هیندستان و بودا لە دیدی هێرمان هێسەوە – knwe.org
سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » هیندستان و بودا لە دیدی هێرمان هێسەوە

هیندستان و بودا لە دیدی هێرمان هێسەوە

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی « سیدهارتا» ی هێرمان هێسە

نووسین باشە، بیرکردنەوە باشترە، ئاقڵی باشە، سەیر باشترە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

زۆرێک لە ئەوروپییەکان زۆر درەنگ شارستانییە گەورەکەی هیندستانیان بۆ کەشفبوو، دیارە یەکێک لە هۆکارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنی ئەم وڵاتە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، کە هەمیشە ئەو وڵاتەیان وەکو وڵاتێکی دواکەوتوو لە هەموو روویەکەوە سەیرکردوو، بە تایبەتی لە رووی کولتوورییەوە، لێ پاش چەندین سەدە ئینجا ئەوروپییەکان هەستیان کرد، ئەو قسانەی ئینگلیزەکان راست دەرنەچوو، بگرە هیندستان خاوەنی یەکێکە لە شارستانییە مەزنەکانی جیهانە، کە هیچی لە شارستانی یۆنانی کەمتر نەبووە. هەرچەندە لەناو حەشاماتی هەواداری لووتبەرزی عەقڵی ئەوروپیدا، چەند کەسێکی ژیرو مرۆڤ دۆست پەیدابوون، کە رووی هەقیقی ئەم شارستانییەیان بۆ ئەوروپا و جیهان کەشف کرد. یەکێکیش لەو کەسانەی کە زۆرجوان شارەزایی لەم شارستانییە مەزنە هەبوو، نووسەری ناسراوی ئەڵمانی « هێرمان هێسە» یە، ئەمەش بە جوانی لە رۆمانی « سید هارتا» دەرکەوتووە.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە
ئەم رۆمانە باسی کەسێک دەکات بەناوی « سید هارتا»، کەسێکە کە لە رووی بژێویی ژیان هیچی لێ کەم نییە، بگرە زۆر خۆشیش دەژی، لێ هێشتا پێی وایە کە شتێکی لێ وونبوەو دەگەڕێت بە دوای هەقیقیەتێکدا ، ئەوەبوو لەگەڵ « گۆڤیندای» ی هاوسەریدا بڕیار دەدەن کە شار جێبهێڵن و دەیانەوێت واز لەژیانی دەوڵەمەندی بهێنن و ببنە سامانا، لە هیندستاندا، بەو کەسانەی دەڵێن کە واز لە خۆشی ژیان دەهێنن و بەدوای خودا پەرستیدا وێڵن کە زیاتر وەکو « سۆفی» لای خۆمان وایە. کاتێک سیدهارتا و گۆڤیندای ژنی نازونیعمەتی باوکی بەجێدە‌هێڵن و روودەکەنە دارستانەکان، هەرچەندە بۆیان زەحمەتە خۆیان لەگەڵ ئەم ژیانە رابێنن، بەڵام پاشتر رادێن و دەبنە سامانا.

بینینی بودا
لەم رۆمانەدا « بودا» و تێڕوانین و بۆچوونەکانی، تارماییەکی گەورە داگیر دەکەن، تەنانەت ناوی « سید هارتا» ناوی ئەسڵی بودایە، تاڕادەیەکی زۆریش ژیانی سیدهارتا و بوداش لە یەکتری دەچێت زۆرجار هەست دەکەیت کە باسی ژیانی بودا دەکات. جگەلەوەش بەشێوەیەکی راستەوخۆش، نوسەر هاتووە بودای خستۆتە ناو رۆمانەکەیەوە ، ئەوەش لەرێگەی سید هارتاوە.
پاش ئەوەی ماوەی سێ ساڵ سید هارتا و گۆڤیندای هاوسەری لەلای ساماناکان دەمێننەوەو فێری زۆر شت دەبن، رۆژێکیان باس لە هاتنی پیاوێکی ئایینی پایە بەرز دەکەن کەئەویش « بودا» یە کە لێرە ناوی « گۆتامایە» ی لێناوە» ئەمەش نازناوی ئەسڵی بودایە» . پاشئەوەی خۆیی و گۆڤیندای هاوسەری بەشداری یەکێک لە دانیشتنەکانی دەکەن و گوێ بۆ ئامۆژگارییەکانی دەگرن، دواتر سید هارتا دەکەوێتە گومانەوە و دەچێت بودا بە تەنها دەبینێت و دیالۆگێکی قووڵی فکری و ئایینی پێکەوە دەکەن. لێ سید هارتا هیچ قەناعەت بە قسەکانی بودا ناکات، بەڵام ئەم دیدارە گۆڕانکارییەکی قووڵ و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیانی دادەنێت، بەشێوەیەک دوای ئەو دیدارە واز لەژیانی سۆفیگەریی دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی خۆشیی و کامەرانیی و وازیش لە گۆڤیدانی هاوسەری دەهێنێت، چونکە ئەو ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی ئاسایی و دوای بودا دەکەوێت، بەڵام سید هارتا دەگەڕێتەوە ناو شارو و دەچێتە باوەشی خانمێکی ترەوە، کەئەویش کامالای شٶخ و شەنگ و دەوڵەمەندە.

گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی
پاش نزیکەی سێ ساڵ لە ژیانی سامانا، سید هارتا بێزار دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی، ئەمەش نووسەر بە « بێداربوونەوە» ناوی بردووە.
-ئەو بەراستی وەکو وەکو کەسێکی بێداربووەوە یان تازە لەدایکبوو وابوو، دەبوو ژیانی سەرلەنوێ و بە تەواوی لەسەرەتاوە دەستپێ بکات. ل 57
بەڵام سید هارتا ناگەڕێتەوە بۆ شار و بنەماڵەکەی خۆی، بگرە شوێنێکی تر هەڵدەبژێرێت ئەوەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کە خۆی بەمشێوەیە باسی لێوە دەکات:
-من براهمان نەماوم، لەماڵەوەو لەلای باوکم چی بکەم؟ بخوێنم؟ قوربانی بددەم؟ تێڕامێنم؟ هەموو ئەم شتانە بەسەرچوون، هەموو ئەم شتانە لە رێگەم نەماون ..ل 57
ناگەڕێتەوە وڵاتی خۆی، روو لە شارێکی تر دەکات و بە رێکەوت کامالای شٶخ و شەنگ دەناسێت و پێکەوە ماوەیەکی خۆشی ژیان بەسەر دەبەن. دواتر لەسەر داوای کامالای خێزانی ، سید هارتا دەستدەکات بە کارو کاسبی و دەچێتە لای کاماسڤامی بازرگان و پێکەوە ماوەیەکی زۆر کاسپی و بازرگانی دەکات و ژیانێکی دەوڵەمەندیی و ئاسوودەگەی بەسەر دەبات، بەڵام ئەمەش تاسەر نابێت و دووبارە سیدهارتا بۆچوونی دەگۆڕێت.

زیندووبونەوەی گیانی سامانا
پاش ماوەیەکی زۆر ژیانێکی پڕ خۆشیی و کامەرانی لەگەڵ کامالای هاوسەرە نوێکەی بەسەر دەبات، لەژیانی بازرگانیشدا زۆر سەرکەوتوو دەبێت و دەوڵەمەند دەبێت، بەڵام دووبارە بیرکردنەوەو تێڕامان لە ژیان و گەردوون، دووبارە هەستە ساماناکانی تێدا زیندوو دەکەنەوەو واز لە کامالا و ژیانی بازرگانی دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناو دارستانەکان.
-سیدهارتا تا ماوەیەکی زۆر لە ژیانی دونیایی و لەزەت و خۆشیدا ژیا، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بەو دونیایەوەی ببەستێت، هەستەکانی ، کەلە ساڵانی سامانییدا کوشتنی، دیسان زیندوو بونەوە، دەوڵەمەندی تاقیکردەوەو، جێژی تاقیکردەوە، دەستەڵاتی تاقیکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەیەکی زۆر لە دڵەوە سامان مابووەوە، کامالا، کامالای ئاقڵ بە باشی هەستی بەمە کردبوو، ،، ل 96
لەپڕ سیدهارتا دیار نامێنێت و کۆشك و تەلار و کامالای هاوسەری بەجێدەهێڵێت، لەکاتێکدا کامالای هاوسەریشی دوو گیان دەبێت، بەڵام سیدهارتا گوێی ناداتێ و روو لەدارستان دەکات و پاش ماوەیەک لە کەناری رووبارێک لای ڤاسۆدیڤای هەژار دەگیرسێتەوە.

