کارکردنی ژنان لە چاوی کۆمەڵگەوە – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » کارکردنی ژنان لە چاوی کۆمەڵگەوە

کارکردنی ژنان لە چاوی کۆمەڵگەوە

تانیا ئاوارە

لەکۆنەوە تائێستا ژنان هاوشانی پیاوان کاری خۆیان کردووە ، لەگەڵ ئەوکارکردنەشدا ژنان لەچاوی کۆمەڵگاوە تێڕوانینی جیاوازیان بۆخۆیان و کارەکانیان کراوە، لەم ڕاپۆرتەی ژنۆرناڵدا ژنان باس لەکارەکانی خۆیان لەچاوی خێزان و کۆمەڵگاوە دەکەن ، باس لەسەرکەوتن و تێپەڕاندنی بەربەستەکانیان دەکەن و باس لە چیرۆکی سەختی ڕۆژەکانی کارکردنیان دەکەن.
کافیە محمد ژنێکی ٤٢ساڵەوکاری فۆتۆکۆپی(ئیستنساخ) دەکات ئاماژە بەوەدەکات دوای چوونەدەوامی هاوسەرەکەی کاروبارەکانی دووکانداری بەڕێوە دەبات هەروەهاووتی: هیچ کارێک بێ گرفت نیە بەتایبەت بۆژنان بەڵام ئیرادەی تەواوی دەوێت ئەم کارەی منیش ڕاستە کەمتر ژن دەیکات بەڵام بۆمن و خێزان و هاوسەرەکەم شتێک نیە بەناوی عەیبە ، ئەمە پەیوەندی بە بژێوی ژیانەوە هەیە بەتایبەت لەم دۆخەی ئێستەدا پێویستە لە نێوخێزانەکاندا هاوکاری یەکتر بکرێت.

تەرزەتۆفیق ٢٦ساڵ / کارمەندی یەکێک لەمۆڵەکان وتی:
بەداخەوە سەیرکردنی چاوی کۆمەڵگە بۆکاری ژنان و کچان هیچ ئاسایی نیە بەتایبەت ئێمە کە شوێنە حکومیەکاندا کارناکەین ، زۆرجار توشی گرفت دەبین لەنێوان کڕیاراندا بەبیانویەک چەندین جار دێنەوە ئەوجێگەیەی کە ژنێک یان کچێک کاری تێدا دەکات ، نازانم دەبێت چ شتیک هەبێت جێگەی سەرنج بێت کەبەوجۆرە سەیری کاری ژن بکرێت.
تەرزە باسی لەوەش کرد هۆکاری ئەم بێزاربوونە بۆئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان بۆ سەرنج ڕاکێشانی کاڵاکان و کڕینیان لەلایەن کڕیارانەوە دەبێت ڕوویەکی خۆش و خاوەن ڕووخسارێکی سەرنج ڕاکێش بن بۆیە کاری ئەوان زیاتر لەچاوی کۆمەڵگەوە دیارترەوزیاترقسەی لەسەرە.

ژیان هادی ٢٣ساڵ / تائیستا بەدوای کاردا دەگەڕێم و کارێک نیە بۆمن
ژیان باس لەوەدەکات چاوی کۆمەڵگە بۆ کارکردن هیچ سودێکی نیە ئەو هێندەی تامەزرۆی کارکردنەوبە پێویستی ژیانی خۆی دەزانێت ئەوەندە گرنگی نادات چی پێدەوترێت ، وتیشی: لەئێستەدا ئەوەندەی دەسکەوتنی کاروپەیداکردنی بڕەپارەیەک بۆمن گرنگە ئەوە بۆمن گرنگ نیە خەڵک چی دەڵێت چونکە ژن هەرکارێک بکات کەم تازۆر قسەی هەر دێتە سەر بۆیە واباشترە بۆ بەڕێوەچوونی ژیان کاربکرێت نەک بەدیار قسەی خەڵکەوە دابنیشی.

چرۆئازاد ٣٢ساڵ / ژن پێویستە بەربەستەکان تێک بشکێنێ
سەرەتا کەمن کارم دەکرد ماڵەوەمان ڕازی نەبوون بەڵام دەبوو من ئیتر لەنێوچواردیواری ژووردا بێمە دەرەوە لەدایەنگەیەکی منداڵان کارم دەکرد ، بەڵام کاتێک خانەوادەکەم زانیان بومە جێگەی قسەوباس و دەیان ووت چۆن کاری وادەکەیت؟منداڵی خەڵک ژیردەکەیتەوە!! پارەکەت چەندە؟ ڕۆژی چەند سەعات لەوێی؟ زۆر پرسیاری تر بەڵام من توانیم ئەم قسانە تێپەڕبکەم و لەکارەکەی خۆم بەردەوام بم ، ژن هەرکارێک بکات نابێت گوێ بداتە قسەی خەڵک.

