بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، زانیاریی نوێ لەبارەی سیستمی بایۆمەترییەوە ئاشكرادەكاتو رایدەگەیەنێت، پڕۆژەكە دوو قۆناغی سەرەكی هەیە، قۆناغی یەكەم بریتیبوو لەخستنەڕووی ژمارەو داتاو زانیاری لەسەر ئەو كەسانەی مووچە لەهەرێم وەردەگرن، بەشی سەرەكی قۆناغی دووەمیش تایبەتە بەخزمەتگوزاری ژمێریاری ئەلیكترۆنی، بەجۆرێك ئامادەكردنی لیستی مووچە لەڕێگەی كاغەزو بەرنامەی ئێكسڵەوە كۆتایی دێت، دەرماڵەكانو بڕینو وەرگرتنی مووچەو سەرجەم رێوشوێنەكانیش بە ئەلیكترۆنی دەكرێن.
پارەیەكی زۆری بۆ حكومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە
هیوا ئەفەندی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەدیدارێكیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سلێمانی، رایگەیاندوە، سیستمی بایۆمەتری لە دوو قۆناغی سەرەكی پێكدێت، قۆناغی یەكەم بریتیبوو لەخستنەڕووی ژمارەو داتاو زانیاری لەسەر ئەو كەسانەی مووچە لەهەرێم وەردەگرن، كە حكومەتی هەرێم زانیاری تەواوی لەبەردەست نەبوو، بۆیە داتابەیسێك لەو قۆناغەدا دروستكرا كە سەرجەم مووچەخۆران تۆماركرانو ناوی ئەو كەسانەش دیاریكرا كە زیاتر لەیەك مووچە وەردەگرن، هەركەسێكیش ناوی خۆی لەو داتا بەیسە تۆمارنەكردبێت، مووچە وەرناگرێتو راگیراوە، لەئێستاشدا لیستی موچەی فەرمانبەران بەپشت بەستن بەداتاكانی بایۆمەتری ئامادە دەكرێت.
وتیشی:»قۆناغی دووەمیش كە لەچەند بەشێك پێكدێت، بەشی سەرەكی تایبەتە بەخزمەتگوزاری ژمێریاری ئەلیكترۆنی، بەجۆرێك ئامادەكردنی لیستی مووچە لەڕێگەی كاغەزو بەرنامەی ئێكسڵەوە كۆتایی دێت، دەرماڵەكانو بڕینو وەرگرتنی مووچەو سەرجەم رێوشوێنەكانیش بە ئەلیكترۆنی دەكرێن».
راشیگەیاندوە، لەڕێگەی سیستمی بایۆمەترییەوە پارەیەكی زۆری بۆ حكومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە، ئەوەش واتای ئەوەیە بەشێكی مووچەی فەرمانبەرانی دیكەی پێ دابین دەكرێت.
مووچەی كارمەندانی گرێبەست
ئەوەش ئاشكرادەكات، هۆكاری سەرەكی كەمكردنەوەی رێژەی پاشەكەوت، بۆ سیستمی بایۆمەتری دەگەڕێتەوە كە توانیویانە سیستمی مووچە رێكبخەنەوەو ژمارەیەكی زۆری خەڵك لەترسی بایۆمەتری هەر خۆیان تۆمارنەكردوە تائێستا.
لەبارەی مووچەی كارمەندانی گرێبەستو پەیوەست بەسیستمی بایۆمەتریەوە، هیوا ئەفەندی جەختیكردەوە، «تا ئەوكاتەی حكومەت بڕیاریان لەبارەوە دەدات، وەك هەر مووچەخۆرێكی دیكە لە سیستمەكە تۆماركراون، لەقۆناغی دووەمی سیستمەكەشدا، ئەوە پەیوەستە بەوەی ئەگەر بكرێنە هەمیشەیی بەشێوازێكی ئاسان دەكرێنو ئەبدەیتی زانیارییەكان دەكرێت».
چارەسەری كێشەی دەرماڵەكان
ئاماژەی بەدەرماڵەكانیش كردوەو دەڵێ:»دروستكردنی ژمێریاری ناوەندی، دەبێتە هۆی چارەسەری كێشەی دەرماڵەكان، بڕە پارەیەكی زۆر بۆ دەرماڵە تەرخانكراوە، هەندێك دەرماڵە هەیە پێویست ناكات دووبارە ببنەوەو بەشێكیان ناوی سەیرو سەمەرەیان هەیە، لەوەزارەتێكەوە بۆ وەزارەتێكی دیكەش جیاوازن، لەسیستمی ژمێریاریی ناوەندی، سەرجەم ئەو جیاوازیانە رەچاو دەكرێت، كۆی گشتی دەرماڵەكانیش لەلای حكومەت روون دەبێت».