بنیادنانی نەتەوە – knwe.org
سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » بنیادنانی نەتەوە

پۆلەتیک

بنیادنانی نەتەوە

بە گەڕانەوە بۆ مێژووی ژیاریی و سەرەتای گەشەی بیری سیاسیی مرۆڤایەتیی دەگەین بەو فاكتەی كە بنیادنانی نەتەوەكان لەڕێگەی «خوێن و ئاسن»ەوە بەدیدەهێنران، واتە دروستكردنی دەوڵەت و بنیادنانی نەتەوەكان، لەڕێگەی مۆدێلی جەنگەكان و دەرئەنجامەكانیان بون، بەڵام لە رۆژگاری ئێستادا ئەم جۆرە مۆدێلە ئەستەمە پەیڕەوی لێبكڕێ، بۆیە لەڕێی ململانێكان و هەڵبژاردنە سەربەخۆكان و فاكتەری ئابوری و كۆمەڵایەتی و كەلتوری بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەشەپێدانی سوپا هەمیشە وەكو فاكتەرێكی گرنگ ماوەتەوە، چونكە لەهەموو بارودۆخێكدا دیموكراسی ریالیستیك نییە.
بەبیروڕای پسپۆڕان، بنیادنانی نەتەوە، پڕۆسێسێكی ئاسان نییە و قورسە، هەروەكو چۆن ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان، بەبێ پلان چونە سۆماڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین نمونەی سەركەوتو هەن، لەراستیدا زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاش دەرئەنجامی جەنگ دروست بون و هەندێ لەوڵاتانیش لەرێگەی هەوڵەكانی خۆیان نەبوون بەدەوڵەت بەڵكو لەرێگەی رێككەوتنی كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە بون، بەتایبەتیش وڵاتانی ئەفریقا كە لەرێگەی ئیمپراتۆریەتی ئینگلیزو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگەی رێككەوتنەكانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەسەر چارەنوسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروستكراون، فەلەستینش هاوشێوەی كوردستان ئەگەر لەداهاتودا بكرێت بەدەوڵەتێكی سەربەخۆ هەر لەرێگەی بڕیاری كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە دەبێت.
هەروەك، بنیادنانی نەتەوەو دەوڵەت، دەتوانرێت وەها پێناسەو تعریف بكرێ، كە پڕۆسێسێكە لەڕێگەی بنچینەی جیاوازی وەكو مێژوو، زمان، كەلتورو ئایین و ئابوری و …هتد، هەمویان بەیەكەوەو لەنێو سنوری دەوڵەتێكی سەربەخۆ یەكدەگرن بەئامانجی دروستكردنی دەستورو یاسایەكی نەتەوەیی، سیستەمی پەروەردەی گشتی، ئابورییەكی نەتەوەیی، دروشم و بەهای هاوبەش، ئەوانەش فاكتەری بەهێزی یەكگرتویی و لەناوبردنی ململانێی رابردوو دەبن.
هەنگاوەكانی بنیادنانی نەتەوە، زۆرن و فرەچەشنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ هەنگاوی بنچینەیی و گرنگ ئاماژە پێدەدەین كە بنەمای بنیادنانی نەتەوەن، لەوانە: ئاسایش، پێدانی دڵنیایی بەهاونیشتمانیان لەبارەی بوونی ژینگەیەكی سەلامەت و ئاسایش بۆ ژیانكردن، بەیەكێك لەفاكتەرە گرنگەكانی بنیادنانی نەتەوە دادەنرێت، بەجۆرێك كارلێك و كاردانەوەی دەبێت لەسەر شوناسی نەتەوەیی تاك كە ئەوەش وابەستەیی بەژینگەی كۆمەڵایەتیی