هونەرمەندانی كەركوك، ببنە گوڵدانی چەپكە گوڵەكەی مام – knwe.org
سەرەکی » هەمەڕەنگ » هونەرمەندانی كەركوك، ببنە گوڵدانی چەپكە گوڵەكەی مام

مەلا بەختیار:

هونەرمەندانی كەركوك، ببنە گوڵدانی چەپكە گوڵەكەی مام

رۆژی 4/8/2018 ژمارەیەك لەهونەرمەندانی شێوەكاری نەتەوە‌و پێكهاتەكانی كەركوك، بەئامانجی پشتیوانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتیی، بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەكی هونەریی كە سەرجەم هونەرمەندانی شێوەكاری نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك لەخۆی بگرێت، لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، سەردانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیان كرد.
لەدیدارێكیشدا، پاشئەوەی شێوەكارانی كەركوك پەیام‌و یاداشتێكیان لەپێناو پرۆژەیەكی هونەری ئاراستەی دەستەی كارگێڕی كرد، ئاماژەشیان بۆ ئەوەكرد: سەردانەكەیان بۆلای دەستەی كارگێڕی، لەو ڕوانگەیەوەیە، كە مەلا بەختیار، وەك روناكبیرو سیاسەتمەدارێك، هەمیشە پەرۆش ‌و پشتیوانی كایە جیاوازەكانی هونەرو روووناكبیر بووە.
لەبەرامبەریشدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، هاوكات لەگەڵ تەئكیدكردنەوە لەپشتیوانی بۆ داخوازیی‌و ئامانجەكەیان، وتی: هونەر شوناسێكی نێونەتەوەیی هەیە، نەك بەتەنها شوناسی نەتەوەیی، یا مەزهەبی، بەڵكو هونەر لەهەستدایەو سنوربەزێنە.
لەو دیدەشەوە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، جەختیكردەوە: بۆ كەركوك ‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان، دەبێ‌ هونەر زیاتر لەهەر جێگەیەكی تر، هەستێكی باڵاتری مرۆڤایەتی هەبێ‌، لەهەر هەستێكی تری نەتەوەیی‌و سیاسی‌و مەزهەبی‌و ئایدۆلۆجی. بۆیە پێویستیشە، هونەرمەندانی كەركوك، بەهرەمەند و داهێنەرانەكانی بەهەمان هەڵەی سیاسەتمەدارەكاندا نەڕۆن، بەڵكو دەبێ‌ بەربەست بێ‌ لەبەردەم هەر بڕیارێكی ئیداریی و سیاسەتێكی هەڵەدا‌و بەپێچەوانەوە، هەوێنی پێكەوە ژیانی ئاشتی مرۆڤایەتی‌و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بێت، بۆیە هەمیشە مام دەیفەرموو: كەركوك دەبێ‌ چەپكە گوڵەكە بێ‌، بەتایبەت كە ئێستا كەركوك لەقۆناغی وەرگۆڕاندایە.
لەبەرامبەریشدا، هونەرمەندان شێوەكاری نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك، سوپاسی پەرۆش‌و بەتەنگەوەهاتنی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیان كرد‌و ئومێدیانخواست لەئاییندەیەكی نزیكدا، چەترێك سەرجەم هونەرمەندانی شارەكە بێ‌ جیاوازی كۆبكاتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خەڵاتی یەکەمی سیناریۆی بردەوە

لەچوارچێوەی بەڕێوەچوونی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی کە بە بەشداری(١٢٢)فیلم ...