رەوشی مرۆیی یەمەن خراپتر دەبێت – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و راپۆرت » رەوشی مرۆیی یەمەن خراپتر دەبێت

رەوشی مرۆیی یەمەن خراپتر دەبێت

لە پاش بۆمبارانکردنی بازاڕێکی میللی و نەخۆشخانەیەک لە شاری « الحدیدة» یەمەن لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە رابەرێتی عەرەبستانی سعودیە، رێکخراویی UN نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە رەوشی مرۆیی لەم وڵاتە دەردەبرێت و لەهەمانکاتیشدا داوای راگرتنی یەکسەری جەنگ دەکات. لە لایەکی تریشەوە دووبارە هۆشداری دەداتەوە لە بارەی ئەوەی کە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، روو لەزیادبوونە. سعودییە و هاوپەیمانەکانیشی، نکوڵی لەو بۆمبارانە دەکەن و حوسییەکانیش بەو کارە تۆمەتبار دەکەن .

بۆمبارانکردنی شوێنی مەدەنیی
هەرچەندە لەوەتەی جەنگی یەمەن دەستیپێکردووە، هێزەکانی سعودیە و هاوپەیمانەکانی بە تایبەتی فرۆکە جەنگییەکانی، چەندینجار ناوچەی مەدەنیی و نەخۆشخانە و بازاڕەکانیان کردۆتە ئامانج و خەڵکی زۆریش بوونەتە قووربانی. لە دوایین تاواندا رۆژی پێنچ شەممە فرۆکە جەنگییەکانی سعودییە و هاوپەیمانەکانی، بازاڕێکی ماسیی فرۆشتن لەناو شاری « الحدیدة» بۆمبارانکرد، ئەو بازاڕەش کە رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکات بۆ کڕینی شـمەکی ناوماڵ، هەروەها نەخۆشخانەیەکیش لە دەوروپشتی بازاڕەکە، بە سەختی بۆمبارانکراوە، کەبووە هۆی کوژرانی سەرو 55 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 125 کەس، برینی زۆربەشیان سەختە ، هەربۆیە ئەگەری زۆربونی ژمارەی قووربانیان زۆرترە.

UN ئیدانەی کرد
لە بەرامبەر ئەو تاوانەدا، لیزا گراندی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن رایگەیاند: ئەم رووداوە دڵتەزێنە توشی شۆکێکی گەورەی کردین. راشیگەیاند: نەخۆشخانەکان بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزراون و هیچ بیانوویەکیش نییە بۆ پەلاماردان و بۆمبارانکردنیان.

زەرەرێکی کوشندە بوو
لە درێژەی لێدوانەکەیدا لیزا گراندی رایگەیاند: بۆمبارانکردنی ئەم نەخۆشخانەیە زەرەرێکی کوشندە بوو، چونکە ئەم نەخۆشخانەیە یەکێکە لە نەخۆشخانە گەورەکانی یەمەن کە لە ئێستادا کار دەکات. وتیشی: ئەم نەخۆشخانەیە یەکێکە لە سەنتەرە باشەکانی چارەسەری کۆلێرا لە یەمەن.

شارێکی گەمارۆدراو
جێگەی ئاماژەیە ماوەی چەند مانگێکە شاری « الحدیدة» لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی وە گەمارۆدراوەو شەڕێکی گەورەی تیدا روودەدات، ئەم شارە تاکە بەندەری یەمەنە کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان و تاکە دەروازەشە بۆگەیشتنی ماددەی خۆراکیی و چەکو تەقەمەنی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان.

سعودیە نکوڵی لێکرد
لەبەرامبەردا عەقید ترکی مالکی وتەبێژی هێزە هاوپەیمانەکان ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوەو بە کەناڵی « العربیة» ی سعودیییە راگەیاند: ئێمە ئەو هێرشەمان نەکردووە و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبین. لە لایەکی ترەوە مالکی حوسییەکان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند: ئەوە میلیشیا حوسییەکان بوون ئەو کارەیان ئەنجامداوە.

هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا
لە لایەکی ترەوە لیزا گراندی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا داو رایگەیاند: پەلاماردانی ئەو نەخۆشخانەیە زەرەرەی زۆری هەبوو، چونکە زیاتر لە سەدان هەزار کەس، چارەسەری نەخۆشی کۆلێرایان لێوەردەگرت. وتیشی: ئەگەری زۆر هەیە کە دووبارە نەخۆشی کۆلێرا لە یەمەن زیاتر بڵاوبێتەوە. جێگەی ئاماژیە بە پێی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، زیاتر لە یەک ملیۆن یەمەنی تووشی نەخۆشی کۆلێرا بوون و نزیکەی 2200 کەسیش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.

داوای راگرتنی جەنگ
دووبارە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیانێکدا داوای لە هەموو لایەنەکانی جەنگی یەمەن کرد، کە ئاگربەست رابگەینن، چونکە رەوشی مرۆیی لەو وڵاتەدا، تەواو خراپە. جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی 2015 وە سعودیە و هاوپەیمانەکانی، بە تۆمەتی جەنگ لەدژی حوسییەکان و هەژموونی ئێران،پەلاماری یەمەنیان داو جەنگێکی ماڵوێرانیان بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپاندووە، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، بڵابوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا و برسێتی لەم وڵاتە، هەتاوەکو ئێستاش هیچ ئاسۆییەکی ئاشتی نابیرێت بۆ راگرتنی ئەم جەنگە.

سەرچاوە:فرانس 24، دۆیتچە ڤێلە، رۆیتەرز.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆژنامەیەکی ئەمریکا دەڵێت: ئەمریکا دەتوانێت کێشەکانی عیراق چارەسەر بکات

رۆژنامەی ۆلد ستریتر ژوڕناڵ کە رۆژنامەیەکی ناسراوی ئەمریکایە، لە راپۆرتێکیدا ...