کۆتایی
پاشئەوەی ماوەیەک لەلای ڤاسۆدیڤای هەژار لە کەناری رووبارێک، ژیانێکی هەژاریی و بێدرامەتی دەژی، سەرەتا بۆی ئاسان نییە دووبارە وەکو پیاوێکی کرێکارو هەژار بژی، بەڵام دواجار فێر دەبێت. رۆژێکیان لە پڕ کامالای خێزانی دەبینێتەوە کە لەناو کاروانێکدایە دەیانەوێت بپەڕێنەوە بۆ ئەوبەر رووبارەکە، بەڵام باری تەندروستی تێکدەچێت و لەوکاتەدا سیدهارتا دەبینێتەوە، بەڵام بە هۆی خراپبوونی باری تەندروستییەوە گیانی لەدەستدەدات، بەڵام پێش ئەوەی بمرێت کوڕەکەی پێ پیشان دەدات و دەڵێت: ئەوە کوڕەکەتە ئاگات لێی بێت.
سەرەتا سیدهارتا زۆر دڵی بە دۆزینەوەی کوڕەکەی خۆش دەبێت، بەڵام دواجار ئەم کوڕە دەبێتە مایەی نارەحەتی بۆی، چونکە ئەو پێشتر لەناو کۆشک و تەلاری دایکیدا ژیانێکی دەوڵەمەندانە ژیاوە، ناتوانێت لە لای باوکە هەژارەکەی، ژیانی کوولەمەرگی بژی، هەربۆیە پاشمـاوەیەک کوڕەکەی لەدەستی رادەکات و سید هارتا بەجێهدەڵێت. ئەمەش کاریگەری زۆر خراپ دەکاتە سەر ژیان و هەست و نەستی سیدهارتا و لەناخەوە دەیهەژێنێت.
بابەتە گرنگەکانی ناو ئەم رۆمانە
ئەم رۆمانە هەرچەندە لە رووی قەبارەوە زۆر بچووکە، لێ ناوەڕۆکێکی تەواو دەوڵەمەندی هەیە و کۆمەڵێک بابەتی زۆر لە خۆی دەگرێت، گرنگترینیان : ناساندنی شارستانی هیندی، ئایینی بودا و طقوساتەکانی سۆفیگەریی و کەسانی رۆحی هیندی، خۆشەویستی، ژیاندۆستی، حیکمەتی ژیان، ژیانی بازرگانی و دەسەڵاتداریی. کۆمەڵێک بابەتگەلی تر.

هیندستان و شارستانییە دێرینەکەی
خوێنەر لە رێگەی ئەم رۆمانە کورتەوە، کۆمەڵێک زانیاریی زۆر لەبارەی شارستانی هیندی دەستدەکەوێت، بە تایبەتی لایەنی رۆحی، فەلسەفیی، مێژوویی، ئەفسانە. بەراستی هێرمان هێسە شارەزایی باشی لەبارەی شارستانی دێرینی هیندستان هەبووە، من لەرێگەی ئەم رۆمانەوە بە کۆمەڵێک فەیلەسووف و ئەفسانە و بیرمەندانی هیندی ئاشنا بووم. نووسەر لە رێگەی پەراوێزەکانەوە کە بۆ رۆمانەکەی دایناون، شارەزایی باش بە خوێنەر دەدات. لێرەشەوە زیرەکیی و بلیمەتی هێرمان هێسەمان بۆ دەردەکەوێت.

