمی ژنێك بوو لەبیرێكدا لە چوار قوڕنە، چەند سەعاتێكی نەبرد راگەیەندرا كە ژنەكە (خۆی خنكاندووە)ئەوە لە كاتێكدا تەرمەكە هێشتا نەناسرابۆوەو پۆلیس داوایدەكرد كێ‌ خۆی بەخاوەنی دەزانێت وەریگرێتەوەو بەڕداوی (خۆ كوژی) تۆمار كرائەگەرچی لە كۆتای هەواڵەكەدا هاتووە كە (لێكۆڵینەوە دەستی پێكردووە).

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شۆڕش چییە؟

لە شۆڕش گرنگتر، بەشداریپێكردنی كۆمەڵانی خەڵك ‌و ئاوێتەبوونی شۆڕشە بە ...