سارا کمال ٢٢ساڵ / کافتریاکان بۆ کچان لەچاوی کۆمەڵگەوە نامۆن
سەیرکردنی چاوی کۆمەڵگە بەتایبەت بۆ ئەو کچانەی کەلە کافتریاو ڕیستۆرانتەکاندا کاردەکەن زۆر نامۆیە لەم شوێنەی کارکردنی مندا چەندین جارتوشی حاڵەتی ناخۆش هاتووم لەنێوان ئەوکەسانەی دێنە ئێرە، تەمەنەکانیش جیاوازە ناتوانم بڵێم هەموویان بەوجۆرەن .
سارا ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی دواکەوتنی لە خوێندن دەیەوێت بەو بڕەپارەیەی دەستی دەکەوێت کرێی خوێندنی پەیمانگای پێ بدات و دەڵێت : ئارەزوودەکەم بچمە پەیمانگا بەڵام دەزانم پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە منیش دەمەوێت کاربکەم بەڵام بەداخەوە خەڵک بەچاوێکی تر سەیردەکات.

ژینۆ ئەحمەد ٣٥ساڵ/ کارکردنی ژن قبوڵ نەکراوە
کۆمەڵگەی کوردەواری لە کۆنەوە تائێستە وابووەوئەم دیاردەیەش بەردەوام دەبێت کەکارکردنی ژن قبوڵ ناکات ، زۆر لەخێزان و پیاوانیش بەتایبەتی زارەکی لێیان بپرسی دەڵێن باژن کاربکات بەڵام بەدڵنیاییەوە لەناخەوە ئەو قسەیە ناکەن ، بەردەوام ئەم شتە بوونی هەیە ژن نابێت کاربکات کاریش بکات دەبێت لە شوێن و جێگەیەک بێت تەواو پارێزراوبێت وەک ئەوەی ئەوانەی لەوجێگەیەکار دەکەن وەک خۆیان پیاونەبن ، نازانم پیاو غیرە لەپیاودەکات هۆکارەکەش هەرخۆیانن
ژینۆ باسی لەکارکردنی خۆی کردوو وتی:
من لە کۆمپانیایەک کارم دەکرد کچێکی بەرچاو جوانبووم زۆرجار توشی توانج و چەندین شتی جۆراوجۆر دەبوومەوە تەنانەت لەلایەن خاوەنکارەکەشمەوە داوای پەیوەندیم لێکرا ، بەداخەوە ئەوە بۆمن جێگەی نیگەرانی بوو کاتێک کچێک لەشوێنێک کاردەکات واتە دەوێ کاربکات نەک حەزوو ئارەزووی ئەوکەسانە بەجی بهێنێت کە لەوشوێنەدان من بەهۆی ڕازی نەبوونم بەوپەیوەندیە لەکار دەرکرام،بۆیەچاوی کۆمەڵگە بۆکاری ژن هیچ جێگەی خۆشحاڵی نییە.

یاسەمین ئەمین ٤٠ساڵ/ ئەگەر ژن ئیشەکەی باشبێت کەس قسەی لەبارەوە ناکات
یاسەمین بە وتەی خۆی چەندین کاری کردووە خاوەنی چوارمنداڵەولەشاری دهۆکەوە هاتونەتە سلێمانی لێرە لە خانووی کرێدا ژیان بەسەردەبەن یاسەمین دەڵێت :من تائێستا توشی هیچ شتێک نەبووم چونکە لەهەر شوێنێ کارم کردبێت بەئاگاداری و ڕەزامەندی هاوسەرەکەم بووە ، وەدەبێت ژن لەهەرشوێنێ کاری کرد بزانێت کارەکە چیەوچی دەکات ئەوکاتە لەچاوی کۆمەڵگەوە بەشێوەیەکی ناشرین سەیرناکرێت ، بەڵام بۆپەیداکردنی پارە ئەگەر شوێن و کارەکەت بەلاوە گرنگ نەبێت ئەوا تووشی چەندین هەڵە دەبیتەوە.

کوردە نەوزاد٢٠ساڵ / خۆزگە هەرچاوی کۆمەڵگەبوایە
ژن ئەگەر کاریش نەکات بەشی خۆی هەرچاوی لەسەرەوبەڕادەی پێویست ئازاد نییە ، ئەوەی کە گرنگ نەبێت چاوی کۆمەڵگەیە من کار بۆخۆم دەکەم بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ڕوودانی ئەوحاڵەتانەیە کەبەهۆی کارەوە توشی دەبیت.
کوردە باس لەوەدەکات خۆی و هاوڕێکانی بەدوای کاردا گەڕاون و کاری مەندووبیان کردووە بەڵام بەهۆی تێکەڵاوبوونیان بەچەندەها کەس توشی توانج و دواکردنی پەیوەندی جۆراوجۆر بونەتەوە بۆیە دەڵێت:
نازانم دەبێت کارکردنی کچان و ژنان بۆ ببێتە مایەی دەستدرێژی ئەگەر بەوشەیەکیش بێت کاتێ لەلایەن ژنە یان کچەوە قبوڵ نەکراوبێت ئەمە دەستدرێژی یە کارکردنی ژن بۆ دەبێتە وروژاندنی بەرامبەر خۆزگە هەرچاوی کۆمەڵگە بوایە نەک داواکردنی ژمارەودواکردنی پەیوەندی جۆراوجۆر.