و ژیاریی و ژیانكردنی كۆمەڵەوە زیاتر دەكات. ریفۆرمی سیاسیی: كە هەنگاوی دووەمی بنیادنانی نەتەوەیەو ئەو نەتەوانەی نەگەیشتون بە قۆناغی دروستكردنی دەوڵەت یاخود لەدوایتریشدا پێویستە یەكێك لەهەنگاوە جدییەكانیان ریفۆرمی سیاسیی بێت، بەئامانجی بنیادنانی نەتەوەو دروستكردنی شوناسیی نەتەوەیی بەهێز لەناو تاكەكانی كۆمەڵدا، هەنگاوی سێیەمیش: پێكهێنان و بنیادنانی كۆمەڵێكی مەدەنی، و دواتریش دروستكردنی حكومەتێكی لۆكاڵی بەهێزو بونی ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادییەكانی تر هەنگاوی دواترن بۆ بنیادنانی نەتەوەیەكی بەهێزو خاوەن شوناسی نەتەوەیی بەهێز.
دروستكردنەوەی ئابوری: یەكێكی دیكەیە لەهەنگاوەكان و لەڕێگەی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری و دامەزراندنی هێڵی بازرگانی لەوڵاتداو دروستكردنی دەرفەتی یەكسانی كاركردن و بەتایەتیش لەسێكتەری كشتوكاڵدا كە بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بەرهەمی كشتوكاڵی بەبەرهەمی نیشتمانی هەژماردەكرێ، بەقۆناغێكی بنچینەیی و گرنگ دادەنرێت، هەروەكو چۆن بەهێزكردنی دامەزراوەی یاسایی: كە مەبەست لێی بوونی سیستەمێكی دادوەری سەربەخۆیەو لەو رێگەیەشەوە گرەنتی زۆری دروستكردن و بنیادنانی نەتەوە دەدرێ.
بەشێوەیەكی گشتی ئەو نەتەوانەی وابەستەی شوناسی نەتەوەییان بەهێزە وەكو ژاپۆنیی و ئەڵمانییەكان بەگونجاوترین نەتەوە دانراون بۆ بنیادنانی نەتەوەو دروستكردنی دەوڵەتی خاوەن بنەمای دیموكراسیی و سەروەری یاساو ئابوری بەهێز، بەهۆی وابەستەی بەهێزی هاونیشتمانیان بەشوناسی نەتەوەیی و لەپاڵ ئەوەشدا سەروەربونی یاساو بوونی سیستەمێكی دیموكراسی حوكمڕانی فاكتەری بەهێزن لەم دو وڵاتەدا.
لەعیراقدا بەشێوەیەكی گشتی لەبەرئەوەی دابەشبونێكی زۆری نەتەوەیی لەنیشتمانەكەیدا هەیە لەنێوان كوردو عەرەب و كەمینەكانی تر، هەروەها جیاوازی مەزهەبی و تائیفیی هێڵی نەتەوەیی ئاڵۆزتركردوە، جگەلەوەش نەبونی ئاسایشی جێگیرو دڵنیایی ژینگەی ئابوری و سیاسیی فاكتەری ترن. نەتەوەكان بەیەكگرتوویی دەمێننەوە كاتێك گرەنتی بوونی ژینگەو ژیانكردنێكی هایجینیان هەبێت، ئەوەش پەیوەست دەبێت بە بنیادنانی سیستەمی پەروەردەو فێركردن و زمانی گشتی و ئازادی رادەربڕین و میدیا، ئازادی كەلتوری و حوكمڕانی باش، و گەشەپێدانی دیموكراسیی و ئابوری بەهێز، هەمو ئەوانەش لەڕێگەی دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و سەركردەییەوە دەكرێت، كە لەئێستادا عیراق و هەمیش هەرێمی كوردستان، و پارتە سیاسییەكان پێویستی بەسەركردەو دەستەبژێری سیاسیی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی كە چەند دەیەیەكە عیراقی تێكەوتوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرەو ئارامی

بەرەو هەڵبژاردنی خولێكی نوێی پەرلەمان و كابینەیەكی نوێی حكومەت هەنگاو ...