بۆتەفلیقە خۆی هەڵدەبژێرێتەوە – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » بۆتەفلیقە خۆی هەڵدەبژێرێتەوە

بۆتەفلیقە خۆی هەڵدەبژێرێتەوە

خەڵکیش ترسیان لە گۆڕانکارییەکانە

شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و فشارەکانی ناوخۆ نەیانتوانی دەسەڵاتی وڵاتی جەزائیر بگۆڕن، سەرەتای ساڵی پاریش چەند خۆپیشاندان و ناڕەزاییەک لە دژی خراپی ژیان و گوزەرانی و نەبونی و بێدەرەتانی و نزمی ئاستی دیموکراسی ئەنجامدران، بەڵام هەریەک لەمانەش خاوبونەوەو نەیانتوانی نەک هەر تۆزقاڵێک لەسیمای دەسەڵات بگۆڕن بەڵکو ئاماژەکان وانیشان دەدەن کە ئەو دەسەڵاتە درێژەی دەبێت و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی داهاتووشدا دیسان بۆجاری پێنجەم « عەبدولعەزیر بوتەفلیقە» خۆی کاندید دەکاتەوەو واش پیشبینی دەکرێت کە دەربچێتەوەو سیستەمی وڵات بە هەمان ڕیتمی جاران بەڕێوەبچێت.

خەڵکی وڵاتەکە بێهیوابوون
بوتەفلیقە ماوەی ٢٠ ساڵە سەرۆکە و ساڵی ٢٠١٤ بۆجاری چوارەم لە هەڵبژاردن زۆرینەی هێنا و لە هەڵبژاردنی خولی داهاتوی ٢٠١٩ شدا هەمدیسان پێدەچێت ببێتەوە سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئەو سەرۆکە نەخۆشە لەسەر کورسیە ئۆتۆماتیکیەکەیەوە لەوانەیە تا عەیامێکی تر جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری وڵاتەکەی بگرێت دەست، ئەو پێشبینیانەش لەخۆڕانین و چاودێرانی سیاسی و ئەو وڵاتەو دەورەبەرەکەی هەورێکی ڕەش لە ئاسمانی دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەبینن، هەڵبەت ئەو بارەش فاکتەری تایبەتی خۆی هەیە لە گرنگترینیان ئەو بێئومێدیە بو کە لە سایەی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیدا هاتەگۆڕێ ژمارەیەک گروپی ڕادیکاڵی و ئیسلامی و تۆلیتاریست هاتنە سەر حوکم و باری ئەو وڵاتانەیان ئەوەندەی تر ئاڵۆزتر کرد.

ڕەحمەت لەکفن دز
دوای بەهاری عەرەبی برسیەتی و نالەباری وەزع وگوزەرانی هاوڵاتیان بە شێوەیەک تێكچوو بە جۆرێک خەڵکی هیوایان بە گەڕانەوەی سیستەمە ڕووخاوەکانی رابردو دەخواست، جگەلەوەش بەردەوامی شەڕ و ئاشوب و تێکهەڵچڕانی باری سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی و بێسەروبەری و کوشتو کوشتارو شڵەژانی باری ئەمنی ئەو وڵاتانە جۆرێک لە پەشیمانبونەوەی بە دواوەهات و ئەو شوێنانەی کە سیستەمەکانیشیان تێدا نەگۆڕا ، بە هەستیاریەوە مامەڵەیان لەگەڵ ڕەوشەکان دەکردو هاوڵاتیانیان بە ناچاری دامرکانەوە.

بەردەوامی شەڕی سوریاش هۆکارە
هۆکارێکی تری ئەو بێئومێدیانە باری ناوخۆی چەند ساڵەی شەڕو شۆری سوریا و ململانێ نیودەوڵەتیەکانە کە بە هۆیە ئەو حەشاماتە خەڵکە کوژراون و ملیۆنان کەس سەرگەردان و ماڵوێران بون، کەچی بارەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕواو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزەکان ئەو وڵاتەیان کردۆتە شەڕێکی جیهانی نێوان خۆیان، دیمەنە تراژیدیایەکانی خەڵکی سوریا مەترسی زۆری بۆ خەڵکی ناڕازی وڵاتانی تر دروستکردوەو نایانەوێت بەدەردی سوریەکان بمرن، بۆیە هەرهیچ نەبێت نایانەوێت لەوە خراپتر بێ و نەکەونە باری گەستنەوەی پەنجەپەشیمانی.

دەستی لێنادەن نەبادا تێکچێت
نێوەندی سیاسی ئەو وڵاتە و پارتە بەهەڵستکارەنیش گەیشتونەتە ئەو ڕاستیەی کە ئەلتەرناتیڤی بوتەفلیقە لەو قۆناغەدا هێشتا دروست نەبوە،هەرچەندە سێ کەسایەتی تر بەتەمان خۆیان کاندید بکەن لەوانە» مەولود حەمروش» ی سەرەک وەزیرانی پێشوو و» ئەحمەد یەحیا» وەزیری کاروباری دەوڵەت و»شەکیبخەلیل» وەزیر لەکابینەی پێشوو، بەڵام لەوانە نییە بتوانن هاوسەنگی لە نێوان هەموو لایەک پەیدا بکەن، دارودەستەی بوتەفلیقەش لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو باش ڕەگیان داکوتاوەو مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت لە کاتی شکستیان لە پۆستی سەرۆکدا ئاژاوە بنێنەوەو وڵات توشی وێرانە بکەن بۆیە دەڵێن، با دەستی لێنەدەین ونەیانوروژێنین.

سوپای خۆیان خۆش دەوێت
فاکتەری تریش هەن کەوادەکەن جەزائیریەکان نەتوانن دەسەڵات بگۆڕن، ئەویش ئەوەیە کە خەڵکی سوپای وڵاتەکەی خۆیان خۆشدەوێت، چونکە باوەڕیان وایە هەر سوپا لە نەهامەتی و مەترسیەکان دەیانپارێزیت، بە تایبەتیش لە دوای ئەوەی لەنەوەدەکان جەزائیر توشی تیرۆر بۆوەو ڕۆژانە خەڵکیان لێ دەکوژرا، ئەمن و ئاسایسی ئەو وڵاتە بە جارێک داتەپیبو،کەس بە تەمای ژیانی خۆی نەبوو لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسیان بە دەستی تیرۆری ئیسلامی سیاسی لێ کوژرا، ئەو ماوەیەش سوپای دەیپاراستن، بۆیە لەوساوە سوپاکەی خۆیان لا خۆشەویست بووە و نایانەوێت بەهۆی پۆستی سەرۆکایەتیەوە، سوپاکەیان بچێتە ناو کێشەکان وبارەکەیان لەدەست دەربچێت.

سەرچاوە:-سایتی قەنتەرە، جەزیرەنێت، سپۆنتیک عەرەبی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شەڕ کەوتە گەرووی بابولمەندەب

لە دوای هێرش و پەلاماری حوسیەکانی یەمەن بۆسەر کەشتیە نەوت ...