ناز فایەق ٢٨ساڵ/ ژن بۆسوکایەتی و بەکەم سەیرکردن دروست نەکراوە
کارکردنی ژنان لەچاوی کۆمەڵگەوە ئەتوانم بڵێم ئیستا باشترە ڕاستە قسەهەردەکرێت ، بەڵام ئیتر پێویستە ئەو بارودۆخ و سەردەمە تێپەڕببێت ژنیش پێویستی بەکاروسەرمایە هەیە ژن تەنها بۆ منداڵ بەخێوکردن و سوکایەتی و بەکەم سەیر کردن دروست نەکراوە، بەڵکوژن وەک نیوەی کۆمەڵگە بۆتەواوکردنی بەشەکەی تری ژیان خوڵقاوە دەبێت ئەوبەربەستانە نەمێنن و هەنگاوەکان و پێشکەوتنەکان بەژن خۆی دەکرێت.
ناز وتی: سەرەتاکەمن کارم دەکرد وەک ئێستە نەبوو دەبوو زۆرپەیوەستبم بەکاتی چونەوەم بۆماڵەوە چونکە بەردەوام لێیان دەپرسیمەوە بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دۆخکە بەرەوباشتر دەچوو ، لەئێستەدا زۆر ئاسایی بۆتەوە تەنانەت خوشکەکەشم چەندساڵ لەخۆم مناڵترە کاردەکات، بۆیە دەبێت خۆت هەوڵ بدەی،سەبارەت بەخاوەنکار و خەڵکانی تر دیسان دەڵیمەوە بەشیکیان پەیوەندی بەخۆتەوە هەیە کەکەس ناتوانێ باست بکات، بەڵام شتی واش ڕوودەدات و ڕووشی یاوە بەچاوێکی ناشرین سەیری ژن بکرێت یان جگەلەکار داوای شتی تریان لێبکرێت ، وەک خۆم نەخێر تائیستا توشی شتێک نەبووم شایەنی باسکردن بێت.

شنە ناسح ٣٠ساڵ/ ژن
تەنها بۆ ئەوە نەکراوە کار لە ماڵەوە بکات بەتایبەت لەم قەیرانەی ئێستەدا ژن پێویستی بەکاروداهاتی خۆیەتی لەچاوی کۆمەڵگەشەوە هەرچۆنێک سەیربکرێت ژن لێی بەرپرس نییە، ئەوە ژیانە وادەکات چەندەهاژنی بوێروباش ڕووبەڕووی تانەو تەشهیری کۆمەڵگە ببنەوە ، پێم وایە ژنی سەرکەوتوو هەرزووجێ دەستی خۆی دەکاتەوەوگوێ بەوچاوانە نادات کەبەناشرینی لێی دەڕوانن،بێگومان منیش سەرەتای کارکردنم ڕووبەڕووی قسەوقسەڵۆک دەبوومەوە بەڵام دەبوو بتوانم خۆڕاگربم ئێستاش لەچاو ئەودۆخەی جاراندا باشتر بووە.

بینایی عبدللە ٢٨ساڵ/ لەئارایشتگا ژنان چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە
بینایی ماوەی ٣ساڵە کاری ئارایشتگا دەکات و باس لەوەدەکات ژنان لە بێ کاری خۆیان و نەبوونی داهاتی پێویست تەنانەت زۆربەیان ناتوانن پارەی جوانکاریەکانی خۆیان بدەن، بینایی دەڵێت: ژنان بەهۆی نەبوونی کار یان بەهۆی بوونی قسەی دەروبەریانەوە ناتوانن کارێک بکەن و پێداویستی تەکانی خۆیانی پێ دابین بکەن ، لێرە ژن هاتووە نەیتوانیوە پارەی جوانکاریەکانی بدات ئەگەرچی بڕێکی کەمیش بوە کاتێکیش لێیان دەپرسی هۆکارەکەی بۆ خێزان و کۆمەڵگە دەگەڕێننەوە، بەڵام دەبێت چاو لەوژنانە بکرێت کەبەسەربەرزیەوە کاردەکەن و گوێ بە قسەی کەس نادەن پێشم وایە هەرژنێ کارێکی باش و گونجاو بکات قسەی نایەتەسەر.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خانمی بەخشندە..

محەمەد حیكمەت تەنها نازناوێك نییە بۆ هێرۆخان، بەڵكو وێناكردنی شوناس ...