بودا
بودا یەکێکە لە کەسایەتییە مەزنەکانی هیندوستان و جیهان، لەهەمانکاتیشدا یەکێکە لەو کەسایەتییە مەزنانەی کە کاریگەری گەورەی بەسەر گەلانی ئاسیاوە هەبووە، ئایینی بودیش یەکێکە لە ئایینە مەزن و بڵاوەکانی جیهان. نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی ئەم رۆمانەوە تیشکێک بخاتە سەر فکر و بۆچوون و ئایینی بودا. دیارە گەر سەیری ناوی رۆمانەکە بکەین « سید هارتا» ئەم ناوە، ناوی ئەسڵی « بودا» یە، هەروەها کاتێکیش باسی پیاوە رۆحییە گەورەکە دەکات، ناوی « گواتاما» ی داناوە، کەئەمەش نازناوی بودایە. زۆرجاریش هەر بە ناوی « بودا» وە ناوی دەهێنێت. هەربۆیە دەتوانم بڵێم ئەم رۆمانە هەر لە ناوەکەیەوە دیارە،چەندە کاریگەری بودای بە سەروەیە.
هەروەها لە رێگەی دروستکردنی رووداوی بینی سیدهارتا و گواتاما «بودا»، نووسەر توانیویەتی کەمێک قسە لەبارەی بۆچوونەکانی بوداوە بکات. لەلایەکی تریشەوە لەرێگەی پاڵەوانی رۆمانەکەوە کە « سید هارتا» ەوە، هێرمان هێسە گومان دەخاتە سەر بۆچوونەکانی بوداوە، چونکە سیدهارتا باوەڕ بە قسەکانی بودا ناکات و دوای ناکەوێت، من لەو باوەڕەدام سیدهارتاش لێرەدا گوزارشت لە رۆحی هێسە دەکات، راستە سیدهارتا زۆر رێزی بودا دەگرێت، لێ بە گومانیشەوە سەیری بۆچوونەکانی دەکات و کوێرانە دوای ناکەوێت بەڵکە وەکو خۆی دەڵێت:
-خاوەن شكۆ، بە پەند و ئامۆژگارییەکانت سەرسام بووم، هەموو شتێکی پەندو ئامۆژگارییەکانت روونن ، سەلمێنراون
دەشڵێت: حیکمەتکانی بودای سروشدار زۆر شتیان لە خۆ گرتووە، زۆرکەس فێردەکەن سەرڕاست بژی، خۆی لە خراپە دووربخاتەوە ..ل49
لێ دواتر هەر سیدهارتا خۆی پێمان دەڵێت بۆ دوای بودا نەکەوتووە و دەڵێت:
-حیکمەتەکە زۆر روونە شەرەفمەنداکە شتێکی تێدا نییە، ئەو نهێنییەی تێدا نییە کە مرۆڤە مەزنەکە، ئەو تەنیا لەناو هەزاران کەسدا خۆی چی ئەزموون کردووە. هەر ئەم هۆکارە وام لێ دەکات درێژە بە گەڕانەکانم بددەم، نەک بۆ ئەوەی بە دوای حیکمەتێکی باشتردا بگەڕێم، چونکە دەزانم حیکمەتێکی باشتر نییە، بەڵکو بۆئەوەی هەموو حیکمەت و هەموو مامۆستاکان بەجێبهێڵم و بەتەنیا بە ئامانجەکەم بگەم یان بمرم. ل 49

خۆشەویستی
لەم رۆمانە کورتەدا دوو چیرۆکی خۆشەویستی گەورەی تێدایە، یەکەمیان خۆشەویستی سیدهارتا و گۆڤیندای یەکەم هاوسەری. دووەمجاریش خۆشەویستی لەگەڵ کامالادا. لی چیرۆکی خۆشەویستی لەگەڵ کامالا قووڵتر دەبێت و وەکو خۆشی دەڵێت : کامالا دەبێتە مامۆستای بۆئەوەی ئەو شتەی فێربکات کە نایزانێت، کە ئەویش بریتییە لە خۆشەویستی.
-مرۆڤ دەتوانێ سواڵی خۆشەویستی بکات، بیکڕێت، وەکو دیاری پێی بدرێت، لەکوچەو کۆڵان بیدۆزێتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بیدزێت.ل76

ژیانی بازرگانی
لەم رۆمانەدا نووسەر هەوڵیداوە تیشكێک بخاتە سەر ژیانی دەوڵەمەند و بازرگانەکان بەتایبەتی هی وڵاتانی رۆژهەڵات. جگەلەوەش لەو بارەیەشەوە کۆمەڵێک حیکمەت و قسەی جوانی نووسیوە، کە تێیدا بلیمەتی هێسە دەردەخات.
-بازرگانەکان بە پارەی خەڵكی دیکە دەژین، بەڵام پارەی خەڵکی بە خۆڕایی نابات، لەجیاتی پارە ، شتیان پێ دەدات. ل 84.

دەرئەنجام
دیارە ئەم رۆمانە کورتە زۆر شتی تری تێدایە و دەکرێت قسەی زیاتری لەبارەو بکرێت، لێ بەگشتی ئەم رۆمانەی هێرمان هێسە تایبەتمەندییەکی زۆری لەچاو بەرهەمەکانی تریدا هەیە، بە تایبەتی لە رووی بابەت و تەنانەت شێوازی نووسینیشەوە، هەربۆیە چێژێکی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێت.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە برای وەرگێڕمان کاک کەریم پەڕەنگ بکەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە جوانەی هێرمان هێسە.

سەرچاوە:هێرمان هێسە. لە ئەڵمانییەوە: کەریم پەڕەنگ. چاپی یەکەم. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی . 2017

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ/ فەتانەی خادم فارس

پێشەوا کاکەیی بەشی پێنجەم وەک هەمیشە سڵاو… لێ ئەم جارەیان، ...