روسیا بۆ ئیسرائیل: ئێرانییەكان لە سوریا دەرناكەین – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » روسیا بۆ ئیسرائیل: ئێرانییەكان لە سوریا دەرناكەین

دەڵێت رۆڵی گرنگییان هەیە

روسیا بۆ ئیسرائیل: ئێرانییەكان لە سوریا دەرناكەین

ئەناتۆلی ڤیكتۆرۆڤ باڵێوزی روسیا لە ئیسرائیل راگەیاند، داواكارییە بەردەوامەكانی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل سەبارەت بە پێویستی چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە سوریا، «داواكارییەكی ناواقعین».
باڵێوزی روسیا لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی 10ی تەلەفیزیۆنی ئیسرائیلی رایگەیاندبوو»ئێرانییەكان رۆڵی زۆر زۆر گرنگ دەبینن لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەكان بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان لە سوریا. بۆیە ئێمە لەم قۆناغەدا داواكارییەكانی ئیسرائیل بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە سوریا بە داواكارییەكی ناواقعی دادەنێین».
بە گوتەی ئەناتۆلی ڤیكتۆرۆڤ باڵێوزی روسیا لە ئیسرائیل» بەپێی پرەنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بوونی ئێرانی لە سوریا تەواو شیاوە «.
لە وەڵامی پرسیارێكی تایبەت بە ئەگەری دەركردنی ئێرانییەكان لە سوریا لەلایەن مۆسكۆوە، باڵێوزەكەی روسیا رایگەیاندبوو»نەخێر ناتوانیین ناچارییان بكەین لە سوریا بچنە دەرەوە».
سەبارەت بە هەڵوێستی روسیاش لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی درانە پاڵ ئیسرائیل لە سوریا و تێیاندا پێگە ئێرانییەكان و هاوپەیمانەكانی ترانە لەوانە حزبوڵڵا كرانە ئامانج، ڤیكتۆرۆڤ دەڵێت»ئێمە لەگەڵ هەموو شێوازەكانی بەكارهێنانی هێزدا نیین لەلایەن حكومەتی ئیسرائیلەوە».
باڵێوزی روسیا لە ئیسرائیل دەڵێت»بەڵام ئێمە ناتوانیین ئیسرائیل رازیی بكەین بەوەی كە دەبێت بەمشێوازی یان بەو شێوازە هەڵسوكەوت بكات، یان رێگریی لێبكەین».
نەتەنیاهۆ چەند جارێك لەماوەی ئەم چەند مانگەی دواییدا، داوای كردبوو ئێران هێزەكانی لە سوریا پاشەكشە پێبكات.
ئاشكراشە، ئیسرائیل چەند جارێك كاروانی رەوانەكردنی چەكی بۆردومان كردووە كە بە گوتەی خۆی، بۆ حزبوڵڵای لوبنانی لە سوریادا رەوانەكرابوون.
لەبارەی بۆردومانەكانی ئەم دواییەی دەوڵەتی عیبری بۆچەند «پێگەیەكی ئێرانی لە سوریا» بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە 10ی ئایاری 2018 رایگەیاندبوو»ئێران هێڵی سوری تێپەڕاندووە»، جموجۆڵەكانی ئیسرائیلیش وەك «سزایەك» بوون بۆ ئەو وڵاتە.
بە وتەی نەتانیاهۆ»رێگە نادەین ئێران جێ‌ پێی خۆی لە سوریادا قایم بكات. بەڵام ئەگەر سوپای سوریا كەوتە جموجۆڵ لە دژی ئێمە، ئەوا ئێمە رووبەڕووی دەبینەوە».
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت»ئەوەی زیانمان پێبكەیەنێت، ئەوا حەوت قات زیانی پێدەگەیەنین، ئەوەی خۆی بۆ زیانگەیاندن بە ئێمە ئامادە بكات، ئەوە بەر لەوە ئێمە دەستپێشخەری دەكەین و گورزی خۆمانی لێدەوەشێنین».
گومانی تێدا نییە، پاشەكشەكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، هێندەی تر تەنگژەكانی لە ناوچەكەدا زیاتر كرد. نەتانیاهۆ لەنێوان ئەوانەدا بوو كە ترەمپی هاندەدا لەو رێكەوتنە پاشەكشە بكات.
ئێران بەتەواوەتی ئیسرائیل بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دادەنێت، چەند جارێكیش بانگەشەی لەناوبردنی دەوڵەتی جولەكەی كردووە.
نیگەرانییەكان بەهۆی پشتیوانی سەربازیی ئێران بۆ حكومەتی سوریا زیادی كردووە. نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، سوپای پاسدارانی ئێران چەكی پەرەسەندووی بۆ سوریا گواستۆتەوە، موشەكەكانی زەوی بە زەوی و سەكۆی موشەكە دژ بە فڕۆكەكان، دەكرێت ببنە مایەی هەڕەشە بۆسەر فڕۆكەكانی ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل لەپاش ئەو هێرشانەی لەدژی دامەزراوە ئێرانییەكان لە سوریا ئەنجامیدان، چاوەڕوانی هێرشی دەكرد لەلایەن ئێرانەوە.
لە یەكێك لە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر پێگەیەكی سەربازی ئێرانی لە سوریا، حەوت سەربازی ئێرانی كوژران.
دوژمنایەتی و تەنگژەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە مێژوویەكی دووردرێژییان هەیە، بەڵام دوای ئەوەی ئێران بوونی سەربازی خۆی لە سوریا فراوانكرد كە وڵاتێكی هاوسنورە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو دوژمنایەتی و تەنگژانە زیاتر چڕبوونەوە.
ئێران بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بە چەك كۆمەكی حزبوڵڵای لوبنانی دەكات.
سەرباری ئەوەش ئیسرائیل ئێران بە رەوانەكردنی چەك بۆ مقاوەمەی فەلەستینی تۆمەتبار دەكات.
نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ ماوەیەكی زۆر دەچێت بەڵێنیداوە، رێگە لە پتەوبوونی سەربازیی ئێران لە سوریادا بگرێت.
ئیسرائیل لە مانگی نیسانی رابردوودا، لەنێو سوریادا پێگەیەكی سەربازیی بۆردومان كرد و لەو بۆردومانەشدا ژمارەیەك ئێرانی كوژران.
دوابەدوای ئەوەش لە مانگی ئایاردا، ئێرانییەكان چەند پێگەیەكی سەربازی سوپای ئیسرائیلیان لە بەرزاییەكانی جۆلان كردە ئامانج، بەڵام قەبارەی زەرەر و زیانەكانی ئەو هێرشە ئاشكرا نەكرا.
دوابەدوای ئەوەش ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی لەنێو خاكی سوریا «لەدژی پێگە سەربازییەكانی ئێران» ئەنجامدا، ئەو هێرشانەش هێندەی تر ئەگەری جەنگ و رووبەڕبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆی نێوان ئەو دوو وڵاتەی لەنێو خاكی سوریادا هێنایەئارا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بیری‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌ هۆنراوه‌كانی‌ (برایم ئه‌حمه‌د )دا

ئه‌م باسه‌ به‌شێكه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌كادیمی‌،كه‌ له‌لایه‌ن (سامان سه‌لاح له‌تیف)، ...