قوباد تاڵەبانی: فڕۆكەخانە یەكێكە لە سەرچاوەكانی داهات و ئابووری بۆ وڵات – knwe.org
سەرەکی » ئابووری » قوباد تاڵەبانی: فڕۆكەخانە یەكێكە لە سەرچاوەكانی داهات و ئابووری بۆ وڵات

كردنەوەی تێرمیناڵی نوێی فڕۆكەخانەی سلێمانی

قوباد تاڵەبانی: فڕۆكەخانە یەكێكە لە سەرچاوەكانی داهات و ئابووری بۆ وڵات

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و سەرمایەداران و بازرگانان، تێرمیناڵی نوێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كرایەوە، كە رووبەرەكەی زیاترە لە هەزارو 500 مەترەو لەوتەیەكیشیدا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیامێكی ئاڕاستەی حكومەتی توركیا كردو وتی:»چاو بەبڕیارەكانی بەرامبەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بخشێنێتەوەو قەدەغە لەسەر گەشتی فڕۆكەخانەكانی وڵاتەكەی‌و فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت‌و گەشتەكان‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ئاسایی ببێتەوە».

یەكێكە لە سەرچاوەكانی داهات و ئابووری
لەمەراسیمی كردنەوەی تێرمیناڵی نوێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كە رۆژی 6ی ئابی 2018 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پەیامێكی ئاراستەی توركیا كردو وتی:»هەر لەسەرەتاوە كردنەوەو دامەزراندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی یەكێك بوو لە دەستكەوتە گەورەو گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی دەروەی دەبەستێتەوەو رێگەیەكی زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدانی بواری بازرگانی‌و ئابووری لە وڵاتادا».
راشیگەیاند، فڕۆكەخانە یەكێكە لە سەرچاوەكانی داهات و ئابووری بۆ وڵات‌و هەمان كات بوارێكی زۆر گرنگە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان تا بتوانن تواناكانی خۆیانی تێدا بخەنەگەڕو بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان‌و گەنجانی وڵات بخاتە سەر كار.

هەر لەو پلەیەدا بمێنێتەوە
قوباد تاڵەبانی لە وتەكانیدا زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرو ستاف و سەرجەم كارمەندانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كرد كە توانیویانە بە لێبڕاوانە سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی‌و نەبوونی مووچە بە باشی‌و بە رێكوپێكی كارەكانیان راپەڕێنن. وتیشی: «هیوامان وایە وەك چۆن فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی یەكێك بووە لە فڕۆكەخانە باش‌و پێشكەوتوو یەكەمەكانی هەرێمی كوردستان‌و عیراقیش هەر لەو پلەیەدا بمێنێتەوەو كارمەندانی فڕۆكەخانە بە لێبڕوانە كاربكەن‌و رێگە نەدەن بازرگانی بە مرۆڤەوە بكرێت‌و رێگربن لە هاتنە ناوەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتەكەمان‌و خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتییان بگەیەنن».

دەستپێكردنەوەی گەشتی(توركیا – سلێمانی)
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای لە وڵاتی توركیا كرد، چاو بەبڕیارەكانی بەرامبەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بخشێنێتەوەو قەدەغە لەسەر گەشتی فڕۆكەخانەكانی وڵاتەكەی‌و فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت‌و گەشتەكان‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ئاسایی ببێتەوە، چونكە ئەو بارگرژییەی ئێستا خزمەت بەهیچ لایەك ناكات‌و چەند بۆ هەرێمی كوردستان زیانی دەبێت ئەوەندە زیاتر بۆ توركیا زەرەری دەبێت بە تایبەت لە ئێستادا كە بارودۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە زۆر باش نییە.
وتیشی: «دۆخی كوردستان هەر بەمشێوەیە نامێنێت‌و دۆخی ئابووری هەرێم باش دەبێت‌و بازرگان‌و سەرمایەداران دەگەڕێنەوە، بۆیە دەبێت فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەهێز بكرێن و خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بكەن».

یەكێكە لەباشترین فڕۆكەخانەكانی عیراق
لای‌ خۆشیەوە، تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، وتی:»لەدوای زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و فراوان بوونی چالاكی بازرگانییەكان، پێویست بوو كە تێرمیناڵی فڕۆكەخانەی سلێمانی فراوان بكرێت».
وتیشی:»پڕۆژەكە لەسەر رووبەری 1650 مەترو بەدوو بەش جێبەجێكراوە، بودجەكەشی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابینكراوە كە بڕەكەی ملیۆنێك و 137 هەزار دۆلارەو لەلایەن كۆمپانیا زەریای سەر بە فاروق گروپەوە جێبەجێكراوە».
بەوتەی تاهیر عەبدوڵڵا، ئاستی ئێستای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی زۆر بەرزە، بەشێوەیەك هیچ فڕۆكەخانەیەكی عیراق نییە كە چوار سێكتەر لەخۆبگرێت.
ئەوەشی راگەیاند، هەفتەی رابردوو چوار تیمی پشكینن هاتوونەتە فڕۆكەخانەی سلێمانی و هیچ تێبینییەكیان لەسەر كارەكان نەبووە، بۆیە ئێستا فڕۆكەخانەی سلێمانی یەكێكە لەباشترین فڕۆكەخانەكانی عیراق لەڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەوە.

سەنتەری ترانزێت لە عیراقدا
هەر لەمەراسیمەكە، هەڤاڵ ئەبوبەكر پاریزگاری سلێمانی، رایگەیاند، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی‌ سلێمانی پێگەو شكۆی خۆی هەیە لەسەر ئاستی عیراق‌و ناوچەكەو لەسەر ئاستی كارگۆیش یەكەمی هەموو عیراقە.
وتیشی:»پلانیش هەیە فڕۆكەخانەیەكی دیكەی نێودەوڵەتی لە سلێمانی دروست بكرێت‌و شارەكە بكرێت بە سەنتەری ترانزێت لە عیراقدا».
ئاشكراشیكرد، دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عیراق بودجەی تەرخانكردوە بۆ نوێكردنەوەی سەرجەم فڕۆكەخانەكانی عیراق‌و سلێمانیش لەڕیزبەندی یەكەمی ئەو بودجەیە دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بە سیستمی‌ بایۆمەتری‌ مووچەیان پێدەدرێت

لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری مووچە ئاشكرایدەكات، مووچەی‌ مانگی‌ هەشتی‌ كەسوكاری‌ ...